چاپكردنی دراوی كوردستان لە قەیرانی كەمی سیولەی نەختینەیی رزگارمان دەكات

چاپكردنی دراوی كوردستان لە قەیرانی كەمی سیولەی نەختینەیی رزگارمان دەكات
بیركردنەوە لە دەركردن و چاپكردنی دراوی هەرێمی كوردستان بەیەكێك لەو هەنگاوە گرنگانە دادەنرێت كە زامنی سەربەخۆیی نەختینەیی و دارایی كوردستان دەكات، كە لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و دەرچوونی پرۆژە یاسای تایبەت بە (دامەزرانی بانكی ناوەندیی كوردستان و چاپكردنی دراوی تایبەت بەدەوڵەتی كوردستان) ئابووریی هەرێم پێش دەخات و بەتەواوەتی لەپاشكۆیی ئابووری حكومەتی ناوەندی عێراق دەربازمان دەبێت، ئەو حكومەتەی لەدامەزراندنیەوە بەبەردەوام لەقەیرانە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكاندا بووەو ئێستاكە سەرەتاكانی لێكهەڵوەشانەوەی دەستی پێكردووە. دەركردنی دراوی كوردستان لەقۆناغێكدایە كە ئابووریی هەرێمی كوردستان وەرچەرخانێكی مێژوویی بەخۆوە بینیوە لەدەرئەنجامی هەناردەكردنی زیاتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكات لەكۆتایی ئەمساڵدا توانای هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانیەكان دەگاتە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا بەڕێگەی بۆرییە نەوتیەكانی كوردستان. لەلایەكی ترەوە بەو پێیەی هێزی هەموو دراوێك لەهێزی ئابووری وڵاتەكەدایە هەربۆیە واچاوەڕوان دەكرێت دراوی كوردستان هێزو بەهای وای هەبێت كە ببێتە جێگای متمانەی هاووڵاتیانی ناوخۆو ناوەندەكانی دارایی و نەختینەیی جیهانی. هاوكات ئێستا لەهەرێمی كوردستان بەگشتی دوو دراو مامەڵەی پێوەدەكرێت ئەویش دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمەریكییە، دیناری عێراقی لەمامەڵە ناوخۆییەكاندا بەكار دەهێنرێت دۆلاری ئەمەریكیش جگە لەوەی لە مامەڵەو بازارگانییە نێودەوڵەتیەكان مامەڵەی پێوەدەكرێت هاوكات لەبازرگانی نێوخۆو مامەڵەكانی بازاڕدا نرخ و بەهای زۆر بواری دیكە بەدۆلار دەخەمڵێنرێت و مامەڵەشی پێوە دەكرێت، وەكو كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی كارەبایی و تەكنەلۆژیاو كەرەستەی بیناسازیی و خانووبەرە. ئەمەش پاڵپشتیەكی باشە بۆ دراوی كوردستانی بەو پێیەی بڕە دۆلارێكی زۆری ئەمەریكی لەناوخۆی هەرێمەكەدا هەیەو دەكرێت بەچەند قۆناغێك بڕو قەبارەی دراوی كوردستانی چاپ بكرێت و بخرێتە بازاڕەكانەوە، چونكە قەبارەی بڕ و جۆری چاپكردنی ئەو دراوە بەندە بەقەبارەو بەهای ئەو دراوەی كە لەبازاڕدا ئاڵووێری پێ دەكرێت.
دەركردنی دراوی كوردستانی كێشەی نەختینە چارەسەر دەكات
مامەڵەكردن بەدراوێكی نیشتمانی تایبەت بەهەرێمی كوردستان تەنیا ڕێگایەكی راست و دروست و بێ كێشەیە، ئەزموونە سەركەوتووەكانی زۆرێك لە وڵاتانی دنیا ئەوەیان سەلماندووە كە مامەڵەكردن بەدراوێكی دیكەی بیانی لەدوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەنیا بۆ قۆناغێكی راگوزەری چەند مانگەیە چونكە مامەڵەكردن بەدراوی وڵاتێكی دیكە بەتایبەتی بەدراوی دۆلاری ئەمەریكی زیانی راستەوخۆو ناراستەوخۆی زۆری بۆ سەر ئابووری كوردستان هەیە، لەلایەك مامەڵەكردن بەو دراوە دەبێتە دەستكەوتێك بۆ بانكی ناوەندی ئەو وڵاتەو بەهیچ شێوەیەك ئابووری كوردستان لێی سودمەند نابێت لەلایەكی ترەوە ئابووری كوردستان و دەوڵەتەكەش دەبێتە پاشكۆی ئابووری ئەو وڵاتەو لەكاتی كەوتنەوەی قەیرانی دارایی و ئابووری و رووداوەكاندا بەبێ ویستی ئابووری كوردستان و خەڵكی بەشداری قەیرانەكەو زیانەكانی دەبینەوە بێ ئەوەی ئەو وڵاتانەو بانكە ناوەندیەكانیان ئامادەبن قەرەبووی زیانەكانمان بدەنەوە هەروەكو چۆن ئێستا ئابووریی هەرێم و دیناری عێراقی زیانی گەورەیان لێدەكەوێتە لەدەرئەنجامی سیاسەتە تائیفی و چەوتەكان و پاوانخوازییەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری عێراق لەدەرئەنجامی شەڕی داعش و ململانێ تائیفیەكانی.
دەركردنی دراوی تایبەت بەكوردستان كارێكی ئاستەم نییە بەو پێیەی ئابووری هەرێمی كوردستان خاوەنی یەدەگی پترۆڵ و دۆلارە، تەنیا لەقۆناغە سەرەتاییەكانی مامەڵەكردن بەدراوەكە پێویستمان بەسیاسەتی چەسپاندنی سەقامگیری بەهاكەی هەیە بەرامبەر دراوە بیانیەكانی دیكەی بەتایبەتی دراوی دۆلاری ئەمەریكی چونكە پاراستنی سەقامگیری نرخەكەی زامنی متمانەیی بەدراوەكە دەدات هەروەكو چۆن ئێستا دیناری عێراقی لەرێگای پاراستنی سەقامگیری بەهاكەیەوە كە بانكی ناوەندی سیاسەتی كڕین و فرۆشتنی دۆلاری ئەمەریكی پیادە دەكات توانیوێتی ئەو متمانەیە بداتە دیناری عێراقی و لەداڕمان بیپارێزێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە راوبۆچوونی ژمارەیەك لەئابووریناسان و شارەزایانی ئابووریمان وەرگرت كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتە دەیخەینەڕوو.
Top