سەردانی بارزانی بۆ ئەردەن وێستگەی یەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان:((بارزانی تەنیا هێما و سیمبولی كورد نییەبەڵكو هێما و رەمزە بۆ تەواوی ناوچەكە))

سەردانی بارزانی بۆ ئەردەن وێستگەی یەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان:((بارزانی تەنیا هێما و سیمبولی كورد نییەبەڵكو هێما و رەمزە بۆ تەواوی ناوچەكە))
سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی لەسەر بانگەێشتی فەرمی جەلالەتی شاعەبدوڵڵا بۆ شانشینی ئەردەنی هاشمی، پیشاندانی پێگەو سەنگی بارزانی و هەرێمی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی تەنگژە و كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی تەنیا 4 رۆژ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە، تەنانەت لە كاتێكدا بووە كە هێشتا ئاكامە سەرەتایی و نافەرمیەكانی هەڵبژاردنەكە بەتەواوەتی ئاشكرا نەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەو سەنگی سەرۆك بارزانی پێوەندی بە ئاكامی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەكان زەمینەیەك دەڕەخسێنن بۆ وتووێژ و دانوستاندن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە هاوكێشەی سیاسیی عێراق و ئەم گۆڕانكارییەش كاریگەری دەبێت لە هاوكێشە ئیقلیمیەكان بەو حسابەی هاوكێشەكان پێكەوە گرێدراون، ئەوا بایەخدان بە بۆچوونەكانی بارزانی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و هەوڵدان بۆ دابینكردنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە، جێگەی بایەخی ئەو دەوڵەتانە دەبێت كە راستەوخۆ پێوەندیان لەگەڵ عێراق هەیە یان بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ عێراق هەیە.
لایەنێكی دیكەی ئەو پێشوازییە شاهانەیەی لەسەرۆكی كوردستان كراو هاوشانی ئاڵای شانشینی ئەردەن و كۆماری عێراق ئاڵای كوردستانیش دانرابوو، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو ئاڵایەی كە رۆژێك لە ڕۆژان دەوڵەتانێك بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی وەك هێمایەك بۆ ئاژاوە و ناسەقامگیری سەیریان دەكرد، ئێستا وەك هێمایەك بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پێكەوە ژیان رێزی لێدەگرن و كاتێك پێشوازی لەسەرۆكەكەی دەكەن، ئاڵای كوردستان لە پشتیەوە دادەنێن، ئەم وەرچەرخانە گەورە و فەرمیە كە جار لەدوای جار لەسەردانەكانی هەرێمی كوردستان دەبینرێت، ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی، كوردستانی بە نموونەیەكی ئەوتۆ پیشانی جیهانداوە كە هەموو جیهان بەڕێزەوە سەیری بكات، لەمەش زیاتر نموونەیەكی جیاوازی حكومڕانییە كە جیهان و دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەوڵەتانی ناوچەكەش لەو بڕوایەدا نەبوون ئەو نموونە تازەیەی حكومڕانی لەم ناوچەیە بێتە ئاراوە، بۆیە ئاساییە لە دەوڵەتانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەكەش ئەو پرسیارە دروست بێت، ئەگەر بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراق بوایە و عێراق لەبەر رۆشنایی سیاسەتی حەكیمانەی ئەو بونیادبنرایەوە، ئایا ئێستا عێراق دەگەیشتە كوێ و تاچەند رەنگدانەوەی ئیجابیانەی لەسەر بارودۆخی گشتی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوو؟



لەلایەكی دیكەو لەبەر ئەوەی لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستا لەسەر دەستی هیچ سەرۆكێك پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە سەركەوتوو نەبووە و ئەزموونی بەڕێز مسعود بارزانی له سەركەوتنی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە یەكەمین ئەزموونە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا شتێكی ئاساییە هەموو ناوچەكە پێویستی بە ئەزموونی مسعود بارزانی بێت، هەروەك چۆن لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەموو دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا پێویستیان بە سەركەوتنی لی كوان یو هەبوو لە سەنگافورا و ئێستاش هەموو جیهان وەك پێویستیەك سەیری دەكات و باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لەسەر دوایین كتێبی لی كوان یو بە ناونیشانی(تێڕوانینی پیاوێك بۆ جیهان) نووسیویەتی، كاتێك لی كوان یو قسە دەكات دەبێت هەموو جیهان گوێی لێبگرێت، ئەوا ئەمڕۆ هەنگاوەكانی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و پیشاندانی ئیرادەی نەتەوەیی گەلی كوردستان بۆ ئاشتی و پەرەپێدان ئەو پەیامە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەكاتەوە، كاتێك بارزانی قسە دەكات، دەبێت هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوێی لێبگرێت و سوودی لێوەربگرێت .



ئەم قسانەی لەم راپۆرتە كورتەدا دەیخەینە روو لەوە زیاترن كە پیاهەڵدان بن بۆ سەرۆكێك كە توانیویەتی ئیرادەی نەتەوەكەی بە جوانی پیشانی ناوچەكە و جیهان بدات و رێگەی ئاشتی و رێگەی دروست بۆ پێكەوە ژیانی نەتەوەكانی ناوچەكە دیاری بكات، لەبەر ئەوەی سەرۆكێك بە شاهیدی جیهان بتوانێت سەرنجی ناوەندە گەورەكانی توێژینەوەی جیهان بەو ئاستە رابكێشیت، دوای 25 ساڵ بەسەر ئەنفال و كیمیاباران و ژینۆساید، ناوەندێكی وەك ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك تیمێك رەوانەی كوردستان بكات بۆ ئەوەی دیراسەت لەسەر ئەوە بكەن، چۆن لەسەر سوتماكی ژینۆساید ئەم ئەزموونە سەركەوتووە بەرهەمهاتووە و چۆن وەك نموونەیەكی تازە لە ریزبەندی پرۆسە سەركەوتووەكانی جیهان دابنرێت بۆ ئەوەی هەموو جیهان سوودی لێوەربگرێت، ئەمە جێگای شانازییە بۆ هەر تاكێكی نەتەوەی كوردستان، لەبەر ئەوەی كاتێك لەسەر شانۆی جیهان رادەوەستێت نەتەوەكەی بەشێوەیەك ئیرادەی خستۆتەگەڕ كە هەموو جیهانی سەرسام كردووە، ئەوە سەرۆكەكەی ئەمەی دروست كردووە، ئەو پێشمەرگەیەیە كە ئامۆژگای برۆكینگز لە كاتی میوانداری كردنی نەیتوانی وەسفی بكات و بە ئامادەبووانی راگەیاند ((مسعود بارزانی پێشمەرگەیە، بۆ ئەوانەی ئەم سەرۆكە ناناسن، بایەخی ئەم سەرۆكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك پاریس وایە بۆ فەرەنسا و هەموو رێگەكان دەچنەوە لای ئەو)).
بۆیە لەسەردانی ئەمجارەی بەڕێز سەرۆكی كوردستان بۆ شانشینی ئەردەن و كۆبوونەوەی لەگەڵ جەلالەتی شا عەبدوڵڵا دووبارە ئەو قسەیەی ئامۆژگای برۆكینگز دووبارە كرایەوە، كە نەك هەموو رێگەكان دەچنەوە لای بارزانی، بەڵكو ئەم سەردانە لەسەر مەراسیمی پێشوازی شاهانەی شا عەبدوڵڵادا پێی وتین، دەسپێكی هەموو رێگەكان لە مسعود بارزانیەوە دەست پێدەكات و وەك بەڕێز ساڵح قەڵابیش لە وتووێژێكی تایبەت بەم سەردانە پێی وتین (مسعود بارزانی تەنیا هێماو سنبولی كورد نییە، بەڵكو هێما و رەمزی تەواوی ناوچەكەیە).
Top