حكومەتەكەی مالیكی دووڕیانێكی ترسناكی بۆ ئایندەی عێراق دروستكردووە

حكومەتەكەی مالیكی دووڕیانێكی ترسناكی بۆ ئایندەی عێراق دروستكردووە
بەبەراورد بە ساڵانی 2007-2008 كە بەخوێناویترین ساڵەكانی عێراق هەژمار دەكران، هێشتا بارودۆخی ئەوكات بەپێی ئامارەكان لە بارودۆخی خوێناوی ئەو دووساڵە زیاترە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بێجگە لە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات هیچ خەمێكی دیكەی نییە، حكومەتی ئێستای عێراق كە بەپێی دەستووری عێراقی 2005 دەبێت حكومەتێكی فیدرالی بێت و دەسەڵاتەكانی سنورداربێت و بەپێی ئەو پرانسیپەی بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەدەستووری عێراق ئاماژەی پێكراوە، دەسەڵاتی حكومەتی فیدرالی سنوردار بێت و دەسەڵاتی هەرێمەكان فراوان بێت، ئەوا نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەك هەر ئەم پرانسیپە دەستوورییەی پێشێلكردووە، بەڵكو هاوكێشەكەی پێچەوانە كردۆتەوە و لەهەوڵی ئەوەدایە كە تەواوی سیستمی فیدرالی بگۆڕێت بۆ سیستمی سەنترالی و هەموو دەسەڵاتەكان لە ناوەند كۆبكاتەوە، ئەم حاڵەتەش وەك پرۆفیسۆر ستیڤن بیدل لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵان ئاماژەی پێكردووە و لەم ژمارەیە بڵاوبۆتەوە، بۆتە هۆكاری ئەوەی مەترسی شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی لەنێوان عەرەبی شیعە و سوننە دروست بێت، لەمەش زیاتر مەزندەی ئەوە دەكرێت عێراق لەبەر یەك هەڵبوەشێت وەك پرۆفیسۆر مایكل گەنتەر لە وتارێكیدا كە تایبەت بۆ ئەم ژمارەی گوڵانی نووسیوە بە راشكاوی ئاماژەی پێكردووە.
لەوانەیە هەندێك چاودێر كە لەدوورەوە چاودێری بارودۆخی خراپی ئێستای عێراق دەكەن، بەوجۆرە شرۆڤەی بارودۆخەكە بكەن، بەوەی مەرج نییە ئۆباڵی ئەم هەموو نەهامەتیەی ئێستای عێراق بە تەنیا بكەوێتە ئەستۆی مالیكی و لیستی دەوڵەتی یاسا، یان هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە، بەڵام بەشی چاودێری عێراق لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتیەكان كە بە چاوێكی ورد لەسەر پرسەكانی عێراق هەڵوەستەو شرۆڤە دەكەن، كرۆكی ئەم پرسە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی كە لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بە شێوەیەكی گشتی، سیستمی فیدرالی وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكان و میكانیزمێك بۆ هێشتنەوەی عێراق بە یەكپارچەیی سەیر ناكەن، بەڵكو ئەوان خودی سیستمە فیدرالیەكەیان لێبۆتە تەڵەزگە و بەوجۆرە سەیری دەكەن ئەگەر فیدرالی بەو جۆرەی لە دەستووری عێراقدا نەخشەی رێگەی بۆ داڕێژراوە جێبەجێ بكرێت، ئەوا مالیكی و حزبی دەعوا لە دەسەڵات دوور دەخاتەوه و هەر بۆیە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 3 ساڵ بەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی عێراق كە بڕیار بوو كابینەیەكی بنكە فراوان بێت و هەموو لایەنەكان شەراكەتی راستەقینەیان لەو حكومەتدا هەبێت، بەڵام هەتا ئێستاش پۆستەكانی بەرگری و ناوخۆ و ئاسایش كە دەبوو لە پێكهاتەكانی دیكە وەزیریان بۆ دەستنیشان بكرێت، لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانەوە قۆرخكراوە و ئەم هێزە نیشتمانیە لەبری ئەوەی بۆ ئارامی و سەقامگیری تەواوی عێراق بخرێنە گەڕ، كەچی بۆ سەركوتكردن و پەراوێز خستنی پێكهاتەكانی دیكە بەكار هاتووە، لەمەش گرنگتر كە مالیكی دەیەوێت بیكات ئەوەیە دەیەوێت بە هاوشێوەی رژێمەكانی پێشوو، هەموو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەكانی نەوت و گاز بخاتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتە مەركەزیەكەی خۆی و بە كەیفی خۆی پارەی داهاتی ئەم سەرچاوە سروشتیانە بۆ مانەوەی خۆی بەكار بهێنێت و گەلانی عێراقی لێ بێبەش بكات، لەم حاڵەتە كە لە ئێستای عێراقدا تەنها یەك هەرێمی فیدرالی بوونی هەیە و ئەویش هەرێمی كوردستانە، كاتێك بە پێی دەستوور دەسەڵاتەكانی خۆی لە بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت و گاز پیادە دەكات و داوا دەكات سەرجەم داهاتی نەوت و گاز لەسەرانسەری عێراق كۆبكرێتەوە و بەسەر عێراقیەكاندا بە یەكسانی دابەشبكرێت، ئەوا وەك لەماوەی رابردوو گوێبیستی لێدوانەكانی بەرپرسانی بەغدا بووین، ئەم كارە بەوجۆرە تەفسیر دەكەن كە ئەمە لە دەسەڵاتی هەرێمەكان نییە، لەمەش خراپتر لەبەر ئەوەی لەبەشە عەرەبیەكەی عێراق بە سوننە و شیعەوە، هیچ هەرێمێك بوونی نییە كە وەك هەرێمی كوردستان دەسەڵاتەكانی خۆی پیادە بكات، بۆیە هەوڵی حكومەتی مالیكی بۆ ئەوەیە خۆڵ بكاتە چاوی هاووڵاتیانی عێراق و بەوجۆرە پیشانی دەدات كە هەرێمی كوردستان بەم كارەی هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق هەڵدەگرێت، ئەمە لە كاتێكدا وەك بەڕێز مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی ئەم ژمارەی گوڵان ئاماژەی پێكردووە، هەرگیز هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغدا شاردراوە نەبووە و هەرگیز مەسەلەی مافی سەربەخۆیی كوردستان بە شەرمەوە باس نەكراوە و بۆ ئەمەش بە گوڵانی راگەیاند، لە كاتی هاتنی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هەولێر و لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی سێ رێگەی بە هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە راگەیاندووە، یان ئەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتیانە وەرنە پێشەوە كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، یان ئەوەیە كوردستان ناچار دەبێت بڕیاری سەربەخۆیی بدات، یان ناچار دەبین شەڕ بكەین، بۆیە ئەگەر لەم قسە راشكاوییەی سەرۆك بارزانی ورد بینەوە، دەبوو مالیكی و حكومەتەكەی لەوە تێبگەیشتنایە كە كوردستان لەسەر لانی كەمی مافەكانی كە لەدەستووردا ئاماژەی پێكراوە سازش ناكات، ئەوجا ئەگەر بە ئاشتی ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت ئەوا باشە و ئامادەش نەبن چارەسەر بكرێن، ئەوا كورد پەنا بۆ بژاردە و رێگە چارەی دیكە دەبات.
هەوڵدان بۆ پاوانكردنی دەسەڵات
حكومەتی لە عێراقدا ئیفلیج كردووە
ئەگەر كاری توندوتیژی و كارە خۆكوژییەكانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بە هۆكاری سەرەكی نەبوونی كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت بۆ هاووڵاتی عێراق لە قەڵەم بدرێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بیانووی حازر بەدەستی لیستی دەوڵەتی یاسا و كەسە نزیكەكانی مالیكی یە، ئەوا بەدیوێكی دیكەدا مانایەكی دیكەشی هەیە بەوەی حكومەتی مالیكی بە ئاستێك فەشەلی هێناوە كە نە ئارامی و سەقامگیری پێ دەپارێزرێت و نە دەشتوانێت كاری خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، لەم حاڵەتەشدا لەبری ئەوەی حكومەت هۆكارێك بێت بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان، ئەوا خودی حكومەت بۆتە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەكان بۆ هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی و هاووڵاتیانی شیعە و سوننە بەتایبەتی، سەبارەت بەم لایەنە پرسیارمان لە پرۆفیسۆر عامر حەسەن فەیاز ئوستادی زانستی سیاسەت لە بەغدا كرد كە خۆی یەكێكە لە هاووڵاتیانی سەر بەمەزهەبی شیعە، ئەو لەوەڵامی گوڵاندا سەبارەت بە ئەدای حكومەتی عێراق زۆر راشكاوانە نەیشاردەوە و ئاماژەی بەوەكرد ئەگەر باسی ئەدای حكومەتی عێراق بكەین، ئەوا لەزۆر بواردا سفرە، كە بێگومان مەبەستی ئەوەیە كە حكومەتەكەی مالیكی لەزۆر بواری خزمەتگوزاری سەرەكیدا نەیتوانیووە هیچ پێشكەش بكات و بەمجۆرە لەسەر ئەدای حكومەتی مالیكی بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن: (بێگومان ئەگەر باس لە بەرهەمی حكومەت بكەین دەبینین، لە زۆر بواردا سفرە، لە بواری تەشریع دەبینین خولی یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرهەمیان دواكەوتن بوو لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، بە تایبەت لە تەشریع و چاودێری كردن، لە خولی دووەم كە ئێستایە جگە لە دواكەوتن و تەمەڵی لە كاركردن دەبینین كارو پرۆسەكانیان، گەیشتە راددەی خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكان، بۆیە لە ئێستادا ترسی ئەوەمان لە خولی سێیەم هەیە كە دواكەوتن و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكان، لە بواری جێبەجێكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاییەكان لەو كەرتانەی بە جومگە سەرەكیەكانی دەوڵەت دادەنرێت بەردەوام بێت، لەمەشیان دەتوانم بڵێم سفرە یان بە چەند پلەیەك لە سەرووی سفرەوەیە،‌ لەوانەش كەرتەكانی: تەندروستی، پەروەردە، كارەبا، دامەزراندن، هەروەها لە گرنگترین بوار بۆ هاووڵاتیان كە پێوەندی بە ژیانیانەوە هەیه،‌ ئەویش بواری ئاسایشه،‌ لەمەشیان تێبینی دەكرێت پاشەكشێیەكی زۆرهەیەو بەردەوامیشە لەبەرچەند هۆكارێك كە رەنگە تەنیا پێوەندی بە ناوخۆوە نەبێت، بەڵكو هۆكاری دەرەكیش هەیە لە پشت ئەم تێكچوونەی باری ئاسایش، لە بواری دادوەری دەبینین دەستێوەردانێكی حكومی لە كاروباری دەستە سەربەخۆكان هەیە، كەواتە ئەگەر باس لەو شتانە بكەین كە پەیوەستن بە جێبەجێكردنی ئەركەكان لەسەر ئاستی موئەسەساتەكان بەبێ ناوهێنانی هیچ كەسێك، دەبینین هیچ پێشكەوتنێك نییە ئەگەر نەڵێین پاشەكشێ هەیه))‌.
ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رای پرۆفیسۆر عامر حەسەن فەیازە كە لە خولی هەڵبژاردنی پێشوودا كاندیدی پەرلەمانی بووە لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا، ئەمەش مانای ئەوەیە حكومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی بەهۆی ئەوەی تەنها خەمی ئەوەیەتی چۆن هەموو جومگەكانی دەوڵەتی عێراق كۆنترۆڵ بكات، ئەوا هەموو وڵاتی یەكپارچە كردۆتە دۆزەخ و توانای پێشكەشكردنی هیچ خزمەتگوزاریەكی نییە و وەك عامر حەسەن فەیاز دەڵێت سفرە.
بۆ زیاتر بەدواداچوون لەسەر هۆكاری ئەم نەهامەتیانەی ئێستای عێراق، پرسیارمان لە رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی عێراق موفید جەزائیری كرد، ئەویش وەك چاودێرێك بارودۆخی ئێستای عێراقی گێڕایەوە بۆ خراپی حكومڕانی حكومەتەكەی مالیكی و بەمجۆرە رای خۆی بە گوڵان راگەیاند: (بێگومان بارودۆخەكە زۆر خراپە لە هەموو بوارەكاندا وەك بواری ئاسایش و زیادبوونی تیرۆر و زۆربوونی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و چەندین ئاستەنگ و گرفتی دیكە كە بە درێژایی ماوەی رابردوودا بێ چارەسەر ماونەتەوە، ئەمەش بە هۆی دابەشبوونی تائیفی و نەتەوەیی و دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر ئەو بنەمایانە، هەر بۆیە دەتوانین راشكاوانە ئاماژە بەوە بكەین كە بێگومان پێوەندی بە حوكمڕانی و شێوازی حوكمڕانی و ئەو بنەمایەوە هەیە كە حوكمڕانییەكەی لەسەری بونیاد نراوە، من ئاماژەم بەوە كرد كە بەڵای سەرەكی لە دابەش بوونی تائیفی و نەتەوەییەوە هەیە و هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسی گونجاو لە شوێنی گونجاو دانەنرێت و نەهاتنە پێشەوەی تواناكان لە كاتێكدا وڵات پڕە لە توانا، زۆر لە كەسانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆر و شارەزا هەن كە جێگایان نابێتەوە خزمەت بكەن بەتایبەتی لە شوێنی بڕیاردان، زۆر بەداخەوە دەبێت ئەم شێوازەی حوكمڕانی گۆڕانكاری بەسەردا بێت و كار بكەین بە پرەنسیپی هاووڵاتی بوون و رێزگرتن لە دەقەكانی دەستووریی كە دەڵێت (هەموو رۆڵەكانی گەلی عێراق یەكسانن لە ئەرك و مافدا)، بەڵام زۆربەی لایەنەكان كە پڕوپاگەندە بۆ بەرنامەی خۆیان دەكەن لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بانگێشە بۆ نەهێشتنی بێكاری و قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و چەندین دروشمی دیكه دەكەن، بەڵام كاتێك ئەم هێز و لایەنانە هاتنە دەسەڵات ئەم دروشمانەیان نەكردە واقیع و زۆربەی زۆری بەڵێنەكانیان بەجێ نەگەیاند لەسەر ئەرزی واقیع، تەنانەت لەكاتی بەرزكردنەوەی دروشمەكانیشدا میكانیزمێك باس ناكەن بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەم دروشمانە، بۆیە گرنگە كە تەنیا بەرزكردنەوەی دروشم و داواكاری نەبێت، بەڵكو دەبێ شێواز و چۆنیەتی جێبەجێكردنیشی روون بكاتەوە لە هێنانەدی ئەم ئامانجانە)).
لەم بارودۆخەدا كەوەك چاودێرانی سیاسی عێراقی لەناو رووداوەكانەوە ئاماژەی پێدەكەن، حكومەتی مالیكی نەك تەنها پابەند نییە بە دەستوورەوە بەڵكو ئەو دروشمانەشی كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرزی كردۆتەوە، نەیتوانیوە هیچی لێ جێبەجێ بكات، ئەم حاڵەتەش بەردەوام بێت، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە عێراق دەكەوێتە دووڕیانی ئایندەیەكی ترسناكەوە، كە ئەو دووڕیانەش بەرپابوونی شەڕی ناوخۆ و لەبەر یەكهەڵوەشانەوەی عێراق دەبێت.
Top