بابەتەکە شکۆى پێشمەرگە وقەوارەى کوردستانە نەک مووچە
ئاشکرایە، جگە لەم 21 ساڵەى دواییدا ، شیعەکان لەماوەى زیاتر لە یەک سەدەى رابردوو، هەرگیز دەسەڵاتدار وحکوومڕانى عێراقیان بەدەستەوە نەبووە، بەڵام لە پاش رووخانى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 ،شیعیەکان بە پشتیوانى تاران هاتنەوە نێو گۆڕەپانى سیاسى عێراقەوە و کاریان لە سەر بەهێزبوونى هەژموونى خۆیان کردووە، بەتایبەت لە ڕووى سیاسى ،سەربازییەوە و بە ئێستاى 2024وە ، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا بە زێهنیەتى پەراوێزخستن هەنگاویان ناوە و سەرۆکوەزیران و حکوومەتەکانیش هەرخۆیان فەرمانڕەوا بوونە و هەموو جومگەگانى ئابوورى سەرباز وئابووریان بۆ لێدانى گەلى کورد و سوننەکان بەکارهێناوە ، جگەلەوەى کە بە دەیان ملیارد دۆلارى سەروەت و سامانى عێراق بێ سەروشوێنە یانیش چووەتە گیرفان گروپ و میلیشیا و ئەو لایەنە شیعیانەى کە هەموو هەژموونى عێراقیان بەدەستەوەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق بە قەیرانێکى قوڵ وناکۆکیی و بێ متمانەی دا گوزەر دەکات
کردەوە و خەسڵەت وسیناریۆ و پیلانە هەنگاوبەهەنگاوەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق بەرامبەر هەرێمى کوردستان وەک تاکە قەوارەى یاسایی و دەستوورى و زێهینیەتى گەمارۆدان وپەڵاماردان و زۆرینە و فاشیزمى لە بەغدا گەیشتووتە ئەو باوەرەى کە حکوومڕانى بەم شێوازەى ئێستا بە ویست وحەزى ئەوان نییە ، بەڵکو خەون وهەوڵەکانى فاشیزمەکانى عێراق بۆ ئەوەیە تا هەموو عێراق هەر لە حاج عۆمەرانەوە تا کۆتا خاڵى فاو ، بەڕێگەى سیاسەتى سەنتراڵیزمى زۆرینە کە ئێستا شعیەکان حکوومرانى دەکەن تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی بکەن .
دەمهەوێت بڵێم ، لەماوەى 10 ساڵى رابردوو سیاسەت و هەوڵەکانى دەسەڵاتدارانى بەغدا دژ بە هەرێمى کوردستان لە هەموو ڕوویەکى سیاسى و دیپلۆماسى و سەربازى وئابوورى چڕتر بوونەتەوە بەتایبەت گەمارۆ و شەڕى ئابوورى و یاسایی کە ئامانجى سەڕەکى تێکشکانى ئیرادە و باوەرى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستانە ، ئەو سیاسەت و تاکتیکەى کە زۆرێک لە وڵاتە زڵهێزەکان لە کاتى جەنگدا دژ بە وڵاتانى تر لە پێناو شکاندنى مۆڕاڵ و خۆبەدەستەوەدان بەکاریان دەهێنا ، بەتایبەت بۆ ئێمەى کورد کە پێشمەرگە رەمز و سیمبوڵى پارێزەرى خاک و نیشتیمانە ، نەیاران و دوژمنانى کوردوکوردستان باش دەزانن کە کوێان کردۆتە ئامانج و مەڕامیان چییە ، هەروەها هەرگیز چاویان بەوە هەڵنایەت کە کوردستان خاوەنى خۆى و ئابوورییەکى بەهێز بێت ، هەر ئەوەشە هەنگاو بەهەنگاو کاریان لە سەر لێدانى سەرچاوە ئابوورییەکان بەتایبەتى فرۆشتنى نەوتى کوردستان کە سەرچاوەیەکى گرنگە بۆ ئاوەدانى و ئابوورى و دابینکردنى مووچە و بودجە ، لەبیرمانە لەو قۆناغە سەختەى کە هێزى رووبەڕووى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بووە و پێشمەرگە پێوستى چەک و مووچە بوو ، ئەو دەسەڵاتدارانى بەغدا مووچە و بودجەى خەڵکى کوردستان و بەتایبەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستانیان بڕى تەنها تاکە فیشک و تفەنگێشیان نەنارد و چاوەروانى شکستى پێشمەرگە و قەوارەى هەرێمى کوردستانیان دەکرد ، بەڵام ئەوەى پێشمەرگە و کوردستانى سەرخست ئیرادە و بوێرى و خۆراگرى بوو کە خەونى فاشیزمەکانى عێراق و دڕندەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى تێکشکاند، بە پێچەوانەشەوە چەندین فیرفەى پڕچەکى سوپا فشۆڵکەکەى بەغدا لە چەند کاتژمێرێکدا زۆرینەى خاکى عێراقیان رادەستى تیرۆریستان کرد .
دەسەڵاتدارانى عێراق زۆر لە مێژە خەون بە شکستى پێشمەرگە دەبینن و سیناریۆ و پیلانگێرى نەما لە دژى بەکارنەهێنن بە ئێستاوە ، ئەوەى لە ئێستادا وەک کارتێک لە دژى پێشمەرگە بەکارى دێنن و هەر رۆژەوە پاساوێک و بیانوویەکى بۆ دروست دەکەن شەڕێکى ئابوورى ودەروونییە لە پێناو لاوازکردنى ئەو باوەرە نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەرییەى پێشمەرگە کە بە جیاواز لە سوپا و میلیشیا بێ باوەرى و نا نیشتیمانى و میلیشیا لە یاسادەرچووەکان بۆ گەل و خاکەکەى هەیەتى ، بەتایبەتى کە خودى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى ، پێشمەرگەیە و پێشمەرگەبوونى لە هەموو پۆست و پایەیەکى تر وەک شوناسێکى مەزن بەلاوە پیرۆزترە
لایی هەمووان روونە کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ناوەندی ململانێ جیهانی و ناوچەییەکانە، ئەمڕۆژانە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، دۆخێک کە ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری نەبێت، ڕەنگە دەرفەتی گۆڕانکارییەکان بەقەیرانێکی گەورە بەسەر کورددا بشکێتەوە. لەلایەکیش نابێ لەبیری کەین کە لۆژیکی دوژمنان و داگیرکەران بەردەوام بەکارهێنانی هێز بووە دژی خواستە ڕەواکانی نەتەوەکەمان،ئێستا کە هەموو جیهان پیشمەرگە و ئاڵای کوردستان وەکوو داینەمۆی ئازادی و دێموکراسی و پارێزەری ئاشتی دەناسن، بە پێچەوانەى سوپاى داگیرکەر و میلیشیایی لە عێراق و هەندێک وڵاتى تر کە هێزەکانیان تەنها بۆ چەوساندنەوە و پەڵاماردان و ناسەقامگیرى ناوچەکە بەکاردێنن .
ئێستا حکوومرانى عێراق دواى ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان و زیانى چەندین ملیارد دۆلارى و ئینجا بڕینى مووچە وبودجەى کوردستان یانیش بە پچڕ پچڕ ناردنى بۆ خەڵکى کوردستان و بەتایبەتى پاشخستنى مووچەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان وەک چەکێکى دەروونى خەونیان ئەوەیە کە پێشمەرگە پشت لە بیروباوەرى کوردانەى خۆى بکات و دەستبەردارى هەموو شکۆمەندییەک بێت لە پێناو مووچەیەکى زەلیلى و ئینجا هەرێمى کوردستان تەنها لە چوار چێوەیەک ناوێک و بە شێوەیەکى لاواز و بێ دەسەلات بمێنێتەوە ، پیلانگێرییەک کە چەندین ساڵە کاری بۆ دەکەن ، هەر ئەوەشە سەڕەراى هەموو پابەندییەکانى هەرێمى کوردستان بەڵام فاشیزمەکانى عێراق هەزگیر پابەندى ڕێککەوتن و دەستوور وبەڵێنەکانى خۆیان نەبووە و هەمیشە خەونى نەزۆک بەوە دەبنیێت کە گەلى کورد ئیرادە و شوناس و قەوارەکەى رادەست بکات و ئینجا بە زەلیلى مووچەیەکى زەلیلى پێبدات ، ئەوەش خەونێکە کە بۆ ڕژێمە ستەمکارەکانى تر نەچووە سەر بۆ عێراقى ئێستاش ناچێتەسەر.