دیوێکی دیکە لە مانگ گرتنی ئاراستەکراو

دیوێکی دیکە لە مانگ گرتنی ئاراستەکراو

(مامۆستایان و فەرمانبەران) مافی خۆیانە داوای حەقی خۆیان بکەن، لەو ڕوانگەیەوە هەمیشە حکوومەتی هەرێم هەوڵیداوە بۆ پاراستنی ماف و داخوازیی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران، هەموو جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا قبووڵ بکات، گەرچی بەشیکیان ویست و خواستی حکوومەت نەبوون، بەڵام لەپيناو قووتی خەڵک هەموو ڕێگەیەکی گرتووەتە بەر.

ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان، خەڵکانێک سواری شەپۆلی نیگەرانی خەڵک دەبن و هەڵیان دەخەڵەتێنن، کە چۆن بیانەوێ بەو شێوەیە بۆ ئامانجە سیاسییەکانیان بەکاری بهێنن، نموونەی ئاشکرا و ڕوون ئەو خۆپیشاندانانەیە کە بە ڕوونی دەستپلەشدەرەکانی دیارن و سەربەکێن، هەندێک خەڵکی پۆپۆلیست و ئاراستەکراو، ناڕەزایەتی خەڵک دەقۆزنەوە بۆ پاراستتنی بەرژەوەندییە نەشازەکانی خۆیان و ئەو شوێنەی ئاراستەی کردوون.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکێکی خۆی لە ڕووی یاساییەوە بەجێهێناوە و بەپێی دەستووری عێراق و ئەو ڕێککەوتنانە کاری کردووە کە لە عێراقدا هەن، کەچی بەبیانووی بێبنەنامە و جۆراوجۆر سزای خەڵکی کوردستان دەدرێت، ئەوەی جێی سەرنجە بەشێک لەم بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ساختە و بەناو ڕۆژنامەوان و میدیاکاری چەواشەکار، هەموو ڕێگەیەک تاقیدەکەنەوە بۆ ناشیرین کردنی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی فکری داگیرکاری و تەسلیم بوون و چوونە پاڵ نەیارانی هەرێم.

خەڵکی کوردستان و سلێمانی بەتایبەتی، زۆر بە چاکی ئەو پۆپۆلیست و چەواشەکارانە دەناسن و، بەهیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەری شەپۆلی چەوشەکارانە و پۆپۆلیستانەی خەڵکانی بەکرێ گیراو و ئاراستەکراون لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی.

دژایەتی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی، ئامانجێکی سیاسی دیارە، بەڵام وەکو هەمیشە شکست دەهێنێت و هەرێمی کوردستان بە بەهێزی لەم قۆناغەش دەربازی دەبێت، لێ هەموو ئەوانەی دەبنە دەستەمۆی نەیارانی کورد، ناویان بە زەلیلی دەمێنێتەوە.

Top