پرۆسەی نەتەوەیی بارزانی رێنیسانسی بۆ هەموو كورد لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدادروست كردووە

پرۆسەی نەتەوەیی بارزانی رێنیسانسی بۆ هەموو كورد لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدادروست كردووە
((لە هەر یەكێك لەو چوار وڵاتەدا كێشەی كورد بە شێوازی جیاواز و لە كات و ساتی جیاوازدا چارەسەر دەكرێت. مێژوو و دۆخی ستراتیجی لە هەر یەكێك لەو چوار وڵاتەدا تەواو بێ وێنەیە. لەدوای ساڵی 1991 كوردی عێراق ماوەی 20ساڵە هەوڵ بۆ بونیادی دەوڵەت دەدەن و بە هەنگاوی باش دەستیان پێكرد و پشتیوانییەكی بەهێزی ئەمریكایان بەدەست هێناوە، بۆیە هەرێمی كوردستان یەكەم بناخەی دەوڵەتی كوردییە، لە سوریاشدا بەم زووانە كوردەكان كۆنترۆڵی ناوچە نیمچە ئۆتۆنۆمیەكەیان دەكەن، بەڵام پێویستیان بە بنیاتنانی هاوپەیمانێتیەكی درێژخایەن هەیە لەگەڵ لایەنێكدا، ئەگەرنا ئابڵوقە دەدرێن و بێ دۆست دەمێننەوە، لە توركیادا كوردەكان بەرەو نیمچە ئۆتۆنۆمیەكی كەلتوری و سیاسی هەنگاو هەڵدەنێن، ئەویش لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی بەهێزدا، بەڵام گۆڕانكاریەكە بە رەوتێكی خاو و هەنگاو بە هەنگاو دەبێت. ناكۆكیەكە سروشتێكی كەمتر سەربازی دەبێت، و پتر بەرگێگی سیاسی بەبەردا دەبڕێت، لە ئێراندا، كوردەكان بە خاوترین رەوت ئازادی بەدەست دەهێنن. دەوڵەتی ئێران بەهێزە، كوردەكانی ئێران دەیانەوێت باوەڕ بەوە بهێنن كە رۆحانی سەردەمی ئازادییەكی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام رەنگە ئەمە ئومێدێكی پێشوەختە بێت)).
پرۆفیسۆر مایكل نایت
سەرۆكی پرۆگرامەكانی عێراق
لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك



هەردوو پرۆفیسۆر و تۆژەری باڵا(مایكل نایت و دیڤید پۆلۆك) هەفتەی رابردوو سیمینارێكیان بەناونیشانی: هیلالی كورد: ئاراستەی تازە لە عێراق و ئێران و توركیا و سوریا (The Kurdish Crescent: New Trends in Syria، Turkey، Iraq، and Iran) پێشكەش كرد، گرنگی ئەم سیمینارە لەوەدایە كە ئەم سیمینارە دوای سەردانی مەیدانی هەردوو تۆژەرەكەیە بۆ ناوچەكە و قسەكانیان رەنگدانەوەی واقیعی زیندووی كێشەی كوردە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەمەش گرنگتر هەردوو تۆژەر ئەو سەركەوتنەی كە هەرێمی كوردستان لە بواری دامەزراندنی بناخەی دامەزراوە دەوڵەتیەكان لەم هەرێمە بەدەستیان هێناوە، وەك بنەمایەك سەیری دەكەن كە دەكرێت بۆ سوودی هەموو كورد سوودی لێوەربگیرێت، هەر بۆیە بۆ ئەم راپۆرتە گوڵان هەوڵیدا بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر ئەم پرسە راستەوخۆ لەگەڵ رێكخەرانی سیمینارەكە قسە بكات و بەسوپاسەوە پرۆفیسۆر نایت وەڵامی داینەوە، بۆیە ئەو قسانەی لەناو دووكەوانەی پێشەكی ئەم راپۆرتە نووسراون لێدوانی پرۆفیسۆر نایتە بۆ گوڵان و جیاوازە لە قسەی ناو سیمینارەكەی ئامۆژگای واشنتۆن و دەقی دیمانەكەی بە زمانی ئینگلیزی لە بەشی ئینگلیزی وێبسایتی گوڵان بڵاوكراوەتەوە.
ئاماژەكردن بۆ ئەم سیمینارەی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەیە بڵێین حكومەتی ئەمریكا زۆر بەلایەوە گرنگە وردەكاری ئاڕاستەی كێشەی كورد لە هەر چوار وڵاتی (توركیا و عێراق و ئێران و سوریا) بزانێت، لەبەر ئەوەی ئەم دوو پرۆفیسۆرە كە تۆژەری باڵای ئەو ئامۆژگایەن و سەرۆكی دیراسەتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەڕێی توێژینەوەكانیان و ئەو سیمینارانەی گرێیدەدەن و ئەو دانیشتنانەی بۆ گوێگرتن بۆیان سازدەدرێت، راوێژ دەدەنە حكومەتی ئەمریكا و راشكاوانەتر ئەوان لەبەر خاتری كورد قسە ناكەن، بەڵكو راستیەكان دەدەنە حكومەتی خۆیان بۆ ئەوەی لەبەر رۆشنایی ئەو راسپاردانەی ئەوان دەیدەنە حكومەتی ئەمریكا، ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی حكومەتی ئەمریكا بەرامبەر كێشەكان دیاری بكرێت، ئەمەش زۆر گرنگە كاتێك هەردوو تۆژەر ناونیشانی (هیلالی كورد) بۆ سیمینارەكەیان هەڵدەبژێرن و دروستبوونی ئەم هیلالەش بەو مانایە بەكار هاتووە كە كۆی كێشەكە لەهەر چوار دەوڵەتی (توركیا و عێراق و سوریا و ئێران) وەك رایەڵەیەك پێكەوە گرێدراون و شێوەی هیلالێكی وەرگرتووە، بەڵام وەك پرۆفیسۆر نایت بە گوڵانی راگەیاندووە لەنێو ئەم هیلالەدا كێشەكان لە كات و ساتی جیاواز و بە شێوازی جیاواز چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەم ئاراستە تازەیەی كە لەناو كێشەی كورد هاتۆتە ئاراوە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی كوردستانەوە هەنگاوی بۆ هەڵدەگیرێت و هەرێمی كوردستان بۆتە ئەو خاڵەی ئاڕاستە جیاوازەكان پێكەوە گرێدەداتەوە، هەربۆیە پرۆفیسۆر پۆلاك لەخوێندنەوەی گشتگیری بۆ بارودۆخی ئێستای كێشەی كورد لە ناوچەكە، هەموو سەرە داوەكان دێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئاراستەی بەرەو پێشەوەچوونەكان گرێدەداتەوە بە ئاراستەی تێڕوانین و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (سوریا و ئێران و توركیا و عێراق) لەمەش زیاتر داوا لە ئەمریكا دەكات زیاتر بایەخ بەهەرێمی كوردستان بدات و ئاسانكاری زیاتر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا بكات، كە ئێستا پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاستەنگی لەبەردەمدایە.
هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەی ئیقلیمی و
پەیوەندی بە كوردی پارچەكانی دیكەوە
رۆژنامەی حوریەت لەژمارەی رۆژی 23/11/2013 و بە پێنووسی خاتوو ڤیردا ئۆزەر وتارێكی بڵاوكردۆتەوە بەناونیشانی (سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد و رێنیسانس بۆ هەموو كورد)، لەم وتارەدا رۆژنامەنووسەكە ئاماژەی بەوەكردووە ئەم سەردانەی بارزانی كۆمەڵێك دیواری رووخاندو كۆمەڵێك دیواری دروستكرد، مەبەستیشی لە رووخانی دیوار، واتە رووخانی دیواری نێوان رەجەب تەیب ئەرۆدگان و سەرۆكایەتی شارەوانی دیاربەكر، هەروەها كۆبوونەوەی ئەردۆگان لەگەڵ سەركردەكانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP، مەبەستیشی لە دروستكردنی دیوار، راگەیاندنی تاكلایەنەی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD كانتۆنەكانی سوریایە، ئەم تاكلایەنییەش لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانی رەتكرایەوە، سەبارەت بە وردەكاری ئەم رەتكردنەوەیەش لەلایەن بارزانیەوە، گوڵان راشكاوانە ئەم پرسیارەی ئاراستەی بەڕێز جەعفەر ئیمینكی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، ئەو لە وەڵامدا بە گوڵانی راگەیاند، ئێمە دژی ئەو راگەیاندنە نین، بەڵكو دژی رەفتارە تاكڕەو و تاكلایەنەكانی پەیەدەیە و، سەرۆك بارزانی مەبەستی ئەوەیە ئیدارەی ناوچە كوردییەكانی سوریا ئیدارەكردنێكی دیموكراتیانە بێت و هەموو حزب و بیروبۆچوونە جیاوازەكانی كوردستانی رۆژئاوا پێكەوە بەشدار بن و نوێنەرایەتی كوردی سوریا بكەن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەی حوریەت ئاماژەی بەوەكردووە، واشنتۆن بە توندی پشتگیری لە سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆگان كردووە، لەمەش گرنگتر جەختی لەسەر ئەوەكردۆتەوە كە پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDPیش پشتگیری لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات و دەیەوێت هەنگاو بەرەو ئاشتی هەڵبگرێت بە هاوكاری بارزانی.
كەواتە سەردانی بارزانی بۆ ئامەد وەك رۆژنامەی حوریەت ئاماژەی پێكردووە، رێنیسانس و هەستانەوەی بزووتنەوەی كوردە لەسەر ئاستی ناوچەكە لەچوارچێوەی بڕوابوون بە ئاشتی و دیموكراتی و چارەسەری ئاشتیانە بۆ كێشەی كورد لە هەر چوارپارچە و بەلەبەر چاوگرتنی تایبەتمەندی هەر ناوچەیەك و لەم بیركردنەوەیەشدا هەموو پارچەكان پێویستیان بەهاوكاری بارزانیە، بەڵام ئەوەی لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ بیركردنەوەی بارزانی یەكناگرێتەوە، ئەو گروپ و لایەنانەن كە هەتا ئێستاش بڕوایان بە یەكتری قبوڵ كردن و بیروبۆچوونە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگەی كوردستان نییە. بۆیە لەم روانگەیەوە ئەگەر بارزانی لەم قۆناخە توانیبێتی دیواری نێوان تێڕوانینە ئاشتیخوازەكانی نێوان كورد و نەتەوەكانی دیكەی شكاندبێت، ئەوا ئەمە راشكاوانە ئەوەمان پیشاندەدات، كە هەنگاوەكانی بەڕێز ئەردۆگانیش، دیوارەكانی نێوان سەرۆكایەتی شارەوانی ئامەد و دیوارەكانی نێوان ئەردۆگان و بەدەپەی رووخاند، بەڵام دیوارێكی لەنێوان حكومەت و ئەو حزبە توندڕۆ ناسیۆنالیستیانەی توركیا دروستكرد، ئەمەش مانای ئەوەیە دیوارەكانی نێوان ئەوانەی بڕوایان بەئاشتی و چارەسەری دیموكراتیانە هەیە رووخان و دەبێت هەردوولا ئەردۆگان و بارزانی بەردەوام هەوڵبدەن ئەوانەشی كە بڕوایان بە ئاشتی و دیموكراتی نییە، دەستبەرداری توندڕۆیی و تاكڕەویی ببن، لەبەر ئەوەی لەم قۆناخە هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو نەتەوەكان پێویستیان بە ئاشتی و چارەسەری دیموكراتیانە هەیە.
بەڕێز مسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستانە و لەبەر ئەوەشی سیاسەتی لۆژیكانەی ئەم سەرۆكە لە بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەدا، بونیادنانی قەوارەیەكی دیموكراتی سەقامگیر بووە، هەروەها ئەم هەرێمە لەبەر ئەوەی بەچەند رایەڵەیەك دەبەسترێتەوە بە كۆی ناوچەكەوە، ئەوا كاتێك لەسەر ئاستی ناوچەكە سەیری پێگە و رۆڵی بارزانی دەكرێت، هەست دەكرێ رۆڵ و پێگەی بارزانی لە هەرێمی كوردستان لە سنورە جوگرافیەكەی هەرێمی كوردستان گەورەترەو كاریگەرییەكانیشی زیاترە، ئەمەش وایكردووە كە بەڕێز بارزانی لەناو چەند هاوكێشەیەكی جیاوازدا رۆڵی دیار و بەرچاو بێت و ببێتە ئەو كاراكتەرە گرنگەی لەسەر كۆی كێشەكان رەنگدانەوەی هەبێت و هەموو كێشەكان پێویستیان بە تێڕوانینی بارزانی هەبێت، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بەچەند لایەنێك دەكەین:
1. هەرێمی كوردستان، وەك هەرێمێكی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا
هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا، دوو قۆناخی گرنگی بەخۆیەوە بینیووە، قۆناخی یەكەمیان لەسالی 1992-2003، قۆناخی دووەمیان لە ساڵی 2003- ئێستا، لە قۆناخی یەكەمدا بارزانی هەوڵیدا كە تواناكانی گەلی كوردستان یەكبخات بۆ ئەوەی هەرێمێكی ئەمری واقیع دروست بكات، سەركەوتنی بارزانی لەم قۆناخەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو كاتەی ئەو سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو، بواری نەدا ئەو بارودۆخەی لە باشوری كوردستان دروستبووە تەنیا لەلایەن حزبێكەوە قۆرخ بكرێت، بۆیە ئەم چوارچێوەیە وایكرد كە بنەمایەك بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی هەنگاو بەهەنگاو لە هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە.
لە قۆناخی دووەمدا بارزانی هەوڵیدا لەپرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقدا، لایەنی كوردی رۆڵێكی ئەرێنی لە داڕشتنی دەستووری تازەی عێراق بگێڕێت بۆ ئەوەی عێراق لەسەر بنەمای دەوڵەتێكی هاوچەرخی دیموكراتی و فیدرالی و فرەیی بونیاد بنرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان بووە بنەمایەك بۆ دامەزراندنەوەی ئەو دەوڵەتە دیموكراتیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەعێراقدا نەتوانرا ئەو دەوڵەتە هاوچەرخە بونیاد بنرێتەوە، ئەوا هەنگاو هەڵگرتنی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخی دیفاكتۆ زیاتر بایەخی دەركەوت و زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانرا، تەنانەت بووە هۆكاری ئەوەی زۆربەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و جیهان و جیهانی عەرەبی كونسوڵخانەی گشتی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە، ئەم كونسوڵخانانە كە لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان لەلایەن ئەو دیپلۆماتكارانەوە بەڕێوە دەبرێن كە پێشتر باڵیۆزی وڵاتی خۆیان بوون، بەشێكی دیكەشیان راستەوخۆ لەلایەن باڵیۆزی ئەو وڵاتانەی كە باڵیۆزخانەیان هەیە سەرپەرشتی دەكرێن و بۆ دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكومەت باڵیۆزەكان خۆیان ئامادە دەبن، ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی كوسوڵخانەكان نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانە لەهەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بایەخی هەرێمی كوردستان زێدە گرنگە، ئەوا باڵیۆزەكان راستەوخۆ سەرپەرشتی كونسوڵخانەكان دەكەن و لەزۆربەی دیدارەكانی نێوانیان و دامودەزگا رەسمیەكانی هەرێم ئامادە دەبن.
2. هەرێمی كوردستان و توركیا
بە حوكمی ئەوەی هەرێمی كوردستان لەدوای پەسەندكردنی دەستووری عێراق لەساڵی 2005 هەوڵیدا بە كردەیی ئەو دەسەڵاتانە پیادە بكات كە دەستووری عێراق بۆ هەرێمەكان دیاریكردبوو، ئەوا توركیای ئەوكات ئەم قەوارەیەی وەك بنەمایەك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان سەیر دەكرد و ئامادەنەبوو دان بەو قەوارەیەدا بنێت كە دەستووری عێراق بە شەرعی ناساندویەتی، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە قۆناخێكی ئاڵۆزی ئەوتۆ بڕوات كە توركیا جارێكی دیكە هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی لە هەرێمدا بكات، بەڵام چۆن لە ساڵی 2003 و بۆ رێگرتن لەدورستبوونی ئەم دەوڵەتە، توركیا نییەتی ئەوەی هەبوو هێرشی سەربازی بكاتە سەر هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی نەتەوەیی بارزانی بەوەی رایگەیاند(دەبێت بەسەر لاشەی ئێمەدا هەرێمی كوردستان داگیربكرێت) رێگەی لەو هێرشە گرت، لەدوای پەسەندكردنی دەستووری عێراقیشەوە جارێكی دیكە سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی و خۆڕاگری بەرامبەر گوشار و هەڕەشەی ژەنراڵەكانی توركیا كە ئەو كات توركیا بەدەوڵەتی قووڵ (Deep State) ناودەبرا، ئەمەش واتە لەگەڵ ئەوەی خەڵكی مەدەنی بە رووكار حكومڕانی دەكەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە حكومڕانی راستەقینە ژەنراڵەكانی سوپان، هەربۆیە لەو كاتەشدا سوپا یان ژەنراڵەكانی توركیا راستەوخۆ حكومڕانیان دەكرد و تەنانەت لەو كاتەی ژەنراڵ بیوكانیت كە لەساڵی 2007 سەرپەرشتی سنوربەزاندی وڵاتەكەی دەكرد بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، كاتێك بڕیاری كشانەوەی سوپاكەی دا، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاگادار نەبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە بیركردنەوەی لۆژیكانە و سیاسییانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ ئەقڵیەتێكی سەربازی دەكرد، كە ئەوكات ژەنراڵەكان پێیانوابوو، چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا بە هێزی سەربازی دەكرێت، بەڵام وەك هەموو جیهان ئاگادارە بەڕێز مسعود بارزانی بەهەموو جیهانی راگەیاندبوو، ئەو كێشەیە تەنها بە رێكاری سیاسیی چارەسەر دەكرێت و ماوەی 30 ساڵە كورد و تورك لەیەكتری دەكوژن، بەڵام ئێستا(مەبەست ساڵانی 2007 و 2008)ـە، لەهەموو كاتێك ئاڵۆزترە، بۆیە بارزانی هەوڵیدا حكومەتی توركیا لەوە تێبگەیەنێت كە چارەسەری سەربازیانە بۆ ئەو كێشەیە مەحاڵە و ئەو بیركردنەوەیە لەگەڵ جیهانی سەردەم ناگونجێت، ئەم هەوڵانەی بارزانی ئەگەرچی لە سەرەتا بەهۆی باڵادەستی سوپا لە حكومڕانیدا كاریگەری كەم بوو، بەڵام بە بوونی باراك ئۆباما بەسەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2009 و بوونی هێزی نەرم (Soft Power) بە بەشێك لەبەرنامەی حكومڕانی ئیدارەی ئەمریكا، وەرچەرخانێك لە بیركردنەوەی حكومەتی توركیا هاتە ئاراوە، ئەوانیش هەنگاویان بۆ پیادەكردنی سفر كێشەیان لەگەڵ دراوسێكان هەڵگرت، لەگەڵ پیادەكردنی ئەم سیاسەتەش، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بیركردنەوەی دیموكراتی و ئاشتیانە لەگەڵ دراوسێكانی، كێشەی لەگەڵ هیچ دراوسێیەكی نەبوو، بۆیە لەماوەیەكی زۆر كورتدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا نەك هەر ئاساییبوونەوە، بەڵكو توركیا و هەرێمی كوردستان بوونە دوو شەریكی ستراتیژی لەسەر هەموو ئاستەكان، متمانەیەكی ئەتۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هاتە ئاراوە، كە بۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە هاندەر و گەیشتە ئەو قەناعەتەی دانپێدانان بەهەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ پیادەكردنی سیاسەتی كرانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەنگاو هەڵگرتن بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەناوخۆی توركیا، دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی توركیا زیاتر لە یەكێتی ئەوروپا نزیك بێتەوە، هەروەها توركیا لەڕووی ئابوورییەوە بەو ئاستە پێش بكەوێت كە بێتە ریزی 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەكەی جیهان، ئەم گۆڕانكارییە كە هەفتەی رابردوو دوایین پەرەسەندنەكانیمان لە سەردانی بارزانی بۆ ئامەد بینی، بەشێكی دیكەی وەرچەرخانی بیركردنەوەی نەتەوەییە بۆ ئەوە نەتەوەكان پێكەوە بژین و یەكتری تەواو بكەن، نەك یەكتری بكوژن، لەسەر ئاستی بیركردنەوەی نەتەوەییانەی كوردیش، بارزانی توانی بنەمایەك بونیاد بنێت كە كورد بیر لە ئاییندە بكاتەوە و هەوڵبدات وەرچەرخان لەبیری نەتەوەیی بگۆڕێت بۆ دەستدرێژكردن بۆ ئاشتی و بونیادی پێكەوە ژیان لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەدا.



3. هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا
چوارچێوەی پرۆسەی نەتەوەیی بارزانی بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان ئەوەیە، كە بەشێوەیەكی ئەقڵانی و لەسەرووی بەرژەوەندی حزبیەوە قۆناخەكە بخوێنرێتەوە و هەوڵبدرێت هەموو تواناكان یەكبخرێن بۆ ئەوەی لەم قۆناخە ناسك و مێژووییەدا ئەوەی دەكرێت كورد بەدەستی بهێنێت، بەدەستبهێنرێت، بۆیە بۆ بارودۆخی كوردستانی رۆژئاواش، پێش ئەوەی هێزەكانی ئەسەد لە رۆژئاوا بكشێنەوە، بارزانی هەستی بەوە كردبوو، بۆ سوود وەرگرتن لەو بارودۆخەی بۆ كورد لەسوریا هاتۆتە ئاراوە، پێویستی بەزەمینە سازیە، گرنگترین زەمینە سازیش ئەوەیە كە كوردی رۆژئاوا یەكتری قبوڵ بكەن و یەكڕیزی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەمەش بارزانی هەموو پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای بۆ هەولێر بانگێشتكرد و رێككەوتنی هەولێری لەنێوانیاندا ئیمزاكرد، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان پێكەوە سوود لەو بارودۆخە وەربگرن، لەدوای ئەوەی ئەو ناوچانە ئازاد كران، دیسان بارزانی لەهەوڵی ئەوەدا بوو پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئیدارەی ئەو ناوچانە زامن بكات و هەوڵبدات بە هاوشێوەی ئەزموونی كوردستانی باشور، بە ئامادەبوونی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان و لە كەشێكی ئازاد دیموكراتیدا گەلی رۆژئاوا نوێنەرانی خۆیان دەستنیشان بكەن، ئەم هەوڵەی بارزانی لەلایەن تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا پێشوازی لێكرا، تەنانەت پەیەدەش ئیمزای لەسەر رێككەوتنی هەولێر كردووە، بەڵام پاش ئەوەی ئەو ناوچانە ئازاد كران، لایەنی پەیەدە بەندەكانی رێككەوتنی هەولێری پێشێلكرد و لەبری ئەوەی هەموو هەوڵەكان یەكبخەن بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەو ناوچانە بكەن، پەیەدە دەستیكرد بە سیاسەتی تاكڕەوی و كەوتە ئازاردان و گرتن و راوەدوونان و كوشتنی ئەندامانی حزبەكانی دیكە، ئەمەش كارێكە لەچوارچێوەی پرۆسە نەتەوەییەكەی بارزانی جێگەی نابێتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان یان پارتی دیموكراتی كوردستان، دژی ئەوەن پەیەدە نفوزی لە رۆژئاوا هەبێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا بەڕێز وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گوڵانی راگەیاند، ئێمە تائێستاش پەیوەندیمان لەگەڵ پەیەدە نەپچڕاندووە و لەچەند كەناڵێكەوە هەوڵیان لەگەڵ دەدەین بۆ ئەوەی دەستبەرداری سیاسەتی پاوانكردن و تاكڕەوی بن، ئەوەی هەڵوێستی ئێمەی بەرامبەر پەیەدە گۆڕیوە ئەوەیە پەكەكە لایەنەكانی دیكە قبوڵ ناكات، بێگومان ئاشكرایە ئەگەر پەیەدە زۆرینەش بێت، با ئەو زۆرینەیە هەڵبژاردن دیاری بكات نەك خۆسەپاندن.
ئەم وەڵامەی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راشكاوانە خاڵبەندی هەموو پیتەكان دەكات و تەواو پەردە لەسەر ئەو چەواشەكاریانە هەڵدەماڵێ كە پەیەدە و هەندێك لایەنی دیكە دژی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بانگێشەی بۆ دەكەن و دەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوی جەماوەرەوە، ئەگەر نا چۆن بەرێز مسعود بارزانی رەخنە لە راگەیاندنی ئیدارەیەك بۆ كورد دەگرێت ئەگەر گەلی رۆژئاوا خۆی بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوا ئازادی رادەربڕین و چالاكی پارت و هێزە سیاسییەكانی دیكە لەلایەن پەیەدەوە قەدەغە كراوە، ئەوا ئەم لایەنە وەك دیدێكی نەتەوەیی قابیلی قبوڵ كردن نییە.



4. هەرێمی كوردستان و ئێران
لەسەر ئاستی میللی گەلی كورد لە رۆژهەڵات، دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد، كوردانی رۆژهەڵات چاویان لەوەیە رۆژێك بێت بارزانی بەهەمان شێوە سەردانی رۆژهەڵات بكات و كرانەوەیەك لە ئێرانیش بۆ چارەسەری كوردی ئەو بەشەش بێتە ئاراوە، سیاسەتی سەرۆك بارزانی لەماوەی 20 ساڵی رابردوو لەدوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەو شێوەیە بووە كە هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەكان چەندی پێی دەكرێت، سیاسەتی دراوسێیەتی باش لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی پیادە بكات و ئەم سیاسەتە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی هەموو كورد بێت نەك تەنها هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەو مانایەی پاراستی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی سەیر بكرێت، هەموو كورد لەخەمی ئەوەدا بێت ئەم ئەزموونە نەكەوێتە بەر هەڕەشە بۆ ئەوەی هەموو كورد ئەم هەرێمە بە وڵاتی خۆی بزانێت، ئەم ستراتیژە بیركردنەوەی نەتەوەیی بەو ئاڕاستەیە بردووە كە پێویستە بیر لە چارەسەری ئاشتیانە بۆ كێشەی كورد لەهەر پارچەیەك بكرێتەوە و هەوڵبدرێت ئەم بیركردنەوەیە كاریگەری لەسەر بیركردنەوەی ئەو حكومەتانەش هەبێت كە كوردستان بەشێكە لێیان، بۆ سەرخستنی ئەم ستراتیژیەتەش، سەرۆك بارزانی راشكاوانە رایگەیاندووە بەوەی ئامادەیە هاریكاری هەموو حكومەتەكان بكات بۆ ئەوەی كێشەی كورد بە ئاشتی و بەو شێوازەی كوردی ئەو بەشە بە پەسەندی دەزانێت چارەسەر بكرێت، هەربۆیە لەم چوارچێوەیەدا و دوای هاتنی روحانی وەك سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئێران كە لەیەكەم هەنگاوییەوە وەك ئەو سەرۆكە خۆی پیشانداوە كە لەسەر ئاستی دەرەوە بڕوای بە كرانەوەو دیالۆگ هەیە، ئەوا ئومێد دەخوازین ئەم هەنگاوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ بەگشتی بۆ چارەسەری كێشەی كوردیش دەست پێبكات، كە ئەمەش دەستی پێكرد رۆڵی بارزانی چۆن لە پرۆسەی ئاشتی توركیا دەركەوت بەهەمان شێوە بۆ ئەو بەشەش زیاتر دەردەكەوێت.
بارزانی
پرۆسەی نەتەوەیی و بونیادنانی دەوڵەت
پرۆفیسۆر تۆزەن باهچلی پسپۆر و شارەزا لەدۆزی كورد و توركیا لە وەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا پێی وتین، ئەو دەوڵەتەی كە توركیا دەساڵ پێش ئێستا ئامادەبوو هێرشی سەربازی بۆ بكات بۆ ئەوەی لەدایك نەبێت، ئێستا توركیا ئەو دەوڵەتە بەشەریكی ستراتیژی خۆی دەزانێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بەڕێز مسعود بارزانی كە ئەویش وەك هەر تاكێكی ئەم كوردستانە خەون و ئومێدی ئەوەیە ئەم دەوڵەتەی كە دروستبووە بە فەرمی لەلایەن جیهانەوە بناسرێت، ئەمە دوایین هیوای بارزانیە یان بارزانی لەدوای ئەمەش هیوایەكی دیكەی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەمیانەی دیدارێكی گوڵان كە یەك دووساڵ پێش ئێستا لەگەڵ بارزانی ئەنجامیداوە، ئەوەیە كە بارزانی دروستبوونی دەوڵەت لە باشوری كوردستان وەك ژێرخانێك بۆ چارەسەری كۆی كێشەی كورد لەناوچەكە و لە پارچەكانی دیكەش سەیر دەكات، راشكاوانەتر لەم خاڵەوە دەكرێت لەسەر دوو ئاست سەیری ئەم پرۆسە نەتەوەییە بكەین:
1. بارزانی ئامانجی ئەوەیە دەوڵەتێك بۆ كورد دابمەزرێت، تابتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەی كورد بەگشتی چارەسەر بكات، هەروەك چۆن بارزانی ئامادەبوو سەردانی وڵاتانی گەورەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بكات بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا بەدەست بهێنێت.
2. بارزانی ئامانجی لەدروستكردنی دەوڵەتی كوردستان بۆ پیشاندانی ئیرادەی كوردە لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەمەش بەو مانایەی ئەوە ئیرادەی كوردە بڕیار دەدات بە رێگەی هەڵبژاردن كێ بەسەرۆكی خۆی هەڵدەبژێرێت و كێ لەپەرلەمان دەكاتە نوێنەری خۆی، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوە و جیهانیش دیسان راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان پیشاندانی ئیرادەی كوردە بۆ ئەوەی پێیان بڵێت چارەسەری كێشەی فاكتەرێكی گرنگە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیش، كەواتە ئەگەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە بەشێكی كوردستان دروستكردنی ناسنامەیەكی فەرمی و نێودەوڵەتی بۆ هەموو كوردبێت، ئەوا لە چوارچێوەی ئەو پرۆسە نەتەوەییەی بارزانی بیری لێدەكاتەوە، ئەم دەوڵەتە دەبێتە شاهید و گەرەنتی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە پارچەكانی دیكە و دەبێتە هاریكار بۆ گرێدانەوەی بەرژەوەندی كورد بە تەواوی ناوچەكەوە، هەموو لایەكیش دەزانن كە دروستكردنی بەرژەوەندی هاوبەش، بنەمای سیاسەتە لەهەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا.


Top