پەرلەمانتار حەسیبە گەردی ئەندامی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆ گوڵان: بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و راسپاردەکانی تەندروستی جیھانی ناتوانین بڕیاری راست و دروست لەسەر پرۆس

پەرلەمانتار حەسیبە گەردی ئەندامی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا بۆ گوڵان: بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و راسپاردەکانی تەندروستی جیھانی ناتوانین بڕیاری راست و دروست لەسەر پرۆس
دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دەوامکردنی قوتابیان و مامۆستایان لەم سات و کاتەدا کە مەترسی کۆرۆنا ھەیە، پرسێکی ھەستیارەو پەیوەندی بەچارەنووسی نزیکەی ٢ ملیۆن قوتابی و خوێندکارەوە ھەیە، رێکخراوی تەندروستی جیھانی و ھەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی دەستنیشانکردن و باشترین رێکارەکانن بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم پرۆسەیە؛ بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسە پەرلەمانتار حەسیبە گەردی ئەندامی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گوڵان وتی :
- لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاش ھاوشانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا و دەزگا پەیوەندارەکانی تایبەت بە پرسی پەروەردەو خوێندن؛ سەرقاڵی دیراسەتکردن و وتووێژکردنن بۆ ھەڵبژاردنی باشترین بژاردەو بەرەچاوکردنی پاراستنی تەندروستی قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست ، ھەمووان دەزانن ئەم پرسە زۆر ھەستیارەو پەیوەندی بەژیانی قوتابیان و ئایندەیانەوە ھەیە ، خێزانەکان ترس و دڵە راوکێیان ھەیە لەسەر ئەم پرسە و لایەنە پەیوەندارەکانیش لەنێوان پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران و دەستپێکردنەوەی پرسی خوێندن سەرقاڵی ھەڵبژاردنی باشترین بژاردەن. بۆیە یەکێک لەتەوەرەکانی دانیشتنەکەی لێژنەی پەیوەنداریی پەرلەمان تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەھەردوو کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، لەنزیکیشەوە پەیوەندیمان بەھەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ھەیە و ئێمەش وەکو لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا پێشنیارو بۆچوونی خۆمان ھەیە ، ئێستاکە باش لە شێوازێکی ئاوێتەی تێکەڵاو واتا ھەردوو بواری ئۆنلاین و دەوام لەخۆبگرێت، لەم دۆخەدا کە ھێشتا ڤاکسین و دەرمانێک بۆ کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە بەناچاری دەبێت شێوازێکی وا پەیڕەو بکەین کە لەھەمان کاتدا ئیجابی و سلبیاتیشی دەبێت چونکە راگرتنی باڵانسی نێوان تەندروستی و پاراستنی ژیانی قوتابیان و مامۆستایان لەگەڵ پاراستنی ئاستی پەروەردەیی و خوێندن کارێکی ئاسان نابێت ، بەتایبەتی ئەم پرسە تەنیا پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بەھەموو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و حکومەتەکانی دنیاوە ھەیە، تەنانەت رێکخراوی تەندروستی جیھانی راسپاردەو رێنمایی تایبەتی بەم بوارە ھەیە ، ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین کە ترسی ھاتنی شەپۆلێکی توندو فراوانی دیکەی کۆرۆنا لە پایزی ئەمساڵ و وەرزی زستان بابەتێکی چاوەڕوانکراوەو دەزگا تەندروستیەکانی جیھان نەیانشاردۆتەوەو گەورە وڵاتانی جیھان خۆیان بۆ ئەو ئەگەرە پڕ مەترسیدارە ئامادە کردووە ، بەتایبەتی باس لەوە دەکرێت ئەم شەپۆلە لەمانگی ١٠ی ئەمساڵ دەست پێ دەکات و راستەوخۆ دەکەوێتە ناو دەسپێکی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنەوە ، ھەروەھا نابێت ئەوەش لەیادبکەین کە دیوێکی شاراوەی کۆرۆنا ئەوەیە لەناو منداڵان و قوتابیانی تەمەن بچوک رەنگە نیشانەکانی دەرنەکەوێت و ببێتە ھۆی گواستنەوەی نەخۆشیەکە بۆ مامۆستاو دایک و باوکان و کۆمەڵگا لەبەر ئەوەی سیستەمی بەرگری لەشی منداڵ و رووبەرووبوونەوەی دژە ڤایرۆسەکانی بەھێزە ، ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە و دەبێت حسابی ووردی بۆ بکرێتن چونکە ئەگەر نەخۆشیەکە لەقوتابخانەوە بۆ ماڵەوە بگوازێتەوەو زیان بەدایک و باوکی بکەوێت ئەو کات پرۆسەی خوێندنەکە بۆ ئەو قوتابیە ھیچ واتایەکی نامێنێت.
سەبارەت بە پرسی ئاوێتەبوونی پرۆسەی خوێندن حەسیبە گەردی ئەندام پەرلەمانی لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا پێی وایە ؛ شێوازی ئاوێتە بوونیش مەترسی زیاتر بڵاو دەکاتەوە لەبەر ئەوەی خۆی لەھەرێمی کوردستاندا دۆخی خوێندن و ژێرخانی پەروەردەیی گرفت و کێشەی تێدایە بۆ نموونە چی لە قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان دەکەیت ، یاخود ئایا قوتابخانەکانی کوردستان کە خۆیان زۆربەیان دوو دەوام و بگرە سێ دەوامی تێدایە چۆن ئەو قوتابیانە دابەش دەکەیت ئایا میلاکاتی مامۆستاو پەروەردەیی بەپێی پێویست ھەیە، زۆر لەقوتابخانەکان گرفتی پاکوخاوێنی و نەبوونی بودجەی پێویست ھەیە بۆ باشکردنی رەوشی خوێندن تەنانەت لەگەڵ نەبوونی ڤاکسین و دەرماندا چۆن بتوانرێت بەتایبەتی قوتابیانی بنەڕەتی رابھێنرێن لەگەڵ بەستنی دەمامک و دەستەوانەو دوور کەوتنەوە لەبەریەک کەوتن و کڕینی خواردەمەنی لە حانووتەکان تەنانەت گواستنەوەی قوتابیان بە پاس و تەکسی خۆی لەخۆیدا پێچەوانەی رێنماییە تەندروستیەکانە ، باشە ھەموومان دەزانین لەزۆر قوتابخانە ٣٠ بۆ ٤٠ قوتابی لەپۆلێکدا دەوام دەکەن خۆ ئەگەر بکرێنە دوو یاخود سێ ستافیش ھێشتا ھەر ژمارەیان زۆرە بۆ تێکەڵاوی و بەرکەوتەیی خۆ لەکاتی پشووەکانی نێوان وانەکان قوتابیان ھەموویان چەند جارێک تێکەڵاو دەبنەوە ، بۆیە من پێم باشە تا مانگی ١٠ی ئەمساڵ پرسی پەروەردە رابگیرێت و پلانێکی تۆکمەتر دابنرێت بەڕەچاوکردنی توانا دارایی و مرۆییەکان و واقیعی پرسی پەروەردەو خوێندن لەھەرێمی کوردستاندا ، رەنگە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام بەھەر شێوازێک بێت دەبێت بودجەو پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ رەچاوکردنی ھەموو پێوەرەکانی تەندروستی و لەھەمان کاتیشدا بەووردی و ووریایی بەدواداچوونی دۆخەکە بکرێت لەگەڵ ھەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و کەوتنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و خێزانەکانیان ئەو کاتە دەبێت بڕیارەکان خێرا جۆرێک لەنەرمێتی تێدا بێت ، بۆنموونە لەخوێندنی ئەمساڵدا مومکین نییە بتوانرێت کافتریاو حانووتەکان بکرێنەوە ئەمەش گرفتی خۆی ھەیە بەتایبەتی ئەگەر قوتابیان و خوێندکاران ماوەیەکی زۆر لەقوتابخانەکان بمێننەوە ، رەنگە لەم حاڵەتەدا قوتابی بتوانێت لەرێگەی خانەوادەکەیەوە پێداویستیەکانی ئاوو خواردنی بۆ دابین بکرێت. یەکێک لەبژاردەکانی ئەمساڵی خوێندن ئەوەیە ناتوانرێت کافتریاو کۆبوونەوەو کۆنفرانس و بۆنەکان لەناو زانکۆو قوتابخانەکاندا ئەنجام بدرێت ، کۆرۆنا پرسێکی ھەستیارو مەترسیدارە و ھیچ کۆمەڵگە و حکومەتێک لەدنیادا نییە بەچاوێکی کەم و پێچەوانەی رێنماییەکانی تەنردوستی جیھانی مامەڵەی لەگەڵدا بکات ، لەھنەموو حاڵەتێکدا کەمبوونەوەی وانەکان و پەیڕەوکردنی ھەر سیستەمێک کە رەچاوی تەندروستی بکرێت بەزیان لەسەر ئاستی خوێندن و پەروەردە دەگەڕێتەوە بەڵام ژیان و تەندروستی قوتابیان و خێزان و کۆمەڵگە تاڕادەیەک زامن دەکرێت .
سەبارەت بە قوتابیانی بنەڕەتی حەسیبە گەردی بەگوڵانی راگەیاند: ئەوەی من لێی ئاگاداربم کۆمەڵێک پێشنیارو بۆچوون ھەیە بەوەی دەوام کەمبکرێتەوەو قوتابیان دابەشی دوو بکرێن و رێنماییەکانی تەندروستی پەیڕەو بکرێت بەشێوەیەکی فراوان و بەدواداچوونی جیددی بۆ بکرێت لەھەموو قوتابخانەکان ، ئەمەش لەکورستان بەھۆی لاوازی ژێرخانی پەروەردەیی و دوو دەوامی قوتابخانەکانەوە زۆر زەحمەتە بتوانرێت پەیڕەو بکرێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بەھەیکەلییەی مامۆستاکان و فەرمانبەرانیشەوە ھەیە ، بەتایبەتی کە وەزارەتی پەروەردە لەتوانایدا نییە ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان دابمەزرێنێت.
لەھەموو حاڵەتێکدا دەبێت بگەڕێینەوە سەر خوێندنی ئۆنلاین کە لەسەرانسەری جیھاندا پەیڕەو دەکرێت ، بەڵام ئەم سیستەمە بەپێی خواست و ویستەکان نییە بەتایبەتی کە لەھەرێمی کوردستان سیستەم و ژێرخانێکی ئەلەکترۆنی بەرز و توانایەکی باش نییە بۆ جێبەجێکردنی، ھەموو خێزانێکیش نەک قوتابیەکانی زۆرجار باوک و دایکانیش توانای بەکارھێنانی ئامێری پێشکەوتووی نییە یاخود ھێڵەکان بەھێز نین و بگرە زۆرجار مامۆستای بەتواناو بەھێزمان ھەیە بەڵام لەبواری ئۆنلاین و بەکارھێنانی سیستەمە ئەلەکترۆنییەکان ئەو شارەزاییەیان نییە چونکە ئەوانە تەمەنێکی زۆر و دەوڵەمەندیان لە پێگەیاندنی قوتابیان و خوێندکاران ھەیە بەشێوە ئاساییەکەی خوێندن. بەڵام لەگەڵ بەردەوامی مەترسی کۆرۆنا و نەبوونی ڤاکسین و دەرمان بۆ ئەم پەتا جیھانییە ھەر دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەنا بباتە بەر ئۆنلاین و ئاوێتەبوونی خوێندن بەھەردوو شێوازەکە تەنانەت خۆ دەبێت بۆ ئەگەری خراپبوونی دۆخەکە خۆمان ئامادە بکەین لەو حاڵەتەدا تەنیا خوێندنی ئۆنلاین تاکە بژاردەمان دەبێت و لەئێستاوە ھەنگاو بەرەو پەیڕەوکردن و بەڕێوەبردنی ئەو سیستەمە بنێین ، بەشێوەیەکی گشتی ھەر بڕیارو ھەنگاوێک بۆ پرۆسەی خوێندن بنێین بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا و راسپاردەکانی تەندروستی جیھانی ھەڵە دەبێت و باجێکی گەورە دەدەین ، ئێستا رەنگە کێشەمان ئەوە بێت خوێندن نابێت پەک بخرێت کە منیش لەگەڵ ئەوەدام بەڵام ئەو کاتەی کە سیستەمێکی تەندروستی بەھێزو ژێرخانێکی پەروەردەیی و خوێندنی باشمان ھەبێت، رۆژانە بەھۆی کەمی ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد تووشبووانی کۆرۆنا گیان لەدەست دەکەن ، سنووری تەندروستی و دارایی حکومەتی ئێمە سنووردارە و پێویستە لەکەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ حکومەت بکەین و لەوەرزی یەکەمی ئەمساڵدا کەمێک پەلە نەکەین و سازشێک بکەین و خۆ دەگرێت لەچەند مانگی داھاتوو یاخود ساڵی داھاتوو قەرەبووی خوێندن بکەینەوە و سەلامەتی لەپێش پرسی خوێندنەوە دابنێین.
Top