پاوڵ كوادرۆس  پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سكووڵی ڕۆژنامەگەری لە زانكۆی كارۆلاینای باكوور بۆ گوڵان:   ژیریی دەستكرد مەترسی لەسەر ڕۆژنامەگەریی نەریتی دروست كردووە و دەتوانێت ناوەڕۆكی هەواڵ و ڕاستییەكان بشێوێنێت

پاوڵ كوادرۆس   پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سكووڵی ڕۆژنامەگەری لە زانكۆی كارۆلاینای باكوور بۆ گوڵان:     ژیریی دەستكرد مەترسی لەسەر ڕۆژنامەگەریی نەریتی دروست كردووە و دەتوانێت ناوەڕۆكی  هەواڵ و ڕاستییەكان بشێوێنێت

 

 

 

پاوڵ كوادرۆس پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سكووڵی ڕۆژنامەگەری لە زانكۆی كارۆلاینای باكوور لە چاپێڵ هیڵ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە نیویۆرك تایمز، هەفتینگتۆن پۆست، تایم مەگەزین، شیكاگۆ ڕیپۆتەر، و چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێكی دیكە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەرییەوە لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانكارییانەی هاتونەتە ئاراوە لە پەیوەندی بە دروستبوونی سۆشیال میدیا و پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و، چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* سەرەتا دەمانەوێت لەوەوە دەست پێبكەین كە هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەو هەلومەرج و پێشهاتانەی لە ئێستادا ڕۆژنامەگەری كاری تێدا دەكات، مەبەستمان ئەوەیە ئایا ئەو ئالنگاری و دژوارییانە چیین كە ڕووبەڕووی كاری ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەبنەوە لە میانەی ئەركەكانیاندا؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە یەكێك لەو كێشە و تەحەدییە گەورانەی ڕووبەڕووی كاری ڕۆژنامەگەری بووەتەوە (بەتایبەتی ئەگەر ئێمە باسی دۆخی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەین) ئەوەیە كە كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری كەوتووەتە ژێر دەستی، یان با بڵێین لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانەوە كۆنترۆڵ كراون، ئەمەش هەلومەرجێكی دروست كردووە كە ڕۆژنامەنووسانی بەدەر لەم كۆمپانیایانە، نەتوانن وەك پێویست كار و ئەركی خۆیان ئەدا بكەن و ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانە بڵاو بكەنەوە، كە كارەكەیان لێیان دەخوازێت.

* وەك ئاشكرایە یەكێك لە ئەرك و كارەكانی ڕۆژنامەنووسی و كاری ڕاگەیاندن بە گشتی ئەوەیە چاودێر بێت و هەوڵی پەردەلادان لەسەر ڕاستییەكان بدات، ئایا پێت وایە ئەم ئالنگاری و كێشانەی لە ئێستادا دروست بوون، بەربەست و لەمپەریان دروست كردووە بۆ كاری ڕۆژنامەگەری؟

- هەروەك لە وەڵامی پرسیاری پێشووشدا باسم كرد، لە ئێستادا ڕۆژنامەنووسان تووشی دژواری بوونەتەوە لەوەی كە بتوانن ئەركی خۆیان وەك چاودێر ئەدا بكەن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی كە لە دۆخێكدا كە پشتیوانی بەدەست ناهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زەحمەت بێت بتوانن ئەو كارانە ئەنجام بدەن كە پیشەكەیان لێیان چاوەڕوان دەكات.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لە ئێستادا خەڵكێكی زۆر سۆشیال میدیا بەكار دەهێنن و بووەتە سەرچاوەی وەرگرتنی هەواڵ و ئامرازێك بۆ ئەوەی لە ڕێیانەوە گوزارشت لە بۆچوون و تێڕوانینەكانی خۆیان بكەن، ئێوە چ جیاوازییەك لە نێوان كاری سۆشیال میدیا و ڕۆژنامەگەریی تەقلیدیدا دەبینن؟

-  من دڵنیا نییم لەوەی كە دەتوانین سۆشیال میدیا وەك بەشێك لە ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی هەژمار بكەین، چونكە ئەو كەسانەی لە نێو سۆشیال میدیادا چالاكن مەرج نییە ڕاهێنانی ڕۆژنامەگەرییان بۆ دەستەبەر كرابێت، هەروەها بەشێك نیین لە كۆمەڵە و سەندیكا ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنكارەكان، مەبەستم ئەوەیە ئەوان تەنیا تاكەكەسێكن و مەرج نییە ڕۆژنامەگەر بن، بەڵام كارەكانیان هاوشێوەی كاری ڕۆژنامەنووسانە، ئەگەرچی ئەمە بەو مانایە نایەت كە هەموو كاتێك كارەكانیان خراپتر بێت لەوەی ڕۆژنامەنووسان ئەدای دەكەن، بەڵام پرسیارەكە پەیوەستە بەوەی تا چەند دەكرێت متمانە بە كارەكانیان بكرێت، چونكە وەك ئاماژەم پێكرد، ئەوانەی لە نێو سۆشیال میدیادا چالاكن مەرج نییە پاشخان و ڕاهێنانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسانیان هەبێت.

* زۆرجار سەركردە و سەرۆكی وڵاتان لە بری ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان گفتوگۆ بكەن، یان پەیامەكانیان لە ڕێی ئەوانەوە بڵاو بكەنەوە، ئەوا خۆیان لە ڕێی (ئێكس-تویتەری پێشوو) و هەندێ ئامرازی دیكەی سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەنەوە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ئەمە پەیوەندیی نێوان سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسانی گۆڕیوە؟

- ئەوە ڕاستە كە هەندێ جار سیاسەتمەداران دەیانەوێت ڕاستەوخۆ كاریگەر بن لەسەر ڕای گشتی یان دەنگدەران (ئەویش بە گوێرەی ئەوەی باسی چ وڵاتێك دەكەین) بۆ ئەوەی بەو شێوەیە ئاراستەیان بكەن كە خۆیان دەیانەوێت، لەم ڕووەوە فەرامۆشكردنی ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی دەرفەتی ئەوەیان پێدەدات كە ئەم كارە بكەن، كە دەشزانن كەسانێك هەن لە نێو سۆشیال میدیا كە برەو بە بیرۆكە و پەیامەكانیان دەدەن. هەرچۆنێك بێت ئەمە لە كۆتاییدا بەندە بەوەی چۆن كار بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی لە چۆنییەتی كاركردنی ڕاگەیاندنی هاوچەرخ تێبگەن، تاوەكو نەكەونە ژێر كاریگەرییەكی نەرێنییەوە و بەكار نەهێنرێن.

* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنین دەبنەوە لەلایەن ڕژێمە تاكڕەوەكانەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێ جار لە وڵاتە دیموكراسییەكانیشدا سەركردە و سیاسەتمەداران لێدوانی خراپ لەسەر ڕۆژنامەنووسان دەدەن، بۆ نموونە دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی لەسەردەمی سەرۆكایەتیەكەیدا، باسی هەواڵی ساختە و بێ بنەمای دەكرد كە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە بڵاو دەكرێنەوە، كەواتە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی خەڵكی متمانەیان بە كاری ڕۆژنامەنووسی نەمێنێت، تێڕوانینی ئێوە چییە لەم بارەیەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا لە جیهاندا دەگوزەرێت (لە پەیوەندی بە ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنەوە) دۆخێكی دژوارە، چونكە كێشەكە ئەوەیە كە نازانیت باوەڕ بە كێ بكەیت و متمانەت بە كێ هەبێت. بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دامەزراوەكانەوە لەنێو وڵاتە دیموكراسییەكاندا، چونكە ئێمە دەزانین كۆمەڵگە دیموكراسییەكان لەسەر بنەمای دامەزراوەكان بنیات نراون، لە هەمان كاتدا متمانە هەیە بەو دامەزراوانە، بەڵام كاتێك كاراكتەرە خراپەكان دێن و كار لەسەر نەهێشتن و بنكۆڵكردنی ئەو متمانەیە دەكەن، و خەڵكی نازانن باوەڕ بە ڕاست و دروستیی چ شتێك بكەن، ئەوا ئاسانتر دەكەونە ژێر كاریگەری پڕوپاگەندە و بانگەشەكان و هەواڵە ناڕاست و چەواشەكارییەكانەوە، كەواتە لە ڕۆژگاری ئێستادا ئەو كێشەیەی كە ڕووبەڕووی خەڵكی بووەتەوە، ئەوەیە كە ئامراز و تێگەیشتنی پێویست و گونجاویان بۆ دەستەبەر نەكراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئالنگاری و دژوارییانەی پەیوەستن بە زانیارییە چەواشەكارییەكانەوە. هەرچۆنێك بێت ئومێدەكە ئەوەیە كە لە كۆتاییدا خەڵكی بتوانن درك بەوە بكەن و هۆشیار بن كاتێك ڕووبەڕووی پڕوپاگەندی بەرژەوەندییە گەورەكان دەبنەوە.

* كەواتە تا چەند ئەم حاڵەتەی كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن فاكتەرێك بووە بۆ هێنانەئارای ئەوەی پێی دەگوترێت داكشانی یان پاشەكشەی دیموكراسی؟

- بەڵێ بە دڵنیاییەوە كاریگەریی هەبووە لەم ڕووەوە، چونكە بە دیاریكراوی لەو كۆمەڵگەیانەدا دیموكراسی بەندە بە متمانەكردن بە دامەزراوەكانی كۆمەڵگەوە، متمانەكردن بە حكومەت و متمانەكردن بە سیستمی هەڵبژاردن، متمانەكردن بە سیستمی پەروەردەی حكومی، و متمانەكردن بە چاودێریی تەندروستی، مەبەستم ئەوەیە كە بڵێم لە بنەڕەتدا هەموو ئەم دامەزراوانە بەندن بە متمانەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كاتێك خەڵكی نازانن متمانە بە كێ بكەن لەبەر ئەوەی لەژێر كاریگەریی خراپی سیاسەتمەدارە خراپەكاندان، ئەوا ئەو كاتە زۆر زەحمەتە بتوانرێت كۆمەڵگەكە بە باشی بەڕێوەببردرێت، و لە ڕاستیدا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا سەردەكێشێت بۆ لاوازكردنی كۆمەڵگەش.

* چۆن لە كاریگەریی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی، بەتایبەتی ژیریی دەستكرد دەڕوانن لەسەر كاری و ئەدای ڕۆژنامەگەری؟

- ئەمە لایەنێكی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و ژیریی دەستكردە كە دەبێت لەوە بڕوانین چ كاریگەرییەكیان هەیە لەسەر ڕۆژنامەگەری، بە تایبەتی كە ئێمە دەزانین بە هۆی ژیریی دەستكردەوە دەكرێت ناوەڕۆك و بابەتێك گەڵاڵە بكرێت كە خەڵكی پێ لە خشتە ببردرێت، كەواتە ئێمە لە ڕۆژگارێكداین كە ئەوەی پێی دەگوترێت زانیاریی ناڕاست و چەواشەكارانە بووەتە بابەتێك كە دەبێت سەرنجی بخرێتەسەر، چونكە كاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی ئێمە باوەڕ بە چی بهێنین. دۆخەكە دژوارە و ڕەنگە تەنیا كات پێمان بڵێت كە چۆن ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ئەم دژوارییانە تێپەڕێنن. بەڵام دەبێت ڕێگەیەك بدۆزرێتەوە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، بە چەشنێك كە بتوانین متمانە بەو زانیارییانە بكەین كە پێمان دەگەن، هەرچەندە ئەمە كارێكی زۆر قورسە.

* كەواتە با بپرسین ئایا دەكرێت و دەتوانرێت چی بكرێت بۆ بەهێزكردن و برەودان بە ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی؟

- ئەمە پرسیارێكی باشە، ئەوەی زۆر گرنگە بەرفراوانكردنی تێگەیشتنی پەیوەست بە كاری ڕۆژنامەگەرییە لای هاووڵاتییان و خەڵك، هەروەها دەكرێت سیستمی پەروەردەش ڕۆڵی هەبێت لە فێركردنی منداڵان لەوەی دەتوانن باوەڕ بە چ زانیارییەك بهێنن و باوەڕ بە چی نەهێنن، كەواتە پێم وایە ئەمانە گرنگە بۆ پارسەنگدانەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو زانیارییە چەواشەكارییانەی لە ئارادان.

 

Top