پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بۆ گوڵان:  ئێران و ئیسرائیل هێزی سەربازی بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە دژی یەكتر بەكار ناهێنن

پڕۆفیسۆر ئیان لەستیك بۆ گوڵان:   ئێران و ئیسرائیل هێزی سەربازی بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە دژی یەكتر بەكار ناهێنن

 

 

ئیان لەستیك، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستە سیاسییەكان كە لە زانكۆی كالیفۆڕنیا بەدەستی هێناوە، ئێستاش پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پەنسلڤانیا و وانەبێژی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرفراوانبوون و داكشانی دەوڵەتان و چەند بوارێكی دیكەیە و لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە بواری سیاسەتی بەراوردكاری و سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، لەگەڵ جەختكردنەوە لە كێشە و ناكۆكیی نێوان ئیسرائیل و عەرەب و ئیسرائیل و فەلەستین. بۆ شرۆڤەكردن و تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی و ئەگەری بەرفراوانبوونی ئەم شەڕە و ڕۆڵی ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا لە ئاست ئەم شەڕە و ئاكامەكانی لەسەر دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە بەتایبەتی هەردوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات و ئایندەی پەیوەندییەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی چەند وڵاتی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل و چەند بابەت و پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان لە میانەی دیدارێكدا چەند پرسیاری ئاراستە كرد.

 

 

* ئاشكرایە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی نالەبار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، نەك هەر لە ئێستاشدا شەڕ و كاولكاری یەخەی ئەم ناوچەیەی گرتووە، بەڵكو لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوە هەیە، شەڕەكان درێژە بكێشن و بگرە بەرفراوانتریش ببن و وڵاتان و لایەنی دیكەش بگرێتەوە و تێوەی بگلێن، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا ئەو شەڕەی زیاتر توند كردووەتەوە، ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدانانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵایە، تێڕوانینی ئێوە لەبارەی ئەم شەڕەوە بە دیاریكراوی چییە؟

- ئەوەی پەیوەست بێت بە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، ئەوا دەكرێت بوترێت كە لە ڕووی مێژووییەوە ئیسرائیل ئامادەیی و خواستی ئەوەی هەبووە كە وڵاتی لوبنان داگیر بكات، بە ئامانجی تێكشكاندن و لەناوبردنی ئەو توانا سەربازییانەی لە نێو لوبناندا هەیە، چونكە ئیسرائیل پێی وایە بوونی ئەم توانا سەربازییانە بەربەست دروست دەكەن لەبەردەم هێزی سەربازیی خۆی، لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەبووە كە لە لوبنانەوە هێرشی بكرێتەسەر. هەر چۆنێك بێت، هەڵگیرساندنی شەڕ پێویستی بە بیانوو و پاساو هەیە. ئەو جەنگەی لە ساڵی 1982 هەڵگیرسا، پاساوەكەی بریتی بوو لە كوشتنی بەرپرسێكی ئیسرائیل لە لەندەن لەلایەن ڕێكخراوێكی توندڕەوی فەلەستینی، كە ئەم ڕووداوە كرا بە بیانووی داگیركردنی لوبنان، كە خۆی لە خۆیدا ئەنجامدانی ئەم شەڕە هۆكاری گەورەتری لە پشت بوو. ئەگەر بێینە سەر شەڕەكەی ئێستا و وەڵامدانەوەی پرسیارەكەی ئێوە، ئەوا هۆكاری هەڵگیرسانی ئەم شەڕە – لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا- دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە سنووردارانەی حزبوڵڵا ئەنجامی دا لە دژی ئیسرائیل وەك پاڵپشتی و هاوسۆزییەك بۆ فەلەستینییەكانی نێو كەرتی غەززە، كە ئەم هێرشانەی حزبوڵڵاش بوونە هۆی بێ ماڵ و حاڵكردنی 60 هەزار ئیسرائیلی لە باكووری وڵاتەكەیان. ئەوە بوو ئەم هێرشانە هەلومەرجێكیان دروست كرد، بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل و هەندێ لایەنێكی نێو حكومەت- كە ماوەیەكی زۆر بوو خواستی ئەوەیان هەبوو كۆتایی بە هەڕەشەی حزبوڵڵا لە دژی ئیسرائیل بهێنن- بە شێوەیەكی بەرچاو شەڕەكە بەرەو هەڵكشان ببەن. من پێم وایە ئەوە شكستی ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا بوو لە وەستاندنی شەڕی غەززە كە دۆخێكی دروست كرد، بۆ ئەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بێتەئاراوە.

* لە مانكی چواری ئەم ساڵەوە هەر یەك لە ئیسرائیل و ئێران چەند جارێك هێرشی ڕاستەوخۆیان كردووەتە سەر یەكتری، كە ئەمانەش گرێدراو و دەرئەنجامی شەڕی نێو كەرتی غەززە و شەڕی لوبنانن، واتە ئەم دۆخەی ئێستا ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت تەشەنە بكات و ببێتە شەڕێكی هەرێمایەتی، ئێوە چۆن لەم ئەگەرە دەڕوانن؟

- من پێم وانییە هیچ یەكێك لەلایەنەكان، لە نێویاندا ئێران و ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا و ئیسرائیل، خواستی ئەوەیان هەبێت دۆخەكە بەرەو جەنگێكی بەرفراوان و توندی هەرێمایەتی سەربكێشێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە كە شەڕێكی لەم چەشنە ڕوو نادات، هەرچەند من باوەڕم وانییە ئەگەرێكی بەهێز بێت.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا سەنگ و قورساییەك، یان دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم ڕووەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكرا، كە ئەمریكا ڕۆڵێكی كاریگەرتر و بەرچاوتری هەبووایە بۆ ئەوەی دۆخەكە بەرەو هێوربوونەوە ببردایە و ڕێگری لە تەشەنەكردنی شەڕەكان بكردایە. بە تێڕوانینی ئێوە ئایا دەبوو، یان دەكرا ئەمریكا چ شتێكی جیاوازی لە ئاست ئەم پێشهاتانەدا بكردایە؟

- بە تێڕوانینی من دەبوو ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە بە ئیسرائیلی ڕابگەیاندایە كە خواستی ئەوەی هەیە پشتیوانی لە سەپاندنی سزا و بڕیاری توندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سنوورداركردنی دەستەبەركردنی چەك دەكات، ئەگەر گفتوگۆی جددی نەكات لەسەر گەیشتن بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕپێكردنی بارمتە گیراوەكان. ئەگەر ئەمە بكرایە، ئەوا كۆتایی بە هێرشەكانی حزبوڵڵا بۆ سەر باكووری ئیسرائیل دەهێنا، هەروەها ڕێگری دەكرد لە هێرشەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش.

* ئێمە دەزانین كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند ووڵاتی عەرەبی پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێككەوتنی ئاشتییان لەگەڵدا واژوو كرد. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم شەڕانەی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان كاریگەرییان لەسەر پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت؟

- لە ڕاستیدا شتێك كە بزووتنەوەی حەماس تێیدا سەركەوتوو بوو، ئەوەیە كە پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیەی دوا خست بۆ ئایندە. هەروەها لەبەر ئەوەی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە چارەسەری «دوو دەوڵەت» قبووڵ ناكات و پێی ڕازی نابێت، ئەوا ماوەیەكی پێدەچێت بۆ ئەوەی دەوڵەتە عەرەبییەكانیش ئەم پابەندبوونە لە بیری خۆیان ببەنەوە، یان ئاڵوگۆڕێكی بەرچاو بەسەر تێڕوانینیاندا بێت، بۆ گرتنەبەری ستراتیژیەتێك كە داواكاری دیموكراتیزەكردن بۆ ئیسرائیل لەخۆ بگرێت، لە نێویاندا لەو خاكانەی فەلەستین كە لەژێر دەستی ئیسرائیلن.

* هەندێ وڵاتی ناوچەكە هەن وەك عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات، كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆیان هەیە لەم ناوچەیەدا، بە بۆچوونی ئێوە ئەم شەڕ و پێشهاتانە چ دەرئەنجام و لێكەوتەیەكیان لەسەر ئەم وڵاتانە دەبێت؟

- لە ڕاستیدا داهات و سەرچاوەكانی ئەم وڵاتانەی ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەی پێدەكەن، گرنگن بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوەی كەرتی غەززە. هەروەها دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە ئەو ڕق و تووڕەییەی لە نێو خەڵكی غەززە و لە نێو وڵاتانی جیهانی دروست بووە بەگشتی- بەهۆی ئەو بەربەرییەتەی ڕوو دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی زەحمەت بێت، ئەم وڵاتانە بچنە نێو جۆرێك لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، هاوشێوەی ئەوەی كە لە چوارچێوە ڕێككەوتنەكانی (ئیبراهیم)دا ڕوویان دا و بینیمان. 

* یەكێك لە لێدوانەكانی سەرۆكی وەزیرانی ئیسرائیل ئەوە بوو كە ئەوان- واتە ئیسرائیل- واقیعی ئەمنی ناوچەكە دەگۆڕن، ئەمەش بەو واتایە دێت كە چیتر ئەو هاوسەنگی و هاوكێشەی هێزەی كە هەبوو، لە ئارادا نامێنێت و هەلومەرجێكی نوێ دێننەئاراوە، با لێرەدا بە دیاریكراوی پرسیاری ئەوە بكەین كە ئەگەر حزبوڵڵای لوبنانی- وەك بەرجەستەبوونێكی بەرچاوی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا- بە تەواوەتی لاواز بكرێت، ئایا هاوكێشەی هێز لەم ناوچەیە لە قازانجی ئیسرائیل و وڵاتانی دیكە ناگۆڕێت؟

- من پێم وایە ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە بووەتە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئیسرائیل پتر دەستی واڵا بكات لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی هێزە سەربازییەكەیەوە لە هەردوو وڵاتی لوبنان و سووریا و لە شوێنەكانی دیكەش، بەڵام ئەگەر لەسەر ئاستی هەرێمی لە پرسەكە بڕوانین، ئەوا پێدەچێت ئیسرائیل و ئێران توانیبێتیان هێندە بەرپەرچی یەكتر بدەنەوە كە هیچ لایەكیان نەیانەوێت هەوڵی ئەوە بدەن، هێزی سەربازیی خۆیان بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە لە دژی ئەوی دیكە بەكار بهێنن.

 

Top