ئاگر لە نەخۆشخانەیەک لە باکووری هیندستان کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٠ منداڵی ساوا گیانیان لەدەستدا
بەرپرسانی هیندستان ڕایانگەیاند، ئاگر لە بەشی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووانی نەخۆشخانەیەک لە باکووری هیندستان کەوتەوە و بەهۆیەوە 10 منداڵی ساوا گیانیان لەدەستداوە و 16ی دیکەش برینداربوون.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە بەشیکی نەخۆشخانە ڕوویداوە کە ٥٥ منداڵی ساوا لە ژێر چاودێری تایبەتدا بوون.
کومار دوبی، بەرپرسێکی ناوخۆیی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئاگرەکە بە خێرایی بۆ بەشەکانی نەخۆشخانەکە بڵاوبووەتەوە.
فریاگوزاران و ئاگرکوژێنەوەکان توانیان ژیانی ٤٥ کۆرپە ڕزگار بکەن.
تا ئێستا بەرپرسانی خۆجێی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
جێگری وەزیری سەرەکی ویلایەتەکە، براجیش پاتاک، ڕۆژی شەممە سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی. بەڵێنیدا لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بۆ زانینی هۆکاری ئەم ڕووداوە ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی: ئەو کەسانە سزا دەدەین کە بەرپرسن لەم کارەساتە و ڕێکاری جددی دەگرینەبەر. دەشڵێت: "حکوومەت لەم ساتە سەختانەدا لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان دەبێت".
شایەتحاڵەکان رایانگەیاند کە ئاگرەکە بەخێرایی تەواوی بینای نەخۆشخانەکەی گرتووەتەوە.
بە وتەی ئەوان تیمەکانی فریاگوزاری دوای نزیکەی 30 خولەک لە دەستپێکردنی ئاگرەکە گەیشتوونەتە شوێنەکە و کۆرپەکان لە پەنجەرەکانەوە هێنراونەتە دەرەوە. ئەم دواکەوتنە بە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان دادەنرێت.
نارێش کومار، باوکێکە کە لە ڕووداوەکەدا کۆرپەکەی لەدەستداوە، دەڵێت: "ئەگەر هۆشدارییەکانی سەلامەتی کاریگەرییان هەبووایە، دەمانتوانی زووتر هەنگاو بنێین و ژیانی کۆرپەی زیاترمان ڕزگار بکردایە".
گوڵان: سەردار خەلیل