مەسرور بارزانی: لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە

مەسرور بارزانی:  لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 37ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پەیامێکدا دەڵێت: لە ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن. پێزانینی زۆرمان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری هەڵەبجە، بە تایبەتی بریندارانی کارەساتەکە و کەسوکاری سەربەزری شەهیدان هەیە.

دەشڵێت: سەرەڕای تیپەڕبوونی (37) ساڵ، بەسەر ئەم کارەساتە مەزنە، هێشتا زام و برینەکانی ئەم تاوانە ساڕێژ نەبوون. بۆیە ئەرکی هەموومانە، کار لەپێناو زیاتر ناساندنی جینۆسایدی هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو تاوانەکانی دی، کە بەرانبەر گەلی کوردستان کران، بکەین و خزمەتێکی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانانە بکەین

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەت هاتووە"حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجەییەکان و قوربانییانی دیکەی جینۆسایدی گەلی کوردستان بکات. لە ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگەی هەڵەبجە ئەنجامداوە، بەڵام دەشزانین هەڵەبجە پێویستی بە خزمەتی زیاتر هەیە، لەم ڕووەوە، دانیشتووانی بەڕێز و قوربانیدەری پارێزگەی هەڵەبجە دڵنیا دەکەینەوە کە لە داهاتووشدا، زیاتر و باشتر خزمەتی ئەو ناوچەیە دەکەین".

ئەوەی جێی داخە، حکوومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵە و کەسوکار قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان جێبەجێ نەکردووە. تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجەی پەسەند نەکردووە. بۆیە داوا دەکەین چیتر کەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەکانی هەڵەبجە نەکرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووبکرێنەوە و بەپارێزگەبوونەکەشی لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت"سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان".

Top