ئەنیس یەعقوب قەشەی شەقڵاوە بۆ گوڵان: هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی-یەوە، كولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەكان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە

ئەنیس یەعقوب  قەشەی شەقڵاوە بۆ گوڵان:  هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی-یەوە، كولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەكان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە

 

 

ئەركی سەرشانی ئێمەیە ئەو نموونە جوانەی كوردستان بپارێزین كە بووەتە نموونەیەكی پێكەوەژیان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

 

مەسیحییەكان وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردستانی كە لە ڕاپەڕینەوە مافەكانیان پارێزراوە و بە یاسا لە پەرلەمانی كوردستان كورسیی كۆتایان هەیە، كەچی ئێستا لە بڕیارێكی نادەستووری و دوور لە یاسا و تەنانەت بە پێچەوانەی ئەو عێراقەی كە ژمارەی مەسیحییەكان تێیدا كەم بووەتەوە، لێرە كورسیی كۆتای مەسیحییەكان لابرا، لەكاتێكدا لە پەرلەمانی عێراق ئەم كورسییە هەیە. سەبارەت بە مێژووی پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزاكان و ماف و دەستكەوتەكانی مەسیحییەكان و ڕەتكردنەوەی ئەو بڕیارە نادەستووری و نایاساییەی دادگای فیدراڵیی عێراق، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەنیس یەعقوب قەشەی شەقڵاوە سازدا، لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* وەكو پیاوێكی ئایینی مەسیحی و نیشتمانپەروەر لە هەرێمی كوردستاندا، تا چەند كولتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە هەرێمی كوردستان گەشەی كردووە و، ئایا مێژووی ئەم پێكەوەژیانە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان مێژوویەكی كۆن و دێرینی هەیە، بۆ نموونە لە ناو شەقڵاوەدا لە نێوان برا موسڵمانەكان و مەسیحییەكاندا پێكەوەژیان بووەتە كلتوورێكی دانەبڕاو، لەسەر بنەمایەكی دەوڵەمەند و فەرهەنگێكی قووڵ و بەهێز بونیات نراوە و بە درێژایی هەموو ئەو مێژووە نەتوانراوە كەس زەفەری پێ ببات، تەنانەت لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا كوردستانییەكان بە جیاوازیی فەرهەنگی و كولتووری نەتەوەیی و ئایینییانەوە پێكەوە ڕۆژە سەختەكانیان بەڕێ كردووە، لێرە لەم هەرێمی كوردستانەدا هیچ جیاوازییەكی نەتەوەیی و ئایینی ڕێگر نەبووە لە دینداری و ئەنجامدانی بۆنە ئایینی و خودا پەرستییەكانی ئایین و ئایینزاكان، بە پێچەوانەوە هەمووان ڕێزیان لەوی دیكە گرتووە و هاتووچۆ و سەردانی یەكتریان كردووە و لە خۆشی و ناخۆشیدا پێكەوە بوون. ئەم سرووشتەی پێكەوەژیانی ئایینی هەروا لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵكو مێژوو و كولتوورێكی دەوڵەمەندی باوك و باپیرانمانی هەیە، نەتەوەكانی كوردستانیش بەم پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ڕێزگرتنە لە مافی مرۆڤ ناسراون و كوردو كوردستانییەكانی بێ جیادەكرێتەوە لە نەتەوەكانی دەوروبەرمان، دەتوانم بڵێم لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی وڵاتانی دنیادا كولتوورێكی وا دەوڵەمەند و خۆشەویستیی وەك پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان نییە، ئەوەتا گوندە مەسیحییەكان لە شەقڵاوە لە نزیك گوندەكانی برا موسڵمانەكانەوەن و مزگەوت و كەنیسە لە نزیك یەكترن، هەمووان پیاوانی ئایینی و مامۆستایانی ئایینی لە بۆنەكاندا سەردانی یەكتر دەكەین و ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەموو ئایینەكان هەیە، لێرە نەك هیچ كێشە و گرفتێك لە نێوانیانماندا ڕووی نەداوە، بەڵكو بەرگری و پارێزگاری لەیەكتریش دەكەین، ڕەنگە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە كورد و كوردستانیان لە مێژوودا پەلامار و غەدرمان لە هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەكی دیكە نەكردووە، بەردەوام زوڵمان لێ كراوە، بۆیە بە ئاشكرا لە ئازار و ئەشكەنجەی نەتەوەی ژێر دەست و زوڵمكردنی ئایین و ئایینزاكان دەزانین، هەر ئەمەشە وای كردووە كوردستان ببێتە پێگەی پێكەوەژیان و لێقەوماوان.

* ئەركی پیاوانی ئایینی چییە بۆ پاراستنی ئەم پێكەوەژیانە و دووركەوتنەوە لە كلتووری توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی بەرامبەر، بەتایبەتی لە ئێستادا كەسان و لایەنێك هەیە بڕوایان بە كلتووری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا نییە و، كاریان بۆ سڕینەوەی كورسیی پێكهاتەی مەسیحییش كردووە؟

- ئایینی مەسیحی ئایینی لێبووردەیی و پێكەوەژیانە، سوپاس بۆ خودا زۆرن ئەوانەی لە ئایین و ئایینزاكانی دیكەش بڕوایەكی پتەویان بە برایەتی و خۆشی و ئارامیی مرۆڤەكان هەیە، هەر خۆی پەیامی خودا بۆ مرۆڤایەتی بۆ ڕێزگرتنە لە بەندەكانی و بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵك و تەعەدا نەكردنە لەوی دیكە، ئەركی سەرشانی ئێمەشە ئەو نموونە جوانەی كوردستان بپارێزین كە بووەتە نموونەیەكی پێكەوەژیان، نەك تەنیا لە عێراقدا بەڵكو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێرە هاووڵاتی پلە دوو نییە هەموو پێكەوە دەژین و لەسەر ئەم خاكەش دەمرین، بۆیە پاڵپشتی و پشتگیریی بڵاوكردنەوەی دەقە پیرۆز و ڕەسەنەكانی ئایینین كە بۆ مرۆڤایەتی بۆ هەمووان نێردراوە.

* ڕۆڵی سەركردەكانی كورد لە قوڵكردنەوە و پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان چۆن بووە، ئایا مەلا مستەفا بارزانی وەكو سیمبولی نەتەوەیی و كوردستانی تا چەند گیانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەنێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستاندا پاراستووە؟

- لە سەردەمی شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی كوردستان و هەر لە دەستپێكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانەوە ئەم پێكەوەژیانە پارێزگاریی لێ كراوە و، ڕێگە نەدراوە بیری توندوتیژی و دەمارگیری پەرە بسێنێت، هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و دواتر مەلا مستەفا بارزانی كولتووری پێكەوەژیانی ئایینی و ئایینزاكان هەنگاوێكی زۆر زیاتر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی و پاراستنی مەسیحییەكان بووە سیمبول و درووشمی ڕاپەرین و شۆڕشەكان و، تەنانەت مەسیحییەكان بوونە پێشمەرگەی مەلا مستەفا بارزانی و شەهید و قوربانییشیان داوە، ئەم پەیڕەو و عەقیدەیە بۆ سەرۆك بارزانی درێژكرایەوە، جەنابی سەرۆك خەمخۆری هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بووە، هەرچی دەستكەوتی ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و بەرهەمی ڕاپەرینە بۆ سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، تەنانەت ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەغدا لە دوای ساڵی 2003 لە نووسینەوەی دەستوور و چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان بەتایبەتی پێكهاتەی مەسیحی، بە پێكهاتەیەكی ڕەسەنی هەرێمی كوردستان و عێراق چەسپاند.

* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وێڕای ئاستەنگ و كێشە و تەحەدییەكان، بەڵام هەرگیز سازش لەسەر مافی پێكهاتەكان نەكرا، ئایا ئەم ڕۆڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

- لە مێژووی كوردستاندا لە دوای ڕاپەرینەوە یەكەمین جارە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ مەسیحی و پێكهاتەكانی دیكەش دانراوە، تاوەكو هەست بەوە بكەن ئەوانیش هاووڵاتی ڕەسەنی ئەم نیشتمانەن، تا بتوانن گوزارشت لە ڕاوبۆچوونی خۆیان بكەن و وەكو كوردستانی هەڵسوكەوت بكەن، ڕێزدار مەسرور بارزانی گرنگییەكی زۆری بە پێكهاتەی مەسیحی داوە و تەنانەت وەزیرێكی مەسیحی بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داناوە، بۆیە دەبینین كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە كارنامەی كابینەكە و بەكردار ڕێزی بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان داوە.

* بەڵام لە بڕیارێكی نادەستووری و دوور لە بنەماكانی ئەخلاقی و ڕێزگرتن لە پێكەوەژیان و یاسا و عورفەكانی هەرێمی كوردستان، دادگای فیدراڵیی عێراق كورسیی پێكهاتەكان، بەتایبەتی مەسیحییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان نەهێشت، ئەمەش پێچەوانە پەرلەمانی عێراق خۆیەتی كە كورسیی كۆتای مەسیحییەكان لەوێ هەیە، ئێوە وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی چۆن دەڕواننە ئەم هەنگاوە مەترسیدارەی عێراق؟

- لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستانەوە كورسیی كۆتا بۆ مەسیحییەكان هەیە، ئەمە بە یاسا و عورف و ڕێنمایی دانراوە و بەردەوامیی هەبووە، بە داخەوە ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی پێمان سەیر بوو دادگای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێكیدا پێشێلی مافی دەستوور و یاسای كوردستان بەرامبەر پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردستان بكات، ئەمە بڕیارێكی شۆڤێنییانە و نادادپەروەری و سڕینەوەی پێكهاتەیەكی سەرەكی مەسیحییە لە هەرێمی كوردستان، ئێمە باوەڕمان بە سەرۆك بارزانی- یە كە ڕێگە نەدات بڕیارێكی وا نادادپەروەر و نادەستووری و نایاساییانە سەربگرێت. مەسیحییەكان بڕوایان بە ئازادی و پێكەوەژیان و كوردستانییەت هەیە، ئەوان لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا لەگەڵ برا كوردە موسڵمانەكاندا بوون، نابێت حزبەكانی كوردستان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ڕازی بن، چونكە ئێمە نابێت بخرێینە ناو ئەو گەمە سیاسییەوە كە پێكهاتەكان بەتایبەتی مەسیحییەكان پەراوێز بخرێن، ئێمە وەكو برا كوردە موسڵمانەكانمان خۆمان بە خاوەنی ئەم خاكە دەزانین و نابێت بە هاوشێوەی وڵات و ئەو هەرێمانەی بیری توندڕەوی زاڵە بەسەریاندا لێرەش ئاوا مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی كوردستان بكرێت، لە كاتێكدا ئێمە ئیدیعا بۆ ئازادی و دیموكراتی دەكەین و بانگەشە بۆ هەڵبژاردن و نوێنەرانی گەل دەكەین، كەچی ئێمە نوێنەرانمان نەبێت لەو پەرلەمانەی كە ئێمەش وەكو هەمووان خوێن و قوربانیمان بۆ داوە.

* باسی سەرۆك بارزانیت كرد بەوەی ئومێدتان زۆرە جەنابی سەرۆك هەوڵی گەڕانەوەی كورسیی مەسیحییەكان بدات؟

- جەنابی سەرۆك بارزانی لای هەموو پێكهاتە ڕەسەنەكانی كوردستان جێگە و مەكانەتی بەرزی خۆی هەیە، هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرێت لە سەرۆكێك كە لەسەر هزر و بیروباوەڕی بارزان پەروەردە كرابێت، كە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و پاراستنی خاك و نیشتمان پەروەردە كرابێت، من شانازی بە وتەیەكی سەرۆك بارزانییەوە دەكەم كاتێك فەرمووی: «هەر كاتێك نەمتوانی بەرگری و پارێزگاری لە مەسیحییەكانی كوردستان بكەم كوردستان بەجێ دەهێڵم..)، ئەمە بۆ ئێمە زەمانەت و متمانەیەكی گەورەیە، بەتایبەتی تاكو ئێستا جەنابیان خەمخۆر و خەباتگێڕ و پارێزەری دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانن، لەناویشیاندا ڕێزگرتن لە كەرامەت و مافەكانی هەموو پێكهاتەكان بە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەكانیشەوە، من زۆر گەشبینم بەوەی سەرۆك بارزانی مافی پێكهاتەكانی كوردستان و ئایین و ئایینزاكان دەپارێزێت لە هەموو ئەو هێرش و پەراوێزخستنانەی كە لە نێوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دژ بە مافەكانمان دەدرێت.

 

Top