ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: تا دەرچوونی یاسای بودجەی 2021 بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار دەنێرێت
August 28, 2020
دیمانەی تایبەت
رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم تاوەكو دەرچوونی یاسای بودجەی 2021 تا راددەیەك جێگای ئومێد بوو، لە ئێستاشدا هەوڵەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی لەسەر تەواوی دۆسێكان هەردوو لا بكەنە رێككەوتنێكی هاوبەش، بەتایبەتی لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی چوونی شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆكردن لەسەر بابەت و كێشە هەڵپەسێردراوەكان. لە لێكدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەو رێككەوتن و خۆئامادەكردنه كرد بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 و ئهوهشى خستهڕوو كه تا دەرچوونی یاسای بودجەی 2021 بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ ههرێمى كوردستان دەنێرێت.ئا: شەماڵ نوری
ئارام باڵەتەیی پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە مانگانە عێراق دەیدات بە هەرێمی كوردستان وتی: "عێراق پابەند دەبێت بە ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان تاوەكو دەرچوونی یاسای بودجەی 2021، رێككەوتنەكەش لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاو كراوەتەوە و، باس لەچەند خاڵێكی تایبەت بە یەكخستنی دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و چەند بابەتێكی دیكە دەكات و، مەسەلەی نەوتی لەناودا نییە. واتا باس لە پرسی نەوت و ناكۆكيیەكانی تایبەت بەم دۆسێ ئاڵۆزو هەستیارە نەكراوە، لە ئێستاشدا هەمووان خۆیان بۆ ئامادەكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراق ئامادە كردووە. "
سەبارەت بە بودجەی 2021ی عێراق باڵەتەیی وتی : "چاوەڕوان دەكرێت لەكاتی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە پاڵ چەند بابەت و پرسێكی دیكەدا باس لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021 بكرێت، چونكە دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان لە ناو پرۆژە یاسای بودجەكەدا جێگای بۆ بكرێتەوە، باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ و بەشداریكردنی كورد لە نووسینەوەی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی كارێكی باشە و دڵخۆشكەرە، بڕیاریشە لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ئەمساڵ ئەو پرۆژە یاسایەی بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆو دانیشتنەكانی لەسەر بكرێت ، ئێمەی نوێنەرانی كوردیش لە هەوڵی ئەوەداین پشكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەو ساڵەدا زامن بكەین. ":
سەبارەت بەبارودۆخی دارایی و ئابووريی عێراق ئارام باڵەتەیی وتی: عێراق جگە لەوەی چەندین گرفت و كێشەی ئاڵۆزو گەورەی سیاسی هەیە "چەندین كێشەی دارایی و ئابووری هەیە، بۆیە زۆر پێویسته پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی بكاتەوە و كار بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان بكات، لەمەشدا رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاسایيكردنەوەی دۆخەكە هەنگاوی گەورەو باشی ناوەو، جۆرێك لە متمانەو لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو حكومەت دروست بووە، ئەوەتا زۆر لەو گرفت و كێشانەی پێشوو هەبووە، یان بە دەستی ئەنقەست دروست كراوە بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەندی و هەرێم بەردەوام لەناو گرفت و كێشەدا بن، ئێستا رووی لە چارەسەركردن كردووە، ئەوەتا هەماهەنگيی ئەمنی و سوپا و وزەو كارەبا و دەروازە سنوورییەكان هەمووی هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ دۆخەكە باشتر دەبێت، هەرێمی كوردستانيش نەرمێتی زۆری نواندووە لە هەموو دۆسێكان، تەنیا كێشە كە دەمێنێتەوە هەندێك لایەنی سیاسییە كە پێشترو ئێستاش نایانەوێت بەغداو هەولێر بگەنە رێككەوتن و دهيانهوێ بەردەوام لەناو كێشەدا بن بۆ بەرژەوەنديی حزبی و شەخسی خۆیان، تەنانەت ئەو لایەنە سیاسییانە نایانەوێت لەسەر دەستی مستەفا كازمی دۆخەكە هێور ببێتەوە و عێراق و حكومەتی ناوەندی سەقامگیری بە خۆوە ببینێت و بارودۆخی هاووڵاتیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان روو لە باشی بكات، تەنانەت ئەو لایەنانە دژی رێككەوتنی دوایی نێوان هەولێر و بەغدا بوون و شەقام لە دژی مستەفا كازمی هان دەدەن. كازمی و هەندێك لایەنی سیاسی و دۆستەكانی عێراقيش پێیان باشە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێكی بەرزدا بێت و وڵاتەكە سەقامگیر بێت و لەناو ئەم كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و ئەمنيیەتە دەربازی بێت. كوردو دەسەڵاتی سیاسيی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە لەگەڵماندا كە جگە لە داواكارییەكانی ناو دەستوور و ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستان داوای شتێكی دیكە نەكەین، حكومەتی عێراق و ئەو لایەنە سیاسییانەی خەمخۆری عێراق و گەلەكەین ئەو راستییە باش دەزانن كە گەلی كوردستان جگە لە داواكاری بۆ پابەندبوون بە دەستوور شتێكی دیكە داوا ناكات، ئێستا ئومێد زۆرە و لێكتێگەیشتنی باش هەیە، ئومێدەوارم لە داهاتوودا هەردوو لا بتوانن تەكامولی ئابووری و پەیوەندیی ستراتیژی و بەهێزی وا دروست بكەن، كە هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی نەتوانێت لەناو ئاوی لێڵدا مەلە بكات و گەلانی عێراق و كوردستانیش لەم مەینەتی و پەتای كۆرۆنا و قەیرانی داراییەدا دەربازیان بێت. "