غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر بۆ گوڵان: بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیاوە نەتوانراوە 65 گوندمان ئاوەدان بكرێنەوە
August 20, 2020
دیمانەی تایبەت
شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچە سنوورییەكان گەیاندووە، مێرگەسۆریش یەكێكە لەو قەزایانەی كە تا ئێستا بە هۆی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیاوە زیانێكی گەورەی بەركەوتووە و، چەندین گوندنشین ناچار بوون ناوچەكانیان چۆڵ بكەن. غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر لە لێدوانێكيدا بۆ گوڵان، باسی مەترسیى ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ و پێكدادانەكان و زیانەكانی خەڵكی ناوچەكەیان دهكات. غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر، سهرهتا باسى ئهوه دهكات كه "شەڕو پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا زیانێكی گەورەی بە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی قەزای مێرگەسۆر گەیاندووە"ئا: شەماڵ نوری
شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا زیانێكی زۆری بە خەڵكی ناوچە سنوورییەكان گەیاندووە، مێرگەسۆریش یەكێكە لەو قەزایانەی كە تا ئێستا بە هۆی شەڕی پەكەكە و سوپای توركیاوە زیانێكی گەورەی بەركەوتووە و، چەندین گوندنشین ناچار بوون ناوچەكانیان چۆڵ بكەن. غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر لە لێدوانێكيدا بۆ گوڵان، باسی مەترسیى ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ و پێكدادانەكان و زیانەكانی خەڵكی ناوچەكەیان دهكات.
غەفوور ئەحمەد قایمقامی مێرگەسۆر، سهرهتا باسى ئهوه دهكات كه "شەڕو پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا زیانێكی گەورەی بە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی قەزای مێرگەسۆر گەیاندووە"، جهختيش لهوه دهكاتهوه كه "بەردەوامبوونی ئەم كێشمەكێش و پێكدادانانە نائارامی و ناسەقامگیری دەخاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بیانوو دەداتە دهست سوپای توركیا بۆ هەڕهشه و هێرشىی زیاتر بۆ سەر ناوچە سنوورییەكان"، ههر لهو بارهيهوه دهڵێت: "پێكدادانەكانی ئەم دواییەى پەكەكە و سوپای توركیا ئەوەندەی دیكە بووە هۆی ماڵوێرانيی خەڵكی ناوچەكە و قوربانيبوونی خەڵكی سڤيلی لێ كەوتەوە و ژینگە و ئاژەڵی كێوی لهناوچوون و، دارستان و رەز و باخ و بێستانی خەڵكی وێران بوون، لەم پێكدادانەدا چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی و شەهید و بریندار بوون، تا ئێستا بەهۆی شەڕی پەكەكە لەگەڵ توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 هاووڵاتی سڤيل لەسەر رەزو باخی خۆیان شەهید بوون. ئەم پێكدادان و شەڕو نائارامییە نەك تەنیا زیانی گیانی و ژینگەیی لێ كەوتۆتەوە بۆ خەڵكی ناوچەكە، بەڵكو باروبژێوی ژیانیشیان تێكچووە و زیانی گەورەیان بەركەوتووە. " گوتيشى: "گرفتی پەكەكە لەوەدایە بووەتە كێشەیەكی ئیقلیمی و تێكەڵ بە بەرژەوەنديی وڵاتانی ناوچەكە بووە و هیچ سوود و دەستكەوتێكی بۆ گەلی كورد نەماوە. ئەوان لە ئێستادا راستەوخۆ هەروەكو چۆن شاروگوندەكانی خۆیان لە شەڕی خەندەق وێران كردو بوونه هۆی كوژران و دەربەدەربوون و تێكچوونی باروبژێوی ژیانی هاووڵاتیانیان، هەرواش دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی باكووری كوردستان تووشی ماڵوێرانی و دەربەدەری بكەنەوە. ئەوەتا پەكەكە بووە هۆی ئەوەی لەزاخۆوە تاوەكو قەندیل توركیا پشتێنەیەكی سەربازی و ئەمنی توند دروست بكات و، ناوچەیەكی موحەرەمە دروست بكات، ئەوان چەندین جار بە ئاشكراو روونی دەڵێن تا پەكەكە لە كوردستان هەبێت، ئێمە لەشكركێشی دەكەین و مافی خۆمانه هێرش بكەینە سەریان، واته ههتا پەكەكە لەوێ بێت، هێرش دەكەن، پەكەكەش رۆژ لەدوای رۆژ بەرامبەر ئەم لەشكركێشییە لاوازتر دەبێت و ئێمەش زیانی گەورەمان بەردەكەوێت و خەڵكی بەش مەینەت و قوربانيی ناوچەكە باجی سەرەكی دەدەن، چونكە لە هەرشوێنێك پەكەكە هەبووبێت، سوپای توركیا پێشڕەوی كردووە . "
سەبارەت بە ژمارەی ئەو گوندانەی كە تەنیا لە ناوچەی مێرگەسۆر چۆڵە و ئاوەدان نەكراونەتەوە قایمقامی مێرگەسۆر وتی: "تا ئێستا 65 گوندی مێرگەسۆر كە بەشی هەرە زۆریان كەوتوونەتە ناوچەی شێروان مەزن و بەشێكیان دەكەوێتە سنووری بارزان، بە هۆی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەردەوام خەڵكەكە لە رێگەی ئێمەوە داوا لە سەرۆكایەتيی حكومەت و سەركردایەتيی كورد دەكەن، مشورێكیان بخۆن و، ئەوانیش وەكو هەموو خەڵكی گوندەكانی دیكەی كوردستان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەوان هەروەكو چۆن لەلایەن رژێمی بەعسەوە ماڵ و خاكەكەیان سووتێنرا و ئاوارە و دەربەدەری ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی حەریر و بەحركە و سۆران و شارەكانی دیكە بوون، لەساڵی 1991 يشەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانی پەكەكە لەگەڵ سوپای توركیا خەڵكی ئەم ناوچانە هەر ئاوارە و ماڵوێران و دەربەدەر بوون، ئەوان وەكو هەموو گوندنشینەكانی دیكەی كوردستان نەیانتوانیوە لە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری رزگاریان بێت و بگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان، بەڵكو ناشتوانن سوود لە رەز و باخ و بێستانەكانیان وەربگرن، چونگه ناوچەكەیان بووەتە ناوچەیەكی قەدەغەكراو(محرم)، بەم شێوەیە 65 گوند لەمێرگەسۆر ئاوەدان نەكراونەتەوە و ناوچەكانی دیكەش هەڕەشەیان لەسەرە و لە 30%ی سەرجەم قەزاكەمان ئاوەدان نییە. ئەگەر پەكەكە ئەو شەڕو ئاژاوەیە لە ناوچەكەمان دووربخاتەوە، خەڵكی دەتوانن بگەڕێنەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان و كاسبی و بژێوی ژیانى خۆيان دابين بكەن، بەتایبەتی لەم كابینەیەدا كە لەكارنامەكەیدا هاتووە گرنگی بە بەرهەمی كشتوكاڵيی ناوخۆ بدات و، مێرگەسۆریش لە بواری كشتوكاڵ و مەڕوماڵات و ئاژەڵداریی و هەنگ و سامانی ماسی و تەواوی بەروبوومە سرووشتیەكانەوە زۆر دەوڵەمەندە. ئەمڕۆ سەرەڕای بوونی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سنووری و دوورە دەستەكان، قەزای مێرگەسۆريش یەكێك بووه لەو قەزایانەی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لە 100% وێران كرابوو، بەهەر 5 ناحیەو 260 گوندیەوە هەمووی وێران كرابوون، لە دوای 1991 ـەوە حكومەت درێخی نەكرد، چونكە پێشتر لەم سنوورەی ئێمە لە مێرگەسۆر تەنانەت ستوون و تاوەرەكانی كارەبا و شەقام و پرۆژەكانی دیكەی ئاو و خزمەتگوزاری رادەوەستان، لە ئێستاشدا بەرنامەو پلان هەیە، بۆ باشكردنی ژێرخانی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و رێگاوبان، هاوكاریی و پاڵپشتی بۆ جێبەجێكردنی سێ پرۆژەی كارەبا تا راددەیەكی باش گرفتی ڤۆڵتیە و نەگەیشتنی وزەی كارەبا بۆ تەواوی ئەم ناوچەیە چارەسەر دەكات، هەروەها پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەمان بۆ 51 گوندی ناوچەكە لەبەردەستدایە و دەروازەیەكی نێودەوڵەتیشمان لەبەردەستدایە كە بكرێتەوە و بۆ ئهوهش لە ساڵى 2013 وه لەنێوان حكومەتی توركیا و هەرێم رەزامەندی هەیە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گرنگە دواخراوە، كردنەوەی ئەم سنوورە لە رووی هاتوچۆ و بازرگانی و گەشتیارییەوە گرنگیيەكی زۆری بۆ باشكردنی باروبژێوی ژیانی خەڵكەكە دەبێت و بهوهش هەلی كار بۆ خەڵكێكی زۆر دابین دەكرێت"
قایمقامی مێرگەسۆر له كۆتايى وتهكانيدا وتى: "بە شێوەیەكی گشتی هەڕەشەی گەورەی بەردەم ئاوەدانی ناوچەكە و باروبژێوی ژیانی خەڵكەكە، شەڕو پێكدادانەكانی نێوان پەكەكەو توركیایە، ئینشائەڵا مەترسيی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی تێپەڕێنین لەم كابینەیەدا كارو پرۆژەی گەورە ئەنجام دەدرێن. "