دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: عێراق داهاتێكی زۆری هەیە گرفتەكە لەوەدایە حكومەت ناتوانێت ئەو داهاتە كۆنتڕۆڵ بكات

دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: عێراق داهاتێكی زۆری هەیە گرفتەكە لەوەدایە حكومەت ناتوانێت ئەو داهاتە كۆنتڕۆڵ بكات
دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان باس لە بارودۆخی خراپی عێراق دەكات و جه‌ختيش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومەت بە هۆی كۆرۆناوە ئیستغلالی بارودۆخە دەكات، سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداش هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هەردوو لا هەنگاوی باشیان بڕیوە، ئەمەو چەند زانیارییەكی دیكەی تایبەت بە بودجەی 2021 و قەرزەكانی عێراق لەم لێدوانەدا دەخاتەڕوو.
ئا: شەماڵ نوری


دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سه‌ره‌تا سەبارەت بە بارودۆخی دارایی عێراق و هەنگاوەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی وتی: "كۆرۆنا و هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیەكانی ئەم پەتایە بارودۆخەكەی بەشێوەیەك لە عێراق تێكداوە، دانیشتنەكانی پەرلەمانیش پەكیان كەوتووە و، چەند پەرلەمانتارێك و ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی پەرلەمان تووش بوون، تەنانەت گیان لەدەستدانیش هەیە، بۆیە نەمانتوانیوە لە ماوەكانی رابردوودا وەكو پەرلەمانی عێراق كۆببینەوە، هەرچەندە بەردەوام بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە هەموو هەفتەیەك كۆبوونەوە دەكەین، بارودۆخی حكومەت و خراپبوونی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراقیش روونه‌و لەبەرچاوە، كە حكومەت تووشی كورتهێنان بووەو، بۆ دابینكردنی مووچە پەنای بۆ قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی بردووە. بەشێوەیەكی گشتی كۆرۆنا و هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیيەكان و لێكەوتەكانی ئەم پەتا جیهانییە وای كردووە، پەرلەمان و حكومەت ئاگایان لێكتر نەبێت و هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان حكومەت و پەرلەمان نییە و هەمووان چاوەڕوانی باشبوونی دۆخی تەندروستی دەكەین، من خۆم چەند پەیوەندییەكم بە وەزارەتی دارایی كردووە، كەچی وەڵام نییە و، ئەوەندە هاوكار نین لەگەڵماندا، بەنیازین بەمنزیكانە بچینەوە بەغداو كۆبوونەوەكانی لێژنەی دارایی و پەرلەمان دەست پێ بكەینەوە و، داوا دەكەین میواندارێتی خودی جەنابی وەزیری دارایی و ستافی وەزارەتەكەی بكەین، تاوەكو بزانین بارودۆخی دارایی حكومەتی عێراق چۆنە و تاچەند توانراوە رووبەڕووی لێكەوتەكانی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی ببنەوە، بەتایبەتی كە كەس ئاگاداریی بودجەی 2020 نەبوو، تەنانەت چەند كاغەز و دیكۆمێنتێكیان نەناردووە، لەسەر داهات و خەرجيیەكانی ئەمساڵی عێراق، داواكارین وەزیری دارایی هەر هیچ نەبێت، بۆ نیوەی ئەمساڵ داهات و خەرجیيەكانمان بۆ بنێرێت، تاوەكو پەرلەمانتاران بزانن حكومەتی عێراق چی خەرج كردووە و، چی داهاتی وەرگرتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە حكومەتی عێراق هەر خەرجی و داهاتێكی دەست دەكەوێت، دەبێت لە چوارچێوەی یاساو بەیاسای بودجە رێك بخرێت و كاری پێ بكرێت، به‌ڵام حكومەتێك یاسای بودجەی نەبێت، ئیتر پەرلەمان چۆن بە ئەركێكی سەرەكی خۆی هەڵسێت كە چاودێری و بەدواداچوونی داهات و خەرجيیەكانی حكومەتە، حكومەتی عێراق تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئێمەی نەداوەتەوە لە سەر بودجەی 2020 و وادیارە ئەو بودجەیە ڕۆيشت و بەپێی زانیارییەكانی من ئێستا حكومەت بەنیازە بودجەی 2021 ئامادە بكات. "
سەبارەت بە بودجەی 2021 ی عێراق و ئەو ئامادەكارییانەی كە وەزارەتی دارایی كاری لەسەر دەكات؛ دكتۆر ئەحمەد سەفار وتی: "دەڵێن وەزارەتی دارایی كار لەسەر ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەكات، پێشتریش وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو كە توانایان نییە مووچە دابین بكەن، ئەگەر قەرز وەرنەگرن، ئێمەش لە پەرلەمان بەناچاری و لە پێناو بەرژەوەنديی فەرمانبەراندا رەزامەندیمان لەسەر وەرگرتنی قەرز دەربڕی، ئەمەش بەو مەرجەی لە ماوەی 60 رۆژدا حكومەت وەرەقەیەكی چاكسازی پێشكەش پەرلەمان بكات و تێیدا چاكسازی لە سەرجەم ماددەو بڕگە و بوارەكانی داهات و خەرجیيەكاندا بكات و خەرجییە ناپێویستەكان هەمووی راوەستێت، بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق بەردەوام نەبێت لە وەرگرتنی قەرز، بەتایبەتی كە بە روون و ئاشكرا بە وەزیری دارایيمان وت، چیتر رەزامەندى لەسەر وەرگرتنی قەرز ناده‌ین، چونكە لەعێراق داهاتێكی زۆر هەیە و گرفتەكە لەوەدایە حكومەت ناتوانێت ئەو داهاتە كۆنتڕۆڵ بكات، ئەمە گرفت و كێشەی سەرەكيی عێراقە، راستە كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت گرفتێكی جیهانییە و عێراقیش دوچاری بووە و زیانی گەورەی بە سەرجەم كەرت و سێكتەرەكانی داوە، بەڵام بە هەقیقەت كێشەی سەرەكيی عێراق گەندەڵی و نەتوانینی حكومەتە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی داهاتەكە، ئێستاكە زیاتر لە 40 رۆژ تێپەڕی كردووەو هیچ وەرەقە و بەرنامە و كارێكی چاكسازی دیار نییە، ئێمە لە ناو لێژنەی دارایی وەرەقەیەكی چاكسازیمان ئامادە كردووە، لە دوای ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی لێژنەكە پێشنیار و بۆچوونی خۆیان پێشكەش كرد و چاوەڕوانین حكومەتی عێراقی فیدڕاڵیش وەرەقەی چاكسازیی خۆی بێنێت و پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەوەی هەموو بۆچوون و پێشنیارەكان كۆبكەینەوە و یەكیان بخەین، به‌ڵام تا ئێستا بارودۆخی دارایی هیچ روون و ئاشكرا نییە، چونكە وەكو باسم كرد، وەزارەتی دارایی عێراق هاوكار نییە و هیچ راپۆرتێكی پێشكەشی ئێمە نەكردووە، تەنانەت وەرگرتنی قەرزەكەشی روون نییە بەپێی ئەو داتاو ژمارانەی لای ئێمەیە پێشترعێراق 25 ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی و 40 تریلیۆن دیناریش قەرزی ناوخۆیی هەبوو، ئەم یاسایەی دوايیشی چووە سەر، بە گوێرەی یاساكەش عێراق 15 ترلیۆن دینار لە بانكەكانی ناوخۆ ‌و 5 ملیار دۆلاریش قەرزی دەرەكی كردووه‌، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران ‌و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی تووشی بووە، ئەوەی دەمێنێتەوە حكومەت چی كردووە و چی نەكردووە، هەمووی لە میدیاكانەوە گوێبستی دەبین، ئێمەش وەكو لێژنەی دارایی ناڕازیبوونی خۆمان دەربڕیوە، بە ڕاستی ئەمە ئیستغلالكردنی ئەو بارودۆخەی كۆرۆنایە، بەتایبەتی كە پەرلەمان كۆبوونەوەكانی راوەستاوە و ئەوانیش هەركەسەو بۆخۆیان كار دەكەن و ئەمە گرفت و كێشەیەكی گەورەیە، هەر بۆیە بەنیازین لەگەڵ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان میواندارێتی و لێپرسینەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی بكەین، تاوەكو بزانین چی خەرج كراوە و ئەو قەرزەی سەر عێراق چەندە. "
سەبارەت بە گفتوگۆ و دانیشتە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق وتی: "شاندی باڵای دانوستاندنی هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانيی عێراقدایە بۆ ئەوەی لەبەغدا كۆببنەوە، ئەوەی من لێی ئاگاداربم هەردوو لا كاری باشیان كردووە رەنگە رێكەوتنێك بۆ ئەم چەند مانگەی داهاتووی ئەمساڵ بكرێت، بەڵام بۆ بودجەی 2021 دەبێت جارێكی دیكە كۆببنەوە و رێكبكەون لەسەر بودجەی 2021 و پشكی هەرێمی كوردستان، چارەسەرەكان نزیك بوونەتەوە و تەنیا بڕیاری كۆتایی ماوە، بڕیارە هەرێمی كوردستان بڕە نەوتێك رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات و، ئیدارەی هاوبەشی دەروازە سنوورییەكان بكرێت، ئەمەش هەمووی لەبەرامبەر ئەوەی بەغدا ژمارەیەك بنێرێت، ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە هەر رێككەوتنێك لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بكرێت، دەبێت دوای ئەمە رێككەوتنێكی سیاسیش بكرێت لە نێوان سەركردایەتيی سیاسيی كوردستان و سەرۆكی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر سەرۆكی فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكانیان لەناو پەرلەمان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە لەناو پەرلەمان تێپەڕێندرێت. "
Top