دکتۆر شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا بۆ گوڵان: نەک تەنیا لە ئاگاداربوون و خۆپارێزی لە کۆرۆنا خراپین، بەڵکو گرووپی مافیا ھەیە و بازرگانیکردنیش بە کۆ

دکتۆر شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا بۆ گوڵان: نەک تەنیا لە ئاگاداربوون و خۆپارێزی لە کۆرۆنا خراپین، بەڵکو گرووپی مافیا ھەیە و بازرگانیکردنیش بە کۆ
وەزارتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تادێت ژمارەی نەخۆشەکانی کۆرۆنا و قوربانییەکانی روو لە ھەڵکشان دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٥٦٩ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و، زیاتر لە ١٣ کەسیش بەھۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون. بۆ قسەکردن لەسەر دۆخەکە و ئەو بارگرانییەی کە لەسەر شانی تیمەکانی پزیشکی و کادیرەکانی کەرتی تەندروستی دروست بووە، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ دکتۆر شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا ساز کرد و، بەمجۆرە باسی ئەو پرسە ھەستیارەی بۆگوڵان کرد.
دکتۆر شاخەوان خەیلانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، لە دەستپێکی وتەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بارودۆخی تەندروستی و کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات و، تادێت ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و قوربانییەکانی روو لە ھەڵکشان دەکات، ئەمەش لەم دۆخە سەختەی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە بارگرانییەکی زۆری خستۆتە سەر کەرتی تەندروستی و پزیشک و تیمەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بە ڕاددەیەک ژمارەی تووشبووانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیش زیادی کردووە." ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "من رەشنبین نیم بەڵام ئەمە واقیعێکە و رۆژانە لەبەر چاومانە کە دەبیننین خەڵکی پابەندی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لە یەکتر و کەمکردنەوەی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان نابن، لەو لاشەوە خۆی لەخۆیدا ڤایرۆسەکە مەترسیدارە و توانای بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی زۆرە، ئەوەتا گەورە وڵاتانی پێشکەوتوو لە توانایاندا نییە، سنوورێک بۆ ژمارەی تووشبووان و قوربانیەکانیان دابنێن، رۆژانەش بە ھەزاران کەس لە سەرانسەری دنیادا دەبنە قوربانیی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی زیانی گەورەی بە ئابووری گەیاندووە و، ھەرواش زیانی زۆر گەورەی بە نەخۆشخانە و کەرتی تەندروستی گەیاندووە. "


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، ھێمای بۆ ئەوەش کرد کە "ھەرێمی کوردستان لە رووی مرۆیی و داراییەوە تواناکان سنووردارە و ئەم بارودۆخەش بڕیاری قورس و بوێری دەوێت. ھاوکات وتی: "نابێت لەم دۆخەدا گوێ بە مزایەدە و قسەی ئەم لاو ئەولا بدەین، دەبێت گیانی خەڵکەکە و مەترسیی ھەڵکشانی نەخۆشییەکە لە ریزبەندی پێشەوەی کارەکانمان بێت. من وەکو بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی کە لە ناو نەخۆشخانەی ئیماراتیدام، باش دەزانم کە چ مەترسییەک لەبەردەمماندایە، ئەگەر بێت و سنوورێک بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا دانەنێین، زۆریشم پێ ناخۆشە ئەو قسەیە دەکەم، بەڵام رۆژێک دێت خەڵکی لەسەر شەقامەکان دەمرن و، کۆکردنەوەیان زەحمەت دەبێت و، حاڵەتێکی خراپی دەروونی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە. " وتیشی: "ئەوانەی تا ئەمڕۆ ھانی خەڵک دەدەن، بۆ خۆنەپاراستن و گومان لەسەر مەترسیی رەوشەکە دادەنێن، نەک تەنیا تاوانێکی گەورە دەر ھەق بە ھاونیشتمانیان ئەنجام دەدەن، بەڵکو گوناحێکی گەورەی ئەخلاقی دژی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجام دەدەن و، پێویستە داواکاریی گشتی لێپرسینەوەی جددییان لەگەڵدا بکات. من لە ھەموو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا وتوومە: لەگەڵ ھەڵکشانی زیاتری نەخۆشییەکە و زۆربوونی تووشبووان و قوربانییەکان ھیچ مەجالێکی دیکە نییە و دەبێت قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە ھەولێر رابگەیەندرێت و دامودەزگاکانی حکومەت دابخرێن، تاوەکو بتوانین ئەم ژمارەیە کەم بکەینەوە، بەپێچەوانەوە لە توانای مرۆیی و تەندروستیی ھەولێردا نییە رووبەڕووی ئەم شەپۆلە گەورەیەی کۆرۆنا ببینەوە، چونکە لە ئێستادا سەدان نەخۆشمان ھەیە کە پێویستیان بە ئامێری ھەناسەدانی دەستکردە و ناتوانین لە بەر زۆریی نەخۆش ئەو پێداویستییە گرنگە دابین بکەین. "


دکتۆر شاخەوان خەیلانی، سەبارەت بە بازرگانیکردن بە کۆرۆنا لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتەکان و ژمارەیەک نۆرینگە و پزیشکەوە وتی : "ئەرکێکی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆڤایەتییە ھەمووان ھەر یەکەو بەپێی پیشەو کاری خۆی ھاوکارمان بێت. مامۆستای ئایینی و رۆشنبیر و ھونەرمەند بە بڵاوکردنەوەی ھوشیاری و پزیشک و نۆرینگە و نەخۆشخانەی تایبەت و دەرمانخانە بە ئیستغلالنەکردنی دۆخەکە و ھاوکاریکردنی ھاووڵاتیان، حزبە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارەکان بە پاڵپشتیی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و پابەندبوون بە خۆپارێزی و ئەگەر بەم شێوەیە ھەرکەس و لایەنێک پارێزگاری لە ھاونیشتمانییەکانی نەکات، ئەوە خۆفرۆش و دوژمنی ئەم خەڵکە ھەژارەیە و وەکو کۆرۆنا بەشدارە لە مردنی ئازیزانمان... چونکە رۆژانە خەڵکانێکی زۆر لەبەرچاومان دەمرێت و ھیچمان بۆ ناکرێت. لەھەموو دنیای دەرەوە ووڵاتانی دیکەش ھەروایە و بگرە ژمارەی قوربانییبەکان زیاتریشە، تەنیا رێگاش خۆپارێزی و ھەستکردن بە ئازار و مەینەتییەکانی یەکترە، من زۆرم پێ سەیرە پێنچ شەممە و ھەینی خەڵکی دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بۆ گەشتوگوزار دەڕۆن و ئاھەنگ و بۆنەکان و پرسەکان لە ماڵەکاندا دادەنێن. سەیرە مەراسیم و بۆنەکان ئەنجام دەدرێت، لەپشت ئەم ناحاڵیبوون و ناھوشیارییەوە کەناڵی ھەندێک لە راگەیاندنەکان و کەسانێک ھەن کە خۆیان بە خەمخۆری میللەت دەزانن، کەچی ھەنگاوەکانیان دژی تەندروستیی میللەتەکەیە. ئەوانەی تا دوێنێ بوو گومانیان لە سەر کۆرۆنا ھەبوو، با بێن یەک رۆژ لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا خزمەت بکەن، ئەو کات دەزانن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەو بێ مووچەییەدا لە چ بارودۆخێکدان. بڕوا بکەن ئەو ژمارەیەی نەخۆش کە رادەگەیەنرێت، دە ئەوەندەی دیکە چاوەڕێی دەرچوونی فەحسن، یان لە ماڵەکاندا چارەسەر دەکرێن و، نەھاتوونەتە نەخۆشخانە، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە کەسانێک دەھێنرێنە نەخۆشخانە، لەدوا ساتەکانی ژیانیاندایە و ڤایرۆسەکە زۆر ماندووی کردووە و چارەسەری زەحمەتە. "


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، ئەوەشی دووپات کردەوە کە "ئێمە نەک تەنیا لە ئاگاداربوون و خۆپارێزی لە کۆرۆنا خراپین، بەڵکو گرووپی مافیا ھەیە و بازرگانیکردنیش بە کۆرۆنا دەستی پێ کردووە." وتیشی: "ناکرێت بە ناوی چارەسەرەوە لە نەخۆشخانەی ئەھلی و نۆرینگە و دەرمانخانەکان خەڵکی بڕوتێننەوە و بارزگانی بەم بەڵایەوە بکرێت. خەڵکی پشتی ئێشێ، یان پەتایەکی وەرزی ھەیە، لە نۆرینگە و نەخۆشخانە ئەھلییەکان پشکنینی کۆرۆنای بە پارەیەکی زۆر بۆ دەکەن و، پارەیەکی زۆری لێ دەدزن، دۆخەکە ئەوە دەخوازێت، چیتر لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە یاسا و رێنماییە ئاساییەکان ھەڵسوکەوت نەکەین، بەڵکو راستەوخۆ تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوون لەسەر ئاستی بەرزی ئەنجومەنی وەزیران و دەزگاکانی نەزاھە و چاودێری و دادوەری بێنە سەرھێڵ و ئەو خەڵکە لە دەستی چەتەکانی مافیا و موزایەدەچییەکان رزگار بکەن. واتا بڕیارو رێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی و چارەسەر لە ژێر یاسا و رێنمایی تایبەتی حاڵەتی لەناکاودا بێت، باشە لە ھەموو دنیادا نە ڤاکسین و نە دەرمان بۆ چارەسەری کۆرۆنا نییە، ئیتر بۆچی ئەو ھەموو پارەیە لە خەڵکی وەردەگیرێت، ئەوەی لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان و نۆرینگە و تاقیگەکانی کوردستان روو دەدات، لە بەنگلادیش ناکرێت، رۆژانە فێڵ لە خەڵکی دەکرێت و بە بێ ھیچ بنەمایەک پارەیان لێ وەردەگرن. بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە سەرۆکی حکومەت بێتە سەر ھێڵ و چیتر رێگا نەدات بە ناوی چارەسەری کۆرۆنا بازرگانی بە مرۆڤەوە بکرێت. "
Top