د. ڤیان محه‌مه‌د جاف بەڕێوەبەری گشتي لە وەزارەتی تەندروستی بۆ گوڵان: تەنیا چارەسەری كۆرۆنا خۆپارێزییە، چونكە لە هەموو جیهاندا سیستمی تەندروستی سنووردارە و توانای وەرگرتنی ئەو هەموو نەخۆشەی ن

د. ڤیان محه‌مه‌د جاف بەڕێوەبەری گشتي لە وەزارەتی تەندروستی  بۆ گوڵان: تەنیا چارەسەری كۆرۆنا خۆپارێزییە، چونكە لە هەموو جیهاندا سیستمی تەندروستی سنووردارە و توانای وەرگرتنی ئەو هەموو نەخۆشەی ن
لە ئێستادا تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و ئەو بارە ئابوورییە سەختەی کە روبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بڕستی لە جیهان بڕیوە، سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو بودجەو بڕە پارەیەی بۆ روبەڕوو بوونەوەی پەتاکە دابینی کردووەو، قەبارەی پەتاكەو وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆشانی كۆرۆنا و كەرەنتینە و كارەكانی پشكنین و تاقیگە و دابینكردنی پێداویستییەكان و نەبوونی ڤاكسینێك بۆ رێگرتن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەکە، کە ئایا تاچەند لە توانای سیستەمی تەندروستدایە دەرەقەتی ئەو بارە نەخوازراوە بێت، ئایا ئەم واقیعە تا چەند زیانی بە كەرتەکانی تەندروستی و ئابووری وڵات گەیاندووە، بۆ دووبارە كەمكردنەوەی ژمارەی نەخۆشەكان دەبێت چ رێگایەک بگیرێتەبەر؟، یان وەزارەتی تەندروستی و پزیشك و كادیرەكانی تەندروستی چییان کرد
ئا: شەماڵ نوری
ووە بۆئەوەی لەم بارودۆخە سەختەی نەخۆشییەكە و قەیرانی داراییدا رێگری لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە لە شارەكانی كوردستان بکرێت و، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنادا، دەبێت چی بکرێت؟.
لای خۆیەوە دكتۆرە ڤیان جاف بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: "تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە لە شارەكانی كوردستان، بە تایبەتی لەم دواییەدا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك بارگرانییەكی زۆری خستۆتە سەر كەرتی تەندروستی، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بودجە و بڕەپارەی پێویستی بۆ ئەم كەرتە دابین كردووە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە قەبارەی گەورەی پەتاكە و تێچوونی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆشانی كۆرۆنا و كەرەنتینە و كارەكانی پشكنینی و تاقیگە و دابینكردنی پێداویستییەكان و نەبوونی ڤاكسینێك بۆ رێگریکردن لە تەشەنەكردنی، هەموو ئەوانە وایكردووە کە سیستەمی تەندروستی فشارێکی زۆرە لەسەر بێت، ئەم واقیعە نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە وڵاتە زۆر پێشكەوتووەكانی دنیاش كە سیستەمی تەندروستی و دۆخی ئابوورییان زۆر لەپێش ئێمەوەیە، ئەوانیش لە توانایاندا نەماوەو، درێژخایەنیی نەخۆشییەكە زیانی گەورەی بە هەردوو كەرتی تەندروستی و ئابووریی وڵاتەكانیان گەیاندووە، ئێستا بۆ دووبارە كەمكردنەوەی ژمارەی نەخۆشەكان تەنیا رێگاچارە خۆپارێزی و پابەندبوونە بە رێنماییەكانی تەندروستی و كەمكردنەوەی بەركەوتە و بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی، وەزارەتی تەندروستی و پزیشك و كادیرەكانی تەندروستی لەم بارودۆخە سەختەی نەخۆشییەكەدا، هەرچی لە توایاندایە ئەنجامیان داوە، ئێمە لەخزمەتی هاوڵاتیانی خۆمانداین، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە کە هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن موزایەدە بە دۆخەكەوە دەكەن و، گەمە بەهەست و سۆزی خەڵكی دەكەن و واقیعەكە وەكو خۆی ناگوازنەوە، كە چ مەترسییەك لەسەر گیانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی هەیە، بۆیە هەوڵمانداوە ئەو كارمەندە تەندروستییانەی كە لە بەرەی پێشەوەی روبەرووبوونەوەی كۆرۆنادان و تەواوی تیمە تەندروستییەكان، لەكاتی خۆیاندا موچە وەربگرن و بەپێی توانای حكومەت هاندانیان هەبێت، چونكە لەلایەك ژمارەی نەخۆش زۆرەو لەلایەكی دیكە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە،هەروەها كاركردنیش 24 كاتژمێرییە"
سەبارەت بەوەی کە ئایا تاچەند مەترسی لەسەر ژیانی کارمەندانی تەندروستی و ئەو تیمانە هەیە کە بەرکەوتەی راستەو خۆیان لەگەڵ نەخۆشەکانداهەیە، دکتۆرە ڤیان دەڵێت: " رۆژانە چەندین پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی كۆرۆنا دەبن، من پێم وایە ئەگەر هاوڵاتیانی كوردستان بەردەوامبن لەسەر خۆپارێزی و بەستنی ماسك و دووركەوتنەوە لە قەڵەباڵغی، ئەوا ژمارەی نەخۆشەكان روو لە دابەزین دەكاتەوە، هەرچەندە ئەو دەڤەرو ناوچانەی كە پێشتر ژمارەی تووشبووان و قوربانییەكانیان كەم بوو ئێستا لەوێش روو لەزیاد بوونە، بەڵام بە جێبەجێكردنی رێنماییەكی توندی خۆپارێزی، رێگا لەو تەشەنەكردنە دەگیرێت، ڤایرۆسەكە كە تووشی نەخۆش دەبێت كاریگەریی لەسەر تەواویی جەستەی دەبێت و مەترسی دەخاتە سەر ژیانی، ژمارەیەكی زۆریش بوونەتە قوربانی، زۆر جار ئەو دەرمانانەی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسەكە بە نەخۆش دەدرێت، وا دەكات نەخۆشەكە تووشی هەوكردن بێت، هەرچەندە ئەو دەرمانانەی كە نەخۆش وەریدەگرێت دژە بەكتریاو دابەزینی پلەی گەرمی و ئازارەو بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانە کە لەگەڵ تووشبوون بە كۆرۆنا دروست دەبێت، كارێكی باشە، بەڵام چارەسەری كۆرۆنا نییە، هەربۆیە پرۆسەی خۆپارێزی دەبێ بەردەوام بێت، تا ئەو كاتەی ڤاكسینێك دەدۆزرێتەوەو دەگاتە ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان".
لەتەوەرێكی دیکەی قسەكانیدا سەبارەت بە مەترسییەكی دیكەی كۆرۆنا کە لێكەوتەكانێتی لەسەر ژیانی نەخۆشەكانی دیكە، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی پێی وابوو کە بارگرانی لەسەر سیستەمی تەندروستی وایكردووە ریزبەندی بۆ كارەكانی كەرتی تەندروستی دابندرێت، لەو بارەیەشەوە گوتی: "ئەم حاڵەتە تەنیا لەو نەخۆشخانانەدا نییە كە ئێستا نەخۆشی كۆرۆنا وەردەگرن و ناتوانن نەخۆشی دیكە وەربگرن، بەڵكو لە تەواوی كەرتی تەندروستیدا رەنگی داوەتەوە، بۆیە دەبێت خەڵكەکە زۆر رەچاوی باروتەندروستی خۆی بکات، چونكە ئەوەی حاڵەتی (ساردە) كەمتر كاری لەسەر دەكرێت، بۆ نموونە: ئەو كەسانێک پێویستیان بەنەشتەرگەری هەیە، بەڵام دەتواندرێت بۆ شەش مانگ ئەو نەشتەرگەرییە دوا بخرێت، ئەوکات ناچاردەبین لەبەر حاڵەتە ناجێگیرەكانی كۆرۆنا ئەو نەشتەرگەرییانە دوا بخەین، بەڵام ئەوەی زۆر مەترسی لەسەر ژیانی هەیە ئەو کەسانەن کە نەخۆشیی درێژخایەن هەیە و تەمەنیان گەورەیە، ئئمە بەپێی توانای بەردەست لە هەوڵی بەردەوامی چارەسەری ئەو نەخۆشخانانەداین، لەئێستادا خۆمان بۆ ئەگەری شەپۆلێكی دیكە ئامادە دەكەین، كە لەپایزی ئەمساڵدایە، چونكە هەموو نەخۆشییەكانی ئەنفلۆنزا لە ساڵێكدا نزیكەی دووجار تاكو سێ جار سەرهەڵدەنەوە، كە مەترسیی ئەوە هەیە بەهێزتر بێت، لەم مانگەشدا لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەشێکی خەڵك راستەوخۆ خۆیان دەخەنە بەرهەوای فێنككەرەوەی زۆر سارد، كە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەنفلۆنزاو هەوكردن و نەخۆشكەوتن، هاوڵاتیان لەم وەرزەدا لەنێوان پلەیەكی گەرمیی زۆرو پلەیەكی گەرمی سارددا نەخۆش دەكەون، بۆ نموونە کەسێک پێش ئەوەی عارەقەی نەمێنێت، دەچێت خۆی دەخاتە بەر ئامێرێكی فێنككەرەوەی زۆر سارد، بەمەش نەخۆش دەكەوێت، یان لە ناو ئۆتۆمبێلەكاندا هەوایەکی زۆر ساردی تەبرید راستەوخۆ لە خۆیان دەدەن و ئەوەش گرفتی تەندروتی دروست دەکات، چونكە هەموو نەخۆشییەك كە مرۆڤ دووچاری دەبێت، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرگریی لەش، بەمەش مەترسی بۆ بۆ ئەو کەسا نە زیاتر دەبێت کە تووشی نەخۆشیی كۆرۆنا بوون" .
Top