د. ڤیان محەمەد جاف بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ گوڵان: تەنیا چارەسەری کۆرۆنا خۆپارێزیی یە ؛ چونکە لەھەموو جیھان سیستەمی تەندروستی سنووردارەو توانای وەرگرتنی ئەو ھەموو نەخۆشەی نی

د. ڤیان محەمەد جاف بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی  بۆ گوڵان: تەنیا چارەسەری کۆرۆنا خۆپارێزیی یە ؛  چونکە لەھەموو جیھان سیستەمی تەندروستی سنووردارەو توانای وەرگرتنی ئەو ھەموو نەخۆشەی نی
لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دکتۆر ڤیان محمد جاف بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بە دۆخی کەرتی تەندروستی و مەترسی یەکانی تەشەنەکردنی ئەم دواییەی ڤایرۆسەکە لەشارەکانی کوردستان کردوو باس لەئەگەری سەرھەڵدانی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا دەکات لەوەرزی پایزدا.
ئا: شەماڵ نوری
دکتۆر ڤیان جاف بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ گوڵان بێی وابوو لەگەڵ تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لەشارەکانی کوردستان بەتایبەتی لەم دواییەدا لەھەولێر و دھۆک بارگرانیەکی زۆری خستۆتە سەر کەرتی تەندروستی بەخۆشحاڵیەوە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەبەردەوام بودجەو بڕە پارەی پێویست بۆ ئەم کەرتە دابین کردووە، بەڵام قەبارەی گەورەیی پەتاکە و زۆری تێچوونی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆشی کۆرۆنا و کەرەنتینە و کارەکانی پشکنینی و تاقیگەیی و دابینکردنی پێداویستیەکانی نەخۆشەکان و نەبوونی ڤاکسینێک بۆ رێگرتن لەتەشەنەکردنی ئەمانە ھەمووی وایکردووە لە توانای سیستەمی تەندروستی دا نەبێت، ئەم واقیعە نەک تەنیا لەھەرێمی کوردستان بەڵکو لەوڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانی دنیا کە سیستەمی تەندروستی و دۆخی ئابوورییان زۆر لەپێش ئێمەوەیە ئەوانیش لەتوانایاندا نەماوەو درێژخایەنی نەخۆشی یەکە زیانی گەورەی بەھەردوو کەرتی تەندروستی و ئابووری وڵاتەکانیانی داوە ، ئێستا بۆ دووبارە کەمکردنەوەی ژمارەی نەخۆشەکان تەنیا رێگا چارەسەر خۆپارێزی و پابەندبوونە بە رێنماییەکانی تەندروستی و کەمکردنەوەی بەرکەوتەو بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوە لەقەڵەباڵغی ، وەزارەتی تەندروستی و پزیشک و کادیرەکانی تەندروستی ھەرچی لەتوایاندا ھەیە ئەنجامیانداوە لەم بارودۆخە سەختەی نەخۆشی یەکە و قەیرانی دارایی ، ئێمە لەخزمەتی ھاوڵاتیانی خۆمانداین بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ھەندێک لەدەزگاکانی راگەیاندن موزایەدە بەدۆخەکەوە دەکەن و گەمە بەھەست و سۆزی خەڵکی دەکەن و واقیعەکە وەکو خۆی ناگوازنەوە کە چی قورس و مەترسیەک لەسەر گیانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی یە ، بۆیە ھەوڵمانداوە ئەو کارمەندە تەندروستیانەی کە لەبەرەی پێشەوە رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنان و تەواویی تیمە تەندروستی یەکان لەکاتی خۆیاندا موچە وەربگرن و بەپێی توانای حکومەت ھاندانیان ھەبێت ، چونکە لەلایەک ژمارەی نەخۆش زۆرەو لەلایەکی دیکە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە و ھەروەھا کارکردن ٢٤ کاتژمێرییە ، رۆژانە چەندین پزیشک و کارمەندی تەندروستی تووشی کۆرۆنا دەبن.. من پێم وایە ئەگەر ھاوڵاتیانی کوردستان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزی و بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوە لەقەڵەباڵغی ئەوا ژمارەی نەخۆشەکان روو لەدابەزین دەکاتەوە، ھەرچەندە ئەو دەڤەرو ناوچانەی کە پێشتر ژمارەی تووشبووان و قوربانیەکانیان کەم بوو ئێستا لەوێش روو لەزیاد بوون دەکات بەڵام بەجێبەجێکردنی رێنماییەکی توندی خۆپارێزی رێگا لەو تەشەنەکردنە دەگیرێت، مەترسی ڤایرۆسەکە کە تووشی نەخۆش دەبێت کاریگەریی لەسەر تەواویی جەستەی دەبێت و مەترسی دەخاتە سەر ژیانی و ژمارەیەکی زۆریش بوونەتە قوربانی ، چونکە ئەو دەرمانانەی بەنەخۆش دەدرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکەیە کە وا دەکات نەخۆشەکە تووشی ھەوکردن بێت ، بۆیە ئەو دەرمانانەی کە وەریدەگرێت دژە بەکتریاو دابەزینی پلەی گەرمی و ئازارو کەمکردنەوەی نیشانەکانی کە لەگەڵ کۆرۆنا دروست دەبێت کارێکی باشە بەڵام چارەسەری کۆرۆنا نییە ، ھەربۆیە پرۆسەی خۆپارێزی دەبێت بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی ڤاکسینێک دەدۆزرێتەوەو دەگاتە ئەو ژمارە زۆرەی ھاوڵاتیان.
لەتەوەرێکی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی تەندروستی سەبارەت بەمەترسیەکی دیکەی کۆرۆنا لێکەوتەکانێتی لەسەر ژیانی نەخۆشەکانی دیکە و پێی وابوو : بارگرانی لەسەر سیستەمی تەندروستی وایکردووە ریزبەندی بۆ کارەکانی کەرتی تەندروستی دابنرێت، ئەم حاڵەتە تەنیا لەو نەخۆشخانانەدا نییە کە ئێستا کۆرۆنا وەردەگرێت و ناتوانرێت نەخۆشی دیکە وەربگیرێت بەڵکو لە تەواویی کەرتی تەندروستی رەنگی داوەتەوە بۆیە دەبێت خەڵکی زۆر رەچاوی باروتەندروستی خۆی بێت ، چونکە ئەوەی حاڵەتی ( ساردە) کەمتر کاری لەسەر دەکرێت بۆ نموونە ئەو کەسانەی پێویستیان بەنەشتەرگەرییە بەڵام دەتوانرێت بۆ ٦ مانگێ ئەو نەشتەرگەرییە دوا بخەین ئەوە ناچارین لەبەر حاڵەتە ناجێگیرەکانی کۆرۆنا ئەو نەشتەرگەرییانە دوا بخەین ئەوەی زۆر مەترسی یە نەخۆشە درێژخایەنەکانە کە تەمەنیان گەورەیە بەتایبەتی ئەوەی مەترسی بۆ سەر ژیان ھەیە و بەپێی توانای بەردەست لەھەوڵی بەردەوامبوونی ئەو نەخۆشخانانەداین ، لەئێستادا خۆمان بۆ ئەگەری شەپۆلێکی دیکە ئامادە دەکەین کە لەپایزی ئەمساڵدایە چونکە ھەموو نەخۆشیەکانی ئەنفلۆنزا لەساڵێکدا نزیکەی دووجار تاکو سێ جار سەرھەڵدەداتەوە کە مەترسی ئەوە ھەیە بەھێزتر بێت ، لەم مانگەشدا لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو خەڵکی راستەوخۆ خۆیان دەخەنە بەرھەوای فێنککەرەوەی زۆر سارد کە دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئەنفلۆنزاو ھەوکردن و نەخۆش دەکەون ، چونکە ھاوڵاتیان لەم وەرزەدا لەنێوان پلەیەکی گەرمی زۆرو پلەیەکی گەرمی سارد نەخۆش دەکەون بۆ نموونە پێش ئەوەی عارەقەی نەمێنێت دەچێت خۆی دەخاتە بەر ئامێرێکی فێنککەرەوەی زۆر سارد بەمەش نەخۆش دەکەون یاخود لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا تەبریدێکی زۆر سار راستەوخۆ لەخۆیان دەدەن ، چونکە ھەموو نەخۆشی یەک کە مرۆڤ دووچاری دەبێت دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی بەرگریی لەشی و مەترسی بۆ تووشبوونی بەکۆرۆنا زیاتر دەبێت .
Top