د. خالیدە خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: یاسای نوێی ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەوەی پێشوو باشتر نابێت و سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە ناھێنێت

د. خالیدە خەلیل ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: یاسای نوێی ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەوەی پێشوو باشتر نابێت  و سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە ناھێنێت
ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ٦ی حوزەیرانی داھاتوو لەعێراقدا لە ئێستاوە قسەو باسێکی زۆر ھەڵدەگرێت؛ لەم گفتوگۆیەی گوڵان کە ئلەگەڵ پەرلەمانتار دکتۆر خالیدە خەلیل سازدرا، بەڕێزیان پێی وایە یاسای نوێی ھەڵبژاردن کەموکورتی زۆری تێدایە و لەژێر فشاری شەقام و خواستی خەڵکی بۆ خزمەتگوزارییەکان و ویستی حزبە گەورەکانی شیعە پەلەی تێدا کراوە.. لێرەدا پوختەی قسەکانی دەخەینەڕوو.
ئا: شەماڵ نوری
دکتۆر خالیدە خەلیل پەرلەمانتاری عێراق : ھەموومان ئەو راستی یە دەزانین کە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر فشاری شەقام و خۆپیشاندەران و ویستی خەڵکی بۆ خزمەتگوزارییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بەمەبەستی گەڕانەوەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و دابینکردنی پێداویستیەکانی خەڵکی یە، تەنانەت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەرنامەی کابینە وەزارییەکەی سەرۆک وەزیراندایە، ھەڵبژادن مافێکی دەستووری و یاسایی ھاوڵاتیانە بەڵام پێویستی بەرێکاری دەستووری و یاسایی و خۆئامادەکردن و دابینکردنی زەمینەیەکی لەبار ھەیە بەتایبەتی لەم بارودۆخە سەختەی کۆرۆناو قەیرانی دارایی و بوونی کەموکورتیەکی زۆر لە نزامی ھەڵبژاردن و یاساکەو چەندین بواری دیکەی تایبەت بە لیستی دەنگدەران و ناواقیعی نزامی فرە بازنە لە وڵاتێکی فرە نەتەوەیی و ئاینی و پێکھاتەو کەمینە و ململانێیەکی سەختی حزبی و مەزھەبی بۆیە لێرەدا دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە نزامی فرە بازنە چی گۆڕانکارییەک لەگەڵ خۆیدا بۆ عێراقییەکان دەھێنێت؟ لەکاتێکدا خودی یاسای ھەڵبژاردن کە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێنراو خێرایی و پەلەیی پێوە دیار بووەو پێویستی بەھەموار کردنەوە ھەیە و چەندین لایەنی کەموکورتی و بڕگەی لاوازی تێدایە، ئەم یاسایە کە عێراق بەسەر چەند بازنەیەکی ھەڵبژادرندا دابەش دەکات ناروونی و گرفتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، چونکە عێراق وڵاتی پێکھاتەو کەمینەکان و ئاینە جیاوازەکانە، ئەمە وێڕای ئەوەی ھەموارکردنەوەی یاساکە دەبێت بە تەوفوق لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکاندا بێت، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە دژی ھەڵبژاردن بین، بەڵکو تەوافوقی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئاسانە بەڵام خۆ دەبێت ھەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی ببێتەوە یاخود لایەنی کەموکورتی تایبەت بە فرە بازنە چارەسەر بکرێت بۆ نموونە ھەندێک ناوچە ھەیە ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمەو ھەندێکی دیکە ھەیە زۆرە تەنانەت ئێمە تا ئێستا خاوەنی سەرژمێرییەکی گشتی راستەقینە نین و ئاستی گەشەی دیموکراتی لەعێراق بەھاوشێوەی وڵاتێکی وەکو بەریتانیا نییە کە نزامی فرە بازنەییی تێدا جێبەجێ دەکرێت . بەشێوەیەکی گشتی من پێم وایە یاسای نوێی ھەڵبژاردن دەرئەنجامەکانی لەوەی پێشوو باشتر نابێت و سەقامگیریی بۆ وڵاتەکە ناھێنێت، چونکە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەینە دەوڵەتی دامەزراوەیی ھاوڵاتیبوون و دیموکراتیەکی پێشکەوتوو تا بە نزامی تاکەکەسی و فرە بازنەیی ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین، ھەربۆیە مەرج نییە ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەیە سەقامگیریی بۆ عێراق بھێنێت. من لەخواست و ویستەکانی شەقام و ھاوڵاتیانی عێراقی گەیشتووم کە وڵاتێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران و دادپەروەریان دەوێت و بەدەوڵەتی دامەزراوەیی و ھاوڵاتیبوون خواست و ویستی ھەموومانە و لە ١٧ ساڵی حوکمڕانی پێشوو ئەو ھەموو ھەڵە و نەھامەتییە بێزار بوون و گۆڕانکارییان دەوێت ، لەناو ئەم ھەموو کەموکورتی و ناسەقامگیریی و دەستێوەردان و ململانێ سیاسی و حزبیانەدا دەبێت واقیعبین بین و ھەنگاوەکان بەووریایی و ھەستیارییەوە بنێین و قۆناغ بەقۆناغ بۆ پێشەوە بچین، چونکە رەنگە لەداھاتوودا لەدوای ئەم ھەڵبژاردنە عێراق بچێتە قۆناغی ناسەقامگیر و پەرلەمانێکی ناشارەزاو دوور لە پسپۆرایەتی یەوە ، من بەردەوام لەگەڵ لیستی داخراودا بووم بۆ ئەوەی حزبەکان بتوانن کەسانی شارەزاو بەتوانا بنێرنە ناو پەرلەمان و زۆرترین یاسا و ئەدایان ھەبێت ، گرفتەکە لێرەدا لەوەدایە لەعێراق حزبە گەورەکانی شیعە و ھۆزەکان زۆر بەئاسانی دەتوانن نوێنەری خۆیان بخزێننە ناو پەرلەمانەوە بەپێچەوانەشەوە کەسانی شارەزاو ناسراو لەناو نزامی فرە بازنەدا دەرنەچێت ، لەکاتێکدا وڵات پێویستی بەکەسانی نوێ و شارەزا ھەیە تەنانەت لەم نزامەی ئێستای ھەڵبژاردندا زۆر زەحمەتە ئەم ھەموو کەسانە لەسەر حکومەتێک رێک بکەون بەمەش ئەگەرێکی زۆر ھەیە لەدوای ھەڵبژادنەکە وڵات بکەوێتە ناو پۆشاییەکی حوکمڕانی و ئیداریی یەوە ، من وەکو نوێنەری پێکھاتەیەکی گرنگ ئەو راستی یە دەزانم کە پێکھاتەکان و کەمینەکان مافیان دەخورێت ، بۆ نموونە ناوچەیەکە پێکھاتەی شیعەی تێدا زۆرە لەکاتێکدا پێکھاتەکانی دیکەشی لێ یە کەچی زۆرینە بۆ پێکھاتەی شیعە دەچێت و پێکھاتەکانی دیکە فەرامۆش دەکرێت و ئەمەش ناسەقامگیریی لێدەکەوێتەوە . لەلایەکی دیکەوە تا ئێستا کێشەی ئیداریی لەسەر زیاتر لە ٨٠ قەزاو ناحیە ھەیە کە دەبێت یەکلا بکرێنەوە ئەمە جگە لەوەی کێشەی ئاماری دانیشتوانیشمان ھەیە و ناکرێت پشت بە داتاو ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان ببەستین بۆ نموونە ئەگەر پشت بەداتاکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ببەستین کە بۆ نموونە ژمارەی دانیشتوان ٤٠ ملیۆن کەسە کە بەپێی دەستوور ھەر کورسی یەک بۆ ١٠٠ ھەزار کەس ئەوا دەبێت ٤٠٠ پەرلەمانتار ھەبێت لەکاتێکدا ئێمە دەبێت ژمارەی کورسیەکان زیاد نەکەین ، لەفرەبازنەدا ئێمە دەنگمان بەبازنەی قەزاکان نەداوە چونکە رێژەو ژمارەی دانیشتوانیان جیاوازە ھەندێک قەزا ھەیە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ٤٥ بۆ ٥٠ ھەزار کەس تێپەڕ ناکات لەم کاتەدا دەبێت پشت بەناحیە و قەزای دیکە ببەستیت و تێکەڵی بکەیت لەناو یەک بازنەی ھەڵبژاردندا ، لەھەموو حاڵەتێکدا دەبێت پشت بە دانیشتوانی ١٢٠ ھەزار کەس ببەستین ، لەلایەکی دیکەوە تێکەڵی دانیشتوانەکان لەرووی پێکھاتەو کەمینەو ئاینی و مەزھەبی یەوە گرفتێکی گەورەی نوێنەرایەتی دەبێت و ئەمە کەموکورتی گەورەیە ، ھەروەھا دەبێت رەچاوی مەسەلەی کۆرۆنا و لایەنی تەندروستی و لێکەوتەکانی بکرێت کە ھەر یباس لێوەنەکراوە بەڕادەیەک بەھۆی نەخۆشی یەکەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆربەی دانیشتن و گفتوکۆکانی راگرتووە .
ھاوکات یاسای دادگای فیدراڵی تا ئێستا یەکلانەکراوەتەوە ، چونکە بەپێی دەستوور دەبێت دادگای فیدرالی پەسەندی ئەنجامی ھەڵبژادنەکان بکات ، باشە لەکاتێکدا کۆمسیۆن دادوەر بێت و ئەوەی کاری ووردبینی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژادنەکان دەکات دادوەر بێت و دادگای فیدراڵیش دادوەر بێت ھەرسێ قۆناغی پرۆسەی ھەڵبژادن بەدەست دادوەرەکانەوە بێت بێ ئەوەی ھیچ شارەزایەکی ھونەری و تەکنیکی لەھەڵبژادن لەگەڵیاندا بێت ئەمە کەموکورتی دروست ناکات ، سەبارەت بە لیستی دانگدەران دیارو روون نییە و کەمورکورتی زۆری تێدایە و دەبووایە لە ٢٠٢٠ سەرژمێری گشتی بکرایە بەڵام کۆرنا نەیھێشت و ئەمەش خۆی لەخۆیدا گرفتێکی گەورەیە، ئەمڕۆ لەو ماوە کەمەدا پێویستیمان بەھەنگاوی خێراو بووێر ھەیە نەک بوونی ئەو ھەموو ململانێ سیاسی و حزبی یە گۆڕانکاریی سیاسی راستەقینە ئیرادەی سیاسی راستەقینەی ھەیە و ئەمەش کاتی دەوێت ئەگەر ھەڵبژادنێکی راستەقینەو پاک و بێ ساختە ئەنجام بدەین دەبێت بگەینە خاڵێکی دەستپێکی سەقامگیریی و راستکردنەوەی پرۆسەی حوکمڕانی .
Top