دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان: له هەولێر نەخۆشيی كۆرۆنا زۆر بڵاوبووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە رۆژانی جەژندا خۆیان بپارێزن
August 2, 2020
دیمانەی تایبەت
دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، لهم گفتوگۆيهيدا لهگهڵ گوڵان باس لە مەترسيی كۆرۆنا و تەشەنەكردنەوەی لە ناو شاروشارۆچكەكانی كوردستان دەكات، جهختيش لهوه دهكاتهوه كه كەسان و چەندین لایەنی سیاسی لە سەرەتادا گومانیان خستە سەر بوونی كۆرۆنا، كهچى مەترسيیەكانی كۆرۆنا زیاد بوون و زیادبوونی ژمارەی قوربانیيەكانيش بارگرانيیەكی زۆرى خستووهته سەر تیمی تەندروستی و خەرجيیەكانی چارەسەركردنی نەخۆشیيەكان زۆر زیاد بووە. رووداوەكانی ئەم دواييهى نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێريش به بەڵگەیەكی حاشاهەڵنهگری مەترسيی تەشەنەكردنی نەخۆشییەكەیە دهزانێت و، ئهوهش دهخاتهڕوو كه بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتى ههرێم لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكەی نەخۆشخانەی رزگاری پێك دەهێنرێت.ئا: شەماڵ نوری
دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە مەترسيی تەشەنەكردنی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و گرنگيی خۆپارێزی وتی: "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشيی كۆرۆنا لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەت و ئێمەش لە لێژنەی تەندروستيی پەرلەمان بەردەوام هۆشداری و رێنمایی تەندروستیمان بە هاووڵاتیان داوە و لە مەترسيی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی ئاگادارمان كردوونەتەوە، سەرەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی رێكاری گرنگی خۆپارێزی باش بگرێتەبەر، هەر لە رێنمایی و خێرا دروستكردن و تەرخانكردنی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا و دابینكردنی دەرمانی پێویست و راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كەرەنتینە، بەمەش توانی گیانی خەڵكی بپارێزێت و ژمارەی تووشبووان و قوربانیيەكان كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام بەكارهێنانی كۆرۆنا وەك ماددەیەكی ئیعلامی و موزایەدەی سیاسی وایكرد گومانیان لەسەر بوونی نەخۆشیيەكە لای خەڵكی دروست كردو، دووبارە نەخۆشیيەكە لەناو شارو شارۆچكەكان سەری هەڵدایەوە، هەرچۆنێك بێت، لە ئێستادا دۆخەكە زۆر مەترسیدارە و نەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لە وڵاتانی دراوسێ و عێراق و دنیادا رۆژانە بە هەزارەها كەس دەبنە قوربانی و ژمارە و رێژەكانی كۆرۆنا زۆر مەترسیدار بووە. لە هەرێمی كوردستانیشدا كە توانای سێكتەری تەندروستی و لایەنی ماددیی گرفتێكی گەورەن، دەبێت هاووڵاتیان خۆپارێزی ئەنجام بدەن و پابەندی رێنماییە تەندروستیيەكان بن، بۆ ئەوەی خۆیان و ئازیزەكانیان و خەڵكی و كۆمەڵگە بپارێزن. "
سەرۆكی لێژنەی تەندروستيی ژێنگە و مافی بەكاربەر لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە رووداوەكانی نەخۆشخانەی رزگاری وتی: "لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرفتەكە راستەوخۆ وەكو لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كردو، بەدواداچوونم بۆ مەسەلەكە كرد، لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا دوو جۆر ئۆكسجینی شل و ئاسایی هەیە، هەرچی ئۆكسجینی شلە لە سلێمانییەوە دێت و بەپێی قسەكانی قایمقام و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستيی هەولێر پێیان راگەیاندین كە بۆ چەند كاتژمێرێك هاتنی ئۆكسجینی شل دواكەوتووە، هەر خۆی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستيی هەولێر لە نەخۆشخانەكە بووەو خۆی سەرپەرشتی دابینكردنی ئۆكسجینی كردووە و لە نەخۆشخانەكانی راپەڕین و كۆماری و ئیمرجنسی و رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئۆكسجینی دابین كردووە، مردنی نەخۆشەكانی كۆرۆنا بۆ مەترسيی ڤایرۆسەكە و بەردەوامبوونی زیادبوونی ژمارەی تووشبووان دەگەڕێتەوە، هەروەها بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكەی نەخۆشخانەی رزگاری پێك دەهێنرێت و ئەنجامەكەی بۆ ڕای گشتی رادەگەیەنرێت. ئیتر نابێت ئەم كۆمەڵگەیە و خەڵكی وەكو موزایەدەی سیاسی نەهامەتیيەكانیان بەكاربهێنرێت و، ئەوانەی تا دوێنێ دژی ئێمە رادەوەستانەوە، كە دەمانگوت كۆرۆنا مەترسیيەكی گەورەیە و ئەوەی رێگەی لێ كردووە، تەشەنە نەكات لەناو هەرێمی كوردستاندا ئەو رێكارە تەندروستی و قەدەغەكردنی هاتوچۆ و كەرەنتینە و بەدواداچوون بۆ بەركەوتەكان بوو، كەوای كرد، كۆنتڕۆڵی تەشەنەكردنی نەخۆشيی كۆرۆنا بكرێت. بهڵام حاڵەتەكانی كۆرۆنا تادێت زیاتر دەبێت و كەسانێكیش نەخۆش دەكەون، ناچنە نەخۆشخانەكان و نەخۆشیيەكە زیاتر بڵاودەكەنەوە، كاتێك دەهێنرێنە نەخۆشخانە، حاڵەتەكان زۆر خراپ بوون و فریاكەوتنی زەحمەت دەبێت، لە نەخۆشخانەی رزگاری پێش جهژنى قوربان 230 نەخۆش هەبووەو زۆربەیان حاڵەتی تەندروستیان ناجێگیرە و هەموویان پێویستیان بە ئۆكسجینە و هەر یەكەیان بە شەو و رۆژێك پێویستی بە 5 بۆ 6 بوتڵی ئۆكسجین هەیە، لەهەولێر نەك تەنیا نەخۆشخانەی رزگاری نەخۆشخانەی ئیماراتیش پڕ بووە و تەندروستی هەولێر داوای كردنەوەی نەخۆشخانەیەكی دیكەش دەكات، لە شاری هەولێر نەخۆشيی كۆرۆنا زۆر بڵاو بووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە رۆژانی جەژندا خۆیان بپارێزن و بە جددی پابەندی خۆپارێزی و رێنماییەكانی تەندروستی بن، چونكە پزیشكەكان و پەرستیاران و كارمەندانی تەندروستیش زۆر ماندوون و لە هێڵی پێشەوەی ئەم مەترسییە گەورەیەن و لە توانایاندا نابێت كۆنتڕۆڵی ژمارەیەكی زۆری نەخۆشەكانی كۆرۆنا بكەن، ئەوەتا ژمارەی تووشبووانی پزیشك و پەرستیارەكانیش زیاد بوون و ئەمە مەترسيیەكی جددییە رووبەڕووی تیمە تەندروستیيەكان و هاووڵاتیانیش دەبێتەوە. من زۆرم پێ سەیرە لەم مەترسیيەدا كەسانێكی زۆر لە بازاڕەكان دەبینرێن، بێ دەمامك دەسووڕێنەوە و بە هیچ شێوەیەك پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی و تەندروستی نابن و، دەستیان ناشۆن و بەركەوتەیان لەگەڵ خەڵك و خزم و كەسوكاریان زۆرە، من جارێكی دیكەش لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە ئاماژەم بەوە دا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووان توانای نەخۆشخانە و قەرەوێڵەكانی سنووردارە و تەنانەت تا ئێستا ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا نەتوانراوە دەرمان و چارەسەرێكی یەكلاكەرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەتا لە گەورە وڵاتانی پێشكەوتوو لە كەرتی تەندروستی رۆژانە بە سەدان كەس دەمرن، ئیتر لە وڵاتێكی وەكو عێراق و هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانرێت ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاد بێت، كۆنتڕۆڵی نەخۆشيیەكە بكرێت و پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی نەخۆش بكرێت؟"