عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان: بەشی سکاڵاو داواکاریی ھاووڵاتیان لەسەرجەم وەزارەتەکان و پەیجی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی وەزیران چالاک دەکرێن

عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون بۆ گوڵان: بەشی سکاڵاو داواکاریی ھاووڵاتیان لەسەرجەم وەزارەتەکان و پەیجی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی وەزیران چالاک دەکرێن
وەک ئاشکرایە چەقی ھەموو حوکمڕانییەکی باش خزمەتکردنی ھاووڵاتیانە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، کە یەکێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوێگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاو داواکارییەکانی ھاووڵاتیانە، لەئێستاشدا ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی پڕۆژەی رێکخستن و کاراکردنی بەشەکانی سکاڵای ھاووڵاتیانە لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت؛ ئەویش لە چوارچێوەی پرسی گەیشتن بە حکومەتی ئەلیکترۆنی و سکاڵای ئەلیکترۆنی کە خێراترو ئەکتیڤ ترە، ھەوەھا ھاووڵاتی و حکومەت پێکەوە کار دەکەن و پەیوەندیی راستەوخۆ و خێرایان پێکەوە دەبێت، ھەموو وەزارەتەکان سیستەمی سکاڵا وەرگرتنیان ئەکتیڤکردووە، بەڵام تا ئێستا ھەموویان پێکەوە نەبەستراونەتەوە، وەزارەتەکانی کارەبا و پەروەردەو خوێندنی باڵا و شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ ھەموویان بە شێوازی جۆراوجۆر بەشی سکاڵایان ئەکتیڤکردووەوبەتایبەتی کە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ٤٠٧ جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان کراوە. لەسەر ئەم بابەتە ئەم دیدارەمان لەگەڵ دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران سازکرد؛ لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاو دەکەینەوە.
سەرەتا سەبارەت بەھێڵە گشتیەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و گوێگرتن لە سکاڵاو داواکارییەکانی ھاووڵاتیان، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران گوتی: "بەرنامە و کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەو ھێڵە گشتییانە داڕێژراوە کە ھاووڵاتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی سەروماڵیان چەقی بەرنامەو کارەکانی حکومەتە، وەک لە بڕیاری ژمارە (١)ی ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ رێکخستنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی دامەزراوەکانی حکومەت دەرچووە، کە بەشێوازێک بێت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە، ئێمەش وەکو فەرمانگەکەمان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێریی دارایی و داواکاری گشتی و بەدواداچوون، بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (١) مان لەئەستۆ بوو، بۆیە لە دەرچوونی بڕیاری ژمارە (١) ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت ھەبوو، ھەر لە زاخۆوە تاکو پارێزگای ھەڵەبجە ھەریەکە و بەپێی پلان و سیستەمی تایبەت بەخۆی بەدواداچوونی کارەکانمان کردووە، پڕۆسەکە بەردەوام بوو، تا ھاتنی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، ھەر لە ناو چوارچێوەی بڕیاری ژمارە (١)ی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بابەتی تایبەت بە سکاڵای ھاووڵاتیان و وەڵامدانەوەی داواکاریی ھاووڵاتیان پرسێکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی تایبەتمان پێکھێنا بۆ ئەوەی بزانین ھەریەک لە وەزارەتەکان بە چ میکانیزم و شێوازێک مامەڵەی سکاڵای ھاووڵاتیان وەردەگرن، بۆمان دەرکەوت ھەر وەزارەت و دامودەزگایەک بە شێوەی کلاسیکی دانانی سندوقی سکاڵاو بە شێوەی جیاجیای ئەلیکترۆنی و پەیجی سکاڵا، یان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی راگەیاندنیانەوە، کە سەرپەرشتیی وێبسایت و پەیجەکان دەکەن، کارەکە بەڕێوەچووە. ئێمە لە فەرمانگەکەمان لە رێگەی سکاڵای ئەلیکترۆنییەوە یەکەیەکی ئەکتیڤی تایبەت بە سکاڵاو بەدواداچوونی داواکارییەکانی ھاووڵاتیانمان لە بەشی یاسا ھەبووە، ئەمەش لە رێگەی پەیجی ئەلیکترۆنی و واتس ئاپ و ڤایبەر و تەلەفونەوە ئەنجام دراوە،ھاوکات ئێمە بەڕێوەبەرایەتی سکاڵامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی یاسایی لەدیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەرپرسە لەوەرگرتنی ئەو سکاڵایانەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، ئێمە کۆبوونەوەی ھاوبەشمان لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکان ئەنجام دا بۆ ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەی یاسایی ببەسترێتەوە بەسیستەمی یاسایی گشتی وەزارەتەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کاری باش کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاری زیاتر لەسەر رێکخستنەوەی پرسی وەرگرتنی سکاڵاو داواکارییەکانی ھاووڵاتیان دەکەین، بەو پێیەی ئێمە لە فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون کاری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین و لایەنی جێبەجێکار نین، بۆیە داوامان لە گشت وەزارەتەکان کردووە کە سیستمی سکاڵا یەکبخرێت و وەکو بەڕێوەبەرایەتییەک، یان بەشێک بێت لەناو وەزارەتدا، بۆ ئەوەی کاراو ئەکتیڤ بێت و راستەوخۆ پەیوەندی بە کەسی یەکەمەوە ھەبێت، کە جەنابی وەزیر، بۆئەوەی وەڵامی داواکارییەکان بەخێرایی بدرێنەوە، تەنانەت وەڵامی ئەو سکاڵایانەش بدەنەوە کە لەسەر ئەدای بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان ھەیە".
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواچوون سەبارەت بەگرنگیی پرسی سکاڵاو وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی ھاووڵاتیان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی سکاڵاو وەڵامدانەوەی داواکاریی ھاووڵاتیان لە ریزبەندی پێشەوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دێت، لەوبارەیەشەوقە گوتی: "ئەم بابەتە دەچێتە چوارچێوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتیان و تەنانەت دەبێتە ھۆی زیاتر ئەکتیڤکردنی ئەدای دامودەزگاکانی حکومەت و بەستنەوەی راستەوخۆی حکومەت بەھاووڵاتیانەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەمە لە چوارچێوەی پرسی گەیشتن بە حکومەتی ئەلیکترۆنی دێت و ئەو کات سکاڵای ئەلیکترۆنی خێراترو ئەکتیڤ تریش دەبێت، ھاووڵاتی و حکومەت پێکەوە کار دەکەن و پەیوەندیی راستەوخۆ و خێرایان پێکەوە دەبێت، ھەموو وەزارەتەکان سیستەمی سکاڵا وەرگرتنیان ئەکتیڤکردووە، بەڵام تا ئێستا ھەموویان پێکەوە نەبەستراونەتەوە، وەزارەتەکانی کارەبا و پەروەردەو خوێندنی باڵا و شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ ھەموویان بە شێوازی جۆراوجۆر بەشی سکاڵایان ئەکتیڤکردووەو، بەپێی پێویست ھەریەکەو سیستەمێکی داناوە و بەپێ جۆری ئەو خزمەتگوزارییەی کە پێشکەشی دەکرێت کاری خۆیان دەکەن، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە بۆ سیستەمی وەرگرتنی قوتابیان سیستەمی تانەی ھەیە، ھەروەھا وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و شارەوانییش لە پەیجەکانیان، یان لەرێگەی دابینکردنی ھێڵی تەلەفونی تایبەتەوە میکانیزمی تایبەت بە خۆیان ھەیە، ھەروەھا جۆری سکاڵاکانیش رۆڵی ھەیە، بۆ نموونە ھاووڵاتیەک، یان کۆمپانیایەک تێبینی و رەخنە و بگرە شکایەتی لە فەرمانبەرێک، یان فەرمانگەیەک ھەیە لەسەر ئەداو پێشکەسکردنی خزمەتگوزارییەکانی". ھەورھا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پرسی سکاڵا تەنانەت فەرمانبەرانی دەوڵەتیش دەگرێتەوە، بۆئەو مەبەستەش گوتی: " ئەگەرفەرمانبەرێک ھەست بەوە بکات ؛ە زوڵمی لێکراوە، یان کارێکی نائیداریی بەرامبەر کراوە، شکایەت بکات، دەشتوانرێت دواتر وەڵامەکان ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرە لە دادگای ئیداری شکایەت بکات، زۆربەی جار لەسکاڵادا دەبینین ھاووڵاتی غەدری لێنەکراوە، بەڵام ئام سکاڵا لە دیاردەیەکی نامۆ لەناو دامودەزگاکانی حکومەت دەکات، سکاڵاکانیش بەچەندین شێواز رێک دەخرێتەوە ھەر لەدانانی سندوقی سکاڵا تاوەکو جێبەجێکردنی سیستەمی سکاڵای ئەلیکترۆنی" .
سەبارەت بە جۆر و شێوازی سکاڵاکانیش عەبدولحەکیم خەسرەو گوتیشی: "لە سەرەتای ئەمساڵ کاتێک بەدواداچوونمان کرد، ھەموو ئەم شێوازانەی سکاڵا ھەبوون، بەڵام تێبینیمان لەسەر ئەداو ئەکتیڤکردن و رێکخستنەوە و بەیەکەوە بەستنەوەی ھەبووە و سیستەم و میکانیزمی جیاوازی تێدا بەکارھێندراوە، بۆ نموونە زۆربەی سکاڵاکان لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ٤٠٧ جۆری خزمەتگوزاری دەستنیشان کراوە، کە لەلایەن وەزارەتەکان و دەستەکانەوە پێشکەش دەکرێت و پێناسەی خۆی بۆ کراوە و ئەو بەڵگەنامانەشی کە پێویستە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکان ئەویش دیاری کراوە، ئێستا پەیجێکی تایبەت ھەیە بۆ دەستنیشانکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێناسەکراوە، بەڵگەنامەکانیش دیاری کراون، فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە پلان و بەرنامەیدایە کە پەیجی خزمەتگوزارییەکان پێش بخرێت و پرسی سکاڵاو داواکاریی ھاووڵاتیانیش یەکبخرێت و ئەکتیڤ بکرێت، بۆ ئەوەی ھاووڵاتی بتوانێت بە ئۆنلاین داوای خزمەتگوزاری بکات، ئەمەش لە بنەماکانی گەیشتنە بە حکومەتی ئەلیکترۆنی".
سەرۆکی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە بە ھۆی کۆرۆناوە بۆمان دەرکەوت کە پشت بەستن بە حکومەتی ئەلیکترۆنی تەنانەت کارێکی گرنگەو بەرکەوتەکان کەم دەکاتەوە، گەیشتن بە حکومەتی ئەلیکترۆنییش پێویستی بە پشتبەستنە بە ئۆنلاین و ھەموو شێوازەکانی پەیوەندی ھەیە کە کارەکان ئەکتیڤ دەکات و ماوە و تێچوونەکانیش کەم دەکاتەوە و قەرەباڵغی لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ناھێڵێت، بۆ ئەو مەبەستەش گوتی: "ئێستا بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکات و پێداچوونەوەی باش و دەستنیشانکردنی بابەتەکان بە وردی کراون، بۆ ئەوەی لە دوای دەستنیشانکردنی خزمەتگوزارییەکان تەئکید لەسەر کوالێتی و باشیی خزمەتگوزارییەکان بکەینەوە و بزانین گازندەو سکاڵای خەڵک لەسەر ئەم خزمەتگوزارییانە چییە، دواجاریش بەھێزیی حکومەت لە دەرئەنجامی کارەکانی حکومەت دەردەکەوێت و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و ئاسایشی وڵات و بەھێزیی حکومەت دیاری دەکات، تەنانەت لەم پرسەدا رەچاوی ھاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتیش کراوە، ئەم پرسە لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند کرا و سیستەمی ھاوبەشی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمەش پڕۆسەیەک دەبێت بەوەی ھەڵسەنگاندنی داواکاریی خەڵک و ئەو خزمەتگوزارییانەی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پێشکەش دەکرێت، بە روونی و خێرا بگاتە دەستی حکومەت، بۆ ئەوەی بەدواداچوون و لێپرسینەوەی لەسەر بکات".
Top