دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گوڵان: چاكسازی لە داهات و سێكتەری نەوتی و نانەوتی پێگەی ئابووريی هەرێم و حكومەت بەهێز دەكات

دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گوڵان:  چاكسازی لە داهات و سێكتەری نەوتی و نانەوتی پێگەی ئابووريی هەرێم و حكومەت بەهێز دەكات
فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی گۆڤاری (گوڵان)دا باسى ئەو پلان و بەرنامەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە پێویستە لە بوارەكانی دارایی و ئابووریدا هەنگاوی بۆ بنرێت، جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری چاكسازیدا پێویستە لەسەر بنەمای زانستی و پشتئەستوور بێت بە خوێندنەوەیەكی واقیعبینانە بۆ دۆخی ئابووريی جیهان لە دوای كۆرۆنا و دواهەنگاوەكانی دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەڵسەنگاندنی پشتبەستن بە ئابوورییەكی نێوخۆیی، هه‌روه‌ها گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوه‌ند بە زەحمەت و قورس دەبینێت، نموونه‌ش به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ دەستێكی نەرێنيی سیاسی لە پشت دانوستانەكانەوە لەبەغدا بوونی هەیە و، كار بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەكات.
دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، له‌م ديداره‌يدا له‌گه‌ڵ گوڵان سه‌ره‌تا باسی بارودۆخی ئابووريی كوردستان كردو راى وابوو: "گەلی كوردستان و حكومەتەكەی هیچ ڕێگایەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە، جگە لە خۆبەهێزكردن لە رووی ئابوورییەوە"، تەنانەت هۆكاری سەرەكيی درێژكردنەوەی دانوستانەكان و نەگەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو حاڵەتە دەگەڕێنێتەوە كە: "دەستێكی نەرێنيی سیاسی لە بەغدا لە پشت دانوستانەكانەوە هەیە و، كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات. " هاوكات ده‌ڵێت: "رەنگە لەئێستادا كورد لەهەموو كات زیاتر پێویستی بە سەرۆك بارزانی بێت، تاوەكو پێگە و رۆڵی خۆی بەكاربهێنێت بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە سیاسییەو گەلەكەی بەرەو كەناری ئارامی ببات، بەهاوشێوەی رۆژە سەختەكان و شەڕی داعش، لەلایەكی دیكەوە كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك چاكسازیی بوێرانە بكات، بەتایبەتی لە گۆڕینی هەیكەلی ئابووری و ئاراستەكردنی تواناكان بەرەو بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و دەستبردن بۆ كۆمەڵێك گرێبەست و كار، كە لەئێستادا بارگرانییە لەسەر حكومەتی هەرێم و ئابووريی كوردستان"، گوتيشى: "چاكسازی لە بواری نەوت و داهاتی ناوخۆ هێندەی چاكسازی لەبواری خەرجيیەكاندا گرنگە، رەنگە ئەمە هەندێك جار پەیوەندی بە مەسەلە سیاسییەكانەوە هەبێت، بەڵام دەبێت بە گفتوگۆو رێككەوتن هەنگاوی بوێرانەی بۆ بنرێت. "

دكتۆر فازڵ نەبی، باسى ئه‌وه‌شى كرد كه‌ "چاكسازی لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكاندا گرنگيی خۆی هەیە، واته‌ چاكسازی تەنیا نابێت لە سێكتەری خەرجیيەكاندا بكرێت، بەڵكو دەبێت لە سێكتەری داهاتە نەوتی و نانەوتیەكانیشدا بكرێت، چونكە لەو سێكتەرە بەهەدەردانێكی زۆر هەیە، ئەگەر چاكسازییەكان كە لە بواری خەرجییەكان دەستی پێ كردووە، لە بواری داهاتەكانیشدا بكرێت، هەنگاوێكی باش دەچینە پێشەوە و دەتوانین لەم قەیرانە سەختەی دارایی كە جیهان و ناوچەكە و عێراق و ئێمەش تێی كەوتووین، بەهۆی لێكەوتەكانی كۆرۆناوە، دەربازمان بێت و شوێنەوارەكانی ئەو دۆخە جیهانيیەی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و ئاڵۆزبوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و مەركەز لەسەرمان كەم بكەینەوە . "

بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق وتی : "پێویستە شاندی دانوستانكار كە بۆ گفتوگۆ دەچێتە بەغدا خەڵكانی شارەزا لە بواری دارایی و یاسایی لەگەڵ خۆیاندا ببەن، بۆ ئەوەی پێكەوە بكەنە دەرئەنجامێك و لەو گفتوگۆ توندو وشكەی یاساییەكان دەربازیان بێت، كە ئێستا تێی كەوتوون ، ئێمە پێشتر لەبەغدا زیاتر لەگەڵ شارەزایان و كاربەدەستانی دارایی و ئابووری كاروبارەكانمان بەڕێوە دەبردو، گرووپێكی باش لە وەزیر و بریكارو پلەكانی خوارەوە لەناو حكومەتی عێراقدا هەبوون كە لە رووی ژمارەوە لە ئێستا زیاتر بوون و پاڵپشتی دەكران لەلایەن حزبەكانیانەوە بۆ كاركردنی دەستەجەمعی، چونكە دەرئەنجام راستە بەغدا ناتوانێت قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە، بەڵام بەردەوام كار بۆ لاوازبوونی دەكرێت، بەتایبەتی لە رووی دارایی و ئابوورییەوە كە شوێنەوارەكانی زۆر كاریگەر و مەترسیدار دەبێت. " گوتيشى: "
پێویستە هەنگاوەكانی حكومەت بەتایبەتی لە رووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە گەورەكان پاڵپشتی بكرێت و، رێگا نەدەین چیتر كەسانێك بەردەوام بن لەسەر بەفیڕۆدانی سامانی هەرێمەكە، من هەرگیز پێم وا نییە، گەندەڵی تەنیا لە خەرجيیەكاندا بێت، بەڵكو گەندەڵی لە داهاتەكانیشدا هەیە، ئێستا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە كۆمەڵێك چاكسازی كردووە، كە پشتئەستوورە بە یاسا، بەڵام تەنیا لەبواری خەرجيیەكاندا زۆر رەنگی داوەتەوە، پێویستە لە بواری داهاتیشدا چاكسازیی بنەڕەتی و بوێر بكرێت. بۆ نموونە: دەبێت چاوخشاندنەوە بە داهاتی نەوتی خۆماندا بكەینەوە، لە بواری گرێبەستەكاندا كە پێشتر زیاتر لە بەرژەوەنديی كۆمپانیاكاندا بووە، ئەوەندەی كە بەپێی یاسا دەكرێت، پێويسته‌ پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، هەروەها لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانماندا لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان و حكومەتەكانی ناوچەكە پێویستیمان بە چاوخشاندنەوە هەيه‌. ئێمە زۆر گوێمان لێ دەبێت، هەموو داهاتی نەوت ناگەڕێتەوە گەنجینەی حكومەت، ئەگەر بتوانین چاكسازی لەبواری داهاتی نەوتی و نانەوتی و بەرهەمەكانی نەوت و بەنزین و غاز و باج و كۆمپانیاكان و رسوماتەكاندا بكەین و، جۆرێك لە شەفافییەت بدەینە ئەم مەسەلەیە، ئەو كات كەس ناتوانێت لەو كەلێنەی نێوان حكومەت و میللەت گەمە بكات و خەڵكی دەبێتە پاڵپشتیيەكی زۆر بەهێزی حكومەت و بەرنامە چاكسازییەكەی، ئەمە لەلایەك دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی گەندەڵی و رێگاگرتن لەبەفیڕدانی داهات، لەلایەكی دیكەوە متمانەی خەڵكی بە حكومەت بەهێز دەكات و، پاڵپشتيی زیاتری هەنگاوەكانی چاكسازی دەكات و، لە دانوستان و گفتوگۆكانیشماندا لەگەڵ بەغدا بەهێزتر دەبین و بێباك دەبین لەوەی كەسانێك هەبن كار بۆ لاوازكردنی كیانی هەرێمی كوردستان بكەن. "
تەوەرێكی ديكه‌ى دیدارەكەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دكتۆر فازڵ نەبی، تایبەت بوو بە كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: "كۆرۆنا بووەتە واقیعێك و تەحەددایەكی گەورەی هەموو گەلان و حكومەتەكانیان لێكەوتەكانی ئەوەندە قورس و مەترسیدارە، گەورە وڵاتانی پیشەسازی و كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی تووشی داڕمان كردووە، هەربۆیە لە ئێستا و داهاتوودا هەرچی هەنگاوێك دەنێین، تا ئەو كاتەی ڤاكسینێك یان دەرمانێك بۆ چارەسەری دەدۆزینەوە، دەبێت حيسابی وردی بۆ بكەین، لەبەرامبەردا راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خۆپارێزی و رێكارە ئازاربەخشەكان لە دژی كۆرۆنا و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەبێت پێكەوە لەگەڵ هەنگاوە ئابووری و داراییەكان بێت، واتا راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان كۆرۆناو باروبژێوی ژیانی هاووڵاتیان و ئابووری، ئەوەتا ئەو وڵاتانەی كەرەنتینە و قەدەغەكردنی هاتوچۆیان توند كردبوو، ئەوانیش بەناچاری رێكارەكانیان كەم كردەوەو هەنگاویان بەرەو خۆپارێزی و تاكپارێزی و لایەنی تەندروستی و هوشیاری نا، ناوه‌نده‌ ئابوورییەكانیان كردەوە، كاریگەرییە نەرێنیەكانی كۆرۆنا لەگەڵ درێژبوونەوەی پەتاكەيه‌ و دەبێت ئێمەش خۆمان لەگەڵیدا رێك بخەین، بەتایبەتی لەبواری دابەزینی بەهای نەوت و ئەگەری دابەزینی دیكەی بەهای نەوت، راستە ئێمە كارگە و پیشەسازیی گەورەمان نییە، تاوەكو داخستنی سنوورەكان كاریگەریی لەسەر ساخكردنەوەی كاڵاكانمان هەبێت، بەڵام لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا بە سەدان كەس كار دەكەن و، كاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی ژیان و ئابوورییان دەكات، لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمیش نابێت چیتر پشت بە یەك سەرچاوەی داهاتی نەوتی ببەستین و ئەو هەموو سەرچاوەیەی دیكەی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و كانزایی پشتگوێ بخەین، خۆشبەختانە لێرەو لەوێ هەنگاو بەرەو دەستپێكردنی هەندێك پیشەسازی و كاری كشتوكاڵی دەنرێت، بەڵام هەنگاوەكان پێویستیيان بەپەلەكردن و هەنگاوی گەورەتر هەیە، بەتایبەتی لەو بوارەی پەیوەندی بە پیشەسازیی خۆراكی هەیە. " ه‌ه‌ك دوا وته‌شى گوتى: "من پزیشك نیم، بەڵام كۆرۆنا وەكو پەتایەكی لێهاتووە، دەبێت بژی لەگەڵیدا و خۆت بگونجێنیت، وڵاتانە ئەوروپيیەكان كە سنوورەكانیان لەسەر یەكتر داخست، ئەوان سنوورەكانیان كردەوە و رێكارەكانیان سووك كرد، هەڵەی ئێمە لەوەدایە نەمانتوانیوە ئابووريی خۆمان بەهێز بكەین و وەبەرهێنانمان لەو بوارانە نەكردووە كە ئابوورییەكەمان بەهێز دەكات، زۆربەی بزنێس و سەرمایەداری خۆمان روویان لەو سێكتەر و كەرتانەی خانووبەرەو بەڵێندەرایەتی و بازرگانی كرد، ئەمەش لەكاتی تەنگژەو قەیرانی گەورەی جیهانیدا شوێنەوارەكانی لەسەرمان بەهێز دەكات و، ناتوانین بەرگەی داڕمان و قەیرانی گەورەی ئابووری بگرين. "
Top