دكتۆر محهمهد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: • بەهۆی كەمتەرخەميی وەبەرهێنەر بڕیار دراوە چەندین پرۆژە مۆڵەتەكانیان هەڵبوەشێندرێتەوە و زەوییەكانیان بۆ حكومەت بگەڕێتەوە
July 19, 2020
دیمانەی تایبەت
دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ستراتیژیەتی كاركردنی لە بواری وەبەرهێنان گۆڕیوە و زیاتر وەبەرهێنان بەرەو هەمەجۆركردنی ئابووری و گرنگیدان بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی دراوە، لەم دیمانەیەدا دكتۆر محهمهد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان جەخت لە گرنگترین كاروچالاكییەكانی وەبەرهێنان دەكاتەوە و چەند هەنگاوێكی نوێی دەستەكەش دەخاتەڕوو.• لەكابینەی نۆیەمدا بە سەرمایەی 905 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە 43 پرۆژە دراوە
• دیمانە : شەماڵ نوری
• وەكو سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان؛ لەم قۆناغە هەستیارەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی ئایا دەكرێت سەرەتا باسێكی رەوشی وەبەرهێنانمان بۆ بكەیت؟
- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە (43 ) پرۆژەی وەبەرهێنان داوە، كە سەرمایەكەی نزیكەی 905 ملیۆن دۆلارەو لەسەر رووبەری 875 دۆنم زەوییە، بەشێوەیەكی گشتی سەرەڕای قەیرانی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و ئەم بارودۆخە هەستیارە كە رووی لە جیهان و ناوچەكەو ئێمەش كردووە، بەڵام خۆشبەختانە رەوڕەوەی ئابووری و وەبەرهێنان رانەوەستاوە و كاری باش ئەنجام دراوە و، لەداهاتوویەكی نزیكدا كاری باشتریش ئەنجام دەدرێت.
• باست لە مۆڵەتی وەبەرهێنان كرد بە سەرمایەی 905 ملیۆن دۆلار؛ ئایا دەكرێت بزانین گرنگترینى ئەو سێكتەرانە چین كە وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دراوە؟
- وەكو ئاشكرایە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ پشكی شێریان بەركەوتووە، ئەمەش لە كاروبەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بۆ نموونە ئێمە لەدەستەی وەبەرهێنان توانیمان مۆڵەت بە 12 پرۆژەی پشەسازیی بدەین بە بڕی 357 ملیۆن دۆلار، هەروەها پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و فێركردن و گەشتیاری و بازرگانی و تەندروستی و كشتوكاڵیش گرنگیمان پێداوە ، كۆی ئەو پرۆژانەی لە 28/7/2019 ەوە تاكو 7/7/2020 پێشكەش بەدەستەی وەبەرهێنان كراوە 259 پرۆژە بووە و تا ئێستا 40 پرۆژەیان پەسەندنەكراوە و 219 پرۆژەیان پەسەندكراوە كە لەناویاندا 54 پرۆژەی پیشەسازیی و 10 پرۆژەی كشتوكاڵی هەیە.
• چاكسازی یەكێكە لە كاروبەرنامەكانی دەستەی وەبەرهێنان ئایا دەكرێت بزانین لەم بوارەدا چی هەنگاوێكتان ناوە، بەتایبەتی كە جێگای داخە پێشتر لەم كەرتە كەمتەرخەمی و گەندەڵی بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە؟
- لەسەر داوای دەستەكەمان پێنج كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ئەنجام دراوە، كە 26 بڕیاری لێ دەركراوە ، ئەمەش هەمووی بەمەبەستی ئەنجامدانی چاكسازی و پێداچوونەوە بەبەشێك لەو رێنماییانەی كە كەلێن و پۆشایی تێدا بووە، ئێمە توانیومانە گۆڕانكاریی لە زۆر لەو رێنماییانە بكەین، وەكو بڕیاری ژمارە 394 لە 7/11/ 2017 دەرچووەو تایبەت بووە بە نەخشەی وەبەرهێنان هەروەها بڕیاری ژمارە 546 لە 26/11/2019 كە تایبەتە بە دامەزراندنی بۆردی سیستەمی یەك پەنچەرە بەمەبەستی كەمكردنەوەی رۆتین، جگە لەمەش بەهۆی كەمتەرخەمی وەبەرهێنەر بڕیار دراوە چەندین پرۆژە مۆڵەتەكانیان هەڵبوەشێندرێتەوەو زەوییەكانیان بۆ حكومەت بگەڕێتەوە. هەروەها كار بۆ بەدواداچوون و چارەسەری كێشەی بەشە خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیش كراوە بەتایبەتی بۆ ئەو پرۆژانەی كە بەشە خزمەتگوزارییەكانیان تێدا دروست نەكراوە و بۆ ئەم مەبەستەش سێ لێژنەی دامەزراوەو بەووردی كاری خۆیان ئەنجام دەدەن و داوامان لەوەبەرهێنەكان كردووە هەرچی زووە و پێویستە بەشە خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بكەن. لەلایەكی دیكەوە بۆ كارئاسانی بۆ مۆڵەتپێدانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەستكراوە بەئەنجامدانی رێكارەكانی كاراكردنی سیستەمی یەك پەنچەرەیی و لێژنەمان بۆ داناوەو لێژنەكە دەست بەكارە و چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوە.
• بڕیاردانی تەملیككردنی یەكە نیشتەجێبووەكانی ناو پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەستكەوتێكی گرنگە دەكرێت بزانین لەم رووەوە ئەم بڕیارە بەكوێ گەیشتووە؟
- لە بواری تەملیككردنی یەكە نیشتەجێبووەكان هەنگاوی باشمان ناوەو بڕیار دراوە پەلە بكرێت بۆ تەملیككردنی ئەو یەكە نیشتەجێبووانەی ناو پرۆژەكانی وەبەرهێنان و لێژنەی (متفرغ)ی بۆ پێكهێراوەو، بڕیارەكان بۆ بەرژەوەنديی هاووڵاتیان دەبێت. لەلایەكی دیكەوە توانیمان كێشەی هەرسێ پرۆژەی نیشتەجێبوونی (چاودێر ستی و مەم و زین و وەرین ستی ) چارەسەر بكەین. هاوكات بڕیاریشمان داوە كە قەرەبووی ئەو خاوەن زەويیانە بكەین كە زەوییهكانیان بەر پرۆژەكانی وەبەرهێنان كەوتووە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە قەرەبووكردنەوەیان دواكەوتووە. هەر لە بواری پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییەكان بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كاری باشمان كرد، لە بەرژەوەنديی هاووڵاتیاندا بەجۆرێك نرخمان بۆ چەند پرۆژەیەك داناوە و داشكانەكە گەیشتۆتە 60%.
• پێشتر دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان پلانی وەبەرهێنانی بۆ ساڵی 2020 دەركرد، ئایا لەم بوارەدا چی كراوە؟
- ئامادەكردنی پلانی وەبەرهێنان بۆ ساڵی 2020 بەسوود وەرگرتن بووە لە پلانی وەزارەت پەیوەندارەكان كە زیاتر لە 1000 پرۆژە لەخۆ دەگرێت، ئەمە وەكو ئامادەكارییەكە بۆ دروستكردنی نەخشەی وەبەرهێنان، پلانەكە ئامادەكراوە و تەنانەت راشمان گەیاند، ئێستا لەبەردەستە بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی . دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەم ئێمە بەپێی راسپاردەو رێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران كار دەكەین كە زۆر تەئكید لەسەر نەمانی گەندەڵی و چارەسەركردنی كەموكورتیەكان دەكاتەوە بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت.. وەنەبێت لەمەشدا گوێ بە وەبەرهێنەران نەدرێت بەڵكو لەچەندین دیدارو چاوپێكەوتنی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ وەبەرهێنەران كۆبووەتەوەو لەنزیكەوە گوێبيستی راوسەرنج و تێبینیيەكانی وەبەرهێنەران بووە و بۆچوونەكانیان بەهەند وەرگیراوە.
• ئایا میكانیزمێكتان داناوە بۆ كاركردن لە بواری هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت؟
- بەڵێ، رێنمایی تایبەت بە بابەتی دانانی میكانیزمەكانی هاوبەشی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت PPP>BOT… لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دانراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە.