تەلار فایەق بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ گوڵان: لەکاتی کردنەوەی گەشتەکانی فرۆکەوانی مەدەنی پێویستە گەشتیاران خۆیان بۆ رێکاری تەندروستی و بڕیارە نوێیەکان ئامادە بکەن

تەلار فایەق بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ گوڵان: لەکاتی کردنەوەی گەشتەکانی فرۆکەوانی مەدەنی پێویستە گەشتیاران خۆیان بۆ رێکاری تەندروستی و بڕیارە نوێیەکان ئامادە بکەن
کۆرۆنا و رێکارە تەندروستیەکانی زیانی گەورەی بەکەرتی فرۆکەوانی داوە، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریش بەھاوشێوەی زۆربەی فرۆکەخانەکانی جیھان گەشتەکانی راگرت، ئێستاکە لەگەڵ ئاسایبوونەوەی تاڕادەیەکی دۆخەکەو کەمکردنەوەی رێکارە ئازاربەخشەکان بۆ ئەوەی ھاوسەنگیەک لەنێوان پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و سەلامەتی و بژێوی ژیان و ئابووری راگیرێت بەنیازن گەشتە ئاسمانیەکان لەدوای ٢٢ی تەمموز دەست پێبکەنەوە. گۆڤاری گوڵان لە دیدارێکدا لەگەڵ تەلار فایەق بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر جەختی لەسەر ئامادەکارییەکانی فرۆکەخانە و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندار بە کەرتی فرۆکەوانی و گەشتکردن .
دیمانە : شەماڵ نوری
كۆرۆنا و رێكارە تەندروستیيەكانی زیانی گەورەی لە كەرتی فڕۆكەوانی داوە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێریش بە هاوشێوەی زۆربەی فڕۆكەخانەكانی جیهان گەشتەكانی راگرت. ئێستا لەگەڵ ئاسایيبوونەوەی تا راددەیەكی دۆخەكە و كەمكردنەوەی رێكارە ئازاربەخشەكان بۆ ئەوەی هاوسەنگیيەك لەنێوان پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و سەلامەتی و بژێوی ژیان و ئابووری راگیرێت، بەنیازن گەشتە ئاسمانيیەكان لە دوای ٢٢ی تەمموز دەست پێ بكەنەوە. تەلار فایەق بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر، لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسى ئامادەكارییەكانی فڕۆكەخانە ده‌كات و، وه‌ڵامى چەند پرسێكی دیكەی پەیوەنديدار بە كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتكردن ده‌داته‌وه‌.

* ئاشكرایە دەسەڵاتی فڕۆكەوانيی مەدەنیی عێراقی قەدەغەی گەشتە ئاسمانیيەكانی لە فڕۆكەخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاكو ٢٢ ی تەمووز درێژكردەوە، بەڵام رەنگە لەم وادەیە بەدواوە تا رادەیەك لە ژێر رێوشوێنی تەندروستی، گەشتەكان وەكو زۆر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دەست پێ بكەنەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئێوە به‌ تەواوی ئامادەكاریتان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان؟
- بەڵێ، دەسەڵاتی فڕۆكەوانيی مەدەنیی عێراقی گەشتە ئاسمانيیەكانی تاكو ٢٢ ی تەمووز درێژكردەوە، ئەگەر لەدوای ئەو بەروارەش گەشتە ئاسمانییەكان درێژ بكرێتەوە، ئەوا بەتەئكید وەكو جاران نابێت و پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بۆ رێكارە تەندروستييەكان ئامادە بكەن كە دەگیرێتەبەر، بڕیاریشە دەسەڵاتی فڕۆكەوانيی عێراقی و شانەی قەیرانەكانی عێراق كۆببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی دۆخەكەو دەستپێكردنەوەی گەشتەكان. من لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە و پێشتیریش لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەم بەوە كرد، دەستپێكردنەوەی گەشتەكان دەبێت بە هاوشێوەی زۆر وڵات و لە ژێر رێنمایی و رێكاری تەندروستيی تونددا بێت، بەتایبەتی هەندێك وڵاتی وەكو توركیا و ئیمارات داوای بڕوانامەی تەندروستی دەكەن، ئێمەش وەكو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر ئامادەكاریمان كردووە، لە لایەکی دى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرقاڵى دیراسەتکردنى چۆنیەتی پێدانی ئەو بڕوانامە تەندروستیيە و بڕیارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەكانه‌.
• كەواتە هەندێك رێكاری گەشتكردن هەیە، پەیوەندی بە كەرتی فڕۆكەوانيی نێودەوڵەتییەوە هەیە، كە دەبێت لە سەرانسەری فڕۆكەخانەكانی عێراقدا جێبەجێی بكەن؟
- لەم قۆناغەدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەواوی جیهانی گرتۆتەوە و رێكاری توند گیراوەتە بەر و له‌ كەرتی گەشتكردنی ئاسمانیش بە هەمان شێوەی كەرتەكانی دیكەی گواستنەوە رێكاری توند گیراوەتەبەر و ئێمەش ناچارین و دەبێت جێبەجێیان بكەین، بەتایبەتی ئەو بڕیارە نێودەوڵەتیيانەی گەشتە ئاسمانیيەكان كە بە شێوەی كتوپڕو لەناكاو دەدرێت.
• ئایا لەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆكەوانيی مەدەنيی عێراقیدا دەیكەن، باسی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان و گیرخواردنی زۆر لە گەشتیاران دەكەن، كە لە زۆر وڵات بە هۆی راوەستانی گەشتەكانەوە گیریان خواردووە؟
- فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا لە بەردەم گەشتیاراندا راگیران، واتا ئەوانەی گیریان خواردبوو ئاسانكاریی باشیان بۆ كرا، تەنانەت گەشتە دیپلۆماسی و سەربازی و تایبەتەكان بەردەوام بوون، بۆ نموونە لە مانگی ئادارەوە (٤٤٦٦٦) گەشتیار لە رێگەی فڕۆكەخانەكانەوە هاتوونەتەوە هەرێمی كوردستان و لە هەرێمی كوردستانیش چوونەتە دەرەوە، بەشی زۆریشیان ئەو گەشتیارانە بوون كە لە وڵاتان گیریان خواردبوو. بۆیە من بەردەوام لە دانیشتن و گفتوگۆكانمدا باس لە گرتنەبەر ی رێكاری ئاسانكارییەكان دەكەم، بەڵام بەمەرجێك پابەندی رێنمایی و رێكارە تەندروستیيەكانیش بین.
• كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاری زیانی گەورەیان بەركەوتووە، ئایا ئەمە هۆكارێك نییە بۆ دووبارە هەڵگرتنی قەدەغەكردنی گەشتەكان بەتایبەتی بۆ هێنانی كاڵاو كەلوپەل و كەرەستەكان؟
-گەشتەكانی هێنانی كاڵاو كەلوپەل بە تەواوەتی رانەوەستاوە، لە مانگی ئادارەوە نزیكەی (٥٨٠٩) تۆن كەلوپەل هاتووەتە هەرێمی كوردستان و (١٧٠٠) فڕۆكەش زیاتر هاتوونەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر، بەڵام راگرتنی گەشتەكان بە شێوەیەكی گشتی و سستبوونی جووڵەی كەرتی فڕۆكەوانی لە جیهاندا ئەمە هۆكار بووە بۆ كەمبوونەوەی گەشتەكانی هێنانی كەلوپەل، ئومێدەوارم بە هاوشێوەی زۆر وڵاتانی جیهان گەشتەكانی فڕۆكەوانی لە ژێر رێكاری تەندروستی لە دوای ٢٢ى تەمووز دەست پێ بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم كەرتە زیاتر دوچاری زیان نەبێت و خەڵكێكی زۆریش زیانیان بەرنەكەوێت، بەتایبەتی كە كۆرۆنا درێژەی كێشا و تا ئێستا دۆزینەوەی ڤاكسین و دەرمان بۆ چارەسەركردنی دیارو روون نییە. ئەم واقیعە تاڵە لەلایەن بەرپرسانی پەیوەنديداری كەرتی فڕۆكەوانيی مەدەنییەوە ده‌ركی پێ كراوە، بۆ نموونە: لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا كۆی گەشتە ئاسمانيیەكان تەنیا (١١٠٤) گەشتی ئاسمانی بووە، لە كاتێكدا لەساڵی ٢٠١٩ تەنیا لە فڕۆكەخانەی نێودوڵەتيی هەولێرەوە (١٩٠٩٧٨٥) گەشتیار گەشتیان كردووە و لە سلێمانیش نزیكەی (٣٩٢) هەزار كەس گەشتیان كردووە.
Top