د.ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: • گۆڕانكارییەكانی ناو پۆستە ئەمنی و سەربازییەكان بەدڵی حەشدی شەعبی نییە و ململانێكانی نێوان كازمی و ئەو ه
July 11, 2020
دیمانەی تایبەت
د.ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، له دیدارێكيدا لهگهڵ گۆڤاری گوڵان، پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان و هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم و چهند پرسێكى ديكه و جێى بايهخى هاوكێشه سياسييهكانى كوردستان و ناوچهكه تاوتوێ دهكات.• سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو راستییە باش دەزانێت كە عێراق پێویستی بە پێشمەرگەیە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیریی ناوچە جێناكۆكەكانی ماددەی 140ی دەستووری
دیمانە: شەماڵ نوری
د.ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دوا گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وتی: "كورد لەسەر بنەمای – شەراكەتی راستەقینەو تەوازون و تەوافوق – بەشداریی لە عێراقی نوێ كردووە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت حزبە كوردستانیەكانیش دەخوازن، حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات و، عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و پێكەوەژیانی نێوان هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان بێت، بەداخەوە رۆئیای سیاسی و بۆچوونی زۆر لە حزبەكانی عێراق و تەنانەت سیاسەتمەدارەكانیان لەسەر بنەمای رۆئیایەكی مەركەزیی توندو سڕینەوەی بەرامبەر مامەڵە دەكەن، تەنانەت تێڕوانینی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كە بەردەوام گرفت و كێشەیان لەگەڵ هەرێمدا هەبووە و گەمارۆ و بڕینی بودجەیان جێبەجێ كردووە، بۆ بوونی ئەو زهنیيەت و عەقڵیيەتە مەركەزییە و تاكڕەوییە دەگەڕێتەوە، كە میراتی بۆ نوخبەی سیاسی لە رژێمی پێشووەوە ماوەتەوە، هەر بۆیە هیچ كاتێك عێراقی نوێ نەیتوانیوە وەكو دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و به بههاكانى پێكەوەژیان و لێبووردەیی مامەڵە بكات و پابەندی ماددەو بنەماكانی دەستوور بێت، ئەم گرفت و كێشەیە لە واقیعی سیاسيی عێراقدا رەنگی داوەتەوە. وە نەبێت تەنیا حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كێشەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كورد هەبێت، بەڵكو لە نێوخۆشیاندا لەسەر بنەمای هێزو سڕینەوەی یەكتر مامەڵە دەكەن، بۆیە حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەردەوام لەناو ململانێیەكی توندو خوێناویدان. ئەم پێشەكییە بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئێستای سیاسيی عێراق پێویستە بۆ ئەوەی ئێمە بزانین ئایا دەوڵەت و حكومەتێك لەسەر ئەو عەقڵيیەت و بنەمایە كار بكات، دەتوانێت هەنگاو بەرەو چارەسەری بنەڕەتيی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بنێت، هەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی و سەركردایەتيی كوردستانی بڕوایان بە چارەسەری ئاشتیيانە و لێكتێگەیشتن و گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا ههيه، بەڵام تا ئێستا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامی هەیە، ئەم واقیعە بەهۆی رووداوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاڵۆزتر بووە، كاتێك حكومەتی ئەو كاتی عێراق سوپای لەدژی هەرێمی كوردستان جوڵاند و كوردەكانی تەعریب و تەرحیل كردەوە لە ناوچە جێناكۆكەكانی ناسراو بە ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری، چەندین هاووڵاتيی كوردستانی شەهید بوون و ماڵەكانیان تەقێندرایەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هەرێمی كوردستان بڕوای بە چارەسەری ئاشتيیانە هەیە، ئەوەتا سەردانەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا نیيەتپاكی و ئامادەیی هەرێمی نیشان داوە، بۆ چارەسەری ئاشتیيانەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، هەر ئەمەش بوو، كه بووە هۆی دەستپێكردنەوەی دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەم دواییانەشدا بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان نزیكبوونەوەیەكی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغدا روویان داوه، چونكە ئەو هێرشانە كرایە سەر خاكی هەرێمێكی فیدڕاڵی كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتێكی فیدڕاڵیدایە و سەر بە عێراقێكی فیدڕاڵییە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا دەوڵەتێكی خاوەن سیادەیە و مافی خۆی هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە خاكەكەی، هەرچۆنێك بێت، راستە گفتوگۆ و دانیشتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە هۆی خۆپیشاندانەكان و دواتر بە هۆی كۆرۆناوە لەوادەی خۆی دواكەت و خاوێتی پێوە دیارە، بەڵام كاتێك سەیری دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوان وەزارەتەكان و سەكتەرەكان دهكهين، بەتایبەتی دوای زنجیرە سەردانەكانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو لەم دواییەشدا دیدارەكانی نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق كە بە ئاشكرا پێشكەوتنی پێوە دیار بوو، ئەمڕۆ هەماهەنگيی باش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە، چ لە رووی دەستێوەردان و لەشكركێشی سوپای توركیا بێت، یان لە رووی گەڕانەوەی پێشمەگەر بێت بۆ ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دروستبوونی هێزی هاوبەش و بازگەی هاوبەش و بەشداریكردن لە ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە داعش و تەنانەت گۆڕینەوەی زانیاريی ههواڵگرى و بەشداریكردن لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو راستییە باش دەزانێت كە عێراق پێویستی بە پێشمەرگەیە بۆ پاراستنی ئەمنیيەت و سەقامگیریی ناوچە جێناكۆكەكانی ماددەی 140ی دەستووری. بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا كە لە بواری ئەمنی و ئاسایشەوە كەلێنی گەورە لە عێراقدا هەیە. ئەوەتا لێدانی كاتیوشا بۆ باڵێۆزخانەی ئەمریكا دەستی پێ كردووەتەوە و لەناوخۆی بەغدا و شارە گەورەكاندا كوشتن و رفاندن و تیرۆر بە شێوەیەكی فراوان سەریهەڵداوەتەوە و، كازمی سوورە لەسەر جێبەجێكردن و كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە و هێشتنەوەی چەك بەدەستی دەوڵەت و كەمكردنەوەی هەژموونی میلیشیاتەكان، هەموو ئەمانە ئەوە دەخوازن كە پەیوەندییە سیاسییەكان روو لە باشی بكەن و زەمینە بۆ چەسپاندنی یاسا و هەیبەتی دەوڵەت خۆش بكات، هەرچەندە من پێم وانییە بەم نزیكانە دۆخەكە ئارام بێت، بەتایبەتی دوای ئەو زنجیرە گۆڕانكارییانەی لەناو پۆستە ئەمنی و سەربازییەكاندا كازمی ئەنجامی داوە و بەدڵی میلیشیاتەكان نییە. "
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، سەبارەت بە لەشكركێشیەكانی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و بۆچوونی پەرلەمانتارانی عێراق وتی: "لە بەیانەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا روون و ئاشكرایە كە دەخوازێت حكومەتی توركیا رێز لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان كە بەشێكە لە عێراق بگرێت، هەروەها دەخوازێت پەكەكە و توركیا شەڕەكانی خۆیان ببەنە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بە دیالۆگ و ئاشتی كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن. لەلایەكی دیكەوە پەرلەمانی عێراق و حكومەتی عێراق هەردووكیان بەیاننامەی ناڕەزایەتیيان دەركرد دژی لەشكركێشیيەكەی سوپای توركیا. بەشێوەیەكی گشتی هەماهەنگیی لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە رووی دەستووری و دەسەڵاتەكانی حەسرییەوە مەسەلەی سنوور پەیوەندیی بە حكومەتی فیدڕاڵیشەوە هەیە. ئەوەتا پاسەوانی سنوور كە پێكهاتوون لە خەڵكی كوردستان بەتایبەتی لە زاخۆ لە پارێزگای دهۆك، رۆڵی خۆیان هەیە و گەڕاونەتەوە بۆ جێگاكانی خۆیان، دوای ئەوەی لە شەڕی داعشدا ئەو جێگایانەیان چۆڵ كردبوو. سەركردایەتيی سیاسيی كوردستانیش زۆر بە وریایی و حەكیمانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ پرسی ململانێ سەربازی و سیاسییەكانی وڵاتانی دراوسێ دەكهن و دەخوازن بە رێگای دانوستاندن و سیاسی و دیپلۆماسی پرسی كوردان چارەسەر بكرێت، نەك لە رێگەی شەڕ و رێكارى سەربازییەوە، دواجاریش چەند شەڕ درێژە بكێشێت، لەئەنجامدا هەر دەبێت، هێزە شەڕكەرەكان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و كێشەكانی نێوانیان بە ئاشتی چارەسەر بكەن. "
د. ڤيان سهبرى له كۆتايى وتهكانيدا جهختى لهوه كردهوه كه "بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە پێشەوە و لێكتێگەیشتن له نێوانيان هەیە، بەتایبەتی لەسەر رادەستكردنی نەوت كە لە بودجەی 2019 هاتبووە پەسەندكردن، هەرچەندە عێراق بە هۆی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و لێكەوتەكانی قهیرانی ئابوورییەوە، خۆی دوچاری گرفت و كێشەی زۆر بووە، هەر بۆیە عێراق كار بە یاسای ئیدارەی دارایی دەكات، ئێستاش دوای پەسەندكردنی لە پەرلەمان بووەته خاوەنی یاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەوە كە دەبێت پشكی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە بێتە دەستنیشانكردن." ئهوهشى دووپات كردهوه كه "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی و نیيەتپاكيی خۆی نیشان داوە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان، بەتایبەتی كێشە داراییەكان كە دەبێت بەپێی بنەماكانی دەستوور بێتە چارەسەركردن و لایەنی بەرامبەریش دەبێت لەسەر هەمان بنەما لێگتێگەیشتنی هەبێت. "