زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گوڵان: بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دروستکردن و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھاووڵاتیان و چینی ھەژارانە

زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گوڵان: بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دروستکردن و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھاووڵاتیان و چینی ھەژارانە
ھاوبەشیی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی ناسراو بە PPP کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە چوارچێوەیەکی بۆ دیاریکراوە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن پەسەندکراوە. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گوڵان، ئاماژەی بەگرنگیی ئەم پرۆژەیە کردو تیشکی خستە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردن و سوودەکانی ئەو پرۆژەیە و رۆڵی حکومەت لە سەرخستنی پرۆژەکە، لێرەدا پوختەی قسەکانی دەخەینەروو.
دیمانە: شەماڵ نووری
سەرەتا زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆژەی ھاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت گوتی: "لەبەرئەوەی ھاوبەشیکردنی (کەرتی گشتی-کەرتی تایبەت) شێوازێکی نوێیە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە پوختەیەک دەربارەی ئەم پرۆژەیە بخەمە روو، ھاوبەشیی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت بریتییە لە گرێبەستێکی دوورمەودا لەنێوان لایەنێکی حکومی و لایەنێکی کەرتی تایبەت، بۆ دابینکردنی ژێرخان، یان خزمەتگوزاریی گشتی، کە لایەنی تایبەت بەشێکی بەرچاوی مەترسییەکان و بەرپرسیارێتییەکانی بەڕێوەبردن لەئەستۆ دەگرێت، ھەروەھا قەرەبووکردنەوە پەیوەستە بە ئەداوە.
بەپێی ئەم پێناسەیە ھاوبەشیی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت ژێرخان و خزمەتگوزاریی نوێ دابین دەکات، یان ئەوانەی ھەن بەکاردەھێنرێن".
زاگرۆس فەتاح سەبارەت بەسوودەکانی PPP پرۆژەی ھاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی گوتی: "بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە دروستکردن و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھاوڵاتیان و چینی ھەژاران لە چەند خاڵیکدا خۆی دەبینێتەوە، لەوانە.
١- رەخساندن و فەراھەمکردنی دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتیان بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی، لە کەرتی تایبەتدا.
٢- ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژیی گەورە لە ھەرێمی کوردستان کە دەبێتە ھۆی پێشخستنی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان.
٣- ھێنانەپێشەوەی سەرمایەداران و بەکارھێنانی سەرمایەکانیان بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، کە تێیدا ھەردوو لا (سەرمایەدار و ھاووڵاتی) سودمەند دەبن.
٤- دڵنیاییدان لەوەی کە پرۆژەخزمەتگوزارییەکان بە کوالێتییەکی بەرز و شێوازێکی تەواو و رێکوپێکتر دەگاتە ھاووڵاتیان.
سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەش بریکاری وەزارەتی پلاندانان رونکردنەوەی زیاتری دا وو لەو باەویەوە گوتی: "دەکرێت لە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەتدا، لایەنی کەرتی تایبەت تەنیا پارە لە خزمەتخوازان وەربگرێت، یان فەرمانگەیەکی حکومەت ھەندێک لە پارەکە دابین بکات. ھەندێک لە ئەرکەکانی پرۆژە دەخرێنە ئەستۆی لایەنی کەرتی تایبەت، وەک دیزاین، بونیاتنان، داراییکردن، بەکارخستن و پاراستن (ێیانە)، ئەمەش لە گرێبەستێکەوە بۆ گرێبەستێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام لە ھەموو کەیسەکاندا لایەنی کەرتی تایبەت بەرپرسیارە لە ئەدای پرۆژەکە و مەترسییەکان و بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردن لەئەستۆدەگرێت".

زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی حکومەت لە پرۆژەی PPPـ کرد، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە پرۆژەکانی ھاوبەشیی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زامنی رەوایەتی و دادوەری بکات و بەرژەوەندی گشتیی ھاووڵاتیان، بە تایبەت چینی کەم دەرامەت و ھەژاران بپارێزێت.
بۆ ئەو مەبەستەش گوتی: "ئەگەرچی لە پرۆژەی ھاوبەشی کەرتی گشتی- کەرتی تایبەت لایەنی کەرتی تایبەت خزمەتگوزاریی گشتی دابین دەکات، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسە و خەڵک لێپرسینەوە دەکات، بۆیە ئەرکی حکوومەتە چاودێرێکی جددی بێت و دڵنیایی ئەوە بکات کە پرۆژەکە بە ئاستێکی بەرز و بێ کێشە و کەموکووڕی بەڕێوەدەچیت، لە ھەمان کاتدا پاراستنی بەرژەوەندی و مافی ھەژاران ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەت دەبێت".
Top