نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بۆ گوڵان: گرفتی بەبازاڕكردنی بەروبوومی جووتیاران تەنیا لە رێگەی هەمەچەشنكردنی كشتوكاڵ و هاتنە پێشەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی

نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بۆ گوڵان:  گرفتی بەبازاڕكردنی بەروبوومی جووتیاران تەنیا لە رێگەی هەمەچەشنكردنی كشتوكاڵ و هاتنە پێشەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی
ساخنەكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران لە وەرزی بەرهەمدا یەكێكە لەو گرفتە گەورانەی كە نەك هەر هەڕەشە لە باروبژێوی جووتیاران دەكات، بەڵكو ئاستەنگیش لەبەردەم بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و ئابووری دادەنێت، دابەزینی له‌ رادەبەدەری نرخی تەماتە لە چەند رۆژی رابردوودا نموونەیەكی بەرچاوی ئەم بوارەیە، هەرچەندە پارێزگاری هەولێرو سلێمانی و دهۆك وەكو هەنگاوێكی خێرا چەند رێوشوێنێكی بەپەلەیان گرتۆتەبەر وەكو هاندانی خێرخوازەكان بۆ كڕینەوەی بەرهەمی تەماتە، بۆ نموونە شێخ باز بڕیاری داوە رۆژانە45 تۆن تەماتە بۆ ماوەی شەش رۆژ بكڕێتەوە، هەروەها بڕیاردرا كارئاسانی بۆ هاتنی بازرگانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت. بۆ قسەكردن لەسەر رێوشوێنە ئابوورییەكان و دانانی بەرنامەو پلانی تۆكمەی كشتوكاڵی و ئابووری بۆ ئەوەی هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا ئەم گرفتە سەرهەڵنەدانەوە، گفتوگۆیەكمان لەگەڵ نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان سازدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
دیمانە : شەماڵ نوری


سەرەتا نەوزاد شێخ كامیل سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد:‌ "لە كارنامەی كابینەی نۆیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە دەبێت چیتر پشت بە تەنیا یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت و، روو لە فرەچەشنكردنی داهات لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بكرێت. هەڵبەتە فرەچەشنكردنی كەرتی كشتوكاڵیش مەبەست لێی یەك بەروبوومی كشتوكاڵی نییە، رەنگە ئالێرەدا ئەمە هۆكاری سەرەكيی گرفتەكە بێت، بەوەی جووتیارانی كوردستان كەمتر خۆیان لەو بەروبوومە كشتوكاڵیيانە داوە، كە نرخەكەی لە بازاڕدا گرانە و زیاتر روویان لە یەك بەروبووم كردووە و، لە نەبوونی بەڕاد و ساردكەرەوەدا بەناچاری لەیەك مانگی وەرزێكدا هەموو ئەو بەروبوومەی جووتیاران وەكو بەروبوومی تەماتە دەڕژێتە بازاڕەكانەوە، لەلایەكی دیكەشەوە ژێرخانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانرێت سوود لە بەرهەمی زیادەی ناوخۆ وەربگرین، بۆ نموونە وەزارەتی كشتوكاڵ نەیتوانیوە كارگەكانی پیشەسازیی خۆراك لە هەرێمدا بەگەڕبخاتەوە." سەبارەت بە رێگاچارەسەرەی ساخنەكردنەوەی بەروبوومی جووتیارانيش سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان وتی: "بۆ بووژانەوەی ژێرخانی كەرتی كشتوكاڵ پێویستیمان بەوە هەیە روو لە هاتنە پێشەوەی كەرتی تایبەت و گەورە كۆمپانیاكان بكەین، لەهەموو وڵاتانی پێشكەوتوودا ئەوەی كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازیی خۆراكی دەبووژێنێتەوە، گەورە كۆمپانیاكانی كشتوكاڵییە كە خاوەنی دامەزراوەیەكی فراوان و گەورەن و هەموو بوارەكانی ساخكردنەوەی بەروبوومەكانی جووتیاران و بە پیشەسازیكردنی خۆراكی و كشتوكاڵی لەخۆ دەگرێت و، بگرە بەشێكی گرنگیان هەیە بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان و رێكلامكردن بۆی ، هاوكات چارەسەری ئەم گرفتە ناكرێت بە موزایەدەو كۆنگرەی رۆژنامەوانی و قسەی ئۆپۆزسیۆن و سیاسەتمەدارەكان، بەڵكو چارەسەری گرفتی ساخكردنەوەی بەروبوومی جووتیاران ئەركی وەزارەتی كشتوكاڵ و كەرتی تایبەت و نوێنەری جووتیارانە ، حكومەت ژێرخانی بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵی و بەرنامەو پلانی كورتخایەن و درێژخایەن دادەڕێژێت و، هانی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت دەدات و، نوێنەرانی جووتیارانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە پسپۆڕییەكانی كشتوكاڵی كار بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتيی بەرهەمەكان و دابەشكردنی ناوچە جوگرافیاكان دەكات بۆ هەمەچەشنكردنی كشتوكاڵ. "
سەرۆكی لقی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان سەبارەت بە گرنگيی كەرتی كشتوكاڵ بۆ ئابووری و بەدەستهێنانی هەلی كارو داهات وتی: "ئەم كێشەیەی ساخكردنەوەی بەروبوومی تەماتە لەزۆر بەرهەمی دیكەی وەكو گەنم و چۆ و پەتاتەو شوتی و بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵی بوونی هەیە، ناكرێت ئێمە لەلایەك هانی جووتیاران بدەین بۆ زیادكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و لەلایەكی دیكەوە مشوری بەبازاڕكردنەكەی نەخۆین ، كاتی ئەوە هاتووە چەند كارگەیەكی پیشەسازیی خۆراكی لەهەرێمی كوردستان دروست بكرێت، ئەو هەرێمەی لە حەفتاكان و هەشتاكاندا بە سەبەتەی خۆراكی هەموو پارێزگاكانی عێراق دادەنرا، گەڕانەوەی ئەم دەستكەوتە ئابوورییە كە لەلایەك بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار گرنگە و لەلایەكی دیكەوە پارەو داهاتێكی زۆری هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ كڕینی ئەو بەرهەمانە ناچێتە وڵاتانی دەرەوە، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراكی و ئەگەری نانبڕین و گەمارۆی ئابووری زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە كۆرۆنا هەڕەشەیە بۆ تەندروستی و ئابووری و خۆراكی جیهانی، وڵاتانی پێشكەوتوو زیاتر لە جاران گرنگی بەكەرتی كشتوكاڵ دەدەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لەسەرچاوەی هێنانی خۆراكەكەوە نرخەكانی بەهۆی كۆرۆناو ئاستەنگەكانی لێكەوتەكانی لەسەر بازرگانی و گواستنەوە گران نەبێت، هەربۆیە نابێت جووتیارانی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە كەرتی كشتوكاڵ و خۆراكی سارد بكەینەوە، هەموو پێكەوە مشوری ئەو توێژە فراوانە بخۆین و ئابووری و كشتوكاڵەكەشمان ببووژێنینەوە و، سوود وەرگرین لە ئەزموونە پێشكەوتووەكانی هیچ نەبێت وڵاتانی ناوچەكە، ئەوەتا وڵاتەكانی كەنداو كە بە بیابان ناسراوە، وەكو سعودییەو قەتەر و ئیمارات گەورەترین هەناردەكاری شیرەمەنی و بەرهەمە كشتوكاڵیيەكانن، تەنانەت هەنگوین و گۆشت و شیر و شیرەمەنییەكان لەو وڵاتە بیابانەوە دێت، لەلای خۆشمان نرخەكانی زۆر لەبەرهەمە خۆراكییەكان گرانن، وەكو بەرهەمەكانی گۆشت و شیرەمەنی و هەنگوین و ماسی و دەیان بەرهەمی دیكە كە لە وڵاتانی دراوسێوە بۆمان دێت. بەمشێوەیە لە رۆژانی رابردوودا راگەیاندن رۆڵێكی باشی بینی بۆ ئەوەی پارێزگارەكان لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارەكاندا دابنیشن و بەدوای رێگا چارەسەرە خێراكاندا بگەڕێن، بەڵام بۆ چارەسەری بنەڕەتی و درێژخایەن پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ بەرنامەو پیلانی روون و دیاری هەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و ژوورەكانی بازرگانی هەنگاوی كردارەكی بۆ بنێن. "
Top