عوسمان ئۆجەلان بەرپرسی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: *پەكەكەو توركیاش باش دەزانن شەڕكردن لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان شەڕێكی ناڕەوایە
July 6, 2020
دیمانەی تایبەت
عوسمان ئۆجەلان بەرپرسی پێشووی پەكەكە پێشتر لەچەند دیدارێكیدا لەگۆڤاری گوڵان پێشبينيى مەترسيی لەشكركێشی حكومەتی توركیای بۆ سەر باشووری كوردستان كردووهو، جهختى لهوهش كردووهتهوه كه سیاسەتە هەڵەكانی پەكەكە وادەكات توركیا پاساوی لەشكركێشی بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان ههبێت و، زیانی گەورە لە خەڵكەكەی بدات. عوسمان ئۆجەلان لەم دیدارەشیدا باسى مەترسی و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە دەكات و، رايوایە نابێت پەكەكە هەمان هەڵەی باكوورو رۆژئاوا لە باشووری كوردستانیش دووبارە بكاتەوەو، پاوانخوازيی دەسەڵاتی توركیا لێرەش فراوان بكات، بەتایبەتی دوای نزیكبوونەوەی كوردانی رۆژئاوا و رێككەوتنەكەی نێوان پەیەدەو ئەنەكەسە، رژێمی توركیا بە توندی دژی ئەم نزیكبوونەوەیە بووه، هەربۆیە بەرپرسی پێشووی پەكەكە داوا دەكات، حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەست بە مەترسی و هەستیاريی بارودۆخەكە بكەن، پێداگرييش لهسهر ئهوه دهكات كه تەنیا بە یەكگرتوویی دەتوانن رووبەڕووی هەموو ئەو پيلانانە ببنەوە كە دژ بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرێت.*پێویستە عێراق وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سیادەو ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان له دژى داگيركاريى توركيا بەدەنگ بێت
دیمانە : شەماڵ نوری
عوسمان ئۆجەلان بەرپرسی پێشووی پەكەكە، لهم گفتوگۆيهيدا لهگهڵ گوڵان، سهرهتا باسى لەشكركێشيی سوپای توركیا و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی لەگەڵ پەكەكە لە باشوری كوردستان دهكات و دهڵێت: "دوای رێككەوتنەكەی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە توركیا مەترسی لا دروست بوو، چونكە هیچ كاتێك هێزی داگیركەری كورد لە بەرژەوەندیدا نییە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور و پارچەكانی دیكەی كوردستان یەكگرتوو بن، كاتێكیش پەكەكە كاروچالاكییە سەربازییەكانی لە قەندیلەوە دژی توركیا ئەنجام دەدات، ئەمە ئەو مەترسییە بوو كە چەندین جار ئاماژەم پێ كردووە، بەوەی نابێت پەكەكە پاساو و بيانوو به دهست توركیا و سوپاكەیهوه بدات، كه هێرش بكەنە سەر ئەم هەرێمەی كوردستان، كە جێگای ئومێدی هەموو كوردەكانی هەر چوار پارچەكەی كوردستانە، هەرچۆنێك بێت سوپای توركیا بە چەك و جبەخانەو فڕۆكە و رۆكێتی پێشكەوتووەوە هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هێناوه، ئاشكراشە پەكەكە لە رووی سەربازییەوە لە توانایدا نابێت رێگا لە بەردەم ئەم پاوانخوازی و داگیركارییە لەناوچە سنوورییەكان بگرێت، هەر ئەم هۆكارانەی هەڵەی پەكەكە بوو، كه واى كرد عەفرین و كۆبانێ وێران بێت و بكەوێتە ژێر زەبرو هێزی سوپای توریكایەوە و كوردەكان زۆر شوێنی دیكەش لەدەست بدەن، لەكاتێكدا دەبووایە توركیا و پەكەكە ئەو شەڕە لەسەر خاكی خۆیان بكەن، چونكە پەكەكە و توركیاش باش دەزانن شەڕكردن لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان شەڕێكی رەوا و دروست نییە و پێویستە عێراقیش وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سیادە و ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بەدەنگ بێت ، چونكە لەشكركێشی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان زیانگەیاندنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و تێكدانی باروگوزەرانی خەڵكی سڤيل و دەستدرێژیشە بۆ سەر خاكی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و پێویستە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە مەحكووم بكرێت.
عوسمان ئۆجهلان ئهوهشى دووپات كردهوه كه "عێراق وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سیادە پێويسته كار بۆ دروستكردنی هەڵوێستێكی توندى نێودەوڵەتی بكات، چونكە هێرشكردنە سەر ناوچەیەكی فراوانی خاكی هەرێمی كوردستان لە هەفتەنین و ناوچەیەكی فراوانی زاخۆ جێگای مەترسییە و تەنیا خەڵكی باژێری كوردستان تێیدا زیانمەند نابێت، بەڵكو داگیركارییەكی خاكی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیشە، بەردەواميی ئەم شەڕەش لەبەرژەوەنديی كورددا نییە و بەشێكی خاكی كوردستان داگیردەكرێت و ژیان و باروگوزەرانی گوندنشینەكان تێك دەچێت و ناسەقامگیریی و نائارامی دروست دەبێت و دۆخێكی نادروستی لێ دەكەوێتەوە. "
سەبارەت بە یەكدەنگی و یەكگرتوویی حزب و لایەن سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و حزبەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان عوسمان ئۆجەلان بەرپرسی پێشووی پەكەكە وتی: "هەروەكو چۆن چارەسەری تەواوەتی و یەكلاكەرەوەی كێشەی كورد لە توركیا بە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتییە لەنێوان كورد و دەوڵەتی توركیادا، هەرواش گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان بە یەكگرتوویی و یەكدەنگییەوە بەهێز دەبن، ئەم یەكگرتوویی و یەكدەنگییە لەلایەن دوژمنانی كوردەوە زۆر لێی دەترسن و هەزارو یەك حيسابی بۆ دەكەن، ئەوەتا دوای رێككەوتنەكەی نێوان هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا لەنێوان ئەنەكەسەو پەیەدە سوپای توركیا ترسی لێ نيشت و، ئەم شەڕەی بە بیانووی بوونی پەكەكە لە باشووری كوردستان و كردەوە چەكدارییەكانیان بەرپا كرد، هەربۆیە داواكارم لە هێزە كوردییەكان و حزب و لایەنە سیاسییەكان بەرنامەی تۆكمە و بەهێزیان بۆ یەكگرتوویی و ئاشتيی نێوانیان هەبێت، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارو پڕ لەمەترسییە، كە تادێت لەشكری توركیا دەسەڵات و نفووزی لەسەر بەشێكی گەورەو گرنگی خاكی هەرێمی كوردستان دەسەپێنێت و، تا دێت گوندنشینەكان و خەڵكی سڤيل زیانی گیانی و مادديی گەورەیان بەردەكەوێت. "