دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك بۆ گوڵان: داوا دەكەین توركیا و پەكەكە لە رێگەی گفتوگۆ كێشەكانی خۆیان لەناو خاكی خۆیان چارەسەر بكەن و زیان بە خەڵكی سڤيلی ئێمە نەگەیەنن

دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك بۆ گوڵان:  داوا دەكەین توركیا و پەكەكە لە رێگەی گفتوگۆ كێشەكانی خۆیان لەناو خاكی خۆیان چارەسەر بكەن و زیان بە خەڵكی سڤيلی ئێمە نەگەیەنن
دوای ئەوەی دكتۆر عەلی تەتەر بووە 12 یەمین پارێزگاری دهۆك، ئه‌گەرچی لەكات و ساتێكی هەستیارو لەگەڵ بوونی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی بووە پارێزگاری دهۆك، بەڵام پارێزگاری نوێ بەرنامە و پلانی خۆی هەیە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی دهۆك. لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك باسی بەرنامە و پلانی خۆی دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و جێبەجێكردنی چاكسازی، هاوكات داوا لە حكومەتی توركیا و پەكەكە ده‌كات كە شەڕوپێكدادانەكانیان ببەنە دەرەوەی سنووری پارێزگاكەیان، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەشكركێشی توركیا سنوورەكانی ئەو پارێزگایەی بەزاندووە و بۆردومانەكانی فڕۆكەكانیان قوربانی و زیانی دارایی زۆری بە هاووڵاتیانی دهۆك گەیاندووە. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
دیمانە : شەماڵ نوری
سەرەتا دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان وتی: "ئه‌گەرچی بارودۆخی پارێزگای دهۆك لە بواری كۆرۆنادا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و بەراورد بە پارێزگاكانی دیكە و وڵاتانی ناوچەكە لە رووی ژمارەی تووشبووان و قوربانیيەكانەوە باشترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كۆرۆنا مەترسی نییە و بێگومان هەڕەشەیەكی جددییە بۆ سەر ژیان و باروگوزەرانی خەڵكی، هەربۆیە لە بەرنامەو پلانی من دایە زیاتر كار بۆ نەهێشتنی ئەو خاڵە لاوازانە بكەم كە مەترسيی پەتاكە بۆ سەر هاووڵاتیانی پارێزگاكە زیاتر دەكات، ئاشكرایە گرنگترین خاڵە لاوازەكان سنوورەكانی پارێزگاكەیە لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەردا ، هەربۆیە ئێمە لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنەكاندا لە دوو دانیشتندا بەئامادەبوونی قایمقامەكان بڕیاری ئەوەمان داوە ئیجرائاتی تەندروستی و خۆپارێزی كۆنتڕۆڵی زیاتر بكەین لەگەڵ خاڵە سنوورییەكان بەتایبەتی لەدەروازەكان بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لەپارێزگاكانی دیكەی عێراق و پارێزگاكانی دیكەی كوردستان داخڵی پارێزگاكە دەبن كاروباری پشكنینی و چاودێری چڕیان بۆ بكەین، لەناوخۆی پارێزگاكەشدا لەرووی تەندروستی و پابەندبوون بە خۆپارێزی توندوتۆڵتر دەكەین، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كەمێك ئاسانكاریی بۆ كاسبكاران و خەڵكی دهۆكیش بكەین، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەماوەی ئەم چوار مانگەدا زیانمەند بوون".


گەڕانەوەی هەیبەت بۆ دادگاو یاساو پاڵپشتیكردنی جێبەجێكردنی یاسا خاڵێكی دیكەی گرنگی كارەكانی دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك دەبێت، لەمبارەیەوە وتی : "خەڵكی دهۆك و پارێزگاكە بەگشتی خەڵكانێك بوون پابەندی یاسا بوون، سروشتی خەڵكەكەش هەروا بووە پابەندبوون بە رێنمایی و راسپاردەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو یاسایانەی لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە. بێگومان یاسای چاكسازیش هەر لەبەرژەوەندی گشتی دایە و چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەش لەرێگەی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێت ، هەرچی لەسەر شانی ئێمە بێت و لەچوارچێوەی یاسادا بێت جێبەجێ دەكەین و مومكین نییە رێگا بدەین هیچ بەرپرسێك لە پارێزگاكەدا پۆست و پلەوپایە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت ، یاسا بۆ هەمووانە و لەپێش دا بۆ من و برای من و كەسوكاری من و دواتر بۆ هەمووان، هەربۆیە هەر بڕیارو رێنماییەك دەربچێت و ببێتە هۆی كەمكردنەوەی سەرپێچی و كەموكورتییەكان و بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی پارێزگاكەم گرنگ بێت ئینشائەڵا كەمتەرخەمی ناكەم و بەپاڵپشتی خەڵكی دهۆك هەموو ئەو یاسایانە بەدادپەروەرانە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەكەین".
دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك سەبارەت بە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگاكەو ئەو شەڕو پێكدادانانەی نێوان سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكەدا لەناوچەكەدا بەرپابووە، وتی: "جێگای داخە لە ئاكامی شەڕو پێكدادانە بەردەوامەكانی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا هاووڵاتیانی كوردستان و خەڵكی پارێزگای دهۆك بوونەتە قوربانی و شەهید و ماڵوێرانی زۆری لێكەوتۆتەوە، ئەوەتا لەشەڕەكانی ئەم دواییەدا چەندین هاووڵاتی سڤيل شەهید بوون و ماڵ و حاڵی گوندنشینەكان كاول بوون و چەندین گوند لە ترسی شەڕەكان چۆڵ كراون، ئەمە لەكاتێكدا ژمارەیەكی یەكجار گوندی پارێزگاكەمان بەهۆی بوونی پەكەكەوە ئاوەدان نەكرانەوە و خەڵكە رەسەنەكەی زیانی گەورەیان لێكەوتوو بەردەوام داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندارەكان دەكەن گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوەو ئارامی و ئاسایشیان بپارێزرێت، لەكاتێكدا زۆربەی خەڵكی ئەو ناوچانەی كە ئێستا شەڕو پێكدادانی تێدا روودەدات، یان بەهۆی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، خەڵكانێكی نیشتمانپەروەرو دڵسۆز بوون و رۆڵی جوامێرانەیان لە شۆڕشەكانی كوردستان هەبووە و ناكرێت خەڵكانێكی وا كوردپەروەرو تێكۆشەر ببنە قوربانی شەڕێكی كاولكار، لە بری ئەوەی لە ساڵی 1991 ـەوە گوندەكانیان ئاوەدان بكرێنەوە، كەچی بوونە زیانمەندی راستەقینە. شەڕو ململانێی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان لەرووی یاساو عورفە نێودەوڵەتییەكانەوە جێگای قبووڵ نییە و تەنانەت لە رووی كوردایەتیشەوە زیانگه‌ياندن بەم خەڵكە دڵسۆزە دوورە لە ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، ئومێدمان زۆرە ئەم كێشەیە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، چونكە هیچ كێشەیەك بێ چارەسەری سیاسی هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە، بۆیە ئێمە داوا دەكەین لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ توركیا و پەكەكە كێشەكانی خۆیان لەناو خاكی خۆیان چارەسەر بكەن و زیان بە خەڵكی سڤيلی ئێمە نەگەیەنن و هەرێمی كوردستان چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە بگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و پاپیرانیان و كارو كەسابەتی خۆیان بكەن ".
لە كۆتاییدا دكتۆر عەلی تەتەر داوای لەخەڵكی دهۆك كرد كە هەروەكو چۆن پێشتر هاوكار بوون و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بە حكومەتی خۆیان داناوە، هەرواش هاوكار بن و پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی بن و خۆپارێزی بكەن و پێكەوە دهۆك و پارێزگاكە ئارام و خۆشگوزەران بكەن، وتيشى: "دۆخەكە هەستیارە لە رووی كۆرۆنا و لێكەوتەكانییەوەو پێویستی بە كاری دەستەجەمعی و هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر ئەم نەخۆشی و بەڵایەدا زاڵ بین، بە هاوشێوەی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانی دنیا تا ئەو كاتەی ڤاكسین و چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، بتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین".
Top