جۆشۆ لاندیز بۆ گوڵان:گەورەترین گۆڕانكاری دوای رژێمی ئەسەد ئەوەیە سوریا دەوڵەتێكی مەركەزی نەبێت ئەمەش لەبەرژەوەندیی كوردەكاندا دەبێت

جۆشۆ لاندیز بۆ گوڵان:گەورەترین گۆڕانكاری دوای رژێمی ئەسەد ئەوەیە سوریا دەوڵەتێكی مەركەزی نەبێت ئەمەش لەبەرژەوەندیی كوردەكاندا دەبێت
پرۆفیسۆر جۆشۆ لاندیز ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی ئۆكلاهۆما و تایبەتمەندە لە مێژووی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و شرۆڤەوانە لەسەر باردۆخی سوریا و رۆژانە لەو بوارەدا كۆمێنتی تایبەتیی خۆی هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر باردۆخی ئێستای سوریا و بەردەوامی ئەو كۆمەڵكوژییەی رژێمی ئەسەد دروستی كردووە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفسیۆر جۆشۆ لاندیز كردو بەم جۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* چۆن بارودۆخی ئێستای سوریا دەخوێننەوە، بە تایبەتی كە ڕاگەیاندنی وێنەی كۆمەڵكوژیەكان دەگوازێتەوە، واتە هەموو كەسێك لە جیهاندا شایەتحاڵی ئەو كوشتارەیە، بەڵام بۆچی تا ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی واقیعیەوە بێدەنگە؟
- ئەوان بێدەنگ نین، بێگومان دەستێوەردان ناكەن، بەڵام بێدەنگیش نین. ئایا پرسیارەكەی ئێوە ئەوەیە بۆچی دەستێوەردان ناكەن.
* بەڵێ بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوەڵی ڕێگە بەم كوشتارە دەدات؟
- ئەمەریكا دەستێوەردانی كرد لە عێراقدا، بەڵام بۆ ماوەی دە ساڵ كوشتار بەردەوام بوو ئێستاش بەردەوامە، بۆ نموونە نزیكەی هەموو ڕۆژێك ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو دەتەقێتەوە، هەروەها من باوەڕم وانییە ئەمریكا چارەسەرێكی هەبێت بۆ سوریا، بە داخەوە ئەوەی ئەسەد دەیكات گۆڕینی سوریایە بۆ زۆنگاوێك.
* هەوڵەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پتر ئاڵۆزكردنی كێشەكەیە نەك چارەسەركردنی، بە چەشنێك ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی قوربانییەكان زیاد دەكات و ئەسەدیش زیاتر دەستی واڵادەبێت بۆ كوشتنی گەلەكەی، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سنورێك بۆ ئەسەد دانانرێت؟
- پێم وایە هیچ لایەك بایەخێكی ڕاستەقینە بە سوریا نادات، سوریا وڵاتێكی زۆر گرنگ نییە بۆ ئەمەریكا، ئەمەریكا بازرگانی دەرەكی لەگەڵ ئەم وڵاتەدا نییە و بەرژەوەندیی لەم وڵاتەدا نییە، تەنیا لە پێوەندیدا بە ئیسرائیلەوە نەبێت، سعودیە خوازیاری گۆڕینی ڕژێمی سوریایە لە ڕژێمێكی عەلەوییەوە بۆ ڕژێمێكی سوننە، ئەمەریكاش هەمان خواستی بۆ سوریا هەیە، ئەویش لەبەر ئێران، بەڵام دەستێوەردان ناكات، لەبەر ئەوەی بەلایەوە زۆر گرنگ نییە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە یارمەتی ئۆپۆزسیۆن دەدات، بەڵام بە ئەندازەیەكی زۆر نا.
* ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە هەردوو باڵی سەربازییەوە كە لە ناوەوەی وڵاتەكەدان و باڵی سیاسی كە لە دەرەوەی وڵاتدان، ناتوانن بارودۆخەكە بەلایەكدا بخەن، پرسیارەكە ئەوەیە لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان ناكات بۆچی یارمەتی ئۆپۆزسیۆن نادات تاوەكو بتوانێت بارودۆخەكە یەكلابكاتەوە؟
- مەسەلەكە بەو سادەییە نییە، ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەك لایەن نییە، بەڵكو لە گرووپی میلیشایی جیاواز پێكهاتووە، كێشەكەش ئەوەیە تۆ دەبێت گرووپێك دەستنیشان بكەیت بۆ ئەوەی یارمەتی بدەیت، لە كاتێكدا ئەمەریكاش ناتوانێت گرووپێك هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی هاوكاری بكات، لەبەر ئەوەی ڕوون نیە چ لایەنێك براوە دەبێت. ئایا بە یەكسانی هاوكاریی هەموویان بكات، یاخود یارمەتی ئەو گرووپە بدات كە موسڵمان نییە، نازانرێت، لەبەر ئەوە زەحمەتە بۆ ئەمەریكا بزانێت پشتیوانی چ گرووپێك دەكات، لەبەر ئەوەی چەندین گرووپی میلیشیای جیاواز هەن، لەلایەكی دیكەوە ڕژێمی ئەسەد هەوڵی پشتیوانیكردنی ئەو كەسانە دەدات كە دڵسۆزن بۆی، هەوڵی پاڵپشتیكردنی میلیشیا جیاوازەكان دەدات، واتە تاكە گرووپێك لە ئارادا نییە و ئەسەد ڕێزی ئۆپۆزسیۆن تێكدەدات و دابەشی دەكات، ئەمەش پەشۆكاوییەكی دروست كردووە، زەحمەتە بۆ هێزێكی دەرەكی بزانێت كێ دەبێتە لایەنی براوە لە سوریادا.
* ئێستا چەند شارێكی كوردی لە سوریا بە دەست كوردەكانەوەیە، بەڵام هێشتا ئەم شارانە هەڕەشەیان لەسەرە، ئایا بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیر لەوە ناكاتەوە ئەم شارانە بكاتە ناوچەیەكی ئارام وەك ئەوەی لە نەوەتەكاندا لە ناوچە كوردییەكانی عێراقدا كردی؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دروستكردنی ناوچەی ئارام پێویستی بە تێكشكاندنی هێزی ئاسمانی سوریا هەیە، كاتێكیش ئەم هێزە لە ناو دەبەیت ئەوا دەبێتە بەرپرسیار لە بارودۆخی سوریا، لە كاتێكدا كێشەكە ئەوەیە ئەمەریكا نایەوێت ئەم بەرپرسیارێتیە بگرێتە ئەستۆ.
* زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد ناوچەكە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا دێت، بە تایبەتی پێشبینی گۆڕانكاری دەكرێت لە جیوپۆلەتیكی ناوچەكەدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو گۆڕانكارییانە چین كە لە دوای ڕووخانی ئەم ڕژێمەوە دەكەونەوە؟
- پێم وایە گەورەترین گۆڕانكاری بریتی دەبێت لەوەی سوریا حكومەتێكی مەركەزی بەهێزی نەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی كوردەكاندا دەبێت، لەبەر ئەوەی بە چەشنی ڕابردوو حكومەتێكی مەركەزی بەهێز لە دەسەڵاتدا نابێت. لە هەمان كاتدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی سوریا زۆر لاواز و هەژار بێت، هەروەها زەحمەت دەبێت بۆ كوردەكان بتوانن نەخشەی سوریا بگۆڕن، لەبەر ئەوەی ئەوان كەمینەن، ئەگەرچی كەمینەیەكن لە ناوچەیەكی دیاریكراودا چڕبوونەتەوە، ناوچەی جەزیرە، لە قامیشلۆ و دەوروبەریدا، واتە ئەوان زۆرینە نین، بەڵكو تەنیا لە سەدا 13 بۆ 14ی دانیشتوانی وڵاتەكە دەبن، واتە عەرەبەكان بەرهەڵستی هەر هەوڵێكی كوردەكان دەكەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە كوردستانی گەورە، بە پێچەوانەی كوردەكانی عێراقەوە كە دەتوانن بە ئاسانی لە عێراق جیاببنەوە، لەبەر ئەوەی عەرەبێكی كەم لە باكووردا دەژین، ئەوا زەحمەتە كوردەكانی سوریا هەنگاوێكی لەم شێوەیە بنێن. بەڵام ئەو دەرئەنجامەی زۆرترین ئەگەری ڕوودانی هەیە، ئەوەیە سوریا ببێتە زۆنگاوێك، پشێوی باڵی بەسەردا بكێشێت، كە ئێستا ئەسەد ئەوەندەی پێی دەكرێت هانی پشێوی دەدات، واتە هەوڵی لاوازكردنی عەرەبی سوننە دەدات و ئەوەندەی لە توانایدا بێت مێلیشیا دروست بكات، چونكە ئێستا سوپای سوریا بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە مێلیشایەكی عەلەوی، كەچی هێشتا بەهێزترین مێلیشایە لە سوریا، بەڵام ئەسەد نایەوێت عەرەبی سوننە لە سوپایەكدا یەك بگرن، لەبەر ئەوە چەك بە كوردەكان و بە كەمینەكانی دیكە دەدات بۆ ئەوەی سوریا بە چەشنی لوبنانی هەشتاكان دابەش بێت، هەروەها بە چەشنی عێراق پێش ئەوەی مالیكی دەسەڵات بگرێتەدەست.
* تا چەند لە كێشەی سوریادا جەمسەربەندی ئیقلیمی دروست بووە، واتە تا چەند توركیا و سعودیە و ئێران كێشەكانی خۆیان لە سوریادا یەكلایی دەكەنەوە؟
- ئەوە ڕاستە ئێران هاوكاریی ڕژێمەكەی ئەسەد دەكات لە دژی سوننە، كە بە داخەوە ئەمە بۆتە ململانێی نێوان شیعە و سوننە لە ناو سوریادا، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی سوریایەكی زۆر لاواز لە ئایندەدا بێتەئاراوە،كە چەندین هێزی دەرەكی دەستێوەردانیان دەبێت، وەك ئەوەی لە لوبناندا هەبووە. بێگومان سعودیە پێی وایە ئەمە دەرفەتێكە بۆ زیانگەیاندن بە ئێران و بە دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا، هەروەها بۆ هاوكاریكردنی سوننەی عێراق بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر لە شیعەی عێراق بسەننەوە، ئەویش بۆ سنورداركردنی دەستڕۆیشتویی ئێران. هەروەها ئەم ململانێیە بۆ عێراقیش دەپەڕێتەوە، كە ئێستا ئێمە ئەوە دەبینین، لەبەر ئەوەی سعودیە هەوڵدەدات سوریا وەك هێزێك لە دژی شیعەی عێراق بەكار بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی سوننەی عێراق بۆ ئەوەی داواكاری زیاتریان هەبێت لە حكومەتەكەی مالیكی، كە دەبینین ژمارەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان زیادی كردووە و ڕێكخراوی ئەل قاعیدە كەوتۆتەوە جوڵە و هەست دەكات بەهێزتربووە.
Top