بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ (گوڵان): گوزەرانی مامۆستایانی گوندە دوورەكان دەدەین باشتر و گرنگیی تەواویش بە باخچەی ساوایان دەدەین

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بۆ (گوڵان): گوزەرانی مامۆستایانی گوندە دوورەكان دەدەین باشتر و گرنگیی تەواویش بە باخچەی ساوایان دەدەین
لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر (2137)قوتابخانە و (522490) قوتابی و (32474) مامۆستا هەیە، دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن بۆ ئەم ژمارە زۆرە هەر لە دروستكردنی قوتابخانەو باخچەی ساوایان تا چارەسەركردنی كێشەی میلاكات و گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندن كارێكی ئاسان نییە، لەكاتێكدا سیستەمی نوێی پەروەردە پێویستی بەگۆڕانكاری و ریفۆرمی بەردەوامە تاوەكو بتوانرێت ئامانج و مەبەستەكانی خۆی بهێنێتەدی و لەبەرژەوەندی قوتابی و بەرزكردنەوەی توانای مەعریفییان تەواو بێت، گرفت و كێشەكانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرو ئەو بەرنامەو پلانانەی بۆ چارەسەركردنی دانراوە تەوەرەی چاوپێكەوتنی گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ بەكر كەریم حەسەن بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، كە لێرەدا پوختەی قسەكانی لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاودەكەینەوە.
هەوڵ دەدەین سێ دەوامی لەقوتابخانەكاندا نەمێنێت
سیستەمی تازەی پەروەردە
سەرەتا سەبارەت سیستەمی تازەی پەروەردە و ئەو گۆڕانكاری و ریفۆرمانەی تێدا كرا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر وتی: لە كۆنگرەیەكی پەروەردەیی كە لە ساڵی 2007دا ئەنجامدرا سیستەمی پەروەردەیی گۆڕانكاری ریشەیی بەسەرداهاتووە، كە زۆربەی هەرە زۆری بڕگەو بابەتەكانی ئەم سیستەمە نوێیە لە پێناو بەرژەوەندی قوتابیاندایە، چونكە هەر قوتابیش دەرئەنجامی پڕۆسەی پەروەردەییە، بەڵام پێویستە بەبەردەوامی وردەكاری سیستەمەكە بۆ قوتابیان شی بكرێتەوە لەڕێگای سەرپەرشتیارانی بنەڕەتی و ئامادەیی و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكان، لەلایەكی ترەوە بەو پێیەی قوتابخانە یەكێكە لە بنەماكانی پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن و زۆرێك لە بینایەی قوتابخانەكان لەسەر شێوازی كۆنن، هەربۆیە لەم چەند ساڵەی دواییدا بینایەی قوتابخانەكان بەدیزاینی نوێ و مۆدێرن دروست دەكرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ سیستەمە تازەكەدا بگونجێت، دیزاینەكانی قوتابخانەكان پێكهاتووە لە یاریگای وەرزشی تارتانی تۆپی پێی و یاریگای تۆپی باسكە و بالە و هۆڵی كۆبوونەوەكان وچالاكی و ژووری فراوان و تاقیگەكانی كیمیا و فیزیا و زیندەوەرزانی و هەر بینایەك لەوانە جێگای ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیان دەبێتەوەو بەئاسوودەیش دەتوانن ڕۆژانە بە گروپ گروپ بەپێی سیستەمەكە مومارەسەی خوێندن و پەروەردەبن و ئەو بینایانە (18 و 24 و 27)پۆلین. لەم رووەوە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان چەندین قوتابخانە دروست كراوە و بەردەوامیش لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە هاوكاریمان كراوە بەتایبەتی بۆ دروست كردنی كابینە بۆ قوتابخانە بەتایبەتی بۆ گوندەكان.
دوو دەوامی و سێ دەوامی لەقوتابخانەكان
سەبارەت بەوەی چۆن سێ دەوامی و دوو دەوامی قوتابخانەكان چارەسەردەكەن بەكر كەریم وتی: سێ دەوامی یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی پەروەردە كە (26) قوتابخانەی سێ دەوامی هەیە بەپێی پلانێك و بەهاوكاری راستەوخۆی جەنابی وەزیری پەروەردە و پارێزگای هەولێر پاڵپشتیمان دەكرێ و هەوڵ دەدەین لەم ساڵەدا سێ دەوامی نەمێنێت یا زۆر كەم دەبێتەوە هەر بۆ نموونە بۆ نەمانی سێ دەوامی قوتابخانەكانی لە گەڕەكی باداوە و بەحركە و دارەتوو و بنەسڵاوەو كەسنەزان هەیە ئێستا دەستكراوە بە دروستكردنی ژووری زیاد لە هەندێك لە قوتابخانەكان و دروستكردنی كابینە و نۆژەنكردنەوەی چەند قوتابخانەیەك.
لەمبارەیەوە دەكرێت باس لەكەرتی تایبەت بكەین و كاتی ئەوە هاتووە كە هەوڵ بدرێت ئەم كەرتە رۆڵی لەدروستكردنی قوتابخانە هەبێت، چونكە لە زۆرێك لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی لە وڵاتی توركیای دراوسێ كەرتی تایبەت رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە دروست كردنی بینایەی قوتابخانە كەهاوكاری حكومەت دەكەن بەتایبەتی كەدەبینین دیاردەی سێ دەوامی هەیە لەو كاتانەدا دروست كردنی قوتابخانە كاریگەری خۆی هەیە لەگەڵ دەست خۆشیمان بۆ ئەو بەرێزانەی كە چەند قوتابخانەیەكیان دروست كردووە.
كێشەی میلاكات و كەمی مامۆستا
سەبارەت بە كەمی میلاكات بەتایبەتی وانە زانستیەكان بەكر كەریم وتی: كەمی میلاكات لە قوتابخانەكان كێشەیەكە كە پەروەردەكان پێوەی دەناڵێنن بەتایبەتی لە بابەتە زانستیەكان، لەدامەزراندنی ئەمساڵیش هەر چەندە ژمارەی تەرخان كراو بۆ پەروەردەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە ئاست داواكاری پەروەردەكان نییە، بەڵام ئەو پسپۆڕیانەی داواكراوە كە پەروەردەكان پێویستیانە. هەروەها لەلایەكی ترەوە لە گوندەكان كێشەی كەمی مامۆستامان هەیە، بەڵام ئەمساڵ لەسەر داواكاری ئێمە و بەپاڵپشتی وەزیری پەروەردە كە زۆر هاوكارمانە نمرە بۆ گوندە دوورەكان دانراوە ئەوانەی داوای پەروەردە دوورەكان دەكەن (10)نمرەیان دەدرێتێ كە دەبێتە هەلی زیاتر بۆ دامەزراندنیان و پەروەردەكانی تریش تا نزیكتر نمرەی كەمتری بۆ دانراوە، هەروەها پشتگیری ئەو كەسانەش دەكەین كە دانیشتووی سنوورەكانی خۆیانن بۆ دامەزراندن تا هەلی باشتریان بۆ بڕەخسێ بەتایبەتی لەلایەن وەزیرەی پەروەردەوە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ باشتركردنی گوزەرانی مامۆستایانی گوندە زۆر دوورەكان. سەبارەت بە ڕاهێنان و مەشقی مامۆستایان و ماوەی خولەكان ئێستاكە لە ئامادەیی مەشق بەبەردەوامی خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان دەكرێتەوە بەتایبەتی ساڵانە خولی شیاندن بۆ مامۆستایانی دەرچووی كۆلێژەكان جگە لە كۆلێژی پەروەردەو بنیات هەیە و لەكاتی خولەكاندا لەگەڵ وەزیری پەروەردە سەردانی هۆڵەكانی مەشق و ڕاهێنانمان كردووە كە ژمارەیان (735)مامۆستا بوو لە (15)هۆبەدا و لەماوەی چوار رۆژدا وانەیەكی پەروەردەیم بۆ هەر 15 هۆبە گوتەوە، چونكە ئەم مامۆستایە بەڕێزانە لەسەرەتای ساڵی دامەزراندنیان بوو و پێویست بوو لە نزیكەوە تاوتوێ زۆر بابەتیان بۆ بكرێت. هەروەها خولی كارگێڕی بۆ بەڕێوەبەرو یاریدەدەركانی ئەمساڵ لە هەندێ پەروەردە كراونەتەوە لەوانی تریش لەم چەند رۆژەی دوایی دەكرێتەوە، بەپێی بەرنامەیەك داوامانكردووە بۆ سەرجەم پەروەردەكان خولی كارگێری بۆ بەڕێوەبەرو یاریدەدەرەكان بكرێتەوە و ناوەناوەش خولی پسپۆڕی دەكرێتەوە. هەروەها بەبەردەوام ژمارەی مامۆستا و قوتابیان بەرەو زیادبوون دەچێت.
پرۆگرامی خوێندن
لەتەوەرەیەكی تردا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندن وتی: پڕۆگرامی خوێندن بەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتی تاڕادەیەكی زۆر قورس و چڕن و قەبارەی پەڕتووكەكانیش گەورەن لەوانەیە ئاستەم بێت بۆ قوتابی ڕۆژانە ئەم پەڕتووكانە دەباتە قوتابخانە.
باخچەی ساوایان
سەبارەت بەو گلەیی و گازاندە لەسەر كەمی باخچەی ساوایان هەیە بەتایبەتی لە قەزا و ناحیەكاندا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر وتی: باخچەی ساوایان زۆر پێویستە و دەبێت گرنگی تەواوی پێ بدرێت، چونكە سەرەتایەكی گرنگە بۆ پەروەردەكردنی منداڵ پێش ئەوەی بێتە قوتابخانەی بنەڕەتی، لەمبارەشەوە من شەخسی زۆر هەوڵمداوە، هەر بۆ نموونە كە پێشتر بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات بووم لە ساڵی 2006تەنیا یەك باخچەی ساوایان لەم قەزایە هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011كردمانە 14باخچەی ساوایان و بگرە لە گوندەكانی (جەرگە زەوی و سفەییە و قەرەقاجین و سەرجەم كۆمەڵگاكانیش) باخچەی ساوایانمان كردەوە، كە زۆر سوودی هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و بەهەمان شێوەی قوتابخانەكان گرنگی تەواو بۆ باخچەی ساوایان دادەنێین و هەوڵدەدەین پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكەین.
گوێگرتن لە گرفت و داواكارییەكان
سەبارەت بە كارو ئیش و چالاكیەكانیان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر وتی: كارو چالاكیەكانمان لەم چوار مانگەی دەست بەكاربوونمان بەپێی پلانێكە لەوچوارچێوەیەشدا سەردانی سەرجەم پەروەردەكانم كردووە كۆڕو كۆبوونەوەم لەگەڵ سەرجەم بەرێوەبەرانی قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەیی و سەرپەرشتیارانی بنەڕەتی و ئامادەیی ئەنجام داوە كە خۆی لە (16)كۆڕو كۆبووە دەبینێتەو كە زیاتر لە (2000)دوو هەزار مامۆستا بەشداربوون، لەسنوری هەر پەروەدەیەك بەجیا ئەو كۆڕ و كۆبوونەوانەمان ئەنجامداوە و بەبەردەوامی كۆبوونەوەی بەڕێوەبەران و سەرپەرشتیاران و باخچەی ساوایان و قوتابخانە نموونەیی و ئەهلییەكان ئەنجام دەدەین، مەبەست لەم كۆبوونەوانەی دوایی و ئەوانی تریش زیاتر بۆ گوێگرتنە لەسەرەنج و داواكاری و گرفت و كێشەكانیان تاوەكو بۆ سەرەتای ساڵ بەبەرنامەیەكی تۆكمە بچینە ناو ساڵی نوێ خوێندن كە رۆژانە كۆبوونەوەی بچوك بچووك بۆ نزیكەی (20تا30)بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیار ئامادە دەكەین، هەروەها لە تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاییەكانی نۆ و دوازدە (224) قوتابخانەمان هەبوو لە تێكڕای هەر 10 پەروەردەدا بەدواداچوونمان لەسەر كێشەو گرفتەكانیان كردووە و قوتابیە یەكەمەكانی پارێزگای هەولێرمان لە پۆلی 12 كە(30)قوتابی بەهرەمەند بوون خەڵاتكردووە و خۆشبەختانە ئەم ساڵ لە قوتابییە یەكەمەكانی ئاستی هەرێم (14)قوتابیان لە پارێزگای هەولێربوون لەبەشی زانستی.
دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری
سەبارەت بەدابەزاندانی دەسەڵاتی ئیداری بۆ بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەكان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر وتی: دابەزاندنی دەسەڵاتە ئیداریەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكان یەكێكە لە بەرنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی حەوتەم و جەنابی وەزیری پەروەردە دەسەڵاتەكانی دابەزاندووە و پشتگیری دابەزاندییان دەكات و بەردەوامیش بەدواداچوونیان بۆ دەكات.
دەرچوانی پۆلی 12
سەبارەت بە رێژەی دەرچوانی پۆڵی 12 لەسنووری پارێزگای هەولێر بەكر كەریم وتی: رێژەی دەرچوانی ئەمساڵی پۆلی دوانزەهەمی ئامادەیی لە ساڵی ڕابردوو زیاتر بوو بەهەردوو بەشی زانستی و وێژەیی.
لیژنەی رێكخستنی میلاكات
لەكۆتایدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر وتی: ئەمساڵ كەلوپەلێكی زۆر بۆ قوتابخانەكان كڕاوەو لە ڕێگای لیژنەیەكی تایبەتەوە بەسەر پەروەردەكان دابەشكراوە تا ئەوانیش بەسەر قوتابخانەكانی دابەش بكەن، ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ چارەسەر كردووین، هەروەها لە هەر پەروەردەیەك داوامان كردووە لیژنەی رێكخستنی میلاك دابنرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەوە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ بكرێت، بۆ دۆزینەوەی ئەو كێشەو گرفتەكانەی كە لەئیش و كارەكاندا هەیە و دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆیان و ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانە ئەمساڵ دروست دەكرێن، ئەمەش كێشەیەكی گەورە چارەسەر دەكات، ئەمساڵ دەست دەكرێت بە دروستكردنی بینایە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرو دروستكردنی كۆگای پەروەردەیی، چونكە ئەو بینایەی ئێستاكە جێگایان زۆر قەرەباڵغ و كاركردن تێیدا زۆر زەحمەتە.
ئومێد دەكەین كە سەرەتای ساڵی نوێ خوێندنی 2012 - 2013هەوڵ و توانای هەموو لایەك بخەینەگەڕوو بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە پارێزگای هەولێر بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی وەزیری پەروەردە و كەسانی دڵسۆزو خەمخۆرانی بواری پەروەردە لە هەولێر.
Top