بوڵنت كێناش سەرنووسەری تودەی زەمان بۆ (گوڵان):توركیا و هەرێمی كوردستان بەرامبەر رەوشی سوریا نیگەرانن و پێویستەهەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت

بوڵنت كێناش سەرنووسەری تودەی زەمان بۆ (گوڵان):توركیا و هەرێمی كوردستان بەرامبەر رەوشی سوریا نیگەرانن و پێویستەهەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت
پرۆفیسۆر بوڵنت كێناش ئەكادیمی و رۆژنامەنووسە و ئێستا سەرنووسەری رۆژنامەی توودەی زەمانی توركی چاپی ئینگلیزییە، یەكێكە لەو رۆژنامەنووسە دیارانەی كە شارەزایە لەسەر پرسی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی توركیاو عێراقیش. بۆ قسەكردن لەسەر سەردانی ئەم دواییەی داود ئۆغڵۆ بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە هاوبەشەكانی، هەروەها بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی سیاسی ناوچەكە، پێوەندیمان بە بوڵنت كێناش كردوو لە وتووێژێكی تایبەت دا بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا، بەڕێز داود ئۆغڵۆ بۆ هەرێمی كوردستان نیشانەی پەیوەندی باش و دۆستانە و هاوكاری نێوان هەردوولایە، ئێوە چۆن ئەم سەردانەی بەڕێز ئۆغڵۆ بۆ لای بارزانی لە هەولێر دەخوێننەوە؟
- ئەمە یەكەم سەردانی بەڕێز ئۆغڵۆ نییە بۆ هەولێر، چونكە ئەوەندەی من لە بیرمە چەند ساڵێك پێش ئێستا سەردانی هەولێر و هەروەها موسڵی كرد كە پارێزگایەكی عێراقیە، ئەویش گرنگ بوو لەبەر ئەوەی یەكەم سەردان بوو لەو ئاستەدا، كە دوای ئەو سەردانە كونسوڵی گشتی كۆماری توركیا لە هەولێر كرایەوە و گەشتی ئاسمانی نێوان ئیستانبوڵ و هەولێر دەستی پێكرد، كەواتە ئەمە یەكەم هاتنی وەزیری دەرەوەی توركیا بەڕێز ئۆغڵۆ نییە، بەڵام هاتنی بەڕێزی گرنگی خۆی هەیە، بە ڕەوچاكردنی بەهاری عەرەبی و پەرەسەندنەكانی سوریا ئەوا نیگەرانیەكی زۆر هەیە لە ناوچەكەدا و كوردستانی عێراق و توركیاش زۆر نیگەرانن لە ئاست پەرەسەندنەكانی سوریا، واتە بەرژەوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا لێكتر نزیك بوون، بە تایبەتی دوای پێكهێنانی پارتی یەكێتی دیموكراتی «پەیەدە» لەلایەن پەكەكەوە لە باكووری سوریا، كە ئەمە نیگەرانیەكی زۆری بۆ توركیا دروست كردووە.
* بەڵام مەترسی ئەوە هەیە دوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد، سوریا بكەوێتە ناو بازنەی شەڕی ناوخۆو توندوتیژییەوە، ئایا چۆن ئەكرێ ئامادەكاری بكرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری سوریا دوای رووخانی ئەو رژێمەو، ئایا توركیا تاچەند نیگەرانە لەمبارەیەوە؟
- تۆ ئاماژەت بە شەڕی ناوخۆ كرد، من پێم وایە حاڵی حازر ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات شەڕی ناوخۆیە و بگرە چەند مانگێكە دەستی پێكردووە، لەبەر ئەوەی هێزەكانی ئەسەد هێزی نیزامی دەوڵەت نین، بەڵكو بناغەیەكی تائیفی و كۆمەڵایەتیان هەیە و سەر بە كەمینەی عەلەوین، واتە شەڕی نێوان هێزەكانی ئەسەد و هێزەكانی موعارەزە سروشتێكی ئاینی و ئیتنی هەیە. بێگومان مەترسیەكی گەورە هەیە كە ئەم شەڕە ناوخۆییە دوای كەوتنی دەسەڵاتی ئەسەدیش بەردەوام بێت، ئەمەش جێی داخە. لەلایەكی دیكەوە ڕژێمی ئەسەد نیازی باشی نییە و پلان بۆ ڕۆژگاری دوای ئەسەدیش دادەنێت، بۆ ئەوەی دوای رووخانی خۆشی سوریا سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش مەترسیەكی گەورەیە لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتە لە داهاتوودا، لەبەر ئەوە دەبێت توركیا و هەرێمی كوردستان هاوكاری یەكتر بكەن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی سوریا و كاركردن بۆ ئەوەی هەموو هاوڵاتیانی سوریا بە بێ جیاوازی، بە بێ ڕەچاوگرتنی خەلفیەتی ئیتنی و تائیفی پشتیوانی لە فرەیی و دیموكراسی و ئازادی بكەن لە سوریادا دوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئەسەد، بەڵام یەكێك لە هەڕەشە گەورەكان ئەوەیە سوریا زەمینە بۆ ئەوە خۆش دەكات پەكەكە بوونی هەبێت لە باكوری سوریادا. لەبەر ئەوەی لە بەرژەوەندی بارزانی و توركیایە ڕێگە بە پێكهاتنی قەوارەی ئیتنی و تائیفی نەدەن، لەبەر ئەوە دەبێت سیاسەتی ئەنقەرە و بەغدا و هەولێر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سوریا بێت لە ڕێی دەستەبەركردنی هەموو ماف و ئازادییە دیموكراتیەكان و ڕەنگە ئۆتۆنۆمیش بێت بۆ هەموو گروپەكانی وڵاتەكە.
* ئێمە دەزانین هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و توركیا هەڵوێستێكی هاوبەشە لە ئاست بارودۆخی سوریادا، بەڵام حكومەتی عێراق پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد دەكات، ئەم جیاوازییە لە هەڵوێستەكاندا بۆتە هۆی ئەوەی حكومەتی عێراق فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان، كە دەبینین گرژی سیاسی لە نێوان مالیكی و بارزانیدا هەیە و بەم دواییە نزیك بوو ڕووبەڕبوونەوەی سەربازی ڕووبدات لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، هەروەها كاتێك بەڕێز ئۆغڵۆ ویستی سەردانی هەرێم بكات بەغدا زیاتر فشاری دروست كرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر حكومەتی عێراق هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان بكات توركیا چۆن مامەڵە دەكات و ئایا تاچەند سەقامگیری هەرێم بەلای توركیاوە گرنگە؟
- لەبەر ئەوەی لە عێراقدا هەرێمی كوردستان نزیكترین دراوسێی توركیایە ئەوا سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی هەرێم گرنگە بۆ توركیا. هەروەها ئێمە دەزانین دابەشبوونی گەورە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا، ئەویش لەسەر داهاتی سەرچاوە سروشتیەكانی وەك نەوت و غاز، هەروەها كێشەی ئیداریشیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین حكومەتەكەی مالیكی سیاسەتێكی تائیفی پیادە دەكات و هەوڵدەدات گروپی سوننەكانیش تاوانبار بكەن، واتە بە نەفەسێكی تائیفیەوە هەوڵدەدات سیاسەتی عێراق بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و لەم سیاسەتەشدا ئێران پشتیوانی دەكات، كە هەر لە بەسراوە تاوەكو ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە ژێر نفوزی ئێراندایە، هەربۆیە ئەوەندەی من بتوانم شیكردنەوە بۆ بارودۆخەكە بكەم، ئەوا توركیا پشتیوانی حكومەتەكەی بارزانی دەكات لە حاڵەتی هەر هێرشێكدا كەلەلایەن حكومەتی مالیكی لە بەغداوە بكرێتە سەری، ئێمە دەزانین پێش سەردانەكەی بەڕێز ئۆغڵۆ بۆ هەولێر و كەركوك، ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی ئەل عێراقیە سەردانی ئەنقەرەی كرد، لەبەر ئەوە سەردانەكەی ئۆغڵۆ بۆ هەولێر بە دوور نەبوو لە گرژییەكانی نێوان توركیا و بەغدا.. لەبەر ئەوەی دابەشبوونێكی گەورە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها ئەنقەرە و بەغدا، پێم وانییە بتوانرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم كەلێنە پڕبكرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەم زووانە مالیكی واز لە سیاسەتی تائیفی خۆی ناهێنێت لەبەر ئەوەی هەست دەكات حكومەتی ئێران بەردەوامە لە پشتیوانیكردن لە حكومەتە تائیفیەكەی.
* پەیوەندییەكی ئابووری و بارزگانی باش هەیە لە نێوان توركیا و كوردستاندا، بە تایبەتی كە ئێستا كوردستان نەوت هەناردەی توركیا دەكات، واتە پەیوەندییەكان بەهێزتر بوونە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕادەیەك ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی توركیا پشتگیری هەرێمی كوردستان بكات لە حاڵەتی هەر ناكۆكیەك لەگەڵ بەغدا یان هەر دەوڵەتێكی دیكە؟
- واقیعەكە ئەوەیە تەنها ناوچەیەكی عێراق كە توركیا پەیوەندی باشی هەبێت لەگەڵیدا باكووری عێراقە، كە پەیوەندییەكی باشە و پەیوەندی ئابووری و بازرگانییە، ...كە پێم وایە ئەو پەیوەندیانە لە داهاتوودا زیاتر بەرەوپێش دەچن، یەكێك لە هەڕەشەكانی سەر ئەم پەیوەندیانە فشاری بەغدایە لەسەر حكومەتەكەی بارزانی، پەیوەندی ئابووری لە نێوان توركیا و باكووری عێراقدا هەیە، هەروەها پەیوەندیی كەلتوری و ڕۆشنبیریش هەیە، بۆ نموونە چەندین قوتابخانە و زانكۆی توركی لە كوردستاندا هەن، بەڵام تاوەكو پەكەكە بوونی هەبێت لە باكووری عێراقدا و تاوەكو بەغدا فشار لەسەر ئیدارەی بارزانی بكات، ئەوا ئەم پەیوەندیانە لە دۆخێكدا دەبن كە پارێزراو نابن، لەبەر ئەوەی ئەو هەڕەشانە ڕێگا نادەن سەقامگیرییەكی درێژخایەن دروست بێت، لەبەر ئەوە دەبێت پەیوەندی توركیا و هەرێمی كوردستان بەرفراوان بێت نەك تەنها بۆ بایەخدان بە كێشەی سوریا، بەڵكو بۆ نەهێشتنی هەموو مەترسیەكانی نێوان هەردوو لا، واتا ئەمە شتێكی زۆر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییانە پەیوەندی درێژخایەن و بەردەوام بن.
* دوا وتەت چیە؟
- وەك هاووڵاتیەكی توركیا هیوادارام ئاشتی و ئاسایش باڵ بەسەر هەموو ناوچەكەدا بكێشێت، نەك هەر تەنها توركیا، بەڵكو ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ هێنانەدی سەقامگیری دەبێت سەركردەی ئەم وڵاتانە لە ئاست خواست و پێشبینیەكانی خەڵكەكەیاندا بن، واتە دەست بە چاكسازی دیموكراتی و بە دەستەبەركردنی ئازادیەكان بكەن لە سەرجەم دەوڵەتەكانی ناوچەكەدا، بە دڵنیاییەوە یەكێك لەو دەوڵەتانەش توركیایە، واتە دەبێتە خەڵكی سەرجەم ناوچەكە كار بۆ بەرەپێشبردنی دیموكراسی بكەن.
Top