نزار جەنابی بۆ گوڵان:ئێستا عێراق بە دەوڵەتێكی فاشیل لەقەڵەم دەدرێت مالیكی هەشت ساڵە حكومڕانە و هاووڵاتیانی دووچاری نائومێدیەكی گەورە كردووە

نزار جەنابی بۆ گوڵان:ئێستا عێراق بە دەوڵەتێكی فاشیل لەقەڵەم دەدرێت مالیكی هەشت ساڵە حكومڕانە و هاووڵاتیانی دووچاری نائومێدیەكی گەورە كردووە
نزار جەنابی یەكێكە لەتۆژەرەكانی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیك و تایبەتمەندە لەسەر پرسی عێراق و لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی بەرگری عێراق لە ساڵانی 2004- 2006، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی ئێستای عێراق و بارودۆخی ناوچەكە و سوریا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نزار جەنابی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەكاتێكدا گۆڕانكاری لەسوریادا ڕوودەدات ئەوا پێوەندی ئاڵۆزی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە دۆخی سەربازی و بەرامبەر یەك وەستان لەدژی یەكتر، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەكاتێكدا دۆخی سوریا بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت، ئایا ئەم پێوەندیەی نێوان بەغدا و هەرێم چ كاریگەریەكی خراپی لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت؟
- من پێموانییە بگاتە دۆخی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ڕەنگە ئەمە تەنیا گرتنەبەری پێگە و دۆخێكی تایبەت بێت، بەڵام ئێستا كاتی ئەوە نییە سەنگەر لەیەكتر بگرین، بەڵكو كاتی ئەوەیە هەردوولا پشتیوانی خەڵكی سوریا بكەن كە لەوڵاتەكە هەڵدێن، كاتی ئەوەیە نیشتەجێیان بكەن و خواردنیان بۆ دابین بكەن و دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن لەسەر سنوورەكان و خۆیان لەو جۆرە جوڵانەوانە لابدەن كە ڕەنگە ببنەهۆی دووبارە دروستبوونی شەڕ لەنێو عێراقدا.
* لەپێوەندیدا بەدۆخی سوریاوە، وڵاتانی دراوسێی عێراق-جگە لەئێران- خوازیارن ڕژێمی ئەسەد بڕووخێت، هەروەها هەرێمی كوردستانیش هاوهەڵوێستە بۆ ئەوەی خەڵكی سوریا لەم بارودۆخە ڕزگار بێت، بەڵام حكومەتی عێراق پشتیوانی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد دەكات، ئایا تا چەند ئەم هەڵوێستەی عێراق كاریگەری هەیە لەسەر قوربانیەكانی سوریا؟
- نەك تەنیا كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر قوربانیەكانی سوریا، بەڵكو كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پێوەندی عێراق بەهەر ڕژێمێكەوە كە لەداهاتوودا دەسەڵات بگرێتەدەست لەسوریا، چونكە ئەو كاتە وەك پشتیوانی ڕژێمی پێشووی سوریا لەعێراق دەڕوانرێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی عێراقدا نابێت، بەداخەوە سیاسییەكانی ئێمە پێیانوایە پێوەندیەكانی ئێستای عێراق لەگەڵ ئێراندا لەپێوەندیەكانی داهاتووی عێراق لەگەڵ سوریا گرنگترە.
* توركیا وەك سوپەر پاوەرێكی ئیقلیمی پشتیوانی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی هاوكار بێت لەهێنانەدی گۆڕانكاری لەسوریادا، هەروەك دەبینین كە وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەلایەكی دیكەوە بەغدا فشاری سەربازی دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاڵۆزكردنی پێوەندیەكانی بەغدا و ئەنقەرە؟
- پێوەندی عێراق لەگەڵ نزیكەی سەرجەم دەوڵەتە دراوسێكاندا پێوەندیگەلێكی باش نین، حكومەتی ئێستای عێراق كاری پێویستی نەكردووە و تێڕوانینی نەبووە بۆ ئەوەی ئەو پێوەندیانە بەرەوپێش ببات، كاتێك ئەم حكومەتە دەسەڵاتی گرتەدەست پێوەندی عێراق لەگەڵ توركیادا لەدۆخێكی زۆر باشدابوو، هەروەها پێوەندیەكانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكانی دیكەی عەرەبدا بەرەوپێش دەچوو، بەڵام ئێستا دەبینین دووبارە عێراق بەرەو گۆشەگیری دەچێت، ئەویش بەهۆی سیاسەتەكانی و هەروەها بەهۆی هەڵوێستی لەئاست ڕژێمی سوریادا، چوار ساڵ پێش ئێستا حكومەتی عێراق سكاڵای ئەوەی دەكرد كە ڕژێمی سوریا چەكداری بیانی دەنارد بۆ ناو عێراق، ئێستاش دەڵێن ئێمە بەهۆی ناسنامەی تائیفی ڕژێمەكەوە پشتگیری دەكەین و ئەمەش شێوازێكی باش نییە بۆ بیركردنەوە و كاركردن لەبواری سیاسەتی دەرەوەدا.
* ئەگەر ئەم سیاسەتە هەڵەیە دووبارە عێراق بەرەو دیكتاتۆریەت بەرێتەوە، ئایا تا چ ڕاددەیەك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە دراوسێكان ڕێگەی دەدەن ئەمە ڕووبدات؟
- ئەگەری ئەوە نییە دەوڵەتە دراوسێكان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بكەن و تەنانەت ئەگەری ئەوە نییە هیچ لایەك لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردانی زۆرملێیانە لەو پرۆسەیەدا بكەن، بەڵام دەوڵەتە دراوسێكان دەست دەكەن بەهاوكاری كردنی ئەو هێزانەی لەبری ئەوان كاردەكەن - هەروەك ئێستا ئەو كارە دەكەن-، بەمەش عێراق سەقامگیری بەخۆوە نابینێت، لەكاتێكدا پێویستە عێراق سەقامگیر بێت، لەئێستادا عێراق بەیەكێك لەدەوڵەتە شكستخواردووەكان دادەنرێت و خەڵكی عێراق لەئێش و ئازاردان و نزیكەی هەشت ساڵە ئەم حكومەتە لەدەسەڵاتدایە بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی بەدەستهێنابێت. چونكە تەنیا بایەخ بە بەرەوپێشبردنی ئەجێندای پارتەكەیان یان بەرژەوەندی شەخسی خۆیان دەدەن، بەڵام هاووڵاتیانی عێراق هیچ بەرەوپێشچوونێك بەدی ناكەن لە خزمەتگوزاریەكان و لەئاستی ژیان و گوزەرانیان و ئەمەش مایەی نائومێدیەكی گەورەیە.
* ئایا تا چ ڕاددەیەك حكومەتی عێراق پاڵپشتی ئەسەد دەكات لەكاتێكدا ئەسەد گۆمی خوێنی لەو وڵاتەدا هەستاندووە؟
- هیچ ڕێگایەك نییە كەس و لایەنێك بتوانێت پشتیوانی ڕژێمەكەی ئەسەد بكات، لەبەر ئەوەی لەڕووخاندایە، ئەوەش واقیعەكە و پێویستە خەڵكی بیر لەدۆخی دوای ئەسەد و بنیاتنانی پێوەندی لەگەڵ سوریای نوێ بكەنەوە كە سوریایەكی بێ ئەسەد دەبێت.
* ئەوە ئاشكرایە كە چەند شارێكی كوردی ڕزگاركراون، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە دەبێتە هۆی كوردەكانی ئەو وڵاتە بەمافی خۆیان بگەن و تا چ ڕاددەیەك كاریگەری لەسەر كوردەكانی سوریا و توركیا دەبێت؟
- من دەزانم كوردەكانی سوریا دەستیان بەخۆڕێكخستنەوە كردووە و هەست بەڕزگاربوون لەفشاری سەركوتكاری ڕژێمی سوریا دەكەن و ئەمەش مایەی ئیعجابە. بەدڵنیاییەوە هەموو كەس خۆشحاڵە بەڕزگاربوونی هەر كەسێك لەدەستی ڕژێمی سوریا، شارە كوردیەكانی سوریا و هەموو شارەكانی دیكەش بەم زووانە لەدەستی ڕژێمی سوریا ڕزگاریان دەبێت، ئەوەی پێوەندی بەكاریگەری ئەم دۆخەوە هەبێت لەسەر كوردەكانی عێراق و كوردەكانی توركیا، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو كوردێك خۆشحاڵ دەبێت لەبەر ئەوەی ئەوانیش بەهەمان شێوە كوردن و ئێستا كاتی ئەوە هاتووە هاوكاریان بكەن و پاڵپشتیان بكەن بۆ ئەوەی شارەكانیان بنیات بنێنەوە، ئەمەش ئەركی كوردەكانە ئیتر لەهەرێمی كوردستان بێت یان لەتوركیا.
Top