شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە (سەرۆكی ئەنجومەنی سەحوەی عێراق) بۆ گوڵان: دەستپێشخەرییەكەی فەخامەتی سەرۆك بارزانی نەبوایە لایەنە عێراقیەكان نەیاندەتوانی پێكەوە كۆببنەوە

شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە (سەرۆكی ئەنجومەنی سەحوەی عێراق) بۆ گوڵان: دەستپێشخەرییەكەی فەخامەتی سەرۆك بارزانی نەبوایە لایەنە عێراقیەكان نەیاندەتوانی پێكەوە كۆببنەوە
شێخ ئەحمەد ئەبوریشە برای شێخ ستار ئەبو ریشەیە، لەساڵی 2008 و دوای سەركەوتنی هێزەكانی سەحوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە و دوای ئەوەی سەرۆك بوش سەردانی ئەنباری كرد بەبۆنەی ئەو سەركەوتنانەوە لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە تیرۆركرا، دوای ئەو شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە برای بووە سەرۆكی ئەنجومەنی سەحوەی عێراق، بنەماڵەی شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆكی هۆزی(ئەبو ریشە)ی عەرەبی سوننەن لە پارێزگای ئەنبار و ئێستا ژمارەیەكی هێجگار زۆر لە پیاوانی ئەو هۆزە لەژێر سەركردایەتی شێخ ئەحمەد ئەبوریشە خۆیان لە هێزەكانی سەحوە دەبیننەوە، بۆ قسەكردن لەسەر هێزەكانی سەحوە و بەشداریان لە حكومەتی داهاتووی عێراق و پێوەندی بنەماڵەی ئەبوریشە و هۆزی (ئەبو ریشە)ی عەرەبی سوننە لەگەڵ كورد، گوڵان سەردانی پارێزگای ئەنباری كرد و لەنزیكەوە ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە ئەنجامدا كە ئەمە دەقەكەیەتی.
گوڵان: لە سەرەتادا دەمانەوێ بۆمان بدوێی سەبارەت بە درووستبوونی «سەحوە». ئایا چۆن ئەو بڕیارانەتاندا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی «ئەلقاعیدە»؟
ئەبو ریشە: لە سەرەتای ساڵانی 2004 و 2005 و 2006دا، كاتێك رێكخراوی «ئەلقاعیدە» حوكمڕانیی پارێزگای «ئەنباری» دەكرد، ئەو سیاسەتەی پیادەی دەكرد، بریتی بوو لە كوشتن و كاولكاری و سەربڕین. رێكخراوی «ئەلقاعیدە» وێنەی ئایینی ئیسلامی بەتەواوەتی شێواندبوو، هەروەها ببووە هۆی شێواندنی وێنەی عەرەب و عێراقیش. ئەوانە كەسانێكی بكوژ و دڕندە و نەگریسن، خوێن دەڕێژن و سەر دەبڕن. هەربۆیە، هیچ رێگەچارەیەكمان نەما تەنیا ئەوە نەبێت كە لەدژی ئەو رێكخراوە رابوەستین و ریشەكێشی بكەین و لە پارێزگای «ئەنبار» پاكتاویان بكەین.
پاش ئەوەی كردەوە تیرۆریستییەكانی قاعیدەمان لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆن بینی. خەڵكێكی زۆر كە لەدەستی ئەو رێكخراوە زەرەرمەند بوون، ئامادەبوون پشتگیریمان بكەن، لەبەرئەوەی رێكخراوی «قاعیدە» لە پارێزگای «ئەنبار» نزیكەی 50 هەزار كەسی كوشتبوو، بەڵام لەبەرئەوەی دامەزراوەی سەربازی لە «ئەنبار»، بوونی نەبوو، نە سوپا و نە پۆلیس، لەهەمان كاتیشدا رۆڵەكانی «ئەنبار» و رۆڵەكانی سوننە بەشێوەیەكی گشتی لێیان قەدەغەكرابوو پێوەندی بە دەزگاكانی سوپا و پۆلیس بكەن. هەربۆیە بە دامەزراندنی دامەزراوەیەكی سەربازی لەڕووی ئەو رێكخراوە تاوانبارە و راوەستاین و شۆڕشێكمان لەدژیان بەرپاكرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو فەتوایە بشكێنین كە لایەنێك فەتوای دابوو نابێت ئێمە دامەزراوەی سەربازیمان هەبێت و هەڵستاین بە پێكهێنانی سوپا و پۆلیس و بەرێگەی ئەو دامەزراوە سەربازیە بەرەنگاری رێكخراوی «قاعیدە» بووینەوە و تاوانبارانمان ئاڕاستەی یاسا كردەوە.


گوڵان: «سەحوە»ی ئەنبار رۆڵێكی زۆر باش و نایابیان هەبوو لە شكاندنی رێكخراوی «قاعیدە». حكومەتی عێراقی دەستخۆشیی لە ئەرك و هەوڵەكانی پیاوانی «سەحوە» كرد، ئایا ئێستا چارەنووسی سەحوە بەكوێ گەیشتووە؟
ئەبو ریشە: هەروەك ئاماژەم پێدا، ئەزموونەكەمان لە پارێزگای «ئەنبار» جیاوازە، هەڵساین بە پێكهێنانی دامەزراوەیەكی سەربازی لە پۆلیس و سوپا. حكومەتیش یەكسەر وەڵامدانەوەی هەبوو و پیاوانی «سەحوە»ی خستە پاڵ ریزەكانی پۆلیس و سوپا. هەروەها خەڵكی تر لە پارێزگاكانی ترەوە هێنران بەپێی «گرێبەستی جەنگی» بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی «قاعیدە»، بەڵام ئەمەیان كارێكی هەڵە بوو، لەبەرئەوەی دەبوایە هەر لە سەرەتاوە پیاوانی «سەحوە» بەو شتە رازی نەبوایەن و مەسەلەی «گرێبەستی جەنگ»یان رەتبكردایەوە، لەبەرئەوەی ماوەی ئەو گرێبەستە تەنیا بۆ 3 مانگبوو، بەڵام شەڕ لەدژی رێكخراوی «قاعیدە»شەڕێكی بەردەوامە، كە لەوانەیە بۆ ماوەی 6 مانگ درێژە بكێشێت، لەوانەشە بۆ ساڵێك بخایەنێت، یان هەروەك كە دەبینین تاكو ئەمڕۆ درێژەی كێشاوە. هەربۆیە، ناكرێ كەسێك بۆماوەی 3 مانگ «گرێبەستی جەنگ»ی واژۆ بكات، دەبوایە هەر لەسەرەتاوە پێوەندییان بە ریزەكانی سوپا و پۆلیس بكردایە و لەدژی ئەو رێكخراوە شەڕیان بكردایە، ئەوان هاووڵاتی عێراقین، سوپا و هێزەكانی پۆلیس-یش رۆڵەكانی وڵات و وڵاتەكەیان لەباوەش دەگرێت.


گوڵان: ئایا پێوەندییەكانی نێوان «سەحوە» و هێزەكانی «ئیسناد» چۆنە كە ئەمڕۆ بوونیان هەیە لە «ئەنبار» و كە هەروەك دەڵێن سەر بە بەڕێز «نوری مالیكی»یە؟
ئەبو ریشە: هێزەكانی»ئیسناد» لە ئەنبار سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، ئۆفیس و ئەنجومەنەكانی «ئیسناد» شكستی بەدەستهێنا و پێكنەهێنرا لێرە. ئەوەی كە پێكهێنرا «سەحوە» بوو كە هەر لە سەرەتاوە لەساڵی 2006ـەوە درووستبوو، دامەزراوەی سەربازیی لەبەرچاوگرت و بەپێی ئەم دامەزراوە سەربازییە بەرەنگاری رێكخراوی «قاعیدە» بووین، ئێمە ئەمڕۆ كیانێكی سیاسین و سەر بە عێراقین و لە هەڵبژاردنەكانی ناوخۆیی و پەرلەمانی بەشداریمان كردووە.


گوڵان: پیاوانی «سەحوە» بریتین لە هۆزەكانی «ئەنبار»، هۆزە عەرەبەكانیش هەمیشە پێوەندییەكی دۆستانە و باشیان لەگەڵ كورد هەبووە. ئەمڕۆ پێوەندیتان لەگەڵ كورد چۆنە؟
ئەبو ریشە: پێوەندییەكانمان لە جاران زیاترە. لەیادمە لەساڵانی حەفتاكان كاتێك سەدام حوسێن كوردەكانی راگواست، روویان لە ناوچەكانی ئێمەكرد. باوكم فەرمانی بە هۆزەكە دا كە هەر یەكێك لە پیاوانی هۆز خانوویەك لە قوڕ و دار دروستبكات، بۆ ئەوەی شوێنێك بۆ ئەو خێزانانە دابینبكرێت كە بەدەستی رژێمی سەدام حوسێن راگوێزرابوون. هەربۆیە هەڵستاین بە دروستكردنی خانوو بۆ ئەو خێزانانە لە قوڕ و دار و نزیكەی 2 ساڵ لێرە نیشتەجێبوون، تا ئەو كاتەی گەڕانەوە بۆ پارێزگاكانی خۆیان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك. هەربۆیە، پێوەندییەكی برایانە و دۆستانە و هاوسۆزانە لەنێوان عەرەب و كوردەكان-دا هەیە، بەتایبەتی لە پارێزگای «ئەنبار»، تاكو ئەمڕۆش خێزانی كورد لێرە دەژین. ماوەیەك بەر لە ئێستا هێزەكانی ئەمریكا ئافرەتێكی كوردیان دەستگیركرد لەبەرئەوەی مێردەكەی داواكراوبوو، 6000 خۆپیشاندەر رێپێوانێكیان رێكخست و دەنگیان بەرزكردەوە بۆ ئازادكردنی ئەو ئافرەتە. ئەمریكییەكان وتیان چارەسەرەكە چییە؟ وتم ئافرەتەكە ئازادبكەن بۆئەوەی خۆپیشاندەرەكان بەڕێبكەین. هەربۆیە ئافرەتەكەیان ئازادكرد و نەمانهێشت لە سەربازگەكە بمێنێتەوە، پاشان خۆپیشاندانەكە بڵاوەی پێكرا. ئەمە لەكاتێكدا «صالح موتڵەگ» داواكاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، نەمانتوانی 2000 خۆپیشاندەری بۆ كۆبكەینەوە.


گوڵان: شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆكی كۆنگرەی «سەحوە»ی عێراق، ئایا هیچ پێوەندییەكی راستەوخۆت لەگەڵ سەرۆكی هەرێم «مسعود بارزانی» هەیە؟
ئەبو ریشە: فەخامەتی سەرۆك «مسعود بەرزانی» خاوەن پرسێكی نەتەوەییە، كە لەپێناوی ئەو پرسەدا باوك و پێگەی خۆی كردووە بە قوربانی. هەروەها فەخامەتی سەرۆك «جەلال تاڵەبانی»، ئەویش خاوەنی هەمان پرسە و هەردووكیان توانیان دەسكەوتێك بەدەست بهێنن، بارزانی 60 ساڵ بەر لە ئێستا رووبەڕووی رژێمی دیكتاتۆری بوونەوە. هەموو رێزێك و خۆشەویستییەك لەنێوانماندا هەیە. سەبارەت بەو سەركەوتنەش كە لە هەرێمی كوردستان وەدیهێنراوە، هیوای ئەوە دەخوازین ئێمەیش بتوانین ئەو جۆرە سەركەوتنانە وەدی بێنین كە لەسەر خاكی كوردستان روویداوە. خوا باشە و چاكە بۆ فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی ببەخشێت، لەبەرئەوەی هەر كە هەواڵی شەهیدكردنی «شێخ سەتار»ی برامی بیست، شەخسی خۆی پێوەندیی پێوەكردم و فەخامەتی سەرۆك «جەلال تاڵەبانی» بۆ سەرەخۆشی «د.بەرهەم ساڵح»ی نارد.


گوڵان: هیچ میكانیزمێك هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم پێوەندییە و لێكنزیكبوونەوەی زیاتر؟
ئەبو ریشە: لەداهاتوویەكی نزیكدا و پاش پێكهێنانی حكومەت پەنا بە خودا ئەم پێوەندییانە بەرەوپێشەوەچوونی زیاتر لەهەموو بوارەكاندا بەخۆیەوە دەبینێت، لەبەرئەوەی بوارەكان زۆر و فراوانە.


گوڵان: هەڵوێستتان چی بوو بەرامبەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەڕێز «جەلال تاڵەبانی» بۆ پۆستی سەرۆكایەتی وڵات؟
ئەبو ریشە: پێموایە كاتێك لە تەلەفزیۆن دەرچوو، من یەكەم كەس بووم پیرۆزباییم لێكرد و یەكەم كەس بووم گوڵم بۆ نارد، دەسكە گوڵێكم بۆ فەخامەتی سەرۆك نارد. لەڕاستیدا، هەبوونی فەخامەتی سەرۆك تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماردا «سەمامی ئەمان»ـە لەهەموو بوارەكان. پەنا بە خودا هیوادارین شتی زیاتر و زۆرتر بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار پێشكەش بكات.


گوڵان: رات چییە بەرامبەر بارودۆخی ئەمڕۆی وڵات و ئایا بەڕێزت گەشبینی؟
ئەبو ریشە: پەنا بەخودا گەشبینم بەخێر، با هەر یەك لە ئێمە خۆی بكات بە خاوەنی پرسێك و لەپێناو سەقامگیری و ئاسایش و خزمەتگوزارییەكان و ئابووریی وڵاتمان كاربكات، هاوشێوە لەگەڵ هەوڵ و كارەكانی براكانمان لە هەرێمی كوردستان، دەستیان كردووە بە كارێك كە ئەمڕۆ ئەنجامەكانی لە ئەرزی واقعیدا دەبینرێت، هەروەها فەخامەتی سەرۆك مسعود بارزانی و فەخامەتی سەرۆك جەلال تاڵەبانیش هەمان رۆڵ لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان دەگێڕن. هەربۆیە، حەزدەكەین ئێمە و برا كوردەكانمان وەك یەك تیم پێكەوە كاربكەین، بۆئەوەی هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانمان بگەشێتەوە و باری ئابووری پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت و بەرەنگاری بێكاری ببینەوە، گەڵانی عێراق بە ئاشتییانە ژیان بەسەر بەرن، لەبەرئەوەی گەلی عێراق باجێكی زۆر گەورەی داوە.


گوڵان: ئایا بەڕای بەڕێزت پێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەكی رەها حكومەتێكی هاوبەشی نیشتمانی دەبێت؟
ئەبو ریشە: نامەوێ بەپێش رووداوەكان بكەوم، با جارێ وەزارەتەكان پێكبهێنرێت، ئەو كات شتەكان دەردەكەوێت.


گوڵان: ئایا لەو بڕوایەدای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان شەفافانە بێت؟
ئەبو ریشە: هەر لایەك دڵخۆشە بە دەسكەوتەكانی. نامەوێ پێش رووداوەكان بكەوم، با جارێ چاوەڕوان بین.


گوڵان: ئایا «سەحوە» ئامادەیە لەكاتی پێویست پاڵپشتی لە حكومەت بكات ئەگەر لەڕووی ئاسایشەوە پێویست بوو؟
ئەبو ریشە: ئێمە پاڵپشتی لە حكومەت دەكەین و هەروەها پاڵپشتی لە گەلی عێراقی و وڵاتمان دەكەین لەپێناوی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری زیاتر.


گوڵان: ئایا لەلایەن حكومەتی نوێ-وە هیچ بەڵێنێكتان بەدەست گەیشتووە؟ هەر پۆستێك كە تایبەت بێت بۆ «سەحوە»؟
ئەبو ریشە: تاكو ئێستا هیچ نییە، بەڵام لەسەر پرەنسیپی خاڵبەندی و لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی فەخامەتی سەرۆك «بارزانی» ئێمە لەوە گەشبینین كە شەراكەتەكە بەپێی كورسییەكان بێت.


گوڵان: قسەیەك هەبوو لەبارەی گۆڕینی پارێزگای «ئەنبار» بۆ هەرێمێك. وەك سەرۆكی كۆنگرەی «سەحوە»، بەڕێزتان راتان چییە؟
ئەبو ریشە: پارێزگای «ئەنبار» هاوشێوەیە لەگەڵ پارێزگاكانی تر، بەشێوەیەك كە نە جیا دەكرێتەوە و نە خۆیشی نایەوێ جیابكاتەوە و سامانەكانی بۆ خۆی ئیستغلال بكات، هاوشێوە لەگەڵ پارێزگاكانی تر لە باشوور. ئەوەی كە ئێمە دەمانەوێ هاوبەشییە لەم وڵاتە و پارێزگای «ئەنبار» بارێكی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئەمڕۆ بارودۆخی «ئەنبار» زۆر باش نییە و بودجەكەی زۆر كەمە. هەربۆیە دەمانەوی ئینسافی ئەم پارێزگایە بكەین بۆئەوەی بۆ تەواوی عێراق دەسپێكێكی خێر بێت. ئەگەر هەرێمەكان و فیدراڵییەتەكان مایەی لاوازبوونی عێراق بوو، ئەوە هەرگیز پێشوازیی لێ ناكەین، بەڵام ئەگەر مایەی بەهێزكردنی عێراق بوو، ئەوە ئەوكات پێشوازیی لێدەكەین.


گوڵان: مەبەستتان، داواكردن بۆ پێكهێنانی هەرێمێك هاوشێوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان؟
ئەبو ریشە: جارێ كاتەكە زووە بۆ ئەم قسەیە، ئێمە هێشتا هیچ نییەتێكی وامان نییە، بەڵام ئەزموونی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتووە. هەوڵ دەدەین هاوشێوە لەگەڵ سەركەوتنی خەڵكانی تر ئێمەیش سەركەوین، بەڵام نەك لەسەر حسابی دابەشكردنی وڵات. ئێمە كاردەكەین لەپێناو پاراستنی یەكپارچەیی وڵات و یەكپارچەیی عێراق، هاوكات دەمانەوێ «ئەنبار» ببێتە سەرچاوەیەكی هێز بۆ عێراق.


گوڵان: سەبارەت بە بڕیارەكانی وەزارەتی نەوت ماوەیەك بەر لە ئێستا لەبارەی وەبەرهێنانی كێڵگەكانی غاز لە پارێزگای «ئەنبار». ئایا ئێوە لەم بارەیەوە چ هەڵوێستێكتان هەبووە؟
ئەبو ریشە: هەڵبەتە ئەم وەبەرهێنانە وەبەرهێنانێكی ناڕێك و نادروستە. ئەمڕۆ هەموو سامانەكان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێ و دەفرۆشرێت، دەتوانن شتێك لەو سامانانە دەربچووێنن كە لەناو وڵات سوودی هەبێت. ئەم وڵاتە نەك تەنیا لەسەر نەوت دەژی، بەڵكو ئەم وڵاتە كانزای تێدایە، وەبەرهێنانی كشتوكاڵی و وەبەرهێنانی پیشەسازی لە وڵاتمان هەیە، كەواتە بۆچی ئابووری ئەمڕۆمان تەنیا بەند بكرێت بە وەبەرهێنانی نەوت و غاز؟ عێراق توانای بەرهەمهێنانی هەیە لەبوارەكانی فۆسفات و چیمەنتۆ و ئاسن و پترۆكیمیاویات و ئەلەمنیۆم و ماددەكانی خاوێنكردنەوە، هەربۆیە، باشتر وابوو لەسەر وەزارەتی نەوت یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی بهێنایە، ئەو كۆمپانیا هەرە گرنگ و زەبەلاحانەی كە توانای وەبەرهێنانیان تێدایە، نەك هاتووە و كۆمپانیایەكی بچووك و ماندوو و لاوازی هێناوە. ئەم وەبەرهێنانە بەبێ ئیمكانییات هەرگیز سەركەوتوو نابێت. بە راشكاوانە بیڵێم، ئێمە لەدژی ئەم پڕۆژەیەین، لەگەڵ بەرپرسەكانیش كۆبووینەوە و سوپاسی وەزیرەكان دەكەم كە لەم هەڵوێستەدا لەگەڵمان راوەستان. ئێمە دەمانەوێ غاز بكەوێتە چوارچێوەی پیشەسازیی خۆماڵی، كە بتوانێت روماڵی ئابووری وڵات بكاتەوە. بۆ هەموو شتێكمان هاوردە بێت؟


گوڵان: قسەیەك هەیە لەبارەی رێككەوتن كە لەگەڵ «توركیا» واژۆكراوە، كە لەلایەن پارێزگای «ئەنبار»ـەوە جێبەجێكراوە. ئەم مەسەلەیە چییە؟
ئەبو ریشە: ئەو مەسەلەیە پەیوەستە بە نیشتەجێبوون و یەكەی نیشتەجێبوون و پەرەپێدانی كشتوكاڵی و نیشتەجێكردن. هەربۆیە خۆزگە دەخوازم كۆمپانیاكانی توركیا ئامادەبوونیان هەبێت.


گوڵان: پاش ئەو سەركەوتنەی كە هێزەكانی «سەحوە» وەدەستی هێناوە لێرە لە «ئەنبار»، ئێوە هەڵسان بە سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چاوتان بە سەرۆكی پێشوو «جۆرج بوش» كەوت، ئەویش سەردانی «ئەنبار»ی كرد. ئەمڕۆ پێوەندیتان لەگەڵ ئیدارەی «ئۆباما» چۆنە؟
ئەبو ریشە: هەر هەمان پێوەندییە. هەمان پێوەندی ماوە و نەپچڕاوە. چەند جارێك سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكان-مان كرد و تاكو ئێستاش بەردەوامین لە پێوەندییەكانمان و هاوپەیمانێتییەكی ستراتیژی لەنێوانماندا هەیە، مەبەستم بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات و ئێمە پاڵپشتی لەو رێككەوتنە دەكەین و هەوڵدەدەین هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتمان سوودی لێوەربگرین، هاوكات بتوانین وڵاتمان بونیادبنێینەوە و هاوبەشییەك بكەوێتە نێوانمان لەڕووی ئابوورییەوە كە گەلی عێراقی و گەلی ئەمریكی بتوانن سوودی لێ وەربگرن.


گوڵان: بەڕێزت وەك سەرۆك كۆنگرەی هۆزەكانی «سەحوە» و هۆزەكانی تر لە پارێزگای «ئەنبار»، راتان چی بوو بەرامبەر دەستپێشخەرییەكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان؟ ئایا چ ئاكامێكی هەبوو و چیی بە پرۆسەی سیاسی پێشكەشكرد؟
ئەبو ریشە: هەڵبەتە ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییە نەبوایە كەسیان ئامادە نەدەبوون لەسەر یەك مێز پێكەوە دانیشن. ئەو دەستپێشخەرییە دەستپێشخەرییەكی باش بوو لەلایەن فەخامەتی سەرۆك «بارزانی»، ئەمەش مێژووی ئەوە و مێژووی بنەماڵەكەیەتی كە هەمیشە ناسراوە بە قوربانیدان و هزری فراوان. هەربۆیە، پێی دەڵێم سوپاسی ئەو دەستپێشخەرییەت دەكەم، لەكاتی خۆی هات.


گوڵان: سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی ئێرە، لە زۆربەی كەناڵەكاندا قسە هەیە لەبارەی نالەباری خزمەتگوزارییەكان لە «ئەنبار». ئایا ئێوە چی دەڵێن؟
ئەبو ریشە: بودجە نییە. ئێمە لە «ئەنبار» بودجەمان هەبوو بە بڕی (425) ملیار. ئەو (425) ملیارە پێشتر لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە بەشێوەیەكی دروست تەرخان نەكرابوو، بەڵكو بۆ مەبەستەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بودجەكەیان دابەشكرد، هەموومان دەزانین لەبارەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن پڕۆژەی فڵان و پڕۆژەی فیسار، ئەمەش هەمووی لەپێناو كۆكردنەوەی جەماوەر بۆ هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەو كەسەی كە لەسەر پارێزگاكە بوو. كە ئێمە پارێزگاكەمان وەرگرت، ئەو بڕە پارانە بۆ گەنجینەی دەوڵەت كێشرایەوە و قەرەبوو نەكراینەوە، (235) ملیار- دیناریان لە ئێمە كێشایەوە، ئەمەش هەمووی قەرزبوو بەرامبەر ئەو كارانەی كە پێشتر ئاڕاستەكرابوو. هەربۆیە، ئێمە داوای ئەو پارەیەمان كرد و داواكارییەكانمان رەتكرایەوە و لەكۆتاییدا بودجەی ساڵێكمان پێدرا بە بڕی (135) ملیار دینار. بۆ ساڵی دواتر نەمانتوانی خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكەین و هاوكات (100) ملیار دینار قەرزاربووین و نزیكەی (135) ملیار، یان وابزانم (136) ملیار-مان هەبوو. چیمانكرد؟ (100) ملیار قەرزاربووین گەڕاندمانەوە. قەرزەكانمان گەڕاندەوە و (36) ملیار-مان بۆ مایەوە.


گوڵان: ئایا هیچ ترسێكتان هەیە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی رێكخراوی «قاعیدە» لە ناوچەكە؟
ئەبو ریشە: ئەگەر تەماشای تەلەفزیۆنت كردبێت، دوێنێ 39 ئەمیر-مان لەسەر شاشەی كەناڵەكان پیشاندا. ئەوانە هەموویان لە «ئەنبار» بۆ رێكخراوی «قاعیدە» كاریان دەكرد و ئێمە هەموویانمان كۆنتڕۆڵكرد و هەموویان دەستگیركران و تەسلیمی ناوخۆ كران و دوێنێ وەك بینیمان هەموویان كەوتنە ژێر دەستی یاسا.


گوڵان: ئۆپەراسیۆنەكانی دەستگیركردنەكە بە هاوكاریی هێزەكانی «سەحوە» و ئاسایش بوو؟
ئەبو ریشە: بەپێی زانیاری بوو لەلایەن هۆزەكان و ئەو هاووڵاتییانەی كە خەمخۆری ئاسایشی وڵاتەكەیانن، لەگەڵ هاوكاری لایەنە پێوەندارەكان. هەربۆیە پۆلیسی «ئەنبار» و هێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا، لیوا «زیا» و لیوا «بەها» سەرپەرشتیی ئەم ئۆپەراسیۆنانەیان دەكرد و ئەمیرەكانیان دەسگیركرد.


گوڵان: لە رۆژانی هەڵبژاردنەكاندا «سەحوە» بانگەشەیەكی گەورەی هەبوو لە پارێزگا. بەڵام جگە لە یەك كورسی، كورسی زیاتری وەدەستنەهێنا لە پەرلەمان. ئایا هۆكاری ئەوە چی بوو؟
ئەبو ریشە: هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وابزانم هەموو وڵاتانی عەرەبی كەوتنە «ئەنبار» بۆ پاڵپشتیكردنی لیستی «عێراقیە». ئەو پشتگیرییەی كە لە لیستی «عێراقیە» كرا پشتگیرییەكی نێودەوڵەتی بوو و كاریگەرییەكی زۆری لەسەرمانكرد لە «ئەنبار»، ئێمەیش هیچ پشتگیرییەكی نێودەوڵەتی لەپشتمان نەبوو، تەنیا جەماوەرەكەمان هەبوو پشتی پێ ببەستین. 60 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، ئەویش ئەو دەنگانە بوو كە بەرەنگاربوونەوەی «قاعیدە»یان دەكرد. ئەو 60 هەزار كەسە بوون دەنگیان بە ئێمە دابوو. پیاوە بوێرەكانی سەر زەوی كە لەدژی رێكخراوی «قاعیدە» وەستان و شەڕیانكرد دەنگیان بە ئێمەدا و سەركەوتنمان بەدەستهێنا، ئەم دەنگانەش دەنگی راستەقینە بوو، نەك دەنگی سەر كاغەز كە فڕێبدرێتە ناو سەندوقەكانی هەڵبژاردن.


گوڵان: ئایا بەڕێزت پێتوایە «نوری مالیكی» بتوانێت لەم خولە نوێیەدا ئەو شتانە وەدیبێنێت كە لە خولی رابردوودا نەیتوانی جێبەجێی بكات؟
ئەبو ریشە: ئەگەر بێت و كیانە سیاسییەكان پاڵپشتیی لێبكەن و ئەویش بتوانێت كابینەی حكومەت پێكبێنێت بە دانانی وەزیری پاك و شیاو، پێموایە كە دەتوانێت سەركەوتنی زیاتر پێشكەش بكات. بەڕای من 2 ساڵی یەكەمی نابێ لەسەری بژمێردرێت، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا رەوشی ئاسایش زۆر خراپ بوو و بەغدا گەماڕۆ درابوو و «قاعیدە» بەردەوام بوو لە كردارەكانی. هەربۆیە، 2 ساڵی یەكەم لەسەر «نوری مالیكی» ناژمێردرێت.


گوڵان: قسە هەیە لەبارەی پۆستی هەردووك لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ كە بدرێتە كەسایەتییە بێلایەنەكان.
ئەبو ریشە: پێویستە بدرێت بە كەسایەتیی بێلایەن.

گوڵان: دواپرسیار، ئایا لەم زووانەدا هیچ سەردانێكت بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت؟
ئەبو ریشە: پەنا بە خودا پاش پێكهێنانی حكومەت سەردانی فەخامەتی سەرۆك «مسعود بارزانی» دەكەین.

گوڵان: ئەگەر بكرێ دەتوانی پێمان بڵێی ئامانجی سەردانەكەتان چی دەبێت؟
ئەبو ریشە: پێش هەموو شتێك سەردانی هەرێمەكە دەكەین، لەبەرئەوەی تا ئێستا سەردانمان نەكردووە، هاوكات سەردانی فەخامەتی سەرۆك بارزانی دەكەین و سوودێك لە ئەزموونی هەرێمەكە دەكەین لەگەڵ بینینی شێوازەكانی كاركردنیان لە هەرێمەكە، لەگەڵ شێوازی بەڕێوەچوونی كارەكانی حكومەت و سوودێك لەو ئەزموونە ئیداری و ئابوورییە وەربگرین و كرانەوەیەك درووستبكەین بۆ هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوانماندا لەڕووەكانی بازرگانی و ئابوورییەوە و هەروەها لەڕووی ئاڵوگۆڕی شارەزایی، ئێمەیش لێرەدا خاوەن شارەزایی و پسپۆرین و كاری لەسەر دەكەین و هیوادارین ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەنێوانماندا دەستپێبكات و هەردوو لامان سوود لێك وەربگرین.
Top