شــەریف قەیــران:ئیتر خەم نەما چاوەڕێی سوپرایز بن

شــەریف قەیــران:ئیتر خەم نەما چاوەڕێی سوپرایز بن
هونەرمەند شەریف قەیران ساڵانێكە وەك تێكستنووس و ئاوازدانەر و گۆرانی گوتن بوونی هەبووە، تا ئێستاش لەگەڵ چەندین هونەرمەند كاری كردووە، بەم دواییە بەسەردانێكی كورت لەشاری هەولێر بوو، لەبەسەركردنەوەیەكدا چەند بابەتێكی بۆ گۆڤاری گوڵان خستەڕوو.



بەحوكمی ئەوەی پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هونەرمەندە توركەكان هەیە، هەوڵ دەدات لەو ڕێگایەوە جۆرێك لەتێكەڵی و لێك نزیكبوونەوە لەنێوان هونەرمەندانی كوردستان و توركیادا دروست بكات، هەر بۆیە بڕیاریداوە بەشێكی زۆر لەكارە هونەرییەكانی لەكوردستان ئەنجام بدا و ژمارەیەك لەهونەرمەندەكانی توركیا بهێنێت بۆ كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی ئاهەنگ و كۆنسێرت، ئەو زیاتر وتی: ئێستا بەرنامەیەك لەئارادایە بۆ ئەوەی چەند هونەرمەندێك بهێنین لەڕێگای كەناڵی ئاسمانی زاگرۆسەوە، خانمە هونەرمەند جەیلان یەكێكە لەوانەی كە ئامادەیە بێتە كوردستان بۆ سازكردنی ئاهەنگی نەورۆز، هەروەها لەگەڵ هونەرمەند بورهان چاچانیش قسەمان كردووە، ساڵی پار دیسان بڕیار وابوو كە جەیلان لەكوردستان كۆنسێرت بكات، بەڵام لەڕووی ماددیەوە تووشی هەندێك گرفت بوون، لەهەموو شوێنێك هونەرمەند تاكو پارەكەی خۆی وەرنەگرێت ئامادە نییە ئاهەنگ و كۆنسێرت ساز بكات و بەپێی قسەكانی جەیلان پارەكەی وەرنەگرتبوو بۆیە ئامادە نەبوو لەكوردستان ئاهەنگ بكات، دڵنیاشتان دەكەمەوە ئەگەر لەگەڵ جەیلان گەیشتینە ڕێكەوتنێك، ئەوا تووشی هەمان گرفت نابینەوە.
شەریف قەیرانیش بەنیازە بەرنامەیەك پێشكەش بكات، بەڵام زۆرێك لەو هونەرمەندە كوردانەی بەرنامەی تەلەفزیۆنییان پێشكەش كردووە وەك پێویست سەركەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە بەردەوام بن، ئەو پێیوایە ئەم كارە پێویستە پێوەندییەكی بەهێز و لێكگەیشتن لەنێوان پێشكەشكار و دەرهێنەر و ئامادەكاری بەرنامەكەدا هەبێت و هزر وبیروبۆچوونیان زۆر لەیەك نزیك بێت، سەبارەت بەبەرنامەكە و ئەو كارەش ئەگەر لەپلەیەكی زۆر بەرزدا نەبێت، ئەوا ئامادە نییە خۆی لێبدات، قەیران دەربارەی ئەوەی كە كەناڵەكان زۆر داوا لەهونەرمەندان دەكەن ببن بەپێشكەشكار بۆ هۆكارەكانی ئەم هەنگاوەی كەناڵەكان دەڵێ: سەركەوتنی هونەرمەند لەو ئەزموونە بەستراوە بەتوانای خودی هونەرمەندەكە لەو بوارە، بۆ نموونە ئیبراهیم تاتلیساس توانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بێـت لە(ئیبۆ شۆ)، بەشێوەیەكی گشتی ئەو هونەرمەندەی دەبێتە پێشكەشكار پێویستە باكگراوندێكی باشی هەبێت لەهەمان كاتدا بزانێت چۆن ڕووبەڕووی جەماوەر ببێتەوە و وا لەجەماوەر بكات تاموچێژی لێوەربگرن و خۆی لەبەرنامەكەدا ببینێتەوە، بۆ نموونە (بیار سۆ) نزیكەی دە ساڵە لەكەناڵ (D)ی توركی بەبەردەوام بەرنامە پێشكەش دەكات، هونەرمەندی دیكە خۆیان بەرنامە دروست دەكەن و بەكەناڵەكانی دەفرۆشن، منیش ئەگەر بمەوێ پێشكەشكارێكی سەركەوتوو بم دەبێ كارێكی لەو جۆرە بكەم كە بتوانم بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت نەك بەشێوەیەكی كاتی و دواتر بیوەستێنین.
گۆرانیبێژ و ئاواز دانەر و تێكستنووس و بەم دواییەش نیازی ئەوەی هەیە ببێت بەپێشكەشكار، ئەم هەموو كارانە تێكەڵی و پێكەڵییەكی بۆ دروست ناكەن؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا قەیران دەڵێ: كە هاتیتە نێو بواری هونەری پێویستە كارێك بكەی، تا ساڵی 1998 من هیچ ئاواز و تێكستێكم نەبوو، مرۆڤ لەهەر بوارێكی ژیاندا كار بكات و بیكاتە پیشەی خۆی، پێویستە كاری زۆری تێدا بكات بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت و كارەكەی بەرهەمدار بێـت، من كارم لەگەڵ زۆر هونەرمەند كردووە ئێستاش پێوەندیم لەگەڵ هەموویان هەیە و سوودیشمان لەیەكتری بینیوە.
دەڵێن پیرەژنێك هۆكار بوو بۆ ئەوەی شەریف قەیران گۆرانی بڵێت، ئەو خۆی بەو شێوەیە سەربوردەی ئەو پیرەژنەی بۆ گێڕاینەوە و وتی: ئەو پیرەژنە ناوی(دلارا)یە و ناوبانگێكی زۆری نەبوو، لەساڵی 1999 یەكترمان ناسی و گۆرانی (ئای دەلالا من)م پێشكەشی كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی بەكوردی باش گۆرانی بڵێت من هاوكاریم كردو بەیەكەوە دۆیۆكمان پێشكەش كرد، ئەوكات نزیكەی سەدو پەنجا هەزار سیدی ئەم پیرەژنە فرۆشران و ئێستاش ڕیكلامی كۆمپانیای تورك سێل گۆرانی ئەو پیرەژنەیە، پێشتر كەس نەیدەناسی و لەهیچ كەناڵێكی توركی گۆرانییەكانی نمایش نەدەكران، بەڵام دوای ئەو هاوكارییەی كە پێشكەشم كرد ئیدی كێرڤی بەرز بۆوە و ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد.
پێشتر شەریف قەیران لەگەڵ هونەرمەند زەكەریا كاری كردووە، سەبارەت بەبەردەوامی پێوەندییان و ئایا بەنیازە لەداهاتوودا كاری دیكە بەیەكەوە ئەنجام بدەن، ئەو دووپاتی كردەوە كە پێوەندییان بەردەوامە و ئامادەیە و زۆریش حەز دەكات دووبارە كار بكەنەوە، بەڵام ئەوەشی ڕوونكردەوە كە ئێستا هەریەكیان سەرقاڵی كاری تایبەتی خۆیەتی، من تەنیا كاری هونەری دەكەم، بەڵام ڕەنگە زەكەریا ئێستا سەرقاڵی كاری دیكەی وەك بازرگانی بێت و بۆ كار كردن پێویستە بزانین هەر یەكمان بیر لەچی دەكەینەوە، بەڵام پێویستە گفتوگۆ بكەین ئەگەر بمانەوێ كاری دیكەی هونەری ئەنجام بدەین.
سەبارەت بەڕاستی هەواڵی پێكەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ خانمە هونەرمەند نازدار و سەرچاوەی هەواڵەكە، هەروەها كاركردنی لەگەڵ خانمە هونەرمەند چنار، قەیران گوتی: من لەژیانی خۆمدا چەند جار نازدارم بینیوە و نازانم ئەم هەواڵە كەی و چۆن و لەلایەن كێ و بەچ مەبەستێك بڵاوكرایەوە، هیچ جۆرە پێوەندییەكی لەو جۆرە نییە و ئەم هەواڵە دوورە لەڕاستی و لێرەوە دەڵێم ڕێز و تەقدیرم بۆ نازدار هەیە، دەربارەی كاركردن لەگەڵ چنار، ئەو خۆی حەزی دەكرد كارێكی لەو جۆرە ئەنجام بدەین و لەسەر داوای خۆی لەبەرنامەماندا هەیە.
سەبارەت بە بەرهەمی داهاتوویشی شەریف قەیران وتی: ئێستا زۆر لەكارەكانم تەواو بوون و زۆریش حەز دەكەم كە گۆرانی بەزاراوەی كرمانجی و زازاكی و هەورامی و سۆرانی تێدا بێت، زۆربەی كارەكانی تەواو بووە تەنیا گۆرانی سۆرانی و هەورامی ماوە.
شەریف قەیران دووپاتی دەكاتەوە كە پێشتر چەند جارێكی دیكەش باسی لەبردنی گۆرانییە كوردییەكان لەلایەن هونەرمەندە توركەكانەوە كردووە و پێیوایە خۆی یەكێك بووە لەو هونەرمەندانەی كە تێكست و ئاوازەكانی لەلایەن هونەرمەندانی ترەوە بردراوە كە بەپێویستی نازانم ناویان بهێنم، بەكارهێنراوە بێ ئەوەی ئاماژە بەناوی بكەن، ئەمە لەتوركیا یان كوردستان یان هەر شوێنێكی تر بێت پێویستە ئاماژە بەناوی خاوەنەكەی بكرێت و بەكەموكوڕیی دادەنرێت و بەڕای من وەك ئەوە وایە كە منداڵێك بناسێنی بێ ئەوەی ناوی باوكی بهێنی و بڵێ كوڕی فڵان كەسە.
لەكۆتاییدا شەریف قەیران دەربارەی ستایلی خۆی كە زۆر خەمباری پێوە دیارە وتی: ئیتر خەم نەما لەگۆرانییەكانی شەریف قەیراندا چاوەڕێی سوپرایزێك بكەن، بەڵام ئەو گۆرانیانەی كە زیاتر خەمیان پێوە دیارە ئەمانە ڕەنگدانەوەی ناخی منن.









Top