چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی (مۆسكۆ) لە ڕووسیا بەڕێوە دەچێت

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی (مۆسكۆ) لە ڕووسیا بەڕێوە دەچێت

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ (MKFF) بە سەرۆكایەتی (كەرەم گەردەن زەری) ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری كوردی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و زمانەوانیی كوردەكان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوە ڕەسەنە، بە نمایشی كۆمەڵێك بەرهەم لە بەشی پێشبڕكێی فیلمە درێژەكان، بەڵگەفیلم، كورتە فیلم، بەشی (شەویی سینەمای كوردی) بەشی نمایشی باشترین فیلمەكانی ڕووسیا و پێشانگەی كەلتووری و هونەریی لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە شاری مۆسكۆ بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی مۆسكۆ، داوا لە هەموو ئەو‌ فیلمسازانە دەكەن كە فیلمیان سەبارەت بە كورد یا بە ناوەرۆكی كورد ساز كردووە وەك: تاكو فیلمی، بەڵگەفیلم و كورتە فیلمەكانی خۆیان بۆ بەشداری لە بەشی پێشبڕكێی ئەم ڕووداوە سینەماییە ‌لە ڕێگەی ماڵپەڕی (فیلم فری وەی)» بە ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival بنێرن و ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دوایین مۆڵەتی ناردنی بەرهەمەكان دیاری كراوە.

خەڵاتی (هەتاوی زێڕین) لە پێنج بەشدا، لەوانە؛ باشترین فیلمی درێژ، باشترین بەڵگەفیلم، باشترین كورتە فیلمی چیرۆكی، باشترین بەڵگەفیلمی كورت و هەروەها خەڵاتی هاوبەشی لە سینەمای كوردیدا پێشكەش بە براوەكان دەكرێت.

بەرپرسانی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی مۆسكۆ لە ڕاگەیێندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: «ئەم فێستیڤاڵە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بووەتە ڕووداوێكی باوەڕپێكراو و خۆشەویست لەلایەن هۆگرانی سینەما، بەتایبەت جێگای خۆشحاڵییە كە نەك تەنیا كوردانی تاراوگە و نیشتەجێی وڵاتی ڕووسیا بوونەتە هۆگری فێستیڤاڵەكە، بەڵكو ساڵی پار سەرنجی زۆری لە لایەن پیشەگەڕانی سینەما و بینەرانی ڕووسیا بۆ لای خۆی ڕاكێشا و، هەر ئەوە گرنگترین تایبەتمەندییە كە ئێمە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی كارێكی گرینگ و پێویستین، ساڵی ٢٠٢٣ توانیمان پێشانگایەكی هونەری هاوچەرخی كوردی بەڕێوە بەرین.»

لە ڕاگەیێندراوكەدا ئەوەش هاتووه: «ساڵی پار تەركیز خرابووە سەر سینەمای ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەو مێژوو و دابونەریتە دەوڵەمەندەی كە هەیە‌تی، ئەمساڵیش بە شێوەی گشتیی تەركیزمان خستووەتە سەر ئاخاوتن و وتووێژی كلتووری و هاوكاری لەگەڵ سینەمای ڕووسیا. كوردەكان یەكێك لە كۆنترین نەتەوەكانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەكی دەوڵەمەند و فەرهەنگێكی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە، كە هەموو ئەم تایبەتمەندییە جوانانە لە سینەمای هاوچەرخی كوردیدا خۆی دەرخستووە.»

Top