فێستیڤاڵی هەولێر نمایشەكانی بەردەوامە:گروپە جۆراوجۆرەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان میوانی هەولێرن

فێستیڤاڵی هەولێر نمایشەكانی بەردەوامە:گروپە جۆراوجۆرەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان میوانی هەولێرن
راگەیاندنی فێستیڤاڵ
لەمیانی چالاكییەكانی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەر و وەرزش و لاوانی هەولێرو بەبۆنەی یادەكانی راپەرین و نەورۆز، شەشەمین فێستیڤاڵی هەولێر "ئازادی و نەورۆز" بەڕێوەچوو و بڕیاریشە چالاكییەكان تا 20/3/2012 بەردەوام بێ.
لەیەكەم رۆژی فێستیڤاڵەكەو لە كاتژمێر 4ی ئێوارەی 11/3/2012 لە پاركی شانەدەری شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی بێ شومارو بەشێكی زۆر لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و بەرپرسانی حزبی و حكومی بە سروودی ئەی رەقیب و پاشان وتاری لیژنەی باڵا كە لەلایەن "تاهیر عەبدوڵڵا" جێگری پارێزگاری هەولێر خوێندرایەوە.
پاشان سروودی "دەمی راپەڕین" لەلایەن سەنتەری نەوای هەولێر پێشكەش كرا، دواتر لەگەڵ چەپڵەرێزانی ئامادەبووان پێشوازی كرا لە كەژاوەی سەرجەم تیپ و گروپە بەشدارەكانی فێستیڤاڵ كە پێكهاتبوون لە تیپەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان و بەسرەو كازاخستان.
دوابەدوای ئەوانەو هەر لە چالاكییەكانی رۆژی یەكەمدا گروپی میوزیكی ژیوار كە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هاتبوون چەند بەرهەمێكیان پێشكەش كردو پاشان تیپی هونەرەمیللییەكانی هەولێر بە نمایشكردنی تابلۆیەك یادەكەیان رازاوەتر كرد.
لەبەشی كۆتایی ئەم رۆژەدا كۆنسێرتێكی گۆرانی بۆ هونەرمەند زۆیا لە رۆژئاوای كوردستان رێكخراو لە ئێوارەی هەمان رۆژیشدا و لە هوتێلی چوارچرا كۆڕێكیشیعر خوێندنەوە بۆ "د. فەرهاد پیرباڵ" رێكخرا.
هەر لە درێژەی چالاكییەكانی ئەو فێستیڤاڵەی ئازادی هەولێر و لە رۆژی دووەمدا و لە تاقی بەیانییەكەدا دوو پێشانگا لە گەلەری كوردستانی شاری هەولێر كرانەوە، كە پێشانگای یەكەمیان پێشانگایەكی شێوەكاری بوو بۆ هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان، پێشانگای دووەمیش پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بوو بۆ فۆتۆكانی هەولێر، كە كۆمەڵێك لە فۆتۆگرافەرانی هەولێر تێیدا بەشداربوون.
لەتاقی ئێوارەی هەمان رۆژدا 12/3/2012 و لە گەلەری نیاندەرتاڵی شاری هەولێر پێشانگایەكی فۆتۆگرافی تایبەت بۆ هونەرمەند ئاشتی عەدۆ كرایەوە، كە زۆرینەی فۆتۆكان بریتی بوون لە ژیان و گوزەران و وێنەی جۆراوجۆری هەولێر.
دوابەدوای ئەوەش لەناو پاركی شانەدەری شاری هەولێر هەریەك لە گروپەكانی "تیپا موزیكا بادینا- دهۆك، تیپی هونەرەمیللییەكانی سلێمانی، تیپی هەڵپەڕكێی شاریا- یەزیدییەكان، كۆما موزیكیا كۆمەڵا دیجلەو فورات- باكووری كوردستان" بە نمایشكردن و پێشكەشكردنی بەرهەمەكانیان فێستیڤاڵەكەیان رازاوەتر كرد.
لەكۆتا بەشی چالاكییەكانی دووەم رۆژی فێستیڤاڵی ئازادی هەولێر لەهۆڵی هوتێل چوارچرای شاری هەولێر كۆڕێكی شیعری بۆ شاعیرانی هەرچوار پارچەی كوردستان رێكخست، كە هەریەك لە شاعیران "دڵشا یوسف، لوقمان مەحمود، ئارژەن ئاری، بەیان عەزیزی، گوڵباخ بەهرامی" لەو كۆڕەدا بەشداربوون.
شایانی باسە چالاكییەكانی شەشەم فێستیڤاڵی ئازادی هەولێر تاكو 20/3/2012 بەردەوام دەبێ.
Top