هه‌ڵبژێردراوانی حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن دیاریده‌كرێن

هه‌ڵبژێردراوانی حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن دیاریده‌كرێن
هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕكێی حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن و بیر ئانینی ده‌رهێنه‌ری ناودارو گه‌وره‌ی كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" دیاریكران.
به‌پێی راپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن، رێوڕه‌سمی كۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ناوبژیوان، ده‌رهێنه‌ره‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانی كوردو بیانی فیلمه‌كانی به‌شداربوو له‌ فێستیڤاڵ، له‌ هۆڵی سینه‌مای "پیكچێر هاوس"ی شاری له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو و له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن، هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕكێی سێیه‌مین بیرئانینی ده‌رهێنه‌ری ناودارو گه‌وره‌ی كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" دیاریكران و ته‌ندیسی فێستیڤاڵ و خه‌ڵات به‌سه‌ریاندا دابه‌شكرا.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ كه‌ بریتی بوون له‌: "ماریا ئۆلسێن" Marie Olesen به‌رهه‌مهێنه‌ر، دیكۆمێنتساز رۆژنامه‌نووس له‌ به‌ریتانیا، "ڤیدا ساڵحی" Vida Salehi سیناریۆنووسی زنجیره‌ دراما ته‌له‌فیزیۆنی و كورته‌ فیلمه‌كان و به‌رپرسی كۆمپانیای سینه‌مایی "ستاك فیلمی سنه‌" له‌ كوردستانی ئێران، "نه‌زیره‌ توران" Nazire Turan ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلم و ده‌رچووی توێژینه‌وه‌ی سینه‌ما و میدیا له‌ باكووری كوردستان، "ئازاد ناسح عه‌لی" (ئازاد كه‌ركوكی) Azad Nasseh Ali ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلمی چیرۆكی و دۆكیۆمێنتی و زنجیره‌ درامای ته‌له‌فیزیۆنی و ده‌رچوی سینه‌ما له‌ زانكۆی فیلمی مۆسكۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان و "شیار عه‌بدی" Shiar Abdi ده‌رهێنه‌ری چه‌ندین كورته‌ فیلم له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگی خۆیان له‌ به‌شی پێشبڕكێی سێیه‌مین خولی بیرئانینی ده‌رهێنه‌ری ناوداری كورد "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" به‌م شێوه‌یه‌ راگه‌یاند:

پله‌ی یه‌كه‌م:
ـ كورته‌ فیلمی "هه‌نار میوه‌ی به‌هه‌شت" له‌ ده‌رهێنانی ته‌یموور قادری له‌ كوردستانی ئێران، پله‌ی یه‌كه‌می فێستیڤاڵی به‌ده‌ستهێناو خه‌ڵاتی زێڕی پێبه‌خشرا.
پله‌ی دووه‌م:
ـ كورته‌ فیلمی "پێنج به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی "كه‌نان تێكس" و "ریزا بارووت" له‌ باكووری كوردستان، پله‌ی دووه‌می به‌شی كێبڕكێی بیرئانینی "یه‌ڵماز گۆنه‌ی" به‌ده‌ستهێنا و خه‌ڵاتی نوقره‌ی فێستیڤاڵی پێبه‌خشرا
ـ پله‌ی سێیه‌م:
كورته‌ فیلمی "نیشتمانی پاڵه‌وانه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی "سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌" له‌ هه‌رێمی كوردستان، پله‌ی سێیه‌می ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵی به‌ده‌ستهێناو خه‌ڵاتی نوقره‌ی پێبه‌خشرا.

خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ران:
ـ كورته‌ فیلمی "ده‌نگی باران" له‌ ده‌رهێنانی "جه‌لال ساعید په‌نا" له‌ كوردستانی ئێران، خه‌ڵاتی تایبه‌تی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ناوبژیوانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی پێبه‌خشرا.

ـ هه‌روه‌ها كورته‌ فیلمی "برێشك" (سووتان) له‌ ده‌رهێنانی "سه‌ربه‌ست ره‌زا گه‌رمیانی" له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ هۆی ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌تان، له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ری فێستیڤاڵه‌وه‌ رێزی لێگیرا.

له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ندا، 18 فیلمی سینه‌مایی، 30 فیلمی دۆكیۆمێنتاری، 20 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی پێشبڕكێی و هه‌روه‌ها 36 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی (لاوه‌كی) له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی له‌ وڵاتانی عیراق، ئێران، توركیا، ئینگلته‌را، سوید، ئه‌ڵمانیا، سووریا، فه‌ره‌نسا، نه‌مسا، هۆڵه‌ندا، ئیتاڵیا، ئیمارات، نه‌رویج، فه‌له‌ستین و... نمایشكران و به‌ گشتی به‌شدار بوونی ئه‌م هه‌مووه‌ فیلمه‌ له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی، یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ به‌رچاوه‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌.
حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن و سێیه‌مین خولی پێشبڕكێی "یه‌ڵماز گۆنه‌ی بۆ كورته‌ فیلم" به‌ نمایشكردنی 104 فیلمی سینه‌مایی، فیلمی دۆكیۆمێنته‌ری، ئه‌نیمه‌یشێن و كورته‌ فیلم به‌ ناوه‌رۆكی چیرۆكی و دۆكیۆمێنته‌ری له‌ ده‌رهێنه‌رانی كورد و بیانی له‌ رۆژانی 17 تا 27ی نۆڤه‌مبه‌ری 2011 له‌ سینه‌مای "هاكنی پیكچێر هاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆ" له‌ شاری له‌نده‌نی پێته‌ختی وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌روه‌ها شاره‌وانی كێنزیگتێن و چێلسی خاتوو جۆلی میلز له‌ رۆژئاوای له‌نده‌ن، رۆژی 25ی نۆڤه‌مبه‌ر له‌ هۆڵی "ویستبۆرن ستۆدیۆ"ی شاری له‌نده‌ن ئاماده‌بوو و به‌ ره‌سمی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی له‌ رۆژئاوای له‌نده‌ن كرده‌وه‌.
Top