پەیام عەزیزی لەگەڵ گرووپی هەزار دەف لە فیستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی كوردستان كۆنسێرتێك پێشكەش دەكات

پەیام عەزیزی لەگەڵ گرووپی هەزار دەف لە فیستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی كوردستان كۆنسێرتێك پێشكەش دەكات

گۆرانیبێژی كورد (پەیام عەزیزی) بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی (هەزار دەف)، گرووپی (نەوای ڕەحمەت) و گرووپی (شاهۆی داڵاهۆ) لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی كوردستان، لە گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵەنگانی كامیاران، كۆنسێرتێك سازدەكات

پەیام عەزیزی هونەرمەندی گۆرانیبێژی مۆسیقای عیرفانی، لە دووەمین خولی فیستیڤاڵی مۆسیقای كەونارای كوردستان، لە ڕۆژی هەینی ٣١ی مانگی خاكەلێوە/ نیسان ڕێكەوتی ١٩ی ئەپڕێڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە سێ بەشی جیادا چووە سەر شانۆ و لەم كۆنسێرتە گەورانەدا، بەشێك لە پارچە مۆسیقا و بەستە و گۆرانییە هەرمانەكانی خۆی بە زمانەكانی كوردی (هەردوو شێوەزاری هەورامی و سۆرانی)، فارسی، عەرەبی، توركی پێشكەش كرد، لەوانە؛ (یا ڕەسولەڵڵا (د.خ)، یا شای مەدینە، ئەڵلا مەدەد، یار دەفەرموێت ئەڵڵا، گیانە بەسیەتی، یا ڕەسولەڵڵا (د.خ) لێمان بڕوانە، ئەی خودا لەم ئاگربارانە، یا ڕەسولەڵڵا دەخیل، لەبەیك، تەڵەعە لبەدرو عەلەینا، ئەی گوڵ گیانم گوڵ، مەدەد مەدەد، موسڵمانان، یارم چەندە جوانە، جانێ جانێ، مەگری مەگری، ئاگر كەتییە دڵی من، بۆ هەموو شوێنێك بڕۆم، ساقی وەرە) و.. هتد، هەروەها چەند گۆرانییەكی نوێی كوردی پێشكەش كرد.

پەیام عەزیزی لەگەڵ گرووپی هەزار دەف لە فیستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی كوردستان كۆنسێرتێك پێشكەش دەكات

لە میانەی دووەمین خولی فیستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی كوردستاندا، ئیسماعیل حەمیدی بە پێشكەشكردنی مەقامەكانی ئاهوورایی سیاچەمانە، هەروەها نیما شەفیعی و هونەرمەندانی پارێزگای كوردستان و هونەرمەندانی دیكەی پارێزگا جۆراوجۆرەكانی ئێران، چوونە سەر شانۆ و بەرنامەكانی خۆیان پێشكەش كرد.

دووەمین خولی فیستیڤاڵی مۆسیقای كەونارا و دێرینی كوردستان بە پێشكەشكردنی بەرنامەی گرووپەكانی دەفژەنین لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران و بە پاڵپشتیی لێژنەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی هەزار دەفی پاڵەنگان، لە شارستانی كامیاران لە پارێزگای كوردستان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمی هەزار دەف، یەكێكە لە جوانترین بۆنە و داب و نەریتەكانی گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵەنگان لە كامیاران، كە هەموو ساڵێك بە شكۆمەندیی تایبەت و بە ئامادەبوونی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە پارێزگای كوردستان(سنە) بەڕێوە دەچێت.

دیمەنی مێژوویی گوندەكە و پێكهاتەی پاك و دەستلێنەدراوی پلیكانیی بیناكانی ئەم ئاواییە، وای كردووە (پاڵەنگان) ببێتە یەكێك لە شوێنەكانی گەشتیاریی میراتی جیهانیی هەورامان و لایەنە سەرنجڕاكێشە مێژوویی و سرووشتییەكانی ئەم گوندە، وەك لانكەی زانایان و ناوداران‌ و شانەیەكی مێژوو لە سەر ئاستی ناوچەكەدا، كەموێنە و ناوازەیە و لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەم بۆنە و ڕێوڕەسمە تایبەتانەدا، هەنگاوێكی گرنگی دیكە بە ئامانجی تۆماركردنی پێوانەیەكی جیهانیی ئەم گوندە دەگیرێتە بەر.

Top