شەنیار محمەد بۆ گوڵان: لە كوردستان دەرهێنەر مافی ئەكتەر دەخوات

شەنیار محمەد بۆ گوڵان: لە كوردستان دەرهێنەر مافی ئەكتەر دەخوات

شەنیار محمەد ئەكتەری شانۆ و سینەما كە بەشداریی لە چەندین كاری هونەری شانۆ وفیلمدا كردووە، پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی تەواو كردووە و لە ئێستادا قوتابیی كۆلێژی هونەرەجوانەكانە، لە دیمانەیەكدا بۆ گۆڤاری گوڵان وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە

دیمانە/ئەحمەد تاریق

*لە سەرەتای كاركردنت لەسەر تەختی شانۆ هەستت بە چی دەكرد؟

-سەرەتای كاری شانۆییم قورس بوو، كە لە لایەنی جەستەییەوە كەمێك ترس و سترێسی بۆ دروست كردووم لەبەر هەبوونی بینەرێكی زۆر و كۆمەڵێك هونەرمەند، بە حوكمی ئەوەی یەكەم كاری شانۆییم بوو وەك كۆمبارس بەشداریم كرد.

*بۆچی بواری شانۆت هەڵبژارد؟

-لەبەر ئەوەی شانۆ هەڵگری پەیامێكی ڕاستەخۆیە هەروەها خولیایی منداڵیم بوو، بە منداڵییش بەشداریی چەند شانۆگەرییەكم كردووە.

*وەك ئەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانت تەواو كردووە، پێت وایە ئەوانەی دەچنە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان هەموویان دەبنە هونەرمەند؟

-بە داخەوە زۆرێك لەو كەسانەی دەچنە پەیمانگە بۆ بڕوانامە پەیمانگە تەواو دەكەن، بۆیە من بە تاوانی دەزانم كە هیچ هونەرێكت نەبێت بۆ پێشكەشكردن بە خەڵك پەیمانگە تەواو بكەی.

شەنیار محمەد بۆ گوڵان: لە كوردستان دەرهێنەر مافی ئەكتەر دەخوات

*لەكاری هونەریدا واستە و هاورێیەتی هەیە بۆ دابەشكردنی ڕۆڵ؟

-بێگومان نەخێر، چونكە دەرهێنەر ڕۆڵ دابەش دەكات و دەزانێت چ ڕۆڵێك لە چ كەسایەتییەك نزیكە.

*ئایا لە كاری هونەریدا غیرە هەیە، بەتایبەت لە نێو ئافرەتاندا؟

-من بە هیچ جۆرێك غیرە بە ئەكتەری ئافرەت نابەم، بەڵكو پێم خۆشە كە كۆمەڵێك هونەرمەندی ئافرەتی تایبەتیمان هەیە.

*بنەمای گرینگ بۆ هەر ئافرەتێك چییە كە بییەوێت بێتە ناو هونەر ؟

-هونەرمەندی باشمان هەیە، بەڵام بە داخەوە كە بە ئەكادیمی نەیان خوێندووە، بە ڕای من گرنگترین بنەما ئەوەیە كە تۆ تەواو زانیاریت لەسەر شانۆ یان هەر هونەرێك هەبێت كە دەتەوێت بیكەیت.

*هەر ئافرەتێك سەرەتا بیەوێت بێتە نێو بواری هونەری دەبێت قوربانی بدات، تۆش ئەو قوربانییەت داوە؟

-بەدڵنیاییەوە قوربانییەكی گەورەم دا كە پەیمانگەی هونەریم هەڵبژارد، بەڵام شایەنی بوو من لە پەیمانگە گەورە بووم و پێگەیشتم .

*ژن بوون لە هەرێمی كوردستان تاچەند بۆ خانمانی هونەرمەند سەختە؟

-ژن بوون سەختە گەر هونەرمەند بیت سەختترە، چونكە ئەركی ڕۆژانەی خێزان، هەروەها كۆمەڵێك ئەركە هونەرییشت لە ئەستۆ دەبێت، هونەر ئەركێكی جوانە بەتایبەت ئەگەر ئافرەت كاری هونەری بكات.

*چ شتێك وای لە تۆ كرد بێیتە سەرتەختی شانۆ؟

-خۆشەویستیم بۆ شانۆ و ئەو شتانەی كە نەمدەتوانی دەری ببڕم، شانۆ وای كرد ئەو چێژەی كە لە نواندندا هەیە.

*كە دێیتە سەر تەختی شانۆ ترسی چیت هەیە؟

-ترسی هیچ شتێكم نییە، بگرە تەواو ئازادیی خۆم وەردەگرم لە نواندندا.

*لای تۆ زەروورە ئەو كەسەی كاری لەگەڵ دەكەیت لە نزیكەوە بیناسیت ؟

-نەخێر گرنگ نییە، ئەوە گرنگە بۆ من كە ئەو كەسەی كە دەمەوێت كاری لەگەڵ بكەم بتوانم ئازادیی خۆم وەربگرم لە ڕووی نواندنەوە .

*بۆ بەشداریكردنت لە شانۆگەرییەكدا مەرجەكانی تۆ چین؟

-مەرجم ئەوەیە ڕۆڵێك بگێڕم لەگەڵ كلتەور و كۆمەڵگەی ئێمەدا بگونجێت و قسەم نەیەتە سەر.

*لەكاری هونەریدا بەر لەوەی كارەكە قبووڵ بكەیت تاچەند گرێبەستەكە لای تۆ گرنگە؟

-چەند كارێكم كردووە، خۆبەخشانە گرنگیم بە گرێبەست نەداوە، بەڵام ئێستا هیچ هونەرمەندێك كاری هونەری بەبێ گرێبەست ناكات، منیش وەكو هەموو هونەرمەندەكانی دیكە گرنگە كە كارێك دەكەیت سەرەتا باسی گرێبەستەكە بكەیت، چونكە بە ڕاستی لە كوردستان دەرهێنەر مافی ئەكتەر دەخوات.

*شانازی بە هونەرەكانی خۆت دەكەیت ؟

-شانازی بە هەموو كارەكانمەوە دەكەم، چونكە كارە شانۆییەكانم شانازین بۆ من.

*لەكاری شانۆدا لەگەڵ كام دەرهێنەر زۆر ئاسوودەیت؟

-لەگەل مامۆستا هیوا سوعاد زۆر ئاسوودەم و حەز دەكەم كاری لەگەڵ بكەم، كەسێكی تایبەتە لەلای من، ئەو توانا و هیزەی ئێستا هەمە لە شانۆ بۆ مامۆستا هیوا دەگەڕێنمەوە.

*لە نواندندا هێز لە چی وەردەگریت؟

-كاتێك دەبینم ئەو هەموو بینەرە سەیری ئێمە دەكەن بۆ بینینی شانۆ هێزێكی تەواوی لێ وەردەگرم، بۆ ئەوەی باشترینەكان پێشكەش بكەم.

*ئەگەر هونەرمەند نەبایت حەزت دەكرد ببیت بەچی؟

-حەزم دەكرد ببم بە پزیشك، بەڵام حەزی شانۆ و هونەر بەسەرمدا زاڵ بوو، بۆیە شانۆم هەڵبژارد.

*زیاتر حەز بە چ ڕۆڵێك دەكەیت بەرجەستەی بكەیت؟

-ئەو ڕۆڵانەی تاوەكو ئێستا گێراومە هەمووی نزیك بوون لە كەسایەتی خۆم، بۆیە حەز دەكەم ئەم جارە ڕۆڵێك بگێڕم جیاواز بێت و دووربێت لە كەسایەتی خۆم.

*لەكاری هونەریدا هیچ كات غەدرت لێ كراوە ؟

-بێگومان لە كاری هونەریدا لە دابەشكردنی ڕۆڵدا زۆر غەدرم لێ كراوە، بەڵام ئەوەش بە غەدركردن نابینم، چونكە من خۆشەویستییەكی یەكجار زۆرم بۆ شانۆ هەیە.

Top