ئەرسەلان دەروێش: شانۆ لای من ناسنامەیە!

ئەرسەلان دەروێش: شانۆ لای من ناسنامەیە!
• دەرهێنەری ناسراو (ئەرسەلان دەروێش ) یەكێكە لەدیارترین هونەرمەندەكانی كوردستان لە بواری شانۆ و درامای كوردیدا،ئەو وێڕای ئەزموونی زیادلە(30) ساڵ وپێشكەشكردنی زیاترلە (0ە) بەرهەمی هونەریی لەناوەوەودەروەی وڵات،چەندین پۆستی هونەریی و ئیداریی بەسەركەوتوویی بەڕێوەبردووە،، گۆڤاری (گوڵان) لەمیانەی چەند پرسیارێكی پەیوەست بە بینراوە شانۆییەكەی ئەمڕۆی كوردستان و كارو بەرهەمە تازەكانی خۆی وتیپە بەخششدارەكەی،ئەم دیدارە كورتەی لەگەڵ سازدا.

• بە بۆچوونی ئێوە هەردوو جەمسەری هاوكێشەی لاوازی شانۆ(حكومەت)و(شانۆكار) وەك یەك بەرپرسیارێتییان بەردەكەوێت؟
ئەرسەلان دەروێش : بێگومان نەخێر ! حكومەت پشكی گەورەو گرنكی ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆدایە، بەڵام من دەمەوێت ئەو راستیەش رۆشنبكەمەوە كە شانۆكارانیش رۆڵێكی گەورەیان هەیە لەم پاشەكشێیەی كە بۆتە رواڵەتی شانۆكەیان، (هونەری شانۆ) پەیوەست و هاوتەریبە لەگەڵ رەوشی ژیارییدا، پێشكەوتن وگەشەكردنی ئەم هونەرەو بایەخ وەرگرتنی لەژیانی مرڤدا،جمكی پێشكەوتنی رەوشی ئازادی وپێشكەوتنی ئابووری ورامیاری وكۆمەڵایەتی بووە، هیچ كاتێك شانۆیەكی درەوشاوەمان لەوڵاتێكی دواكەوتوودا بەدی نەكردووە، كەواتا شانۆ بەرجەستەی شارو شارستانییە، ئێمەش كە شانازی بە ئەزموونی كوردستانەوە دەكەین و هەمووئەو پێشكەوتنانە رەچاودەگرین كە رۆژانە لەبونیادنان وئاوەدانكردنەوەوی وڵاتەكمان لەئارادایە، جێگای رامان و سەرنجمانە كە كایەكەی ئێمەی شانۆكاران هێندە بێناز و فەرامۆشكراوە، جا بۆئەوەی وردتربم مەبەستم ئەوە نییە كەحكومەت بودجەو ئیمكانیەتی بۆ تەرخاننەكردووە، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كە چاوی لەئاست ئەو بێسەروبەری و بێپلانی و نەشارەزاییە پۆشیوە كە كاروباری ئەم ناوەندەی پێ بەڕێدەكرێت، بۆچی؟ئاخر بۆ دەبێت یەكێك لەبوارە هەرە ژیاریی وپڕسەروەرییەكانی گەلەكەمان كە مێژوویەكی جوان وپرشنگدارو دەیان ناوی گەورەو كاری گەورەی پێشكەش بە بزاڤی ئازادیخوازو هونەری نەتەوەكەمان كردووە و لەكاتی جینۆساید و هەوڵی دووژمن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤی كورد، ئەو لەمەیدان بووەو لەخەبات و ركابەرێتیدا بووە، بۆ دەبێت ئەم كایە گرنگە، ئەم رووە شارستانییە پڕبایەخە،ئاوا بێسەرو بەر بمێنێتەوە و هەر دڵسۆزێكیش بەقسە یان بەكردەوە هەنگاو بۆ برەوپێدان وداكۆكی لێ كردنی بنێت هەوڵەكانی ئابڵوقە بدرێت و وەلاوەبنرێت؟!

• دوای ئەوەی لەمانگی شوباتی رابردوودا، شانۆی كوردیتان گەیاندە شانۆیەكی نیشتمانی رۆژئاوایی و لە(نۆ) شاری وڵاتی سوێد بەمیوانداریی (شانۆی نیشتمانی سوێد_ ریكستیاتر) و مۆنۆدرامای (پاسەوان)تان پێشكەشكرد، كەبووە رووداوێكی هونەریی گەورە، ئێستا سەرقاڵی چین وچ بەرهەمێكی نوێتان بەدەستەوەیە؟
ئەرسەلان دەروێش : لە بواری شانۆدا، دوای تەواوكردنی قوناغی نووسینی سینارێۆی ئەدەبی، ئێستا چاوەڕوانی دابین كردنی بودجە دەكەین بۆ پێشكەشكردنی شانۆیی شیعرئامێزی (بێكەس)، كە لەمیانەی ژیانی ئەم شاعیرە ناودارەوە و بەستایلێ شانۆی موزیكی، بەشێك لە سەرەوەرییەكانی شاری سلێمانی تیابەرجەسەتەدەكرێت، ئومێد دەكەم بەرهەمێكی دانسقە و سەركەوتووبێت، بەتایبەتی كە لەلایەن مامۆستای هونەرمەند (ئەحمەد سالار)ەوە نووسراوە و موزیسیانی بەتوانا (غەمگین فەرەج) ئاوازەكانی بۆ دادەنێت وستافێكی یەكجار گەورە لەهونەرمەندانی شاری سلێمانی بەشداری تیادەكەن بەتایبەتی لەتیپی شانۆی سالار، رەنگەبۆ یەكەمین جاربێت بەو ئاستە و بەو دەستەجەمعییە هونەرمەندانی شانۆوسەماو موزیك و توخمەهونەرییەكانی تر پێكەوە لەكارێكی شانۆیی كوردیدا بەشداریی بكەن كەژمارەیان رێك (130) بەشداردەبێت .
لەبواری درامای تەلەفزیۆنیشدا بەردەوامم لەگەڵ نووسەرو هونەرمەندی هەڵكەوتوو (دڵشاد مستەفا) لە نووسینی سیناریۆ بۆ ئەودراما تەلەفزیۆنییەی كە هەر سەبارەت بە سەروەرییەكانی شاری سلێمانییە و كۆمەڵە خەسڵەت و ئاكارو هەڵوێستێكی خەڵكی ئەم شارە لەمیانی داستانێكی ئەویندارییەوە پیشان دەدات، هەروەها پێكەوە سەرقاڵی فیلمێكی بەڵگەنامەیین سەبارەت بە رۆڵی پرشنگداری ئەو شانۆكارانەی لە نەبوونی خانمەئەكتەردا رۆڵی ئافرەتیان لەشانۆو درامای كوردیدا گێڕاوە، بیرۆكەو دەرهێنانی ئەم فیلمە لەلایەن منەوەیە و كاك (دڵشاد) تێكستەكەی دەنووسێت، بڕیارە بەهاوكاریی (بەڕێوەبەرێتی راگەیاندی سلێمانی )ئەنجام بدرێت.

• یەكێك لە پێشنیازە جوانەكانتان كە ئەمساڵ لە ئاهەنگی رۆژی جیهانیی شانۆدا لەشاری سلێمانی پیادەكرا، زیندووكردنەوەی (خەڵاتی بابان )بوو، ئایا نیاز هەیە ئەم خەڵاتە بەردەوام بێت؟ و بەچ پێوەرێك لەساڵی داهاتوودا پێشكەش بەشانۆكارانی كوردستان دەكرێت؟
ئەرسەلان دەروێش : لەراستیدا ستایشەكە دەبێت ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیریی بكرێت كە بەدەنگ ئەم پێشنیازەوە هات،بەتایبەتی لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی وهونەریی شاری سلێمانی، بێگومان ئەركی بەردەوامیدان بەو خەڵاتەش هەر لەئەستۆی ئەواندایە بەتایبەتی كە بەڕێز وەزیری رۆشنبیریی لە وتەكەیدا پەیمانی دا كە ئەم خەڵاتە شانۆكارانی گشت دەڤەرەكانی كوردستان بگرێتەو، ئومێد دەكەم كەوەك پێشنیازم كردبوو لیژنەیەكیان دانابێت بۆ بینین وهەڵسەنگاندنی نمایشەكانی ئەم ساڵەو بەپێوەرو نرخاندنێكی هونەریی ئەوتۆوە، بەخششی شانۆكاران لەچوارچێوەی خویاندا دابنێن و خەڵاتەكە لە ساڵی داهاتوودا بەردەوامبێت.

• ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ دەستەبژێرێك لە شانۆكارە ناودارەكانی شاری سلێمانی سەرقاڵی دامەزراندنی رێكخراوێكی هونەریی بوون بەناونیشانی (ماڵی شانۆكاری كورد) ئەم پرۆژەیە بە چی گەیشت ؟ ئایا راستە (رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان) نارازییە لە دامەزاندنی ئەم ماڵە شانۆییە، لەكاتێكدا كە خۆی نوقمی پەشێوی و دووبەرەكی بووە؟
ئەرسەلان دەروێش : (ماڵی شانۆكاری كورد) فیدراسیۆنێكی كۆمەڵەوتیپەشانۆییەكان وشانۆكارانی شاری سلێمانییە، دەرگای واڵایە بۆ هەمووشانۆكارێكی كوردستان كە مەرجەكانی ئەندامێت بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەم ماڵە شانۆییە تێدابێت، ئێمە ئێستا چاوەڕوانی رەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە لایەن پارێزگای سلێمانییەوە داواكاریی وپێشینەكانیان ئاراستەكراوە، ئەم رێكخراوە پیشەیی نییە هونەرییە و هیچ دژەبەركەوتنێكی لەگەڵ رێكخراوی هونەرمەندانی كوردستاندا نییە، ئێمە ئومێد دەخوازین كە بە پەلە ناكۆكییەكانیان چارەسەربكەن و ئەركی خۆیان بەجێبهێنن بۆ بەستنی كۆنگرەی هونەرمەندانی كوردستان كە ماوەیەكی زۆری بەسەرداتێپەڕیوە، لەڕاستیدا هونەرمەندانی كوردستان شایستەی سەندیكایەكی گەلێك كاراو بەتوانان بۆ داكۆكیكردن لەمافەكانیان وقەدر راگرتنی تواناكانیان، بەتایبەتی كە هەردوو رێكخراوی پێشوو(یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان)رۆڵی دیاریان هەبووە لە دابین كردنی كۆمەڵێك دەستكەوتی ماددی ومەعنەوی بۆ هونەرمەندان، هەق وابوو درێژەیان بەو رەوتەبدایە لە نێو رێكخراوی هونەرمەنداندا، ئومێدی سەركەوتنیان بۆ دەخوازین و چاوەڕوانین لەبری ئەم هەموو لێدوان وبەیانامە دژ بەیەكە لەمیدیاكاندا، بگەڕێنەوە بارەگاكانیان و سەرقاڵی ئەركەكەی خۆیانبن لە دوا ئامادەكارییەكانی كۆنگرە.
سەبارەت بەخۆم بڕیارم داوە هەمووكاتەكەم بۆ ئەنجامدانی كاری هونەریی بێت، لەڕاستیدا كاری ئەو بەڕێزانە ئاسان نییەوكاتی زۆری دەوێت، خوا فرسەتی ئەوانە بدات كەدەبنە نوێنەرو داكۆكیكار لە و (هەزاران) هونەرمەندەی لە رێكخراوەكەدا ئەندامن، چونكە ئەركێكی گەورەیە،بەڵام بێگومان ئاواتمە دەستەیەكی نوێ ئەو متمانەیە وەربگرن و بە نەفەسێك وپەیڕەوپلانێكی نوێی بەرهەمدارترەوە كار بۆ هونەرمەندان بكەن، بێگومان سەرەڕای ئەوكەموكوڕیانەش كە خۆدی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئێستا وهونەرمەندان بەگشتی باسی لێوە دەكەن، من بڕوام وایە هەركەسێك كات و هزرو توانای خۆی لە پێناوی خزمەتكردن بە هونەرمەندانی كوردستان بەكارهێنابێت جێگای تەقدیر وستایشە .

• وێڕای كاركردنت لەنێو زیاتر لە (10) دەقی شانۆیی مامۆستا (ئەحمەد سالار)دا،كە لە خودی خۆی زیاتر وەك دەرهێنەرێك كارت لە دەقە شانۆییەكانی كردووە، چەند دەقێكی (دڵشاد مستەفا و بەختیارعەلی و بەڕێز مەجید و هۆشەنگی وەزیری) ت نمایشكردووە، ئەم بایەخدانە بەتێكستی كوردی و بە بەرفراوانی پانتایی جەماوەرەكەت لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
ئەرسەلان دەروێش: شانۆ لەلای من ناسنامەیە، شانۆ دەبێت پرسیارەكانی ئێمە لەم سەردەمەو لەم وڵاتەدا بەرجەستەبكات،بەبڕوای من ئەم پرۆسەیەش لەمیانەی خامەكانی خۆمانەوە زیاتربەئاكام دەگات، بەتایبەتی كە هێشتا ئێمە پرسە نەتەوەییەكەمان خەباتی دەوێت، دیارە مەبەستم ئەونییە كە پشت لە دەقی بیانی بكەین وتەنها بەندی تێكستەكانی خۆمانبین، نەخێر ئێمە بەشێكین لە جیهان و ئازارو كێشەو پرسەكانی ژیانمان دەسەتەملانێی هەست و هزری مرۆڤایەتییە و هەرگیز لەو رەوتەدانەبڕاوین، بەڵام مافی خۆمانە روبەڕووی خۆمان ببینەوە و خۆمان بناسین،پێش ئەوەی لەمیانەی ئەوانی ترەوە گوزارشت لەخۆمان بكەین . بۆیە لەگەڵ ئەوەی (ئۆدیب) ی سۆفۆكلیس و، (ماڵی برناردا ئەلبا)ی (لۆركا) و( بازنەی تەباشیری قەوقازی) برێخت و،(گوێبگرە ئەی عەبدولسەمیع)ی(بەرشید) وچەندین تێكستی دیكەی بیانی، بەئەركی لەپێشترم زانیوە دەقەكانی ئەو نووسەروشانۆكاركوردانەنمایش بكەم كە ناوتهێنان، چونكە بەرهەمەكانیان زادەی ئەم كۆمەڵگایەو پرسەكانیەتی . كۆمەڵگایەك كە لەیەك شارو دەڤەر پێكنەهاتووە.
Top