رانيا لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵان: شانازی بە كورد بوونی خۆیەوە دەكات

رانيا لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵان: شانازی بە كورد بوونی خۆیەوە دەكات
رانیا كوردی لە دایكبووی وڵاتی ئوردنە ئەكتەر و گۆرانیبێژ و پێشكشەكاری بەرنامەو لە هەمان كاتدا ژەنیاری گیتارە و شیعریش دەنووسێت و ئاوازیش دادەنێت، رانیا لە پێوەندییەكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* حەز دەكەین كەمێك باس لە ژیانی خۆتمان بۆ بكەی؟
- ژیانم هەمیشە بەو شێوەیەیە كە هیوام بۆی خواستووە (سوپاس بۆ خودا). بەشێوەیەكی زۆر باش كاتەكانم گونجاندووە لەنێوان خێزانەكەم و پیشەكەم و وەك هەر دایكێك كاتم لەگەڵ هەردوو منداڵەكەم بەسەر دەبەم (دەیانبەمە قوتابخانە و دەیانگەڕێنمەوە و دەیانگەیەنم بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانیان و سەردانی هاوڕێیەكانیان وتاد...). پاشان هەموو رۆژێك هەڵدەستم بە پێشكەشكردنی بەرنامەكەم لە ئێزگە بە پێشكەشكردنی نوێترین گۆرانیی ئینگلیزی بۆ ماوەی 3 كاتژمێر، هەروەها كارمكردووە لە كاری بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی تایبەت بە خۆم و پلانم هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو كاری زیاتر بكەم لە نواندن و كارەكانی تەلەفزیۆنی.
وەك وەرزشیش یاریی «تایكواندۆ» دەكەم لەگەڵ «كۆنتڕۆڵكردنی مێشك» كە بوونە هۆی ئەوەی ببمە هەڵگری پشتێنی رەش.
زۆربەی كاتەكانم لەگەڵ هاوسەرەكەم و هاوڕێیان و خێزانەكەم بەسەر دەبەم و هەوڵ دەدەم لەزۆربەی چالاكییەكانی بواری میدیا ئامادەبم كە بۆیان بانگهێشت دەكرێم، هەروەها هەڵدەستم بە ئامادەكردن و پێشكەشكردنی زۆربەی رووداوە گرنگ و گەورەكان كە لێرەدا روودەدات لە «ئوردن».

* نازناوی تۆ (كوردی)یە دەكرێ بزانین ئەو نازناوە لە چییەوە هاتووە؟
- نازناوی بنەماڵەكەمان «كوردی»یە لەبەرئەوەی بە نەژاد لە نەتەوەی كوردین و دوو نەوە بەر لە ئێستا لە عێراق-ەوە هاتووینە، هەربۆیە ئێمە بە بنەماڵەی «كوردی» بەناوبانگین، بەڵام ناوی راستەقینەم «روشوانی»یە.
جگە لە ئێمە چەندین كوردی تر لێرەدا هەیە، هەروەها لە سوریا و توركیا و عێراق، هەست بە شانازی دەكەم كە بڵێم زۆربەی كوردەكانی ئێرە سەركەوتوو و بەڕێزن لە هەڵسوكەوت و كارەكانیان. زۆر هەست بە سەربەرزی و شانازی دەكەم كە كوردم لە كاتێكدا كە تاكو ئەمڕۆش نە زمانی كوردی دەزانم و نە بۆ جارێك سەردانی وڵاتەكەم كردووە، بەڵام هیوادارم رۆژێك بێت و سەردانی كوردستان بكەم لەبەرئەوەی هەستێكی بەهێزم هەیە بۆ رەگ و ریشەكەم.

*كی زیاتر رۆڵی هەبووە بە پەرەپێدانی ئەو توانا هونەریانەی كە لەناخی تۆدا بوون؟
- دایك و باوكم بوون، هەر لە سەرەتاكانی تەمەنم هەستیان كرد حەزم لە گۆرانی وتن و نواندنە، هەربۆیە هاوكارم بوون لە ئاڕاستەكردنم لەسەر رێگەی دروست. كاتێك كە تەمەنم 9 ساڵ بوو وانەی فێركردنم دەگووتەوە لەسەر ئامێری «گیتار» و توانیم تیپێكی میوزیك پێكبهێنم، پاشان لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەستم كرد بە كاری نواندن لە شانۆ. دواتر بەدوای ئەم خولیایە كەوتم و بۆ كۆلێژی دراما چووم و بەشێوەیەكی پڕۆفێشناڵانە لە «ئینگلتەرا» فێربووم. پێموایە سەركەوتنەكانم پەیوەستن بە ئیرادە و پێداگرتن و هاوكات بەخت كە لەلایەن «خودای گەورە»وە پێم بەخشراوە و منی گەیاندە ئەمڕۆ.

*چۆن هەڵبژێردرای بۆ بەرنامەی سوپەر ستار و كاری خۆت لەم بەرنامەیە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
- «سوپەرستار» ئەزموونێكی زۆر گرنگ و ئاسوودەبەخش بوو، بووە هۆی ناوبانگ دەكردنم بەشێوەیەكی خێرا و دروستبونی خۆشەویستی لەلایەن عەرەبەكانی هەموو پارچەكانی جیهانەوە. زۆر خۆشحاڵم بووم بە بەشداریكردنم لەو بەرنامەیەدا، بەتایبەتی لەساڵی یەكەمی، لەساڵی 2002دا روویاندا كاتێك كە بۆ یەكەمین جار سەردانی لوبنان-م كرد بۆ مەبەستی ریكلام بۆ یەكەمین ئەلبومم بەناوی «رانیا» لەگەڵ ڤیدیۆ كلیپەكەم «مابتزهئ»؟ لەو ماوە كورتەی كە لەوێدا بەسەرم برد لە زۆربەی كەناڵەكاندا دەركەوتم و پێش گەڕانەوەم كەناڵی ئاسمانی «فیوچەر – Future» داوای لێكردم ئەگەر بتوانم بەرنامەیەكی نوێیان بۆ پێشكەش بكەم بەناوی (سوپەر ستار). پێشتر ئاگاداربووم كە ئەم بەرنامەیە نوێیە و لە «ئینگڵتەڕا» زۆر سەركەوتووە، هەربۆیە وتم «بەڵێ» و بۆ ماوەی 2 ساڵ گۆرانی وتنەوە و دەركردنی ئەلبومی نوێم خستە لایەكەوە و بەشێوەیەكی چڕ هەموو هەوڵ و كات و تواناكانم خستەگەڕ بۆپاڵپشتیكردنی گۆرانیبێژە لاوەكان. رۆژ دوای رۆژ ئەم بەرنامەیەم خۆشویست.

* ئەم بەرنامەیە كاریگەری سلبی یان ئیجابی لەسەر تۆ هەبوو وەك هونەرمەند؟
-وابزانم ئەو شتە بۆ ژیانی پیشەییم باش بوو، تەنانەت كە بۆ ماوەیەك لە بواری گۆرانی وتن دووچاری سڕبوون بوو.. لەوانەیە ئەمە چارەنووسی من بێت لەوەی كە ناوبانگی زیاتر وەدەست بێنم. لەساڵی 2005دا ئەلبومی دووەمم بڵاوكردەوە و سوپاس بۆ خودا لە 3 گۆرانی سەركەوتنێكی گەورەم وەدەستهێنا «شایف نەفسەك» و «ئوللی لێە» و «كلماتك كتیر».

* زیاتر گرنگی بە كاروباری ماڵەوە دەدەیت یان بە كاری هونەری؟
- هەردووكیان بۆ من گرنگن، بەڵام من لەو راستییە بەئاگام كە خێزان بەردەوام دەبێت و دایكایەتی گرنگترین شتە لە جیهان. جەختم لەسەر ئەو لایەنە كردەوە كە پێش منداڵبوون زۆر كار بكەم و ناوبانگێك بۆ خۆم دروستبكەم، هەر بۆیە كاتێك منداڵەكانم بوو بە وشەیەكی پڕ واتا لەگەڵیان بووم، نەك دوور لە گەشتەكاندا لە چواردەورەی جیهان. من بەو بڕیارەم دڵخۆشم، ئێستاش كە منداڵەكانم گەورەتربوونە، ئامادەم دووبارە بگەڕێمەوە گۆڕەپانی هونەر.

* ئەم گرنگیدانە هەڵقوڵاوی گرنگیدانتە بە ژیانی تایبەتی خۆت و دوور كەوتنەوە لەو گرفتانەی كە هەمیشە هونەرمەندان بە دەستییەوە دەناڵێنن؟
- بەڕای من زۆر گرنگە مرۆڤ ژیانێكی ئاسایی بەسەر ببات لەنێو خێزان و دۆست و هاوڕێیان، بەڵام نەك ژیان تەنیا لەپێناو رووناكی و سەرسامكردنی هەواداران، ئەم ژیانە ژیانێكی راستەقینە نییە، لەبەر ئەوەی لەكۆتاییدا ئەو شتە روو لە نەمان دەكات و ون دەبێت و هونەرمەندەكە بە تەنیایی و ناخێكی بەتاڵ جێدەهێڵێت، هاوشێوە لەگەڵ ئەو شتانەی كە بەسەر زۆربەی ئەستێرە بەساڵاچووەكاندا روویداوە.

* ئایا ئافرەت دوور لەوەی هونەرمەندە پێویستی بە وروژاندنی بەرامبەر هەیە بۆ راكێشانی سەرنجیان؟
- بەڕای من ئەو شتە پێویست نییە، «جولیا پوتڕس»یش گەورەترین نموونەیە وەك گۆرانیبێژێكی سەركەوتوو بەبێ (ئیغرا). بەڵام كاتێك كە هونەرمەند لەڕووی بەهرە و لێهاتوویی كەم وكورتی دەبێ، هەوڵدەدات بە هەر شتێك و هەموو شتێك ئەو لایەنەی داپۆشێت.

*چی دەڵێی بۆ ئەوانەی دەڵێن وروژاندن ئێستا بۆ هونەرمەندان پێویستە؟
-وانییە، نە لێرە نە لە رۆژئاوا-ش، بەڵام ئەمە وادەكات خەڵكی تامەزۆری بن و پێویستیان پێی هەبێت. «تەیلۆر سویفت» گۆرانیبێژێكی زۆر بەڕێز و شیرینە و كەسێكی زۆر زۆر سەركەوتووە، هاوشێوە لەگەڵ هەندێ لە گۆرانیبێژە عەرەبەكان، بۆ نموونە «شیرین».

Top