فەرهــاد شەریف: ئــەو هونەرمەنــدەی لــــە هەرسێ شــــــاری كوردستان خزمەتی شانۆی كوردی كردووە

فەرهــاد شەریف: ئــەو هونەرمەنــدەی لــــە هەرسێ شــــــاری كوردستان خزمەتی شانۆی كوردی كردووە
كەسانێك هەن گوڵی جوانی تەمەنی خۆیان لەبوارێك لەبوارەكانی ژیان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان دەبەنە سەر، ئەگەر لەقۆناغێك لەقۆناغەكانی ژیان هەڵوەستەیەك بكەن یاخود هەندێ لەبەرچاوان نەبن، بۆی هەیە جەماوەر زوو فەرامۆشیان بكات، ئەگەرچی لەكاتی خۆی سوارچاكیش بن، چونكە ئەوەی لەبەرچاوانە لەبەردڵانە. یەكێ لەوانە هونەرمەندی گەورە(فەرهاد شەریف)ـە، كە لەساڵی 1946ز لەشارەكەی قەڵا و منارە لەدایك بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەهەولێری خۆشەویست تەواوكردووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەكۆلێژی هونەرە جوانەكانی بەغدا لەبەشی دەرهێنانی شانۆیی لەساڵی 1971 وەرگرتووە، لەساڵانی ناوەڕاستی شەستەكان و دواتر وەك ئەكتەر بەشداری لەهەندێ كاری شانۆیی كردووە، سەرباری وەرزشی بەرزكردنەوەی قورسایی، لەساڵی (1971-1973) لەئیزگەی كوردی بەغدا سەرۆكی بەشی نواندن و هەمەڕەنگ بووە، لەو ماوەیە زیاتر لەپەنجا چیرۆكی تەمسیلی وەك ئەكتەر و دەرهێنەر بەشداری كردووە، لەهەمان كاتدا لەگەڵ هونەرمەند(ناسر حەسەن) لەچەندین درامای TV لەگەڵ تیپەكانی هەولێر و سلێمانی بەشداری نواندنی كردووە، لەو ماوە دوورودرێژەی ژیانی هونەری لەچەندین تیپی هونەری شانۆیی رۆڵێكی باڵای هەبووە لەهەرسێ شارەكەی كوردستان و لەوانە ئەندامی كارگێڕی و دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تیپ و جێگری سەرۆكی لەوانە تیپی شانۆی سالار لە سلێمانی، تیپی هونەری نوێ لەهەولێر، كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی- هەولێر- سەرۆكی كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان لقی هەولێر- سەرۆكی تیپی شانۆی نوێكاری لەهەولێر، لەهەموو بوارەكانی دەرهێنان كاری كردووە و لەدەقەكانی خۆماڵی و بیانی و فیلم و زنجیرە درامییەكان بەنواندن و دەرهێنان.
تاكو ئێستا وەك دەرهێنەر لە(24) شانۆی خۆماڵی و بیانی بەزمانی كوردی كاری كردووە، لەشەش(6) شانۆگەری بەدەوری سەرەكی بەشداریكردووە، لە(10) درامای تەلەفزیۆنی وەك ئەكتەر و دەرهێنەر كاری كردووە تاكو ئێستاش بەردەوامە دوایین كاری هونەری و درامی: درامای دۆڵچی بوو كە لەنووسینی هونەرمەند كەریم بایز بوو لەرەمەزانی ئەمساڵ خۆبەخشانە بۆ تەلەفزیۆنە ناوخۆییەكان دەرهێنا و كاری تێدا كرد، هونەرمەندی گەورە فەرهاد شەریف یەكەم بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر بوو كە لەساڵی 1992 دامەزرا، ئێستا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی مەڵبەندی گشتی لەهەولێرە.
مامۆستا فەرهاد مرۆڤێكی روح سووكی خاكییە، خۆش و مەعشەر و تێكەڵاوە هەر زوو دەچێتە ناو دڵی بەرامبەری، رق و كینەی نییە هەموو كەسێك ئەوەی بیناسێ خۆشیدەوێ، بەشدارییەكەی كاریگەری لەبزاڤی شانۆیی كوردستان كردووە بەتایبەت لەهەولێر لەپاڵ هونەرمەندان هاشم زەینەل، لەتیف نەعمان، تەحسین شەعبان فروهێر بۆیە بەچاكمان زانی چەند پرسیارێكی لێبكەین، بەڕێزی بەدڵێكی فراوان وەڵامی داینەوە:
* ئاشكرایە لەدهۆك دامەزرای ئەی پاشان چۆن بوو چوویە سلێمانی؟
- دوای دەرچوونم لەكۆلیژی هونەرە جوانەكانی بەغداد ساڵی 1971 -1972 یەكەمجار لەشاری دهۆك لەساڵی 1972 بەمامۆستای هونەری لەخانەی مامۆستایان دامەزرام، بۆ ماوەی سێ ساڵ و چەند مانگێك لەشارەكە مامەوە، لەو ماوەیەدا توانیم چەندەها هونەری شانۆ بەدی بهێنم، بۆ شارەكە و بۆ چالاكی قوتابخانەكانی دهۆك، بەشداری بكەین بەچەندەها بەرهەمی شانۆیی لەشارەكانی موسڵ و كەركوك و بەغدا، چەندەها ئەنجامی زۆر باش بەدی بێنین، پاشان كاری پیشەیم گوازرایەوە بۆ شارەكەی دێرینم(هەولێر) بەمامۆستا لەقوتابخانەكان، كاری هونەریم بەردەوام بوو لەتیپەكانی هونەری لەشاری هەولێر تاكو ساڵی 1985 كە داوای گواستنەوە فەرمانبەریم كرد بۆ شاری سلێمانی لەسەر داواكاری پەیمانگە كە پێویستیان بەمامۆستای پسپۆری هونەری هەبوو، لەوێش سێ ساڵ مامەوە، بەشداریم لەچەندەها بەرهەمی هونەری شانۆ كرد و چەندەها بەرهەمیشم دەرهێنا، دوای ئەوەش بە یەكجاری گەڕامەوە شاری هەولێر و كارە هونەرییەكانم تاكو ئێستاش بەردەوامە.
*چۆن بەراوردێك لەنێوان شانۆی پێش راپەڕین و پاش راپەڕین دەكەی؟
- زۆربەی زۆری شانۆی پێش راپەڕین: شانۆی میللی و نەتەوایەتی بوو، رووداوە مێژووییەكان و پاڵەوانەتی نەبەزایەتی كورد و لە ئێش و ئازار و ئەشكەنجە و هەست و نەستی بینەران و بابەتە كۆمەلایەتی دەدا، هونەرمەندان وەك پێشمەرگە كاری خۆیان ئەنجام دەدا بەبێ بەرامبەر پارە و پولی بینەران بەوحاڵەشەوە، هۆڵەكانی شانۆییان پڕ دەكرد، نمایش بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ بەردەوام دەبوو، دەتوانم بڵێم ئەو ساكە شانۆگەری خەباتێك بوو دژی رژێم، بۆیە دەرهێنەرەكان یان ئەكتەرەكان چەندەها جار تووشی مەترسی و ئازار و تەنگوچەڵەمە دەبوون، بەڵام لەدوای راپەڕین كە ئازادی بەرقەراربوو، هونەرمەندان لەمەترسی دەرچوون، چەندەها تیپی نوێ پەیدابوو، ئیتر بەرهەمی جۆراوجۆر پێشكەش دەكرا باش و خراپ، سەرەڕای كردنەوەی چەندەها كەناڵی تەلەفزیۆنی و سەتەلایت، لەپێشەكی باش بوو بەڵام سەبر سەبر دەستی كرد بەلاواز و بەرەو نەمان، پێویست ناكات لەهۆیەكان بدوێنم، چونكە هەموومان دەیزانین.
* چ بكرێت باشە تاكو ئاستی نمایشی شانۆیی بەرز بێ؟
-بەڕاستی ئێمە تاكو ئێستا هۆڵێكی شانۆگەریمان نییە كە هەموو مواسەفاتی شانۆیی و پێداویستەكانی تێدابێت بۆ نمایش كردن، تەنیا چەند هۆڵێكی نەگونجاو، جا ئومێدەوارین(بەلای كەم) بەدروستكردنی هۆڵێكی تایبەت بەشانۆ بەئامێرەكانی سەردەم، بەڵام بە رەچاوكردنی هەندێ خاڵ كە لێرە بە پێویستی دەزانم بیخەمەڕوو لەوانە:
- هۆڵەكان بۆ نمایشكردنی شانۆ بەبێ پارە بێت.
- هونەرمەندان پێویستە وەك جاران ئەو كارە هونەرییانە ئەنجام بدەن.
- موڵەت دان بەتیپە هونەریەكان، نەك كۆكردنەوەیان لەیەك تیپ.
- لابردنی یارمەتی ماددی و سەرف كردنی و دەرماڵە، تەنیا یارمەتی بە پڕوپاگەندە بدرێ.
- تەلەفزیۆنەكانی خۆماڵی و سەتەلایت، بە لایەنی كەمەوە مانگی جارێك بەرهەمێكی هونەری شانۆ پێش كەش بكات لەپاڵ زنجیرە درامای تەلەفزیۆن.
- پێشكەشكردنی كاری هونەری رەسەن و هەڵبژاردنی دەقی شانۆیی پوخت و چاك كە خزمەتی میللەت و كۆمەلایەتی و ئینسان دەكات هەروەها لەبواری كولتوور كەلەپور و مێژوو.
- كردنەوەی فیستڤاڵی ساڵانەی شانۆ، هەروەها رێزگرتن لەهونەرمەندان و دابەشكردنی خەڵات و بڕوانامە بەسەریان.
- بەشدار بوون لەفیستیڤاڵە شانۆییەكانی جیهانی لەدەرەوەی وڵات.
* جەنابت رۆلی ئەكتەرێكی لێهاتووت بینیوە بەتایبەتی لەسەر تەختەی شانۆ كامیانت پێ خۆشترە نواندن یاخود دەرهێنان؟
- هەردووكیان، هەریەكەیان چێژ و تامێكی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پسپۆری كاری دەرهێنانم و زۆربەی كارە هونەرییەكانم دەرهێنانی شانۆگەریی بووە، بەشدارم لەچەندەها شانۆگەری وەك ئەكتەری سەرەكی كردووە.
* هەندێك دەڵێن هونەرمەند فەرهاد شەریف لەكاتی خۆی بەخششی هونەری زۆر بوو لەبواری نواندن و دەرهێنان، ئەی ئێستا بۆ بێ دەنگە؟
* هەموومان گیروگرفت و تەنگ و چەڵەمەی شانۆ و شانۆكاران دەزانین و ئاگاداری قەیرانەكەین، چەندەها جار كۆر و سیمینار و كۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە كراوە، و چارەسەریشی دیارە..! كەمبوونی بەخششی هونەری تەنیا من ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو هونەرمەندانی شانۆ بەرپرسیارن.
دەپرسم كوا گەنجانی دەرچووی پەیمانگە و كۆلێژی هونەری لەكوێن؟ با ئەوانیش كار بكەن و نەختێك ماندو ببن.
* جەنابت لەدامەزرێنەرانی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر و یەكەم بەڕێوەبەر بووی، رۆلی ئەم پەیمانگەیە بۆ بەرهەمهێنانی كادیری هونەری چۆن دەبینی؟
- پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر یەكێك بوو لەهەرە خواست و ئاواتەكانی خەڵكی شارەكە، چونكە زۆربەی قوتابیانی بەهەرەدار لەبواری هونەری بێبەش و بێ داڵدە بوون تاكو كرایەوە، ئومێدەواربووین ببێتە پاڵپشتێكی گەورە و چرایەكی رووناك بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەر و رۆشن لەشارەكە. تاكو ئێستا پازدە وەجبە دەرچووی هەیە، كوا ئەو هونەرمەندان لەكوێن..؟! تەنیا چەند كەسێك نەبێت، ئەوانیش بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن. وا دیارە كە تەنیا دەزگایەكی پەروەردەییە بۆ پێگەیاندنی مامۆستا، دوای دەرچوون لەدێهاتەكانی زۆر دوور دادەمەزرێن و پاش چەند ساڵێك هونەرەكەش لەبیر دەكەن.
Top