مەشقی وەرزشی لە هەر كاتێكدا سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، بۆیە پێویستە كە لە مانگی رەمەزاندا گرنگی زۆری پێ بدرێت. ئەگەرچی لە لایەن گەلێك كەس رۆژووگرتن واتە زیاد دانیشتن و زیاد حەسانەوە و كەم جووڵانەوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە زیادكردنی چالاكیی فیزیكی لە ساتەكانی رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا، كاریگەریی ئەرێنی زۆری هەیە بۆ پاراستنی لیاقەی فیزیكیی لەش. راستەوخۆ پاش فتاركردنەوە (بەربانگ) بڕێكی زیادی خۆراك و شلەمەنی دەگاتە گەدە، لەش بە هەموو وزەیەوە بە كرداری هەرسكردنەوە سەرقاڵ دەبێت، بۆیە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی لەم كاتەدا دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی بڕ، یان لێشاوی خوێن بۆ كۆئەندامی هەرس و ئاراستەكردنی خوێن بۆ بەشەكانی دیكەی لەش وەكو دەست و قاچەكان، ئەمەش بۆ كرداری هەرسكردن زیانبەخشە. ئەوەش روون كراوەتەوە كە توانای لەش بۆ مەشقی وەرزشی لەگەڵ رۆژووگرتندا بەگشتی كەم دەبێتەوە و پاش مانگی رەمەزان بە چەند هەفتەیەكی كەم ئینجا ئاسایی دەبێتەوە، دەتوانرێت كە مەشقی سووكی وەكو پیادەڕۆیی، یان مەشقی سویدی ماوەیەك پێش ژەمی فتار ئەنجام بدرێت و هەر مەشقێكی وەرزشی توندی هەوایی، یان مەشقی دیكە بخرێتە پاش ژەمی فتار بە دوو كاتژمێر یان زیاتر، بە مانایەكی دی ماوەیەك پاش ژەمی فتار تا دەگاتە ژەمی پارشێو دەتوانرێت هەر جۆرێكی مەشقی وەرزشی بۆ ماوەیەكی باش ئەنجام بدرێت.