هەموو دەرمانێك زیانی لاوەكیی هەیە!

دەرمان Medicines بریتییە لە ماددە یان ئاوێتەی كیمیایی كە بەكاردێت بۆ چاكبوونەوە، سنوورداركردن، سووككردنی نیشانەكان، دەستنیشانكردن، خۆپاراستن لە نەخۆشی یان لە حاڵەتێكی تەندروستی و پاراستنی گیانی تووشبووان. بەگشتی هیچ دەرمانێك بەدەر نییە لە زیانی لاوەكی، یان كاریگەریی نەخوازراو كە مەرج نییە لە هەموو بەكارهێنەرەكاندا بە هەمان شێوە و هەمان توندی ڕوو بدەن. ئەگەرچی دەرمانی جیاواز كە بۆ حاڵەتی تەندروستیی جیاواز بەكاردێن، نیشانەكان سووك دەكەن یان دەبنە هاندەر بۆ چاكبوونەوە، بەڵام هەموویان دەبنە ئەگەری زیان یان ڕوودانی نیشانەی نەخوازراو، هەروەها هەستەوەری كە لەوانەیە بەرانبەر بە هەر دەرمانێك ڕوو بدات و بە زیانێكی لاوەكیی گەورە هەژمار دەكرێت، كە پێویستی بە چارەسەری خێرا و ڕاستەوخۆ هەیە. لە لایەكی دیكە بەكارهێنانی چەند دەرمانێك بەیەكەوە لەوانەیە كە زیان و نیشانەی نەخوازراو زیاتر و توندتر بكات، هەروەها بە گوێرەی كاتی بەكارهێنانی دەرمان و كەم و زیادبوونی كاریگەرییەكانیان لەگەڵ خۆراكی جۆراوجۆردا.