بە رای پسپۆڕانی خۆراك و تەندروستی وا باشترە كە لەكاتی بەربانگدا هەرگیز بڕی زیادی خۆراك نەخۆیت، زیاد خواردن لە ژەمی فتاردا هۆكارە بۆ بەدهەرسی و ناڕەحەتیی گەدە، هاوكات لەگەڵ بێهێزیی گشتیی لەش و هەستكردن بە هیلاكی. بەگشتی هەوڵ بدە كە دووربكەویتەوە لە هەندێك جۆری خۆراك و هەندێك جۆری دیكەش كەم كەیتەوە، چونكە زیانیان لە سوودیان زیاترە بۆ لەش و هەندێكیان هاندەرن بۆ زیاد هەستكردن بە هیلاكی و برسیبوون وتێنووبوون لە ساتەكانی رۆژوودا، بۆنموونە: شلەمەنییە گازدارەكان كە رێژەیەكی بەرزی شەكر لەخۆدەگرن، لەگەڵ ماددەی زیانبەخشی دیكەش، خۆراكی سوێر(شۆر) چونكە هۆكارن بۆ قەتیسبوونی ئاو لە لەشدا و زیابوونی هەستكردن بە تینووبوون لە ساتەكانی رۆژوودا، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خۆراكی شیرینیی دەستكرد Sweets كە هاندەرن بۆ زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی و رەقبوونی خوێنبەرەكان، ترشیات Pickles چونكە بڕێكی زۆری خوێ لەخۆدەگرن و هەستی تینووبوون زیاد دەكەن لە ساتەكانی رۆژوودا، خۆراكی قوتووبەند كە چەورییە هایدرۆجینكراوەكان Hydrogenated fats لەخۆدەگرن، خۆراكی تیژ چونكە هاندەرن بۆ ناڕەحەتیی گەدە و ریخۆڵە و زیادكردنی هەستكردن بە تینووبوون لە ساتەكانی رۆژوودا، خۆراكی ترش كە ئەگەری تووشبوون بە دڵەكزێ زیاد دەكەن كە رۆژووان بە توندی ناڕەحەت دەكات، خواردنەوە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە چونكە ئەگەری هەستكردن بە تێنووبوون و كەمبوونەوەی شلەی لەش زیاد دەكەن.