چەند رێنماییەك بۆ پاراستنی ددانەكان لە مانگی رەمەزاندا

چەند رێنماییەك بۆ پاراستنی ددانەكان لە مانگی رەمەزاندا
گرنگیدان بە ددانەكان زۆر گرنگە لە مانگی رەمەزاندا، بەتایبەتی بۆ پاراستنی ددان لە كلۆربوون و رێگرتن لە بۆنی ناخۆشی دەم. بۆنی ناخۆشی دەم حاڵەتێكی باوە لە رۆژووەواناندا، لەبەر كەمبوونەوەی شلە لە لەش و وشكبوونی دەم لەبەر كەمبوونەوەی دەردانی لیك، كە رێگا بۆ گەشەكردنی بەكتریا خۆش دەكات، بەڵام ئەوەی حاڵەتەكە ئاڵۆزتر دەكات گرنگی نەدانە بە پاكوخاوێنیی ددانەكان، یان كلۆربوونیان. هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی بۆنی ناخۆشی دەم بریتین لە: زیاد خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی لەكاتی شەودا لە ماوەی نێوان ژەمەكانی فتار و پارشێودا، گرنگیدانی زۆر بە پاكوخاوێنیی دەم و شووشتنی ددان بە فڵچە و مەعجون لە ساتەكانی رۆژوودا، هەروەها دەتوانیت (غەرغەرە) یان گیراوەی شووشتنی دەم Mouthwash بەكاربهنێت، بەمەرجێك قووت نەدرێت. لە لایەكی دیكەوە، بەكارهێنانی داوی ددان Floss پێویستە بۆ پاككردنەوەی كەلێنی ددانەكان لە پاشماوەكانی خۆراك كە بە هۆی بەكتریا بۆنی دەم ناخۆش دەكەن، هاوكات لەگەڵ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی دەم و پووك و ددان لە لایەن دكتۆری ددانەوە، بۆنموونە چارەسەركردنی كلۆربوونی ددان، كێشانی ددان، پڕكردنەوەی ددان لە ساتەكانی رۆژوودا، لەگەڵ دواخستنی چارەسەرەكانی جوانكاریی ددان بۆ پاش ژەمی فتار.
Top