ئایا بە رۆژووگرتن كێشی لەش دادەبەزێت؟

ئایا بە رۆژووگرتن كێشی لەش دادەبەزێت؟
ئەمە روونە كە شەكری گلوكۆز سەرچاوەی سەرەكیی وزەیە بۆ لەش، ئەم شەكرە لە جگەر و ماسوولكەدا بە شێوەی گلایكۆجین Glycogen خەزن دەكرێت و لەكاتی پێویست دەچێتە ناو خوێن و دووبارە وەكو سەرچاوەی وزە بەكاردێت، ئەم كردارە لەگەڵ رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆنموونە پاش هەشت كاتژمێری رۆژووگرتن جگەر هەموو یەدەكی گلایكۆجین بەكاردێنێت، واتە دەیگۆڕێت بۆ شەكری گلوكۆز، ئەم كردارە هاندەرە بۆ سووتاندنی بڕی زیاتری وزە (كالۆری)، ئەمە راستییەكی زانستییە كە دووركەوتنەوە لە هەموو جۆرێكی خۆراك و شلەمەنی واتە كەمكردنەوەی كالۆری و بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی دابەزینی كێشی لەش، جگە لەمە رۆژووگرتن هاندەرە بۆ تاودانی كرداری میتابۆلیزم Metabolism كە یارمەتیدەرە بۆ كەمبوونەوەی كێشی لەش و هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی چەورییەكانی لەش هاوكات لەگەڵ دابەزینی ئاستی كۆلیستیرۆڵ و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا. لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە رۆژووگرتن هاندەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەوەی كە دووركەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەی 18 كاتژمێر رۆژانە پارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەهۆی كپكردنی ئارەزووی خواردن و كەمكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی هەستكردن بە برسیبوون كە بە گهرێلین Ghrelin ناسراوە، كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە خانەكانی گەدەوە دەردرێت و هانی ئارەزووی خواردن و خەزنكردنی چەوری لە لەشدا دەدات.
Top