كوببەی هەولێری و كوردەواری

كوببەی هەولێری و كوردەواری
خواردن و كەرەستە خۆماڵەییەكان، بەرهەمی خۆمانن و بە تام و جۆشێكی خۆشەوە دروست دەكرێن، رۆژانە لە ماڵەكان یان لە شوێنە گشتییەكان وەك بازاڕەكان و بە تایبەت بازاڕی شەوانە وەك (ئیسكان لە هەولێر) كە بازاڕێكە شەوانە بە سەدەها گەنج و خەڵكی ئەو شارە لێی كۆ دەبنەوە بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش، یەكێك لەو خواردنانەی كە لەم بازاڕەدا دەبینرێ، كوببەی كوردەواری خۆمانەیە، كە زیاتر هەولێر و كۆیە پێوەی بەناوبانگن، ئەو كوببەیە لە پیرخەنی دروست دەكرێ، كە ئەویش سەرچاوەكەی ئاردی بڕووش و ساوارە، ئەویش كە لە گەنم دروست دەكرێ، دوایی ئەوەی پیرخەنی دەهێنرێ و دەكرێتە هەویرێكی باش و هەندێك شل، پاشان لەگەڵ گۆشت و تەماتەی ورد كراو و پیاز و هەندێك كەرەوز و شتی دیكەش، بە دەست پان دەكرێتەوە و ئەو ماددانەی تێدەكرێ و دواتر لەناو رۆن سوور دەكرێتەوە و ئەمەش حازر دەبێ بۆ خواردن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی حەزی لە كوببە بێ، بێگومان لەگەڵ چای گەرمی ئەو شوێنە دەیخوات، بۆیە ئەوەی كوببە بكڕێ سەردانێكی چایخانەش دەكات، تەنانەت لە وەرزی زستان بە هەموو كاتێك كوببە هەیە، بەڵام زیاتر بەیانیان هەیە و دەخوردرێ، چونكە هێز و جۆشێكی زۆری تێدایە تاوەكو مرۆڤ بیخوات.
Top