كوردستان بەرگی سپی پۆشی

كوردستان بەرگی سپی پۆشی
لەگەڵ هاتنەوەی زستانی ئەم ساڵ، بە بارانێكی زۆر و بەفرێكی سپی جوانەوە، كوردستان وەك ساڵانی پێشوو بەرگی سپی پۆشی، لە سەرتاپای شارەكانی كوردستان بەفرێكی جوان باری، بە جیاوازی لەگەڵ ساڵانی پێشوودا كە تەنیا لە چەند شارێكدا دەباری، لێرەدا بەزمی بەفر راماڵین لەگەڵ وەرزی بەفر بارین دەست پێدەكاتەوە، بەفر ماڵین، كارێكی كۆنە بۆمان ماوەتەوە، لە شاردا كێشەی بەفر نابێت بەهۆی ئەوەی خانووەكان لە چیمەنتۆ دروست كراون و بەڵام لە گوندەكاندا ئەو لایەنە نییە و خانووەكانیان لە قوڕ دروست كراون، بۆیە كاتێك بەفر بەسەر خانووەكانەوە دەبارێت، دەبێتە كێشەی مەترسیی داڕمان یان تەڕبوونی سەرەوەی خانووەكان، هەروەها سارد بوونی ژوورەكان، تەنانەت هەندێك جار زۆریی بەفر دەبێتە هۆی داڕمانی میچی خانوو لە گوندەكان، جگە لەوەش لەو گوندانە زیاتر بە رێژەیەكی زۆر بەفر دەبارێ و ئەمەش وادەكات كە بەفر ماڵین دەست پێبكات، بەفر ماڵین بە كەرەستەیەك دەكرێت كە پێ دەگوترێ (مسەبا)، كە ئامێرێكی دەم پانە و دوو جۆری هەیە، یەكێكیان بەرەو پێشەوە بەفر رادەماڵێت وەك خاكەناس، ئەوەی دیكەشیان بە دوو كەس ئەنجام دەدرێت، كاتێك بەفر زۆر بێت و قورس بێت، كە یەكێك بە پەتێك لە پێشەوەی رایدەكێشێت و ئەوەی دیكەش لە دواوە دەیگرێت.
Top